ئۆمید ئەحمەدزادە
ناكارامەبوونی شێوازی ئاشتیخوازانە لە چوارچێوەی خەبات لەگەڵ حوكمڕانانی توونداژۆدا
ماندێلا كە ساڵیانی زۆر لە تەمەنی، لە پێناو خەبات بۆ ڕزگاری و یەكسانی تێپەڕاند، بێگومان نموونەیەكی تایبەتە لە ئاوێتەكردنی شێوازە جۆراوجۆرەكانی خەبات كە هەر لە نافەرمانی مەدەنییەوە هەتا خەباتی چەكداری و تووندوتیژانەی هێنایە گوڕێ و هاوكات ڕەواڵەتی ئاشتیخوازانەی لە شوناسی خەباتەكەیدا پاراست. ماندێلا لە سەردەمی لاویدا وەكوو ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا، چەمكی نافەرمانیی مەدەنی وەكوو كۆڵەكەی خەبات بە دژی ڕژیمی ئاپارتاید پێشنیار كرد و تا ساڵی ١٩٤٩ توانی شێواز و ڕەهەندەكانی دیكەی خەبات بە ئەندامانی ئەو كۆنگرەیە بقەبووڵێنێت. وەكوو ڕێكخستنی مانگرتنی گشتی و گەمارۆدانی گشتگیری خەڵكی و بەڕێوەنەبردنی جەماوەریی یاساوڕێسا سەركوتگەر و ناعادڵانەكان.
هاوپەیمانانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ئافریقا لە ساڵی ١٩٥٢، یەكەمین چالاكیی بەرفراوانی خۆیان لە ژێر ناوی "دژایەتی لەگەڵ یاسا ناعادڵانەكان" خستە گەڕ و مانێدلا وەكوو سەرۆكی بزووتنەوە هەڵبژێردرا. ڕەش پێستەكانی ئافریقای باشوور پێشوازییەكی گەرمیان لەم چالاكییە كرد و گرووپ گرووپ بەهۆی چالاكییەكانەوە دەستبەسەر دەكران. لە دەستەی هاوئاهەنگ و پێكەوە دەچوونە ئەو شوێن و ناوەندانەی وەك وێستگەی شەمەندەفەر، ئیدارەی پۆست و پاركەكان و هتد كە لەسەریان نووسرابوو: "تایبەت بە ئۆرووپییەكان". یان بۆ نموونە دۆخی نائاسایی و حكوومەتی نیزامییان پێشێل دەكرد كە هاتوچۆی ڕەش پێستەكانی قەدەغە كردبوو، لە ئەنجامدا ماندێلا وەكوو یەكێك لە ٢٠ ڕێبەر و ڕێكخەری ئەم چالاكییە جەماوەرییانە قۆڵبەست و بە ٩ مانگ زیندانی تەعلێقی مەحكووم كرا. لە یەكێك لە دادگاییەكاندا و لە پەراوێزی پارێزگاریكردن لە كردەوەكانیدادەڵێت: "هەموو ژیانی تاكێكی بیرمەندی ئەفریقایی لەم وڵاتەدا، لەسەر پاژنەیەكی دوو ڕەهەندی و پێچەوانە دەگەڕێت، لە لایەكەوە ویژدان و ئەخلاقی ئەو كەسە و لە لایەكیترەوە یاسا، یاسایەك كە لە ڕوانگەی ئێمەوە نائەخلاقی، ناعادڵانە و تاقەت پڕووكێنە. پێویستە ئێمە لە دژی وەها یاسایەك بوەستینەوە و تێبكۆشین تاكوو بنەماكانی بڕووخێنین". ئەو كە سەرەتا، لە ژێر كاریگەریی بنەما فیكرییەكانی "گاندی"دا بوو، ئەم شێوازەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژیمی ئاپارتایددا ناكارامە دی و لە ساڵی ١٩٥٣دا بەو دوودڵییە گەیشت كە ئیمكانی درێژەدان بە هەر دوو شێواز لە خەباتی یاسایی_مەدەنی و نایاسایی_نامەدەنی بەزوویی كۆتایی پێدێت. هەر لەم سونگەوە لە بیرەوەرییەكانیدا دەنووسێت: "گاندی لە هێند ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی داگیركەری دەرەكی بووەوە كە لە كۆتاییدا زۆر واقێعگەرا بوو، ئەمە لە كاتێكدایە سپی پێستەكانی ئەفریقای باشوور بەم شێوە نەبوون. خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە كاتێك بە ئامانج دەگات كە هێزی بەرامبەر بەو یاساوڕێسانە كە باوڕتان پێی هەیە پێبەند بێت. بەڵام ئەگەر ناڕەزایی ئاشتیخوازانەی ئێوە لەگەڵ تووندوتیژی بەرەوڕوو بوویەوە، كارامەیی و تواناكەی لە نێو دەچێت. خۆپاراستن لە تووندوتیژی بۆ من پڕەنسیپێكی ئەخلاقی بوو نەك ستراتیژ. هیچ سوودێكی ئەخلاقتەوەر لە كەڵكبردن لە چەمكێكی ناكارامە بەدی ناكرێت". ئەو كە هەر ئەم وتانەی لە وتارێكی دیكەدا ئاراستەی كۆنگرەی ئەفریقا كردبوو، بەرەوڕووی ڕخنە تووند بووەوە و لەوێدا ئاماژە دەكات: "ڕخنەكانتان دەخەمە سەرچاوم و لەمەو بەدوا، لەبەرچاو ڕای گشتیدا ڕێوشوێنی ئاشتییانە دەخەمە ڕۆژەڤ و پارێزگاری لێدەكەم بەڵام لە دڵەوە لەسەر ئەو باوڕەم كە بەكارنەهێنانی تووندوتیژی چارەسەر نییە."
ماندێلا لە درێژەی ڕێگای پڕ هەوراز و نشێوی خەباتەكەیدا، جارێكیتر لە ساڵی ١٩٥٦ لەگەڵ پۆلێك لە هاوڕێیانی قۆڵبەست و دادگایی دەكرێت. لەوێدا بۆ جارێكی دیكە پرسیاری لێ دەكەن: "لەو باوڕەدا هەی كە دێمۆكراسی بۆ خەڵكی ئێوە لە ڕێگای چاكسازیی هەنگاو بە هەنگاوە بەدی دەكرێت؟" لە وڵامدا دەڵێت: "ئەم پرسیارە پێویستە لەگەڵ كۆمەڵێك ڕوونكردنەوەدا وڵام بدرێتەوە. ئێمە خوازیاری مافی دەنگدانی گشتین و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە ئامادەین تا گوشاری ئابووری، دژایەتی لەگەڵ یاسای ناعادڵانە، مانەوە لە ماڵ بە شێوازی تاك و بەكۆمەڵ هاوتەریب لەگەڵ یەكدی بەڕێوە ببەین. تا دەوڵەت توانای نەمێنێت و بەو قەناعەتە بگات تاكوو بێتە پای دانوستاندن و وتووێژ. لەو قۆناغەدا ئێمەیش پێشوازی لە وتووێژ دەكەین و ئەگەر دەوڵەت بڵێت كە كۆمەڵگای ئۆرووپایی جارێ توانای قبووڵكردنی هەموو داواكارییەكانی ئێوەی نییە و بۆ هەنگاوی یەكەم لە مەجالێكی ٥ ساڵەدا، ئێوە ٦٠ نوێنەری ڕەش پێست بنێرنە پارلەمان، ئێمە قبووڵی دەكەین و بۆ ماوەی ٥ ساڵ واز لە خەبات و مانگرتن دەهێنین تا ئەو كات كە هەمیسان دانوستاندن دەست پێدەكەینەوە". لە دوای دادگایەكی دوور و درێژ، دادوەر لە مارچی ١٩٦١دا حوكم لەسەر بێتاوانبوونی ئەوان دەردەكات لەسەر دۆسییەی بەكارهێنانی تووندوتیژی، كە دەرخەری سەربەستیی دەزگای داد و پێشكەوتوویی سیستمی حقووقی ئەو كاتەی ئەفریقای باشوور بوو. ئەگەرچی كاردانەوەی دەوڵەت بە پێچەوانە بوو و زەخت و گوشارەكانی بۆ سەركوت ڕوو لە زیادبوون دەچوو.
ماندێلا ماوەیەكی كورت لەدوای ئازادبوونی، لە ساڵی ١٩٦١دا و بە مەبەستی ڕێكخستنی مانگرتن لە مانگی مەیدا ناچار بە چالاكیی نەهێنی بوو. لە پێناو خواستە ڕەواكانی خەڵك و گرینگیی پێكهێنانی مەجمەعی نەتەوەیی، بۆ سەرۆك وەزیرانی كات و ڕێبەڕانی ئۆپۆزیسیۆنی پارلێمان لە نامەیەكدا داوای پاڵپشتی دەكات. لەو نامیلكەیەدا ئاماژە دەدات: "هێرشە دڕندانەكان بۆسەر ماف و بنەڕەتی ژیانی خەڵكی ئەفریقا جێگای داخە، ئەم دۆخە نالەبارە دەكرێت بە پێكهێنانی مەجمەعێكی نەتەوەیی پێكهاتوو لە نوێنەرانی هەموو ئەفریقا، بە مەبەستی داڕژاندنی یاسایەكی بنەڕەتی بە دوور لە ڕەگەزپەرەستی و لەسەر دێمۆكراسی كۆتایی پێبێت. ئەگەر تا پێش ڕێكەوتی ٣١ی مانگی مەی، ئەم ناوەندە پێك نەیەت، كۆمەڵانی خەڵك لە ڕۆژی ٢٩ی مانگەوە لە ماڵەكانیان دەمێننەوە و ماندەگرن. ئێمە لە هەڕەشە و گوشار و هێزە سەركوتگەرەكانتان ناترسین".
لە ڕۆژی ٢٩ی مانگی مەی، شەقامەكانی ژووهانسبۆرگ چۆڵكرابوو و بە وتەی پۆلیس نزیكەی ٦٠ لە سەدی ئەفریقاییەكان لە ماڵ مابوونەوە. ڕۆژی دواتر ماندێلا لە وڵامی ٢ هەواڵنێری ئینگلیزی سەبارەت بە چۆنییەتیی بەڕێوەچوون و ڕێژەی سەركەوتووبوونی مانگرتنەكە دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و هەنگاو و كردەوەكانی دەوڵەت و پۆلیس، ئەوەی كرا سەركەوتنێكی گەورە بوو. پەلوپۆی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی وڵات بە ئێمەوە گرێ دراوە. ئەگەر دەوڵەت لەهەمبەر خەباتی ئاشتیخوازانەی ئێمەدا دەست بداتە تووندوتیژی ئێمەش ناچار دەبین تاكتیكێكی نوێ هەڵبژێرین. دەوڵەت بە نیازە دەست بداتە كوشتن و بڕین و لەو كاتەدا گەلی بێهیوای ئەفریقاش كاردانەوەی دەبێت. بە باوڕی من وەرزی تایبەت بە خەباتی ئاشتیخوازانە بەرەو تەواوبوونە". لێرەدایە كە ماندێلا بە هاوڕاكردنی ڕێبەرانی دیكەی كۆنگرە، دەستپێكی خەباتی چەكداری و توونداژۆ بە شێوازی فەرمی ڕادەگەیەنێت. ٦ مانگ دواتر، پرۆسەی خەبات بەرەو خراپكاری و هێرشگەلی ڕێكخراو و ئامانجدار بۆسەر بنەما و ڕێكخراوەكانی دەوڵەت دەست پێدەكات. دەستپێكەری ئەم هێرشانە ڕێكخراوەیەك بوو بە ناوی "نەیزەی ملت" كە دواترەكان بوو بە باڵی نیزامی و سەربازیی كۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا. ماندێلا فەرماندە و دامەزرێنەری ئەم گرووپە بوو.
ماندێلا سەبارەت بە هۆكارەكانی درووستبوونی ئەم ناوەندە سەربازییە و دەست پێكردنی خەباتی چەكداری دەڵێت: "دوو ڕێگە زیاترمان نەبوو، یان شەڕكردن یان تەسلیم بوون. خۆبەدەستەوە دان بژاردەمان نەبوو كەوایە شەڕمان كرد". ماندێلا بە تاوانی ڕێكخستن و بانگەشە بۆ مانگرتنی سەراسەری لە ساڵی ١٩٦١ هەروەها بە هۆی بەزاندنی بێمۆڵەتیی سنوور، لە نۆڤامبری ١٩٦٢دا بە ٥ ساڵ زیندان و بێگاری مەحكووم كرا. ئەو كە لە دادگادا وەكوو پارێزەرێك، پارێزەریی خۆی لە ئەستۆ بوو دەڵێت: "دەوڵەت بڕیاری داوە و سوورە لەسەر ئەوەی بەبێ بایەخدان بە ئێمە، بەبێ پێوەندی لەگەڵ ئێمە و بەبێ وتووێژ لەگەڵمان، ئێمە وەكوو شۆڕشگێڕانێكی وەحشی و سامناك یان وەكوو كۆمەڵێ ئاژاوەگێڕ و تێكدەر بناسێنێت و ڕەوایی بداتە سەركوتی یاسایی و نایاسایی خۆی". هاواری هەڵێنا و گوتی: "كاتێك كە لە زیندان بێمە دەرەوە، دووباڕە دەكەومە ڕێ و بە باشترین شێواز، تا بنبڕكردنی هەموو ناعەداڵەتییەكان بەرەنگارتان دەبمەوە".
ساڵی ١٩٦٣، هاوكات لەگەڵ دەستبەسەربوونی ڕێبەرانی نەهێنیی بزووتنەوەكە، جارێكی دیكە ماندێلایان لە زیندانەوە هێنا بۆ دادگا. ماندێلا لە وتارە مێژووییەكەی خۆیدا كە دواتر بە ناوی "من ئامادەی مردنم" ناوبەنگی دەركرد، بەم شێوازە لەسەر پرۆسە و شوناسی خەباتەكەی هاتە دەنگ: "یاساداڕێژەران هەموو ڕێگایەكی ناڕەزایی و دژایەتیان داخستبوو و ئێمە خۆمان لە دۆخێكدا دەدیتەوە كە یان دەبوو تەحقیری هەمیشەیی قەبووڵ بكەین یان لە بەرامبەر ناعەداڵەتیدا بوەستینەوە. ئێمە پێشێلكردنی مەدەنیانەی یاسامان هەڵبژارد بەڵام بەبێ تووندوتیژی. تەنیا لەدوای دابینكردنی یاسای نوێ و داسەپاندنی تووندوتیژی بوو كە ئێمەیش وڵامەكەیمان بە بەكارهێنانی تووندوتیژی دایەوە. هەر بۆیە ئەو تووندوتیژییەی ئێمە هەڵمانبژارد و پەیڕەومان كرد، ناچێتە خانەی تیرۆریزمەوە. هەموو ئەوانەی گرووپی "نیزەی ملت"مان دامەزراندبوو ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا بووین و بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكان بەپێی پرەنسیپی ئاشتیخوازانە و لەسەر بنەمای وتووێژ جەختمان دەكردەوە بەڵام ٥٠ ساڵ خەباتی ئاشتیخوازانە هیچ دەسكەوتێكی بۆ گەلی ئەفریقا نەبوو. بۆیە، ئێمەش تووندوتیژیمان هێنایە نێو سیاسەتەوە، دەمانزانی ڕۆژێك ڕووبەڕوو دەبینەوە و دەبوا بۆ ئەو ڕۆژە ئامادە بین. لە نێوان هەموو شێوازە توونداژۆكاندا ٤ شێوەمان دیاریكرد: كاری تێكدەرانە، شەڕی چریكی، تێرۆریزم و نافەرمانیی ئاشكرا. ئەمجار یەكەمینمان هەڵبژارد و دڵنیا بووین كە شێوازێكی گونجاوە، كاری تێكدەرانە ژیانی خەڵكی ئاسایی و سڤیلی نەدەكردە قوربانی و ئاسۆی پێوەندییەكی گەشی بۆ داهاتوو نەدەخستە مەترسییەوە" ماندێلا لە كۆتاییدا ڕوو بە دادگا دەڵێت: "ئەگەر پێویست بێ، مردن بۆ من ئارمانە و ئامادەی مردنم، لە هەموو ئەوانەی كە گوتم بیرم كردبوەوە". دواجار و كاتێك كە دوای ٢٧ ساڵ زیندان ئازاد دەبێت، لە خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٩٠ دەڵێت: "هەر بەو جۆرەی كە ٢٧ ساڵ لەمەو پێش و لە هەمبەر دادگادا گوتم، ئێستاش دووپاتی دەكەمەوە هەتا كاتێك كە ڕژیمی ئاپارتاید لە تووندوتیژی بە دژی ئێمە كەڵك ببات، كۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا، خەباتی چەكداریی خۆی درێژە پێدەدات. كادرەكانی ئەرتەشی خەڵكیی ئێمە هەر بەو ڕادەیە كە لە باری نیزامی و سەربازییەوە پەروەردە كراون لە بواری سیاسیشەوە ڕاهێنراون، هەر بەم بۆنەوە هەر تاقم و دەستەیەك كە بیانەوێت بە ناوی پاڵپشتی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەوە، تووندوتیژی بە دژی خەڵك بەكاربێنن، جێگای گومانن و لە ئەندامانی بزووتنەوەی ئێمە نین: فڕۆكەدزین، ئاگردانی ئوتۆمبیل و كەرەستەی هاتووچۆ، ئازاردان و تۆقاندنی خەڵكی بێتاوان و هتد لەو كردەوانەن كە جێگەیەكیان لە ڕێبازی ئێمەدا نییە. ئێمە ئەم هەنگاوانە مەعكووم دەكەین. چەكی سەرەكیی ئێمە لە خەبات بە دژی ئاپارتاید، ڕێكخستنی خەڵك لە ڕێكخراوەگەلی جەماوەری لە ژێر ناوی "بزووتنەوەی دێمۆكراتیكە".
لە كۆبەندی ڕوانگەكانی ماندێلادا، دەكرێت ئەم فاكتەرانەی خوارەوە لە تێڕوانینیدا سەبارەت بە نافەرمانیی مەدەنی زەق بكەینەوە:
-پێشێلكردنی یاسای نائەخلاقی، ناعادڵانە و تاقەت پڕووكێن
-نافەرمانیی مەدەنی بە مەبەستی واداركردن بە وتووێژ و دانووستان
-ئەنجامدانی نافەرمانیی مەدەنی بە شێوەی تاك و بە كۆمەڵ
-ئامادەبوون بۆ قەبووڵی سزای یاسایی
-ناتووندوتیژی بە واتای ستراتیژ نەك پڕەنسیپێكی ئەخلاقی
-ناكارامەیی شێوازی ئاشتیخوازانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتدارانی توونداژۆ
-نافەرمانی و بەرەنگاریی چالاك (مانگرتن لە كار) لە جیاتی بەرەنگاریی ناچالاك (مانگرتن لە خواردن).
- پێشێلكردنی ئاشتیخوازانەی یاسا
- كاری تێكدەرانە و خراپكاری هاوكات لەگەڵ تووندوتیژی كونتڕۆڵكراو لە دوای بە ئاكامنەگەیشتنی نافەرمانیی ئاشتیخوازانە و بە دوور لە تووندوتیژی.
23/10/2018