فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

سیاوەش گودەرزی سوێدsiyawesh gudarzi

هاوخەباتی كورد لەنێوان پارچە جیاوازەكانی كوردستان لە مێژووی هاوچەرخی كوردستان و بەتایبەتی لەسەردەمی كۆماری كوردستان بە چوونی بارزانییەكان بۆ مەهاباد بەشێوەیەكی كردەیی لە كوردستان دەستیپێكرد. لەو سەردەمە بەدواوە، خاكی هیچ پارچەیەكی كوردستان نابینرێ كە خوێنی رۆڵەیەكی دیكە لە پارچەیەكی دیكەی لەسەر نەڕژابێت. لەگەڵ بووژانەوەی ئەم هەستە نەتەوەییە لەنێو كورد و هاوخەباتی لەگەڵ یەكتر، بەڵام لایەنێكی نەرێنی ئەوەبووە كە كەسانێكی قامكژمێر لە پارچەكانی دیكە لەم نێوەدا بە تێكەڵكردنی بازرگانی و سیاسەت و پاڵدان بە حیزبێكەوە لە دژی حیزبێكی دیكەی كوردی بەكارهاتوون یان بەپێچەوانە ئەوان لەو دژایەتییانە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان كەڵكیان وەرگرتووە.  

 

یەكێك لە بەرهەمە نەرێنییەكانی شەڕی ناوخۆ لە باشووری كوردستان هەر لە ساڵانی شێستەكانی سەدەی رابردوو تائێستا وەگەڕكەوتنی چەند ئاش و دووكانێكی تێكەڵ بە كەسابەت و سیاسەت لەلایەن ژمارەیەكی كەم لە كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستانەوە بووە. ئەم ئاشە كە بە ئاوی فیتنە، دووبەرەكی نانەوەو ناحەزی لە ماوەی 60 ساڵی ڕابردوودا لەسەردەمی جەلالی و مەلاییەوە دەستیپێكرد و دواتر لە پارتی و یەكیتیشدا درێژەی پێدرا، ئێستاش هەروا لە گەڕاندایە. ئەم ئاشی ئاشووبەیە جار جار تووند و جارجاریش بەپێی هەلومەرج و دەرفەت لەكزیداوە. بەڵام تاوەكو رۆژی ئەمڕۆش ئاژاوەچی و ئاشووبەگێڕان لەسەر خوانی دووبەرەكی و فیتنە لەو ئاشە دەخۆن و بەردەوامن. 

لە پەنای ئەوەشدا بێ ئینسافییە ئەگەر نەبینرێ كە زۆر كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان هەبوون چالاكانە لە حیزبێكی كوردی لە باشووری كوردستان یان پارچەیەكی دیكە خەباتیان كردووە ، بەڵام كە كار گەیشتووەتە شەڕی ناوخۆ و كوردكوشتن، هەرزوو خۆیان كشاندووەتەوە. یان ئەگەر هاتبێ و بەتەواوی خۆیان لە حیزبێكی كوردی تێوەگلاو بە شەڕی ناوخۆیی دوورەپەرێز نەگرتبێ، ئەوە لانیكەم بە شێوەیەكی چالاكانە خۆیان نەكردووەتە بەشێك لە شەڕ و نەبوونەتە دەستەچیلەی ئاگری شەڕی ناوخۆ. چونكە ئەمە لە گەڵ پرەنسیپی خەباتی نەتەوەیی بۆ كوردی پارچەیەكی دیكە نەگونجاو بووەو خۆیان تێكەڵ بەشەڕێكی نەخوازراو نەكردووە كە پێش لە هەموو كەس ئەوان زەرەر و زیانەكەیان باشتر بۆ دەركەوتووە.

رەنگە نموونەی خەڵكی فیتنە و ئاشووبە، لە پارچەكانی دیكەی كوردستان بەتایبەتی لەسەردەمی شەڕی ناوخۆی نەوەتەكان لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هێشتا لەبیر مابێت. ئەو كەسانە لەژێر تایتڵی وەك نووسەر و سیاسەتمەدار بە بەلاوەنانی بەرژەوەندی نەتەوەیی راستەوخۆ بوونە بەشێك لە شەڕی ناوخۆیی و لە دوو بەرەی سلێمانی و هەولێرەوە سیلەیان لە یەكێتی و پارتی ‌گرت. لەگەڵ ئەوەی بە دوای ئاشتەوایی و پرۆسەی كۆتایی شەڕ ئەم كەسانە بێدەنگ بوون یان بێدەنگ كران، بەڵام وەك هێزی پاشكەوت و بۆ رۆژی تەنگانە هەتا رۆژی ئەمڕۆش راگیراون. ئەمانە لەكاتێكدا بۆ ماوەی چەند ساڵێك خۆیان وندەكەن، دواتر هەر بەدەركەوتنی ناكۆكییە سەرەتاییەكان لەنێو ئەو پارتانەدا جارێكی دیكە سەرهەڵدەدەنەوەو وەك كورد دەڵێ سەرلەنوێ "لە پڕێك دەبنەوە بە كوڕێك". ئەمانە كەسانێك نەبوون رۆژێك لە رۆژان هەڵە گەورەو قەرەبوونەكراوەكانی پارتی و یەكێتی بەرانبەر پارچەكانی دیكە لە شۆڕشی ئەیلوول لە حەفتاكان و هەشتاكان و دواتر كوشتنی زیاتر لە 300 چالاكی سیاسی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لە نەوەتەكان بخەنە تای یەك تەرازووەوە. وەك دەڵێن مریشكی ئەوان تەنیا لاقێكی هەبووە و هەیە، كە باسی شۆرشی ئەیلوول و كوژران و رادەستكردنەوەی ئەندامانی حیزبی دیموكرات لە حەفتاكاندا دەكەن، ئیتر مێژوویەكی زۆر نزیكتری جڵەوكێشی پاسدار و كوردی رۆژهەلات قڕان لە سلێمانی و كۆیە لە مێژوویەكی نزیكتری وەك نەوەتەكاندا بە بیردا نایێت.

ئەم دیاردە دزێوە لە باشووری كوردستان لە هەموو لایەكەوە تاقیكراوەتەوە‌. كوردی باكووری كوردستان هەبووە تەنیا لە سەر‌ حیسابی دژایەتی لە گەڵ پەكەكە لەلایەن حیزبێك لە باشوور بەكارهێنراوە. هی واهەبووە لەسەر حیسابی دژایەتی لەگەڵ یەكێتی و پێچەوانە . ئێستاش و لەم رۆژانەشدا لەسەر ناكۆكی و دەمەقاڵەی نێوان پارتی و گۆڕان كە لە خۆیدا پرسێكی ئاسایی لە ململانێی سیاسیدایە و لە پلەی یەكەمدا پەیوەندی بە خودی ئەو دوو حیزبەوە هەیە، جارێكی دیكە هەمان ئاشی كۆن لەلایەن هەمان كەسانەوە وەگەڕ كەوتووەتەوە. 

لێرەدا لەگەڵ ئەوەی لە پلەی یەكەمدا ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە سەر كەسایەتی ئەو جۆرە كەسانە، بەڵام ‌خەتای سەرەكیش دەگەڕێتەوە سەر حیزبەكان خۆیان لە باشووری كوردستان. هۆی بازاڕگەرمی و ئاشگەڕی ئەو تاقمە چكۆڵەیە لەڕاستیدا حیزبەكان خۆیانن. بۆ حیزبەكان لە باشووری كوردستان نایێن و جارێك بۆ هەمیشە دەرگای ئەو جۆرە دووكانانە گاڵە بدەن؟ 

بۆ دەبێ چالاكێكی سیاسی، نووسەر یان رۆژنامەڤانێك لەجیاتی هێز و وزەدان بە هاوخەباتی لەنێو پارچە جیاوازەكانی كوردستاندا، تەنیا لە‌سەر حیسابی دژایەتی ئەویدیكە، هێز و توناكەی بەكار ببرێ؟ بۆ رێگایەكی نوێ هەڵنەبژێرین؟ چالاكانی سیاسی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان دەبێ خۆیان بە هاوخەباتی هەموو‌ پارچەكانی دیكەی كورد بزانن و چالاكانەش لە سیاسەت و دیاریكردنی رۆژەڤی كوردستان بەبێ لەبەرچاو گرتنی سنووری دەستكرد تێبكۆشن. تەنیا یەك مەرج هەیە ئەوەیش ئەوەیە نە‌بنە داردەست و ئاگرخۆشكەرەی شەڕ و دووبەرەكی لە كوردستان، چونكە پێش هەموو كەسێك دووكەڵی ئاگرەكە دەچێتە چاوی ئەوان خۆیانەوە.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان