ولادیمێر ڤان ویڵخنبێرخ
عەبدولباست سەیدا، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا (كە كوردە) لە ماوەی سەردانەكەی هەفتەی رابردوویدا بۆ هەرێمی كوردستان، رایگەیاند كە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەست لە كاروباری سووریا وەرنادات ، بەڵكو پشتیوانی لە گەلی سووریا دەكات . كەچی لە راستیدا پارتە كوردییەكانی سووریا ساڵەهایە دەست لە كاروباریان وەردەدرێت و ئەمەش شتێكی زۆر ئاساییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. بە گوتەی جۆردی تێجێڵ، پسپۆڕی كاروباری سووریا، حكومەتی دیمەشق لە هاوپەیمانێتییە ستراتیژییەكانی رابردوویدا لەگەڵ هەریەكە لە پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا و هەندێك لە پارتە كوردییەكانی ناو سووریادا وایكردووە كە ناسیۆنالیستە كوردەكانی ناو سووریا زۆرتر لەوەی چاویان لە هەرێمە كوردییەكەی خۆیان بێت،بەرەو ئەوە رابكێشرێن كە روو لە هەرێمە كوردییەكانی دیكەی ناو عێراق و توركیا بكەن. ئەم دەستتێوەردانەی پارتە كوردییەكان لە كاروباری كوردانی سووریادا وایكردووە ئەو كوردانە لەناوخۆیاندا دابەش ببن. هەرچەندە هەندێك لەو كوردانە و لێكۆلەرەوەكانیان ئاگایان لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو دەستتێوەردانە هەیە، بەڵام ناتوانن رێگەی لێبگرن. هەر ئەو پارتە كوردییە دەستتێوەردەرانە ئێستا پشتیوانی لە یەكێتی كوردانی سووریا دەكەن و دەیانەوێ ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد و PYD پێكەوە كۆكبن.
ئێستا ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە پشتیوانی دەكرێت. PYDش لەلایەن PKKەوە پشتیوانی دەكرێت. لەگەڵ ئەوەدا هەندێك كوردیش هەن كە لە هیچییەك لەو گرووپانەدا نین و ئەندامن لە ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریادا كە بارەگا سەرەكییەكەی لە توركیایە . دەگوترێت PKK چەكداری ناردووەتە ناو سووریا. مەسعود بارزانیش هەوڵیداوە ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد پڕچەك بكات و بیاننێرێتەوە بۆ ناو سووریا، بەڵام لەسەر سنوور رێگە لە چوونە ناوەوەیان گیرا. هەربۆیەشە كوردانی سووریا جیاوازییەكانیان لە قامشلۆ چارەسەر ناكەن، بەڵكو دەچنە هەولێر ئەو كارە بكەن كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە و لەلایەن قەندیلیشەوە پشتیوانی دەكرێت. لەكاتی گفتوگۆكانیشدا بۆ هەر شتێك PYD دەگەڕێتەوە بۆ قەندیل و ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردیش دەگەڕێتەوە بۆ لای بارزانی.
هەڵبەت ئەو جۆرە دەستتێوەردانە شتێك نییە تایبەت بێت بە كورد. بەڵكو لەبەرئەوەیە كە كورد لەڕووی جوگرافییەوە بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشكراون. هەروەها لەبەر ئەوەشە كە سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەوشێوەیە. هەریەكە لە توركیا و ئێران پشتیوانی لە گرووپی كوردی دەكەن لە عێراق و سووریا. هەرچەندە عێراق ئێستا توانای هاوكاری گرووپە سیاسییەكانی دیكەی نییە، بەڵام سووپای ئازادی سووریا لەلایەن سعودیە و قەتەر و توركیا و رۆژئاواوە پشتیوانی لێدەكرێت. هاوكات ئەسەد لەلایەن رووسیا و چین و ئێرانەوە پشتیوانی لێدەكرێت. هەرچەندە عێراق خۆی واپیشاندەدات كە بێلایەنە، بەڵام بە كردەوە پشتیوانی لە ئێران دەكات. هەروەها هەوڵیاندا رێگە لە كوردانی عێراق بگرن لەوەی كە سنوورەكانیان لەگەڵ سووریا كۆنترۆڵ بكەن لە پێشخابوور.
هەرچەندە حكومەتی بەعسی سووریا بەردەوام گلەیی لەوەدەكات كە دەستتێوەردانی دەرەكی لە وڵاتەكەیدا دەكرێت، بەڵام بۆخۆی بەتەواوی بەستراوەتەوە بەو پشتیوانییەی لەلایەن ئێران و رووسیاوە لێیدەكرێت. سووریا بۆخۆیشی بەردەوام دەستتێوەردانی كردووە لە لوبنان و عێراق و فەلەستین، پشتیوانیشی لە گرووپی وەك حیزبوڵڵا و حەماس كردووە لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی. سووریا گلەیی لەوە دەكات كە كەسانی خۆكوژ دەنێردرێنە ناو وڵاتەكەوە، كەچی بۆخۆی لە رابردوودا دەروازەی ناردنی خۆكوژان بووە بۆ وڵاتانی دیكە.
لەبەر ئەو هۆیانە كەس ناتوانێ گلەیی لە پارتە كوردییەكان بكات كە لە ناوچەكەدا بەدوای پشتیوان و هاوپەیماندا دەگەڕێن بۆخۆیان. كاتێك سوپای ئازادی سووریا لەلایەن قەتەر و سعودیەوە بە پارە و چەك پشتیوانی لێبكرێت، كەواتە بۆچی كوردانی سووریا پشتیوانیی پارە و سەربازی لە كوردانی عێراق وەرنەگرن؟ ئەمە لەو ناوچەیەدا ئاساییە كە لێوانلێوە لە جەنگ و پیلانگێڕی. بەداخەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شوێنی هاوكاری ئاشتییانە و پەیوەندییە ئابوورییە باشەكان نییە، وەك چۆن ئەوروپا لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تێیدا دەژیت و بووەتە هۆی دروستبوونی یەكێتی ئەوروپا. هەرچەندە هەوڵی دووبارەكردنەوەی ئەو نموونەیە لە ناوچەكەدا دراوە و توركیا ویستوویەتی بەهۆی سیاسەتی "سفر كێشە"وە ئەو كارە بكات، بەڵام بۆ ناوچەیەك كە دیموكراسی و كۆمەڵی مەدەنی تێدانییە ئەمە ئەستەمە.