فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

ئێقباڵ سەفەری
پاش ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک له‌ هه‌ڵکه‌وتوانی کورد له‌ ناوچه‌ی موکریان و له‌ ساڵی 1320 ریکخراوی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان پیک دێنن و چالاکیه‌کانیان به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی مافی گه‌لی کورد ده‌ستپێ ده‌که‌ن، ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ په‌لوپۆ ده‌کێشی بۆ ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان.
له‌م پێوه‌ندیه‌ دا میرزا عه‌بدۆڵا موده‌به‌ر ( ناسراو به‌ ئاغه‌گه‌وره) که‌ڵوڕ (که‌ڵهوڕ) خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ شاری مه‌هاباد و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له‌ چالاکانی ئه‌وه‌ ده‌م کۆ دەبێته‌وه‌. له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ دا ناوبراو وه‌ک به‌رپرسی گشتیی رێکخستنی کۆمه‌ڵه‌ی ژ- ک له‌ شار و ناوچه‌کانی سنه‌، کرماشان، ئیلام و لوڕستان دیاری ده‌کرێ. به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاغاگه‌وره‌ له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ کرماشان، چالاکیه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ- ک پی ده‌نێته‌ قۆناخێکی نوێ‌‌وه‌. له‌م پێوه‌ندیه‌ دا کۆمه‌ڵێک چالاکوانی سیاسی - ته‌شکیلاتی له‌ ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ – ک دا ده‌ست به‌ چالاکی و ریکخستن ده‌که‌ن. یه‌ک له‌و که‌سانه‌ میرزا برایمخانی نادری‌یه‌ که‌ ده‌بێته‌ جێگری میرزا مۆده‌بر‌ و چالاکیه‌کان له‌ ناوچه‌کانی کرماشان، پشتکویه‌ و لوڕستان سه‌رپه‌ره‌ستی ده‌کا. که‌سی دووهه‌م له‌و تیکۆشه‌رانه‌ مامۆستا سه‌ید تاهیری هاشمی بووه‌ که‌ ده‌بێته‌ ده‌بیری کۆمه‌ڵه‌ له‌ شاری کرماشان. که‌سی سیهه‌م ره‌شید باجه‌ڵانی‌یه‌ که‌ وه‌کیلی دادگوسته‌ری بووه‌، به‌رپرسایه‌تی به‌شی باشور له‌ شاری خانه‌قینی پێ‌ده‌سپێردرێ و هه‌روه‌ها پێوه‌ندی نێوان باشور و کرماشانیش به‌ڕێوه‌ ده‌با که‌ له‌ شاری به‌غداوه‌ ده‌ستپێده‌کا تا ده‌گاته‌ کرماشان. چارم که‌س یه‌دۆڵا ره‌زایی ده‌بێ که‌ به‌ به‌ربرسی پێوه‌ندیه‌ گشتیه‌کانی ئێڵی که‌ڵوڕ دیاری ده‌کرێ‌ و ناوبراو که‌سێکی شاره‌زای بواری سیاسی بووه. به‌مجۆره‌ کۆمه‌ڵه‌ی ژ- ک به‌ هۆی ئۆگر بوونی به‌ بیر و هزری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورت دا ده‌توانێ بیری سه‌ربه‌خۆیی‌خوازی له‌و ناوچانه‌ په‌ره‌ پێبدا و ریکخستنه‌کانیان وه‌ک ته‌شکیلاتێکی چالاک خۆیان بنوێنن. به‌ دروست بوونی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ئه‌م چالاکیانه به‌جۆرێک ‌په‌ره‌ ده‌ستێنن که‌ پێوه‌ندی دایم له‌ نێوان مه‌هاباد و کرماشان و ناوچه‌کانی دیکه‌ شێواز‌ێکی تایبه‌ت به‌خۆیه‌وه‌ ده‌گرێ. به‌جۆرێک که‌ له‌کاتی پێکهێنانی کۆماری کوردستان دا عه‌بدۆڵا خانی مۆده‌به‌ر و برایمخانی نادری خۆیان ده‌گه‌ێننه‌ مه‌هاباد و چالاکانه‌ به‌شداری هه‌ڵسۆڕاندنی ئه‌رکه‌کان ده‌بن. به‌دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، میرزا مۆده‌به‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کرماشان و میرزا برایمش ده‌کرێته‌ راوێژکاری سه‌رۆک کۆماری کوردستان، قازی موحه‌ممه‌د. میرزا برایم بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ راوێژکاری پێشه‌وا بووه‌، پله‌ی سه‌رهه‌نگی له‌ سۆپای میللی کوردستان دا هه‌بووه‌. به‌سه‌رنجدان به‌وه‌ی که‌ زمانه‌کانی فه‌رانسی، ئینگلیسی، و عه‌ره‌بی به‌ باشی زانیوه‌، له‌ وه‌زاره‌تی ڕوشنبیریشدا ( فه‌رهه‌نگ) هه‌ڵسۆر بووه‌ و بابه‌تی بۆ رۆژنامه‌ی کوردستان نووسیوه‌، یان وه‌ریگێڕاوه‌ته‌وه‌. به‌تایبه‌ت له‌ گۆڤاری کوێستان دا چه‌ندین وتاری له‌سه‌ر سه‌لاحه‌دین ئه‌یۆبی نووسیوه‌. له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گۆڤاره‌کانی سه‌رده‌می کۆماری کوردستان دا، میرزا برایم گه‌ڵاڵه‌ی دامه‌زراندن و بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤاری ژیان ده‌خاته‌ به‌رده‌ست کاربه‌ده‌ستانی کۆمار که‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌ستپێکردنی شه‌ر له‌لایان ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه‌ و هێرش بۆسه‌ر کۆماری ئازربایجان، ناچێته‌ بواری جێبه‌جی کرانه‌وه‌. به‌ڵام به‌وحاڵه‌ش میرزا برایم ده‌بێته‌ خاوه‌ن ئیمتیازی گۆڤاری ده‌نگی کورد به‌ سه‌رده‌بیری سه‌ید عۆبه‌یدۆڵا ئه‌یوبیان، که‌ له‌ دوایین ژۆماره‌ی ئه‌م گۆڤاره‌ دا‌ ئاماژه‌ به‌ رۆخانی کۆماری کوردستان کراوه‌. له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ نووسینی بابه‌ت به‌ زاراوه‌ی کوردی خوارو دا، یه‌دۆڵا ره‌زایی که‌ ئه‌وده‌م له‌ شاری گێڵانی رۆژئاوا نیشته‌جێ بووه‌، له‌ گۆڤاری گه‌لاویژ دا بابه‌تی نووسیوه‌ که‌ ناوئاخنێک بووه‌ له‌ شێعر و لیکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی. به‌م جۆره‌ به‌ ئاماژه‌ به‌و به‌ڵگه‌ مێژوویانه‌ بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که‌ رۆڵی که‌ڵوڕه‌کان له‌ کۆمه‌ڵه‌ی ژیکاف دا و بگره‌ له‌ کۆماری کوردستانیش دا به‌رچاو بووه‌. هه‌ڵبەت نابێ له‌بیرمان بچێ که‌ ئه‌وده‌م ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ ئه‌وان تیکۆشانیان تێ دا بووه‌، له‌ ژێر کۆنتروڵی دوستانی کورد و کۆماری کوردستان دا نه‌بووه‌.

پێناسه‌یه‌ک له‌سه‌ر برایم خانی نادری که‌لوڕ:

ئیبراهیم نادری یان ئیبراهیم خانی نادری ناسراو به‌ میرزا ئیبراهیم، کوری فه‌یزۆڵای نادری، له‌ساڵی 1260 هیجری له شاری کرماشان له‌دایک بووه‌. خوێندنی سه‌رەتایی و دواناوه‌ندی له‌ کرماشان ته‌واو ده‌کا و بۆ دریژه‌ی خویندن ده‌چێته‌ وڵاتی فه‌رانسه‌. پاش خوێندنی حقوق له‌ فه‌رانسه‌، ده‌بێته‌ ئه‌ندام له‌ لۆژیونی فه‌رانسه‌ و دوای‌ گه‌ڕانه‌وەش بۆ ماوه‌یه‌کی کورت ده‌بێته‌ مامۆستای دانشکه‌ده‌ی ئه‌فسه‌ری له‌ تاران. ‌له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی گه‌ردونی دوهه‌م دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کرماشان و پاشان به‌هاوڕێیه‌تی میرزا عه‌بدۆڵای مۆده‌به‌ر ده‌بنه‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژ- ک و چالاکیه‌ رێکخستنیه‌کان له‌ کرماشان ده‌ست پێده‌کا. به‌ پیکهاتنی کۆماری کوردستان وه‌ک راوێژکاری پێشه‌وا دیاری ده‌کرێ و هاوکاتیش پله‌ی سه‌رهه‌نگی پی ده‌درێ. پاش رۆخانی کۆماری کوردستان له‌گه‌ڵ چه‌ند هاواڵێکی دیکه‌ی و یه‌ک له‌وان سه‌ید عۆبه‌یدۆڵا ئه‌یوبیان ده‌گیرێ و بۆماوه‌ی دوو ساڵ له‌ به‌ندیخانه‌ی په‌هله‌و‌ی به‌ند ده‌کرێ. ‌دوای ئازادبوون له‌ به‌ندیخانه‌، ده‌که‌وێته‌ ژێر چاودێری کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت و ئه‌م بارودۆخه‌ش بۆ ئه‌و پڕوکێنه‌ر ده‌بێ. له‌ کۆتایی دا و له‌ ساڵی 1329 له‌ ریگای باشوری کوردستانه‌وه‌ ده‌چێته‌ وڵاتی سوریا و له‌ لایان حه‌سه‌ن زه‌عیم برازلی که‌سایه‌تی ناسراو و راوێژکاری سه‌رۆککۆماری سوریاوه‌ پێشوازی لێ ده‌کرێ. پاش گیرسانه‌وه‌ له‌و به‌شه‌ دابڕاوه‌ی کوردستان دا، له‌ریگای حه‌سه‌ن زه‌عیمه‌وه‌ کاری بۆ ده‌کرێ و ده‌بێته‌ ئه‌فسه‌ری لیپرسراوی باڵا له‌ هیزی هه‌وایی ئه‌و وڵاته‌ و تاکوو پله‌ی سه‌رله‌شکری له‌سۆپا دا سه‌رده‌که‌وێ. برایمخان که‌ به‌ بیر و هزری کۆمه‌ڵه‌ی ژ – ک په‌روه‌رده‌ کراوه‌، له‌وێش ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دانانێ و ناسناوی و ئاشانیی ئه‌و له‌گه‌ڵ ژۆماره‌یه‌ک له‌ ئه‌فسه‌رانی کوردی سۆپای سوریا هیوایه‌کی دیکه‌ ده‌خاته‌ دڵ میرزا برایمه‌وه‌. ئه‌ویش به‌و مانایه‌ که‌ له‌ چه‌ندین رێگاوه‌ گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی سوریا بۆ داکۆکی له‌ مافه‌کانی کورد، که‌ چ ئاکامێکی نابێ. پاش ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانی میرزا برایم و هاواڵانی له‌ ریگای گوشاری سیاسیه‌وه‌ بێ ئاکام ده‌بێ، ئه‌وجار به‌ هاوکاری هاواڵانی کوردی له‌ سۆپای سوریا و له‌ ساڵی 1335ی هیجری گه‌ڵاڵه‌ی کۆده‌تایه‌کی له‌شکرێ بۆ رۆخاندنی ده‌وڵه‌تی سوریا داده‌ڕێژن، که‌ ئه‌ویش به‌رله‌وه‌ی بچێته‌ بواری جیبه‌جێ کردنه‌وه‌ ئاشکرا ده‌بێ و له‌ لایان ده‌زگای زانیاری سوریاوه‌ فرۆکه‌که‌ی به‌رده‌درێته‌وه‌ و بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایی لە کورد و کوردستان ده‌کا. به‌مجۆره‌ و به‌ داخه‌وه ئه‌م رۆڵه‌ی دیاری کرماشان و نه‌ته‌وه‌ی کورد، بێ ناو نیشان ده‌مینێته‌وه‌ و نه‌گ بۆ خه‌ڵکی کوردستان، به‌ڵکوو بۆ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ی خۆیشی و حیزبه‌که‌ی خویشی (حدک) به‌ نه‌ناسراوی، بنه‌و بارخانه‌ی به‌ره‌و کۆچی یه‌کجاری و بێ گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ڵده‌پێچێ.

5/10/2018

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان