ناسر باباخانی
ههرچهند دیاریكردنی مافی چارهی خۆنووسین وهك چهمكێكی سهدهی بیستهمی له پاش شهڕی یهكهمی جیهانی و ههرهسی ئیمپراتۆرییهكانی عوسمانی و ئۆتریش - مهجارستان سهریههڵدا، بهڵام لێنین ١٣ی جولای ساڵی ١٩١٣ لهم بارهوه ئاوا دهڵێ: دیاریكردنی مافی چارهی خۆنووسین هیچ ڕاڤه و لێكدانهوهیهكی تر ههڵناگرێ، جگه له دیاریكردنی ئازادانهی چارهنووسی سیاسی. به واتایهكی تر مافی جودابوونهوه بۆ ساز كردنی دهوڵهتێكی سهربهخۆ!
بهڵام...
شارەزایانی مافی نێونەتەوەیی سەبارەت بە پرسی جودابوونەوەی بەشێك لە وڵاتێك بەگشتی دوو ئاراستەی جیاوازیان هەیە، یەكێكیان لەسەر یەكپارچەیی خاكی "دەوڵەتان" پێداگرە و ئەویتر پاڵپشتی لە مافی بڕیاردانی چارەنووسی "نەتەوەكان" دەكا.
لە سیستمی مافی نێونەتەوەییدا لەمەڕ "جودابوونەوە"ی یەكلایەنە یان "پێشگیری لە جودابوونەوە"ی یەكلایەنە هیچ چەشنە یاسایەك بە ئەرێنی و نەرێنی بوونی نییە، بەڵام ڕەوتی ڕیفراندۆمەكان بۆ پرسی سەربەخۆیی بە تایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا نیشان دەدەن كە ڕێكاری دووەم، واتە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان بە شێوەیەكی سیستماتیك لە پەیوەندییەكی تۆكمەدایە لەگەڵ مافی مرۆڤ، هەر بۆیە جودابوونەوەی یەكلایەنە خەریكە ڕەواییەكی نێونەتەوەیی وەردەگرێ، دوو نموونەی دیاری ئەم چەشنە هەڵوێستە نێونەتەوەییە، دانپێدانان بە سەربەخۆیی كۆسۆڤۆ بوو لە ساڵی 2008 یان ئەو گشتپرسییەی بۆ سەربەخۆیی سكاتلەند ساڵی 2014 بەڕێوەچوو.
لە ڕوانگەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەكانەوە، چون جودابوونەوەی یەكلایەنە لەسەر ویستی خەڵكی ئەو بەشە لە وڵاتیك دێتە ئەنجام و ئەم خەڵكە كە خوازیاری جودابوونەوەن پەنا بۆ توندوتیژی و شەڕ نابەن، كەوابوو دەوڵەتەكانی دیكە دەبێ ڕێز لە ئیرادەی ئەو خەڵكە بگرن و بیسەلمێنن، هەر بۆیە بڕیاری ژمارە 713ی رۆژی 25ی سێپتەمبەری 1991ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان هەر چەشنە سەركوت و پەنابردنە بەر چەك و چۆڵیان لەهەمبەر ئەم پرسە یاساغ كردووە. تەنانەت ڕای دیوانی ئووروپایی مافی مرۆڤ لە ساڵی 2001 لەمەش هەنگاوێك ئەولاتر دەنێ و دەڵێ هەر حیزب و لایەنێكی خوازیاری سەربەخۆیی، بەو مەرجە كە بنەما دێموكراتیكییەكان بپارێزن و لە توندوتیژی خۆ ببوێرن، دەتوانن چالاكییان هەبێ
4/11/2018