د. عەزیز بارزانی
هەر لە ساڵانی سەدەی نوزدەوە رووسیا بەهۆی نزیكبوونی جوگرافی یەكیكبووە لەو وڵاتانەی كە سەركردەكانی كورد هەوڵیانداوە پشتیوانی بەدەستبێنن بەرامبەر ئێران و دەوڵەتی عوسمانی بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە، لە سەدەی دواتریش هەوڵەكانی كورد بەردەوامبوون بە مەبەستی نزیكبوونەوە لە رووسیا ئەمجارە لەسەردەمی یەكێتی سوڤێیتەوە، بەڵام ناسەقامگیری هەڵوێستی مۆسكو لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو بەرامبەر كێشەی كورد بەهۆی بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ نزیكبوونەوەی سەركردەی كورد مستەفا بارزانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ، پاش ئەوەی رووسەكان بڕیاریاندا یارمەتی حكومەتی ئەوكاتی بەغدا بدەن بەچەكی قورس دژی شۆڕشی كورد، بەتایبەت دوای مۆركردنی رێككەوتنامەی دۆستایەتی و هاوكاری ساڵی 1972 لەنێوان هەردوولا، كوردی عێراق بڕیاریاندا لە رووسا دووربكەونەوە ، ئەم دووركەوتنەوەیە بەردەوامبوو تەنانەت دواێ ساڵانی راپەڕینی ئاداری 1991. دوای جەنگی عێراق ساڵی2003 بەهۆی دژایەتیكردنی ئەم جەنگە رووسیا نەیتوانی پێگەی جارانی بگەڕێنتەوە لە عێراق.
هەرچەندە رووسیا یەكەم وڵات بوو كونسولخانەی خۆی لە هەولێر بكاتەوە، بەڵام كردنەوەی ئەم كونسولخانەیە نەبووە هۆی بەهێزبوونی ئاستی پەیوەندی هەردوولا كە چاوەڕواندەكرا بەتایبەت لەبواری ئابووری و سیاسی ، هەروەها سەردانی سەرۆكی ژووری بازرگانی رووسیا و سەرۆك وەزیرانی پێشوو یەڤگینی پریماكۆڤیش بۆ شاری هەولێر و ئیمزاكردنی چەند رێككەوتنامەیەكی دووقۆلی نەبووە یارمەتیدەرێكی باش بۆ هاتنی كۆمپانیاكانی رووسیا بۆ هەرێمی كوردستان، بەپێچەوانەی كۆمپانیای هەندێك وڵاتی دیكە، ئەمە بووە جێگەی پرسیار لەلایەن هەردوولا، لەكوردستان باسی ئەوەكرا كە هۆكاری دووركەوتنەوەی رووسیا پەیوەندی بە (هێڵی نابووكۆ)وە هەیە، كە هەرێمی كوردستانیش وەك لایەنەكی سەرەكی بۆ ناردنی نەوت و غاز بۆ ئەوروپا تێیدا بەشدار دەبێ ، ئینجا دروستكردنی كاریگەری لەسەر نرخی غازی سروشتی رووسیا بۆ ئەوروپا، هۆكاریكی دیكە كە لە رووسیا باسدەكرا ئەوەبوو كە گوایە نزیكبوونەوەی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا بەشێوەیەكی بەرچاو دوای ساڵی 2003 و جەختكردنی هەولێر و واشنتن لەسەر هاوپەیمانێتی نێوان هەردوولا وایكرد كە خاوەن كۆمپانیاكانی رووسیا وا هەستبكەن كەوا ناتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن لە وەرگرتنی پڕۆژەی گەورە، پاشان رۆڵی كۆمپانیاكانی رووسیا نەك تەنها لە كوردستان بەڵكو لە ناوچەكانی دیكەی عێراقیش زۆر چالاك نەبوو پاش رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، ئەم راستییە دەركەوت لە زاری وەزیری دەرەوەی رووسیا سیرگی لاڤرۆڤ، لەكاتی سەردانی بۆ بەغدا لە مانگی ئایاری ساڵی2011، كاتێك رەخنەی لە حكومەتی عێراق گرت سەبارەت بە لاوازبوونی رۆڵی كۆمپانیاكانی وڵاتە كەی لە عێراق، پێیوابوو عێراق وەك پێویست ئاسانكاری پێشكەشی ئەو كومپانیانە ناكات ، لەگەڵ ئەمەشدا هەست بەوە دەكرا كەوا بەرپرسانی هەردوولا ئارەزووی خۆیان نیشاندەدا بۆ نزیكبوونەوە و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان ،چ لەكاتی سەردانە نافەرمییەكان بۆ هەولێر و مۆسكۆ یان لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكاندا، هەر بۆ نموونە ساڵی رابردوو لەكاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ كەنالی (روسیا الیوم) سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی نیشاندا بۆ پێشوازیكردن لە كۆمپانیا رووسیەكان و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانیان، هەروەها بەپێی هەندێك سەرچاوە دەستنیشانكردنی كەسێكی كورد بۆ ئەوەی ببێتە بالیۆزی عێراق لە موسكۆ لە هاوینی ساڵی 2010 بەهۆی هەوڵەكانی كوردبووە لە بەغدا ، ئاماژەیەك بوو كە كورد نیازیان هەیە لە مۆسكۆ نزیكببنەوە، لە هەمانكاتدا رووسیاش چەند هەنگاوێكی هاوێشت بۆ ئەم نزیكبوونەوەیە، كاتێك لە ئاداری ئەمساڵ دەعوتنامەیەكیان ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ بەشداربوون لە كونفرانسێكی ئاسایشی ئیقلیمی لەشاری سوشی رووسیا، بەڵام بەهۆی خەریكبوونی ئەوكات بە پێكهێنانی حكومەتەكەی نەیتوانی بە شەخسی بەشداربێت. لە كۆتایی ساڵی 2011 یەكیك لە راوێژكارەكانی حكومەتی رووسیا لە دانیشتنێكی تایبەتدا باسی ئەوەی كرد كە ئەوان پاش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەئاداری 2012 و هەڵبژاردنەوەی ڤلادیمێر پوتین جارێكی دیكە بە سەرۆك كۆمار بەنیازن دەعوەت بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بنێرن بۆ سەردانی موسكۆ، ئەم دەعوەتە گەیشت دوای سەردانەكەی شاندی فەرمی رووسیا بۆ هەولێر لە كوتایی مانگی ئایاری هەمان ساڵ.
كاریگەری بارودۆخی سووریا
شەڕ و پیكدادانەكانی سووریا و هەڵوێستی رووسیا بەرامبەر ئەم تەنگژەیە كاریگەری خۆی بەجێهێشت لەسەر نفوزی رووسیا لە ناوچەكە بەگشتی، تەنانەت لە ناوخۆی سووریاش هەندێك كۆمپانیای رووسی لەبواری نەوت و وزە ناچاربوون ئەم وڵاتە بەجێبهیلن لەوانەش كۆمپانیای Tetneft))،هەر ئەمەش وایكرد ئەم كۆمپانیایە بیر لە كوردستان بكاتەو بۆ قەرەبووكردنی زیانەكانی لە رێگەی ناردنی نوێنەرانی خۆی بۆ شاری هەولێر لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، لەڕووی سیاسییەوە پاش ئەوەی كە زۆربەی ئاماژەكان ئەوە نیشاندەدەن كە رژێمی ئەسەد بەرەوە رووخان دەڕوات، رووسیا ترسی ئەوەی هەیە كە نفوزی خۆی بەیەكجاری لەدەستبدات لە ناوچەكە، هەر بۆیە ماوەیەكە لێكۆلەرە ستراتیجیەكانی رووسیا كە نزیكن لە خاوەن بڕیاری سیاسی جەخت لەسەر گرنكی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ سیاسەتی دەرەوەی رووسیا دوای رووخانی رژێمی سووریا، هەر ئەم هوكارەش لەوانەیە وایكردبێ كە رووسیا نیگەران نەبووە بەرامبەر هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانیكردن و پێشوازیكردن لەسەركردەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووری لە هەولێر بەتایبەت ئۆپۆزیسیونی كوردی.
هاتنی گازپرۆم
دەكرێ بڵێین گرێبەستی كۆمپانیای گاز پرۆمی زەبەلاحی رووسی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا بە سەركەوتنێكی گەورە دادەنرێت بۆ هەولێر لە ململانێ لەگەڵ بەغدا لەسەر گرێبەستە نەوتییەكان، بەڵكو بایەخی سیاسی كەمتر نییە لە گرێبەستەكانی لەگەڵ ئیكسۆن مۆبیل، سووربوونی لایەنی كوردی لەسەر گرێبەستەكانی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان بە تایبەت ئێكسۆن مۆبیل و هەواڵی هاتنی تۆتالی فەرەنسی هاندەرێك بوون بۆ بەرپرسانی گاز پرۆم بۆ دەستپێكردنی وتوێژەكانی بەنهێنی لە گەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا كە تێیدا كونسولخانەی گشتی رووسیاش رۆڵی كاریگەری بینی لە سەركەوتنی ئیمزاكردنی گرێبەستەكە. لە راستیدا بەغدا چاوەڕێینەدەكرد كە كۆمپانیاكانی رووسیا بیر لە شتێكی بەوشێوەیە بكەنەوە بەبێ پرسی بەغدا، پاش ئەو گرێبەستانەی كە بەغدا ئیمزای كردبوون لەگەڵ (Luk oil)ی رووسی بۆ كاركردن لە خوارووی عێراق و، (Gas promneft)لە ناوچەی بەدرە ، دوایین گرێبەستیش لە مانگی رابردوو بوو لەگەڵ كۆمپانیای (Bash neft) رووسی لە ناوچەكانی سەماوەو و نەجەف .بەڵام وادیارە سیاسەتی نەوتیی بەغدا و جۆری مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، هۆكاری سەرەكین بەرامبەر هاتنی ئەم كۆمپانیانە بۆ هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە دوور نییە هاتنی گازپرۆم بۆ كوردستان رێگەخوشكەرێك بێت بۆ هاتنی كۆمپانیای گەورەتری رووسی لە بواری نەوت و غاز بە تایبەت كۆمپانیای روس نەفت (Rusneft)كە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو رێككەوتننامەیەكی هاوبەشی مۆركرد لەگەڵ ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكی بۆ كاركردنی هاوبەش لە بواری نەوت، هەروەها لەوانەیە گرێبەستی گازپرۆم واقیعێكی نوێ دروستبكات بەوەی كە حكومەتی بەغدا نەتوانێ بەرەنگاری ئەو هەموو كومپانیانە ببێتەوەو، لەوانەیە بەرپرسانی عێراق جورئەتی ئەوەیان نەبێ بەرامبەر كۆمپانیاكانی رووسیا بوەستن ، بەهۆی پەیوەندی رووسیا لەگەڵ ئێران كە كاریگەری هەیە لە سەر بڕیارەكانی بەغدا.
هەر چونێك بێت ، هاتنی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای دیكەی ئەم وڵاتە بۆ هەولێر و، راگەیاندنی ئیمزاكردنی گرێبەستی گاز پرۆم ، لەم ساتە وەختەدا كە تەنگژەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە پشتیوانییەكی گەورە دادەنرێت بۆ هەرێمی كوردستان و دەسكەوتێكی دیكەیە بۆ پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
شارەزای بواری پەیوەندییەكانی كورد
و ئەمریكا و مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین