فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

عارف قوربانیarf qurbaniii

 

دوای ساڵی 1991 و لەسەر داوای یەكێتی و پارتی و بۆ موراعاتی ئەزموونی باشووری كوردستان، حیزبە شۆڕشگێڕەكانی رۆژهەڵات خەباتی چەكدارییان راگرت. پێویست بوو ئێران بەدەم ئەو هەڵوێستەی ئەوانەوە بهاتایە، كرانەوەیەكی لە ناوخۆی وڵاتەكە بۆ كاری سیاسی و ئازادییەكانی كورد بڕەخساندایە و دەرگای گفتوگۆی خستبایە سەرپشت. بەڵام پێچەوانەی ئەوەی كرد و بەدرێژایی نزیكەی سی ساڵی رابردوو، دەوروبەری 300 كەسی لە پێشمەرگە و كادر و ئەندامی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشووری كوردستان تیرۆر كردووە. لەناوخۆی وڵاتەكەش چەند قاتی ئەو ژمارەیەی لەسێدارەداون.

حیزبەكانی رۆژهەڵات لە كەمپەكانی باشووری كوردستان كەوتنە بەر رەخنەیەكی زۆر و بەردەم پرسیاری ئەوەی كە تاكەی چاوەڕوان بن لە كاتێكدا ئێران هیچ رەحمی بەوان نەكردووە؟ هەروەها بینییان كە ئێران تەنانەت موراعاتی هەرێمی كوردستانیشی نەكرد و سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان و حەشدی عێراقی و ئەفغانی هێنایە سەر خورماتوو و كەركووك و بەنیازی گرتنی هەولێریش بوو. لەوێوە جۆرێك لە هەڵوێست و بڕیار لای تێكۆشەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان دروست بوو كە پێویستە دەست بە خەباتی چەكداری بكرێتەوە.

چەند مەفرەزەیەكی پارتیزانی چوونەوە سەنگەرەكانی پێشووتریان و لە شوێن و كاتی جیاجیادا كەوتنە چالاكیی پێشمەرگانە. ئێران زۆر زیاتر لە قورسایی و كاریگەریی دەستپێكردنەوەی ئەم شێوازەی خەبات، هەڵوەستەی كرد و ترسی ئەوەی لا دروست بوو كە لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدا پشتیوانی بكرێن وەك چۆن خۆی دەستی خستووەتە ناو كێشەی وڵاتانی ناوچەكەوە.

ئێران هەستیارییەكی لە رادەبەدەری نیشاندا، بۆیە چاوەڕوانكراو بوو كاردانەوەكەشی لە ئاستی هەستیارییەكەیدا بێت. چاوەڕێ‌ دەكرا لەناو هەرێمی كوردستان پەلاماری بنكە و بارەگاكانی حیزبی دیموكرات بدات. بەتایبەتی دوای ئەوەی لە زاری بەرپرسە باڵاكانی ئێرانەوە چەند جارێك ئەوەیان دووپات كردەوە كە سوپای پاسداران بیر لەوە دەكاتەوە لەو ناوەندانە بدات كە لە وڵاتانی ناوچەكەوە گرووپە چەكدارەكان ئاراستە دەكەن. بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەكراو بوو، حیسابنەكردنی دیموكراتەكان بوو بۆ مەترسی و هەڕەشەكانی ئێران. دەبوو ئەوەیان لەبەرچاو بێت كە عێراق و هەرێمی كوردستان گۆڕەپانێكی كراوەن بۆ ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژیان. مەعلوم بوو ئێران گورزی گەورەیان لێدەوەشێنێ، بەڵام كەی و لە چ رێگەیەكەوە؟ ئەوە پێویستی بە بەدواداچوون و لێكدانەوە بوو زیاتر لەوەی بپرسین ئێران بۆچی ئەمەی كرد.

ئایا كاتی پەلامارەكە هیچ پەیوەندییەكی هەیە بە كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناو عێراقەوە؟ دەكرێ‌ گرێ بدرێت بە قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەمریكا؟ هیچ پەیوەندییەكی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و خۆیەكلانەكردنەوەی هێزە كوردییەكانەوە هەیە لە چوونە پاڵ كام بەرەی سیاسی ئێستای بەغدا؟ ئایا دەكرێ‌ كورد لە باشوور ئەمە وەك پەیامێك وەربگرێت، یاخود بەشێكە لە ستراتیجی رێككەوتنە هەرێمایەتییەكەی پارساڵ لە نێوان توركیا و ئێران و عێراق و سووریا بۆ لەقاڵبدانی كورد؟ دەبێ‌ هێزە سیاسییەكانی كورد لە باشوور لای خۆیانەوە بە وردی بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بچن.

دیموكراتەكان دەبوو وانەیان لە شەهیدكردنی سكرتێر و سەركردەكانی حیزبەكەیان وەرگرتبایە كە ئێران لە چ هەلومەرجێكدا تیرۆری كردن. لە ناوجەرگەی ئەوروپای دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤدا، ئێران دەستی بگاتە گەورەترین سەركردەكانیان و تیرۆریان بكات، چ لۆژیكێك لەوەدایە گومانی ئەوەت نەبێ‌ لە ناوچەیەكی ژێر هەژموونی ئێراندا هەموو سەركردە و كادیرەكانت كۆبكەیتەوە و بە ئاشكرا كۆبوونەوەی فراوانی حیزبەكەت ببەستی و ئەگەری ئەوە دانەنێی كە ئێران دەتوانێ‌ بتكاتە ئامانج. بەتایبەتی دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری، ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئێران چەند سەكۆیەكی مووشەكی گواستووەتەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و بە دڵنیاییەوە ئامانجەكەش تەنها دیموكرات نییە.

ئەوەی روویدا چاوەڕوانكراو بوو، لەوەش زیاتر چاوەڕوان دەكرێت لەشكركێشی سەربازیشیان بكرێتە سەر، وەك چۆن ئێستا توركیا بە دەیان كیلۆمەتر لە قووڵایی باشووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستاندایە بە دوای پەكەكەوە. ئەی ساڵی رابردوو توركیا و ئێران و عێراق و سووریا رێكنەكەوتن لەسەر ئەوەی لە هەر شوێنێ‌ مەترسییان لەسەر بوو بۆی بچن؟ ئێستا لە ستراتیژی چوار دەوڵەتی داگیركەری كوردستاندا، كورد بەگشتی وەك مەترسی دەبینن. بە دڵنیاییەوە بە هەماهەنگی یەكتری كار بۆ تێكشكاندنیشی دەكەن. ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر لە كەركووك و شنگال و خورماتوو روویدا، گەلەكۆمەی سەر عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان، پەلاماری دیموكراتەكان لە كۆیە و ئەوانەشی لە مانگەكانی داهاتوودا روودەدەن، هەموویان پێكەوە گرێدراون و جێبەجێكردنی پیلانێكی درێژخایەنی هەرێمایەتییە لەسەر كورد.

لای من پرسیارەكە ئەوەیە كورد چی دەكات بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێ‌؟ ئایا كەرەسەی ئەوەی هەیە خۆی بپارێزێت لە كاتێكدا چەك و تەكنەلۆجیای سەربازیی دەوڵەتانی سەردەستە بە بەراورد بە چەكی دەستی كورد زۆر نابەرابەرە؟ ئایا دەكرێ‌ بە گۆڕینی شێوازی خەبات، یاخود بوون بە سەرچاوەی كێشە لە ناوخۆی وڵاتەكان، ئەو دەوڵەتانە ناچاری گرتنەبەری رێگەی دیكە بكات؟ كورد دەتوانێ‌ لەكوێی ئەو هاوكێشانەدا بێت كە وەك پێشهاتێك چاوەڕوان دەكرێت لە ناوچەكە رووبدەن؟ ئایا كورد لە باشوور ئازایەتی ئەوەی تێدایە ببێتە داینەمۆی گۆڕانكارییەكی سیاسی ئەوتۆ لە عێراق كە سەرئەنجام هاوكێشە هەرێمایەتییەكە بگۆڕێت؟

لەو كاتەوەی كوردستان كەوتووەتە ژێر داگیركاری عوسمانی و سەفەوی، هەروەها لە سایكس پیكۆ و دابەشكردنی كوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی سەردەستەی ناوچەكەوە، لە هەر قۆناغێكدا ئەم دەوڵەتانە ناكۆك و ناتەبا بووبن، دەروازەیەك بۆ كورد كراوەتەوە كە نەفەسێك بە ئازادی بدەن، هەركاتیش ئەم دەوڵەتانە پێكەوە بووبن، كورد تێدا بووەتە قوربانی. مەترسی گەورەی سەر كورد ئێستا ئەمەیە كە هەر چوار دەوڵەتەكە كەوتوونەتە یەك جەمسەرەوە.

لە سێ‌ بەشی كوردستانی داگیركراوی ئەم چوار دەوڵەتە، بزووتنەوەی كوردی تا ئاستێكی زۆر باڵای كردووە. ئێستا بە گۆڕینی ئەو هاوكێشانەی هەر چواریانی یەكخستووە، چاوەڕوان كراوە كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان قوربانیی ئەم هاوكێشە تازەیە بێت. تاكە رێگەیەك دەروازەی رزگاربوون بۆ كورد بكاتەوە، گۆڕینی ئەو هاوكێشە هەرێمایەتییە و تێكچوونی هاوپەیمانیی چوار قۆڵی نێوان توركیا، ئێران، عێراق و سووریایە. ئەمەش بەشێكی بەستراوە بە ستراتیژی تازەی ئەمریكاوە لە ناوچەكە و بەشێكیشی كەوتووەتە سەر ئەوەی كورد خۆی چی دەكات.

كێشەكانی ئێستای عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، كاریگەریی زۆر گەورەی دەبێت لە خزمەتكردن بەو هاوپەیمانییە چوار قۆڵییە یان درز تێخستنی و گۆڕینی هاوكێشە هەرێمایەتییەكە. كورد لە كوردستانی عێراق ئێستا وەك دۆخێكی كاتی دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە كە رۆڵی یەكلاكەرەوە ببینێت لەوەی كۆتایی بەو هاوپەیمانییە دەهێنێ‌ یاخود تەمەنی درێژ دەكاتەوە.

16/09/2018

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان