عومەر ئیزەدخا
دوای ئەوەی لە ئێستادا دۆخێکی نوێ بە نیسبەت ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاتۆتە ئاراوە ، لەلایەک بەهۆی زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتیەکان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا و لەلایەکیش زیادبوون و بەرینتربوونی زۆر زیاتری ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە سەرتاسەری ئێران بە دروشمی ڕادیکاڵ و شۆڕشئامێزانە ، سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی ڕاسان کە خۆی دەبینێتەوە لە بزاوتی نوێی نەتەوەیی-دێموکراتیک و پێکهێنانی بەرەیەکی فراوانی پارتەکانی رۆژهەڵات بەناوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ، ئەمانە هەموو گومانەکانی نەهاتنەئارای گۆڕانکاری ریشەیی بەنیسبەت ئێران ڕەواندونەتەوە ، پرسێکی جێگای هەڵوێست و گرنگ بریتییە لەو بەڕوشاخان (تحدي) و کێشە و ئاریشە ستراتیژیانەی کە لەبەردەم خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەن ، ئاستەنگە بنەڕەتیەکان کامانەن کە دەبنە کۆسپ و کێشەی گەورە لەبەردەم داهاتووی هەنوکە و نزیکی رۆژهەڵاتی کوردستان ؟ ، لەم باسەدا هەوڵی ئاماژە و درککردن بە گرنگترین ئەو ئاستەنگ و تەحەدیانە ، پشتبەست بە تێڕوانینێکی بابەتی بۆ رۆژهەڵات بەشێوەی شیکاری دەدەین ، گرنگی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردن بە کاریگەربوونی ئەو تەحەدیانە کە رۆڵی گەورەیان لەسەر چارەنوسی کوردستان هەیە.
قۆناغی ئینتیقالی( مرحلة الانتقالیة ) یاخود حکومەتی گواستنەوە دەتوانین بەم شێوەیە پێناسە بکەین : کار بۆ دامەزراندنی بنەماکانی سیستەمێکی سیاسی نوێ دەکات ، چوارچێوەی گشتی بۆ بنەما دەستووریەکان دادەنێت ، ئەرکی راڤەکردن و لێپێچینەوە لە سیستەمی پێشووی لەسەرشانە ، لە ئەنجامی شۆڕش یان راپەرین یاخود خۆپێشاندانی جەماوەری گەورە یان کودەتا یاخود دەستێوەردانی دەرەکی دێتە ئاراوە ، لابردنی رژێمە کۆنەکە و رەخسانی دەرفەت بۆ رژێمە تازەکە ئەم گواستنەوەیە پێویستی بە دروستکردنی حکومەتی گواستنەوە هەیە ، قۆناغێک تێیدا بنەماکانی سیستەمێکی سیاسی تازەی تێدا دادەنرێت . سەبارەت بەم پیناسەیە پێویستە ئەوە ڕەچاوبکەین کە ئێمە باسی هاتنەکایەی حکومڕانییەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین ، لانیکەم لەشێوەی حکومەتێکی هەرێمی لەچوارچێوەی ئێرانێکی فیدڕاڵ ، هەربۆیە ئەو قۆناغە بە نیسبەت هەموو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بریتییە لە قۆناغی گواستنەوە تاکو لەجێگای فەرمانڕەوایەتی پێشوو ، لە ناوچە کوردستانییەکان حکومڕانییەکی کوردی لێ دابمەزرێ .
لەئەگەری هاتنە ئارای هەر دۆخێکی نوێ بە نیسبەت رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ، لەکاتێکدا هێز و پارتە کوردیەکان کۆنتڕۆڵ و رزگاری ناوچە کوردستانییەکان بەدەستدەهێنن و لەو هەل و مەرجەدا کە کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵات دەبێتە خاوەنی دەسەڵاتێکی خۆماڵی ، لەو کاتەدا پێویستە ئاماژە بە گرنگترین ئەو تەحەدی و کێشانە بدەین کە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی کوردی لەو بەشەی کوردستان دەبنەوە ، کە دەتوانین بەپێی ڕاددەی گرنگی و لەپێشینیەیی ، بەم شێوەیەی خوارەوە ریزبەند و باس بکەین .
یەکەم: دابینکردنی ئاسایش و ئارامی.
دووەم: سیستەمی حکومڕانی و بوونیادنانی دامەزراوەیی سیاسی.
سێیەم: رووبەڕووبوونەوەی تیرۆروتوندڕەوی.
چوارەم: خزمەتگوزارییە گشتیەکان و ژێرخانی ئابووری.
پێنجەم: خستنەگەڕی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان.
دابینکردنی ئاسایش و ئارامی ناوخۆ
لەدوای قۆناغی رزگاری نیشتیمانی ، فەراهەمکردنی ئاسایش لەپێشینەترین کێشەیە کە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتەوە ، واتە گرنگترین ئەرکی دەسەڵاتی کوردیە کە پێویستە بۆ ناوچە کوردستانییە رزگارکراوەکان دابینیبکات ، لە بنەڕەتدا چەمکی ئاسایش(security ) یاخود پاراستن دەگەڕێتەوە بۆ ماهیەتی پارێزگاریکردن لە ماف و ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵگا لە لایەک، لەلایەکیش بەرقەرارکردنی ئارامی و سەقامگیری نێوان تاکەکان ، رێگریکردن و بنبڕکردنی نانەوەی پشێوی و دەستی دەرەکی بۆ تێکدان ، پاراستنی سەر و ماڵ و موڵکی تایبەت و گشتی ، رێگریکردن لە دروستبوونی شەڕ و پێکدادانی ناوخۆ .
میکانیزمە بنەڕەتیەکان :
١- فەراهەمبوونی ئاشتەوایی نیشتیمانی ، کۆدەنگی و سازانی هێزەکان ، سازانی هێزە سیاسیە سەرەکیەکان تا چەند بریتیبیت لە داننان بەیەکتری و بوونی هەماهەنگی و سیاسەتی هاوبەش بەتایبەت لەسەر بابەتە ستراتیژی و چارەنوسساز و نیشتیمانییەکان ، لەو هەل و مەرجەدا ریزەکانی ناوخۆ پتەو و یەکانگیر دەبێت ، هەموو لایەک هاوکار و پشتیوانی ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆ دەبن .
٢- رۆژهەڵات خاوەنی چەندان پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی جۆراوجۆرە ، کە سەڕەڕای زۆرینەی کورد و سونە مەزهەب ، ئەوا ( کوردی یاری ، لەک ، کوردی شیعە ، تورکمان ، عەرەب ، ئاشوری ..هتد.د)یش دەژین ، بەو هۆیە کارێکی پێویست و بنەڕەتی بریتییە لەوەی کە بوون و بەشداری پێکهاتە جۆراوجۆرەکان لەکەشێکی دێموکراسی و ئازادانە و سیکۆلاردا دەستەبەربکرێت ، تاکو لەو رێگایەوە ئاسایشی ناوخۆ ببێتە بەرژەوەندی زۆرینەی زۆربەی کۆمەڵگای کوردستان ، بەم شێوەیەش ریزەکانی ناوخۆ لەلایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاسایش و ئارامییەوە بە پتەوی دەمێنێتەوە .
٣- دامەزراندنی دام و دەزگای ئاسایش ، بوونی ئەنجومەنێکی باڵای ئاسایش بە دەسەڵاتێکی تایبتمەند و ڕادەیەکی پێویست لە سەربەخۆیی لەپێناو خێرایی بڕیاردان لەڕووی سروشتی دروستکردنی بڕیارەوە ، بەگەڕخستنی توانایەکی مرۆیی ئەوتۆ لە رەگەز و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای رۆژهەڵات لەلایەنی دەزگا و ئۆرگانە جیاوازەکانی ئاسایش .
٤- دامەزراندنی سوپای پێشمەرگە ، سوپایەکی نیشتیمانی و بەهێز و رێکخراو بۆ پاراستنی سنورەکان پێویستیەکی گرنگە لەپێناو ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان ، بەبێ بوونی هێزێکی یەکگرتوو بۆ بەرگریکردن ناتوانرێ دەستکەوت و ئەزمونی بەدەستهاتوو بپارێزرێت ، کە هاوتا لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆ دەتوانن بەیەکەوە رۆڵێکی چارەنوسساز لەلایەنی پاراستنی کوردستانەوە ببینن .
٥- رووبەڕووبوونەوەی گروپ و شانە تیرۆریستیەکان ، گروپ و رێکخستنە توندڕەوەکان ، کێشەیەکی گەورە بە نیسبەت ناوچەکە و کوردستانیش بەتایبەتی بریتییە لە بوونی چەندان رێباز و گروپ و رێکخستنی توندڕەوی ئایینی و تیرۆریست کە رەگ و ریشەیان وەکو نەخشەی دەمار بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بڵاوبۆتەوە کە بەشێکی گەورە بەر کوردستان دەکەوێت ، بەشێکیان نەک هەر رێگریان لێنەکراوە ، بەڵکو راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن سپای پاسدارانەوە هاوکاری جۆراوجۆرکراون بەوهۆیە توانیویانە جۆرێک لە نفوز لە کوردستانیش بونیاد بنێن ، سەرباری ئەو مەترسیەش بوونی گروپگەلی جۆراجۆری ڕادیکاڵ کە ئامانجەکانیان خزمەت بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا ناکەن ، بەڵکو لەرێگایەکی نا مرۆیی چالاکی دەکەن ، هەربۆیە بەڕوشاخانێکی گەورە بەتایبەت دوای دروستبوونی دۆخێکی لەناکاو لە بۆشایی ئەمنی و سیاسی ، برییتیە لە ڕووبەڕووبوونەوە بەمەبەستی نەهێشتن و قەڵاچۆکردنی ئەم جۆرە گروپانە .
٦- دروستکردنی جۆرێک لە ئاسایش و ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، سەرباری هاتنەکایەی سەقامگیری سیاسی ، ئاستی کۆمەڵایەتیش گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە ، کە خۆی دەبینێتەوە لە بوونی ئارامی لەناو چین و توێژ و ریزەکانی کۆمەڵگا و گروپە کۆمەڵایەتیەکان ، بەتایبەت کاتێک دانیشتوانی کوردستان دابەشبوونە بەسەر عەشیرەت و هۆز و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و ئایینی جۆربەجۆر ، بەوهۆیەوە پێویستە سەڕەڕای ڕێز و لەبەرچاوگرتنی سەنگ و پێگەیان ، پێویستە یاسا بکرێتە مەرجەع و سەروەر بەسەر هەموو لایەکدا ، هۆشیاری ئەوتۆ لەسەر پابەند بوون بە یاسا بەناو هەموو لایەکدا بڵاوبکرێتەوە ، لەحاڵەتی ئارامی کۆمەڵایەتی یارمەتیدەرێکی گەورەدەبێت بۆ ئاسایشی ناوخۆ.
٧- خستنەگەڕی دەزگاکانی راگەیاندن و بڵاوکردنەوە و سۆشیالمیدیا ، میدیا بەگشتی ، بەئامانجی دروستکردنی ئاستێکی سەقامگیری ئەوتۆ لە دەرون و دونیای مەجازی تاکەکان و کۆمەڵگا ، لەپێناوی ئاسایش و ئارامی ناوخۆ .
سیستەمی حکومڕانی و بوونیادنانی دامەزراوەیی سیاسی
لەئەنجامی هاتنە ئارای دۆخی نوێ و دامەزرانی ستاتۆیەکی کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ، سیستەمی سیاسی دەبێتە پرسێکی زۆر گرنگ و بوونیادی ، بۆ ئەم مەبەستە سازانی نێوان هێزەکان زۆرترین گرنگی بۆ ئەم بابەتە هەیە ، لە هەل و مەرجێکی دێموکراسی و ئازادانەدا کاتێک زۆرترین ئاستی رێکەوتنی نێوان هێزەکانی رۆژهەڵات دێتە ئاراوە ، ئەو هەل و مەرجە بریتییە لە دۆخێکی نمونەیی کە بە تێپەڕاندنی سەرکەوتنی مەزن بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، ئەوەش بەهۆی پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرزی دێموکراسی و سەقامگیری ، سیستەمێکی سیاسی لەسەر بنەماکانی دێموکراسی ، سیکۆلار ، ناناوەندیەتی ، رێزگرتن و داننان بە بیروڕا جیاواز و رێکخستن ، ئۆرگان ، میدیا، جۆربەجۆرەکان و چالاکبوونی کۆمەڵگای مەدەنی ، بە سازانی پێکهاتە و هێز و رەنگە جیاوازەکان دەبێتە هۆی دەستپێکێکی گرنگ بۆ ئەزمونی حکومڕانی لە رۆژهەڵات ، کاتێک لە دەستورێکدا گەرەنتی ماف و ئازادییە گشتییەکانی کۆمەڵگا بکرێت ، یاسا بەسەر هەموو لایەکدا سەروەر بکرێت.
دامەزراوەیی سیاسی پرسێکی گرنگە بە نیسبەت سیستەمی حکومڕانی ، کاتێک ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ( تبادل السلطە ) ، پسپۆڕیەتی ( الخصخصة ) ، ناناوەندیەتی (اللامرکزیة ) ، شەفافیەتی کارگێڕی ( الشفافیة ) ، دەبنە تایبەتمەندی دیاری فەرمانڕەوایەتی ، لەو هەل و مەرجەدا سیستەمی سیاسی ، سەقامگیری تایبەت بەخۆی وەردەگرێ کە خۆی لەخۆیدا دەبێتە خاڵی هێز و وەرچەرخان بۆی ، حکومڕانیەتییەک کەلەسەر بنەمای تۆکمەیی ناوخۆ بونیادنرابێ دەرەنجامەکەی دەبێتە داننان و دیفاکتۆی زۆر زیاتری ئەو هێزە لە ئاستی نێودەوڵەتی و جێگای متمانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی .
رووبەڕووبوونەوەی بیری تیرۆر و توندڕەوی
لایەنی هزری و پەروەردەیی دەگرێتەوە بەجۆرێک ئاسایش تا ئاستێکی زۆر شۆڕببێتەوە و بە وردی کار لەسەر سڕینەوەی بیر و هزری تیرۆر و توندڕەوی بکرێت ، دانانی ستراتیژی هەنوکەییی و درێژخایەن لەپێناو قەلاچۆکردنی تیرۆر لەرێگای بڵاوکردنەوەی وشیاری و پەروەردە و سیاسەتی ئەوتۆی ئیدارەدانی دەزگا و ناوەندە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان .
بەڕێوەبردنی ناوەندە ئایینییە جۆربەجۆرەکان لەژێر سەرپرشتی دەزگایەکی تایبەتمەندی حکومی ، تاکو لەو پێناوەدا سنورەکانی ئاسایشی نیشتیمانی و پرەنسیپە نەتەوەییەکان ئاشنابکرێن و لەخزمەتی بەرژەوەندی گشتی و بەئاقارێکی مرۆڤدۆست و ئاشتیانەدا ئاراستەبکرێن ، بۆ ئەم مەبەستەش گرنگیدان بە لایەنی پەروەردە و دام و دەزگا پەروەردەیی و رۆشنبیرییەکانی لەم بارەوە وەکو ، قوتابخانە و زانکۆکان و ناوەندە ئاینییەکانی نمونەی حوجرە و مەدرەسە دینییەکان ، هەر ناوەندێک کە تیایدا کار لەسەر پەروەردە و پێگەیاندن و رۆشنبیری بکرێت تەنانەت خێزانەکانیش ، بە شێوەیەکی مرۆڤدۆست و ژیاریانە سەرپرشتی و بەرنامەجبکرێن ، خۆراک و وانەی رۆحی ئەم ناوەندانە دوور نەکەوێتەوە لە بنەما رەوشت بەرزی و زانست و مرۆڤایەتییەکان ، رێگریکردن لە چەکەرەی هەر جۆرە بیر و هزرێکی توندئاژۆ و تیرۆریستیانە.
خزمەتگوزارییە گشتیەکان و ژێرخانی ئابووری
بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسایی و دوور لە سیمای شەڕ و وێرانی لەهەر کۆمەڵگایەک پێویستی بە گەڕاندنەوەی بەپەلەی خزمەتگوزاریی و پێویستیە بنەڕەتیەکانی دانیشتوان هەیە ، سەرباری ئەوەی کە مەترسی کۆچکردن و ئاوارەبوونی هاوڵاتیان زۆر کەم دەکاتەوە ، هاونیشتیمانیان لەهەل و مەرجێکی ئاوەداندا دەتوانن ژیانی رۆژانەیان وەکو هەرناوچەیەکی تری ئاسایی بەسەربەرن ، لەکەشێکدا کە خزمەتگوزارییەگشتییەکان و ژێرخانی ئابووری دابینبێت ، جموجۆڵی بازرگانی و بەرهەمهێنان دەتوانن لەو دۆخەدا سیستەماتیک بڕۆن بەڕێوە .
بەشێوەی گشتی چەند ئەگەرێک بۆ دۆخی خزمەتگوزاری و رەوشی ئاسایی ژیانەوە هەیە ، کە پەیوەندی هەیە بەو شێوە گۆڕانکاریەی کە لە ناوچەکان دوای نەمانی حکومڕانی رژێمی پێشوو دێتە ئاراوە ، لەوەی کە گۆڕانکارییەکە بەهۆی ڕوودانی جەنگەوە دروست دەبێت یاخود بەشێوەیەک کە کەمتر زیان دەگات بە ( خزمەتگوزاری ، پێویستیە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیان ، خانوبەرە ، بینا ، باڵاخانە ، ئامرازە جۆربەجۆرەکان .هتد.د ) . بەم شێوەیە :
وێرانکارییەکی گشتگیر و بەربڵاو .
وێرانکارییەکی رێژەیی.
کەمترین وێرانکاری .
لەهەل و مەرجێکدا کە شەڕ لە ناوچەکوردستانییەکان بەهۆی ملنەدانی رژێم یاخود هەر گروپێکی تێکدەر بەرپاببێت ، بەبێگومانی ئەنجامی شەڕ وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، تا چەند شەڕ کەمتر بەرۆکی کوردستان بگرێت ، زیاتر خزمەتگوزاری و پێویستییەکانی ژیانکردن و حەوانەوەی دانیشتوان بە پارێزراوی دەمێننەوە ، بەڵام بەدەر لەوە بریتییە لە هاتنەئارای وێرانکارییەکی رێژەیی یاخود بەشێوەیەک کە زیانی زۆر بگات بە خزمەتگوزاری و ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بژێوی لە لادێ و شارەکان ، لەو کاتەدا ئەرکی حکومەتی گواستنەوە یاخود رزگاری نیشتیمانی زیاتر قورستر دەبێت ، سەرباری ئەوەی کە ئاوارەبوونی دانیشتوانی لێدەکەوێتەوە ، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەش بێگومان ئاسان نییە ، هەربۆیە ئەرکی حکومەتی ئینتیقالی بەوەی کە میکانیزم و بەرنامەی پێشوەختەی بۆ خێرا پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەهەیە و هاوکات لەقۆناغی نائارامی و شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا دابینکردن کەمپی ئاوارە و پێویستییەکانیان، لەوەش لەپێشتر هەوڵدان بۆ زۆرترین پاراستنی ژیانی دانیشتوان و پێویستییەکانیان و رێگەگرتن لە کەمترین کاولکاری لە قۆناغی شەڕدا هەیە .
پێویستی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکانی دانیشتوان سەرباری شوێنی نیشتەجێبوون بریتین لە ( خۆراک، تەندروستی و دەرمان ، ئاو، وزەی کارەبا، سوتەمەنییەکانی وەکو بێنزین و نەوت، ڕێگاوبان و هۆیەکانی گەیاندن و گواستنەوە ..هتد.د ) ، لەلایەکی ترەوە سەرباری پێویستیە بنەڕەتییەکانی ژیان کۆمەڵێک پێویستی بۆ جوموجۆڵی بازرگانی و ئابووری هەن وەک ( سیاسەتی دارایی و دراو ، کەرتە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان – فەراهەمکردنی کەشێکی لەبار بۆ کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ، رێکخستنی موڵکداری ، فەراهەمکردنی دۆخێکی ئاسایی بۆ بازاڕ و لەبەرچاوگرتنی بژێوی هاوڵاتیان ، میکانیزمی وەک رێگەنەدان بە قۆرخکاری بازاڕ و بەرهەم ..هتد.د ) ، لەلایەکی دیکەشەوە گرنگیدانی بنەڕەتی بە شارەوانییەکان و ژینگەپارێزی و شوێنەوارە مێژووییەکان .
خستنەگەڕی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان
دامەزراندنی دەزگایەکی نیشتیمانی-دامەزراو-تایبەتمەند بەسەرپرشتی دەستەیەکی کارامە و پسپۆڕ و پرۆفیشناڵ تایبەت بە بواری پەیوەندییەکانی دەرەوە ، لەپێناو دروستکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی پتەو و بەدەستکەوت لەگەڵ هێز، کارکتەر، دەوڵەت، رێکخراوەکانی دەرەوە ، پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان لە دونیای ئەمڕۆدا گرنگییەکی یەکجار گەورەیان لە سیاسەت و هێزی هەر حکومەتێکدایە ، بەبێ بوونی پەیوەندیەکی رێکخراو و تایبەتمەند ناتوانرێ دەستکەوتە ناوخۆییەکانیش بپارێزرێن کە مێژوو ئەوەی سەلماندووە ، هەر بۆیە تاچەند حکومڕانییەتییەک لەناوخۆ بەهێزبێت ، خاوەن ئابووری و ئاسایش و سەقامگیرییەکی بەهێز بێت ، بەڵام لە ئاستی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دونیای دەرەوە لاواز یان ئەدایەکی چالاکی نەبێت و بەشداری بەرهەمدارانە لە کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنفرانسەکانی تایبەت بە پرۆژەی نوێ سەبارەت بەو ناوچەیەی کە حکومڕانییەتیەکەی لی هەڵکەوتووە نەبێت ، ئەوا ناتوانرێ پێی بوترێ حکومڕانیەتی سەرکەوتوو ، بەبەڵگەی شکانەوەی ئەو سیاسەتە بەنەرێنی بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی لە ئاستی ناوخۆ و ئاسایشی نیشتیمانی ئەو حکومڕانییەتیە ، دەتوانین بڵیین پەیوەندیەکان و چالاکی دیپلۆماسی لەسەر بنەمای ستراتیژێکی دوورمەودا، خوێندنەوەیەکی واقعی-ریالیتی، دەزگایەکی دامەزراو و گۆڕینی پەیوەندییە حیزبییەکان بە پەیوەندیە دامەزراوییەکان، تەواوکەری سیاسەتی ناوخۆ و دەستەبەری سەرکەوتنی زیاترن لە ناوخۆ .
دەتوانین پەیوەندییەکان بۆ سێ ئاست دابەش بکەین بەمشێوەیە :
یەکەم: ئاستی ناوخۆی ئێران
دەتوانین بە گرنگترین ئاست لێی بڕوانین ، بەو پێیەی کە زۆرترین کێشە و ئاریشەکانی حکومڕانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەست دەبێت بە بەشەکانی تری ئێران و حکومەتی ناوەندی ئەو وڵاتە ، دروستکردنی پەیوەندیەکی پتەو و کاری هاوبەش و تەوافقی لەگەڵ پێکهاتە و نەتەوەکانی ئێران لەوانەش بەلوچی،ئەحوازی،ئازەری،فارس..هتد.د ، بەشداری کارای هێزەکوردییەکان لە حکومەتی ناوەندی لەپێناو دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراکتیک و فیدڕاڵ و سیکۆلار گرنگیەکی گەورەی هەیە ، هاوشێوەی عێڕاقی نوێ کاتێک کورد وەکو کارەکتەرێکی سەرەکی و بوونیادنەر بەڵام بەیەکگرتوویی هێزە کوردییەکان و دامەزراندنی پەیوەندییەکی سەرکەوتوو لەگەڵ زلهێزێکی وەکو ئەمریکا ، بەشدارییەکی مەزنیان لە دامەزراندنی عێڕاقی نوێ کرد کاتێک مافی کورد لە ئاستی نوسینەوەی دەستوور بەشێوەی سەرکەوتوو چەسپێندرا ، هەرچەند لەئاستی پرۆسەی سیاسی و دوای پێگرتنی حکومەتی ناوەندی دژ بە مافەکانی کورد و حکومڕانی هەرێمی کوردستان تێ هەڵچونەوە و ماددە دەستورییەکانیان پێشێلکرد کە لەوەشدا تاڕاددەی زۆر سەرکەوتووبوون ، بەڵام بەشی زۆری ئەو دەرەنجامە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی یەکەم دەستێوەردانێکی زۆری وڵاتانی هەرێمی وەکو کۆماری ئیسلامی ئێران لە سیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە و دووەمیش کەمتەرخەمی و ئەدای نەرێنی هێزەکانی باشوری کوردستان و نەبوونی ستراتیژییەکی ڕوون و یەکهەڵوێستی ، کە دەکرێ هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات جۆرێکی تری سیاسەت پیادە بکەن، کە رۆڵی ئەرێنی گەورە لەئاستی پرۆسەی سیاسی حکومەتی ناوەندی ئیران و پەیوەندی لەگەڵ هێزە ئیرانییەکان بگێڕن ، کۆمەڵیک پرسی ستراتیژی پەیوەست بە حکومەتی ناوەندی و ناوچەکانی تری ئێران هەیە ، لەوانەش گرنگترینیان داننان بە حکومڕانی کوردی لە پارێزگا کوردستانییەکان ، مافەکانی کورد لە سیستەمی سیاسی نوێی وڵاتی ئێراندا ، داننان بە جینۆسایدی گەلی کورد لەئاستی پەرلەمان ( ئەنجومەنی نوێنەران-مجلس ) لەلایەن رژێمەپێشووەکانەوە ، داڕشتنی سیستەمێکی سیاسی لەسەر بنەماکانی ( دێموکراتی-نوێنەرایەتی-پەرلەمانی-سیکۆلار-تەوافوقی ) و شێوەی دەوڵەت فیدڕاڵی ، کە زامنی مافی نەتەوەییەکان و دین و رەنگە جیاوازەکان بکرێت، سیستەمەکە رێگری بکات لە بەرەو فاشیستبوونی دەسەڵات .
دووەم: ئاستی هەرێمی
ئەم ئاستەش وڵاتان و کارەکتەر و هێزەکانی ناوچە دەگرێتەوە ، کە گرنگترینیشیان بەشەکانی دیکەی کوردستان و پارت و رێکخراو و دەزگا جۆربەجۆرەکان، وڵاتانی تورکیا، عێڕاق، ئازەربایجان، وڵاتانی کەنداو ..هتد.د ، بێگومان ئەم ئاستە زۆر گرنگە ، چونکە هەر گۆڕانکارییەک کە لەناوخۆی وڵاتی ئێراندا بێتە ئاراوە دەستێوەردانی خێرا و بەشدار لە سیاسەتی ناوخۆی ئەم هێزانەی لێ دەکەوێتەوە ، بەهۆی هاوسنوربوون و نزیکایەتی جوگرافی، تێکەڵاویەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ، لەلایەکی ترەوە سیاسەتی هەژمونخوازانەی وڵاتێکی وەک تورکیا ، لە واقعدا ئەمە ئەرکێک دەخاتەسەرشانی هێزەکانی رۆژهەڵات کە ستراتیژێکی بەدەستکەوت لەو پێوەندەدا جێبەجێبکەن ، بەجۆرێک لەسەربنەمای زیان نەگەیاندن بە بەرژەوەندی و دەستکەوتی بەشەکانی دیکەی کوردستان و لەدەستنەدانی سەربەخۆیی بڕیار لەناوخۆدا، پەیوەندیەکانی پەرەپێبدات ، لەرێگای پەیوەندی سیاسیەکانیانەوە جۆرێک لە دڵنیایی بدات بە هێزەکانی ناوچە، لەلایەکی ترەوە داواکردنی هاوکاری سەربازی و هەواڵگری و ئابووری لە بەشەکانی تری کوردستان بەتایبەت حکومەتی هەرێمی باشور ، سەبارەت بە پەیوەندیەکان لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی خاڵیکی گرنگ هەیە ، ئەویش ئەوەیە کە پێویستە پێش راگەیاندنی حکومەتی رۆژهەڵاتی کوردستان ، لەرێگای ( ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ) یاخود بە ستراتیژێکی هاوبەشی هێزە کوردییەکان ، پەیوەندییەکان لەگەڵ زلهێزە ناوچەیی و سەرووناوچەییەکان بوونیادبنرێ و پرسی کورد و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی رۆژهەڵاتی کوردستان لەچوارچێوەی ئیرانێکی فیدڕاڵدا مسۆگەر و ڕوونبکرێتەوە ، ئەوەی لەو پێوەندەدا ترسناکە بریتییە لە نەبوونی ستراتیژێکی هاوبەشی پارتە کوردییەکان یاخود نەبوونی هەماهەنگی نێوانیان ، دامەزراندنی یەک ڕایەڵەی پەیوەندی هێزەکوردییەکان لەگەڵ دەرەوە، دەبێتەهۆی بینینی کورد وەک هێزێکی سەرەکی لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی ، لە کۆڕ و کۆنفرانسەکانی تایبەت بە داڕشتنەوەی ئێرانی نوێدا پرسی کورد دەبێتە بابەتێکی دیار .
سێهەم: ئاستی نێودەوڵەتی
وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە ، ئەوەی لەو پێوەندەدا زۆر گرنگە بریتییە لە وڵاتانی زلهێزی وەکو ئەمریکا ، ڕووسیە ، بریتانیا ، فەڕانسە ، ئاڵمان ، چین ..هتد.د هەروەها یەکێتی ئەوروپا، ناتۆ، نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوە ناحکومییە جۆربەجۆرەکان، رێکخراوەکانی ئاوەدانکردنەوە و مافی مرۆڤ و پەرەپێدان..هتد.د ، هەڵکەوتەی مێژوویی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەجۆرێکە کە دوو دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕووسیە ، دوو هێز بوونە کە بەردەوام لە ململانێ لەسەر بەهێزکردنی هەژموون و بەرژەوەندییەکانیان لەسەرخاکی ئێران بوونە ، لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەم ئێران لەلایەن ئەم دوو وڵاتەوە کۆنتڕۆڵکرابوو ، دوای ئەو قۆناغەش ئێران بە دۆستی هەمیشەیی و ستراتیژی ئەمریکا ناسرابوو تاکو روخانی رژێمی پادشایەتی ، سەرباری ئەوەش دەریای قەزوین ڕوسیا دەبەستێتەوە بە ئێران واتە نزیکایەتیەکی جوگرافی زۆریان هەیە ، ئەمە لە لایەک و لەلایەکی تریشەوە ئەم دوو زلهێزە نێودەوڵەتییە لە ململانێی و سەرمایەگوزاریەکی سیاسی توند و بەهێزدان لە بازنەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، لە دوای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی ساڵی ٢٠١١ەوە دەستیان داوەتە داڕشتنەوەی دووبارە نەخشەی سیاسی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندییەکانیان و بۆ ئەمەش لە ململانێی بەردەوامدان ، بەتایبەتیش ئەمریکا کە ئەو هێزەیە کە ئێستا سزای رژێمی ئێران دەدات و بۆتە هۆی ئەوپەڕی لاوازبوونی ئابووریی ئێران ، هەربۆیە جیا لە دەستێوەردانی وڵاتانی تر ، ئەم دوو دەوڵەتە سەرەکیترین هێزدەبن کە ململانێی داڕشتنەوەی بەرژەوەندییەکانیان لەناوخۆی ئێراندا دەکەن بەتایبەت ئەمریکا ، ئەمانە وادەکات کە گرنگی ئەم ئاستە زۆر زیاتر بکات ، ناکرێت هێزی کوردی بەبێ بوونی پەیوەندی و لێکتێگەیشتنێکی ڕوون لەگەڵ ئەم هێزانە گەرەنتی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی بەباشی بکات ، هەربۆیە بوونی ستراتیژێکی هاوبەشی پێشوەختەی هێزەکوردییەکان بۆ بوونیادنانی پەیوەندیەکی دیپلۆماسی بە دەستکەوت لەگەڵ وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گرنگیەکی بنەڕەتی هەیە .
دەرەنجام
دوای بەبنبەستگەیشتنی دۆخی هەنوکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ، پاش رزگاربوونی ناوچەکوردستانییەکان و دامەزراندنی ستاتۆیەکی کوردی ، ئەم هەل و مەرجە ڕووبەڕووی قۆناغێک دەبێتەوە کە پێی دەوترێ قۆناغی گواستنەوە ( ئینتیقالی ) ، کە لەو قۆناغەدا حکومڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین ئەرکی چارەنوسازی دەکەوێتەسەرشان، کە کاردەکەنە سەر مانەوە و بەردەوام بوون ، سەرباری ئەمانەش بە بڕینی ئەم تەحەدیانە بەشێوەی سەرکەوتنی گەورە تیایاندا ، رۆژهەڵات دەبێتە هێزێکی ستراتیژی و دیار و کاریگەر ، توانای گەشەی خێرا لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت.
تەحەدییەکانی ( دابینکردنی ئاسایش و ئارامی، سیستەمی حکومڕانی و بوونیادنانی دامەزراوەیی سیاسی، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆروتوندڕەوی، خزمەتگوزارییە گشتیەکان و ژێرخانی ئابووری، خستنەگەڕی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان ) ، گرنگترین ئەو ئاستەنگانەن کە لەقۆناغی ئینتیقالی و دوای رزگارکردنی رۆژهەڵات ڕووبەڕووی حکومڕانیەتی کوردستان دەبنەوە .
دەتوانین بڵیین بەشێوەیەکی گشتی ، یەکگرتوویی و بەرەیەکی نیشتیمانی نێوان هێزەکوردستانییەکان و بوونی ستراتیژێک بۆ دامەزراندنی حکومڕانییەتی کوردستان ، گرنگترین ئەرکی لایەنەکانی رۆژهەڵاتە ، کە دەبێتە هەوێنێک بۆ بڕینی سەرجەم ئەو تەحەدییانەی کە باسمان لێوەکردن .
سەرچاوەکان :
١: حکومەتی: کاتی، کاربەڕێکەر، گواستنەوە ، https://bit.ly/2KIhuMz
٢: پێکهێنانی “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.. ، https://bit.ly/2OZ8G8n
٣: مشاكل المرحلة الانتقالية ، https://bit.ly/2MA4la
٤: الاستقرار السياسي ، https://bit.ly/2KJPsQT
٥: مستەفا هیجری: پەرە بە چالاکییەکانمان.. ، https://bit.ly/2MCCzd5
٦: توندڕەوی ئایینی لە رۆژههڵاتی کوردستان.. ، https://bit.ly/2OZ5oC
٧: نا دامەزراوەیی و نا رێکخراوەیی بوون..، https://bit.ly/2vy4Jj7
٨: الأهداف الأساسية في العلاقات الدولية ، https://bit.ly/2Onc7Vt