کاوه رۆژههلات
مێشێل فۆكۆ دهلێ: ڕەخنە لەو كاتەوە لەداییكبوو، كە مرۆڤ نەیویست بڕوا بەوە بكات كە گوێی لێدەبێت. لە دەوروبەری سەدەی شازدەهەمدا، ڕەخنە بە ڕەتكردنەوەی ئەوەی گوێمان لێیدەبێت، یەكەم زللەی لە ئۆرتۆدكسی مەسیحیەكانی ئەوروپا دا و لەدایكبوونی ئەمڕۆییانەی خۆی ڕاگەیاند، ئەمەش بەوەی كە گومانی خستە سەر پیرۆزی ڕەخنە بۆ ئەوەی زمانی پیرۆزی بەجێبهێڵێت و بە زمانی خۆی بدوێت، دەبوو گوزارە یەقینیەكان و ڕەهاكان لەخۆی فڕێداتە دەرەوە. لێرەوە زمانی ڕەخنە، زمانێكی گومانكارانە و ئەگەریانە و گریمانەكراوە: ڕەخنە دەڵێت: ("ڕەنگە"، "لەوانەیە"، "پێدەچێت"، "مەزەندە دهكرێت" ئا لێرەدا شتێكی تر مەبەست بێت!). ئەم دەربڕینانە بوونە سەرەتا بۆ بیركردنەوەیەكی تر، كە پرۆسەی تێگەیشتنیان لە باوەڕی ئایینی، لە سیاسەت و لە كۆمەڵگا، بەلایەكی تردا دەبرد، چونكە مرۆڤیان دەخستە سەر ئەو بڕوایەی باشتر و جیاوازتر لە پەیامی یەزدان و پاشا و كۆمەڵگا تێبگات، جیاواز لەوەیپیاوانی كەنیسە و خاوەن نفوزی كۆمەڵایەتی و پاشا و حاكمەكان ڕایاندەگەیاند.
لەو سهردهمه بەدواوە، مرۆڤ توانی بڵێت: "ڕەنگە خودا، یان ئافەریدەگار مەبەستی ئەوە نەبووبێت، كە دەگوترێ، پێدەچێت مەبەستی ئاوا و ئاواش بووبێت". بەمجۆرەش ڕەخنە بووە فۆرمێكی بیركردنەوە، كە دەیتوانی نیشانەی پرسیار لەسەر "پیرۆزی" و "ڕاستەقینە" دابنێ و شییكردنەوەی پیاوانی ئایینی لەوبارەیەوە ڕەتبكاتەوە.
میشێل فۆكۆ گوتویەتی: ڕەخنە لەگەلأ ئەو پرسیارەدا لەداییك بوو، كە دەیپرسی: چۆن خۆمان لەو دۆخە ڕزگار بكەین كە تیایدا کۆنتڕول دەكرێین؟ پاشان ئەو پرسیارەی كە دەیپرسی: چۆن خۆمان لەو کونتروله و بە چ نرخێك، ڕزگار بكەین؟، دواجاریش ڕەخنە لەو پرسیارەوە بەرجەستە بوو كە دەیگوت: چۆن دەكرێ خۆمان لەو جۆری ڕێبەرایەتیكردنە بدزینەوە؟
دەوڵەتی مۆدێرن لە هەناوی ڕەخنەگرتن لە شێوەی ڕێبەرایەتیكردنی فیودالیزم و خاوەنزەویی و میرنشینەكانەوە لە داییك بوو. ماكیاویللی بەڵگەی ئەمەیە. ڕەخنەی ماكیاویللی ئەوەیە كە باشترین جۆری حوكمڕانی ئەوە نیە كە هەیە، كە بەهۆیەوە خەڵك بۆتە كۆیلە و كۆنترۆل كراون. پێویستە ئەم جۆری حوكمڕانیە بەهێز بكرێت تا دەبێتە دەوڵەتێكی قاییم و بەتوانا.
پاشان، لەبەرامبەر شێوازی حكومڕانیی دەوڵەتیشدا، جۆرێكی نوێی ڕەخنە كەوتە قسە: ڕەخنە لە پێناوی ئازادیدا. ڕەخنەگرانی ئازادیی هەر تەنیا پاشا و سەركردەیان نەدەكردە ئامانجی خۆیان، بەڵكو ڕەخنەشیان لەو شێوازی بەڕێوبردنە دەگرت كە لە ڕێگەیەوە دەست دەخرایە ژیانی تایبەتیی تاكەكەسەكانەوە. ڕەخنەگرانی ئازادیی ئەوەیان ڕەتدەكردەوە، كە سەركردە یان پاشا مافی ئەوەیان هەبێت حكومڕانیی ژیانی تایبەت و وردەكارییەكانی ژیانی خەڵك بكەن و بەهۆی یاسا و سیستەمەكانی چاودێریكردنی كۆمەڵایەتیی ڕەسمیی و ناڕەسمییەوە، لە بڕوا و زەوق و سەلیقەیان بپێچنەوە و حەز و ئارەزووەكانیان سنووردار بكەن. بەمجۆرەش ئەم ڕەوتی ڕەخنەگرتنە بەردەوام دەبێت تاكو توانای ئەوە بەدەست دەهێنێت، دەسەڵاتی خەڵك بەهێز و دەسەڵاتی سەركردایەتی لاواز و سنووردار بكات. هونەری دەسەڵات و سەركردایەتیكردن، كە لەسەدەكانی 16 و 17دا سوور بوو لەسەر مانەوەی لە سەركردایەتیدا، لە سەدەی 18بووە هونەری دەستكێشانەوە و كەمكردنەوەی سەركردایەتیكردن و بەناوی ڕێبەرایەتیكردنەوە، دەستخستنە ژیانی هاووڵاتیانەوە.
ڕەخنە و ڕۆشنگەریی:
لە هەمان كاتدا، فەیلەسووفی ئەڵمانی ئیمانۆیل كانت، كەوتبووە ڕەخنەگرتن لە ڕێبەرایەتیكردن و پێگەی سەركردایەتیكردن و ڕووی دەكردە ڕێبەرایەتیكراوانی ناكامل و پێیدەگوتن: "ڕۆشنگەریی برێتیە لە ڕزگاربوون لەو بارە هەرزەییەی كە گوناهەكەی لە ئەستۆی خودی خۆتدایە. هەرزەیی، كەم تواناییە لە بەكارهێنانی عەقڵدا بەبێ رێبەرایەتیكردنی ئەوانیتر". بەلای كانتەوە وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەوانەی ئاراستەی عەقڵیی خەڵك دەكەن، سەرەتایەكی پێویستە بۆ دروستبوونی سەربەخۆیی تاكەكەس و سەرهەڵدانی كۆمەڵگایەكی ئازاد. بەلای كانتەوە، ناعەقڵانیەت مەترسیدارە. ئایین، یاسا و زانست لە دەركەوتنی كۆمەڵایەتیانەی خۆیاندا هەڵگری مەترسین و ئەو مەترسییەش ئەوەیە كە دەتوانن مرۆڤی ملكەچ و ترساو لە دەسەڵات، بەرهەم بهێنن. ئایا كانت دەیویست بەناوی ئازادییەوە هەموو جۆرەكانی نفوز و دەسەڵات توڕ بدات؟ "دەبێ"ی كانت لەم گوزارەیەدا بەرجەستە دەبێت: "دەبێت تۆ سەربەخۆت بیت" و ئەم سەربەخۆییەش، كاتێ بەدەست دێت كە مرۆڤ خۆی بەدەست عەقڵانیەتەوە دەدا و لە ناعەقڵانیەت یاخیی دەبێت.
ڕۆشنگەریی یەكێك بوو لە پڕۆژەكانی كانت. یەكێكیتر لە پڕۆژەكانی بریتیبوو لە توێژینەوە لەوەی ئاخۆ عەقل توانای ئەوەی هەیە یان نیەتی، كە سنوور بۆخۆی دابنێ و تا دوا سنوور سوود لە ئەگەر و تواناكانی خۆی وەربگرێت؟ لەلای كانت ئەم پڕۆژەیە ناوی: ڕەخنەیە. لە هەوڵدان دایه بۆ ڕزگاركردنی ئەوەی، مرۆڤ ڕەخنەی لێدەگرێت، ئایا گرنگە سنوورەكانی عەقل ببەزێنرێن و تاقییبكرێنەوە، ئایا عەقل سنوورەكانی خۆی لە ڕەخنەگرتندا دەبەزێنێ بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین ڕەخنە تاقیكەرەوە و دۆزەروەی سنوورەكانە، بە سنوورەكانی خۆدی عهقلیشهوه.
ڕەخنە ڕزگاركەرەكەی كانت لەسەر ئەوە بەند بوو بتوانێ ئاشكرای بكات ئاخۆ سنووری عەقل تا كوێ بڕ دەكات و چی لەباردا هەیە: ئێمە دەتوانین چی بزانین و دەتوانین هیواخواز بین بۆ زانینی چی و پێویستە باوەڕیشمان بە چی هەبێت؟.
كاتێ ڕەخنە دەبێتە ڕەخنە لە ڕێبەرایەتی و سەركردایەتی و دەسەڵاتی مێتافیزیكی، ناوەڕۆكەكەی دەبێتە دەستنیشانكردنی سنووری ئەم دەسەڵاتانە. لەبەر ئەوە ڕەخنە وەك ڕەخنەگرتن لە سیستەم، سیتەمی دەسەڵاتە دنیایی و گەردوونیەكان، مێژوویەكی دێرینەی هەیە. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی مرۆڤ بڕوای پێهێناوە، ڕەخنە هەر تەنیا ڕووخێنەر، تێكدەر و ئاڵۆزكەر نیە، بەڵكو هەوڵدانێكیشە بۆ ڕاگرتنی دۆخێكی هاوسەنگ و بیناكردنی سیستەمێكی باش و گونجاوە بۆ ژیان، وەك ئەوەی شیاوی ژیانی مرۆیی بێت.
ڕەخنە و ڕێكخستن:
لە (پاسكال)ئهوە ئەم دێڕەمان بۆ ماوەتەوە: "دڵ ئەو بەڵگانەی هەن كە عەقڵ نایان ناسێت". بە زمانێكی تر، پێویستە عەقل، خۆی لە دڵ و بڕیارەكانی بێارێزێت. پێویست ناكات پیاوێك بۆ خانمێكی بسەلمێنێت كە ئەوی چۆن خۆشدەوێت. پێویستە ئەو خۆشەویستییه لەگەڵ بكات، نەك خۆشەویستیی خۆی بۆ شییبكاتەوە. گۆشت و دڵ و عەقڵ سێ جیهانی جیاوازن و هەریەكەیان لۆژیكی تایبەت بەخۆی هەیە. پاسكاڵ بەو جیهانە تایبەتیانە دەڵێت: ڕێكخەرەكان. ئەو كەسەی دەیەوێ ڕێزی پارێزراو بێت، لەبەر ئەوەی زیرەكە، یان لەبەر ئەوەی جوانە یاخود دەسەڵاتی هەیە، یان ئەوەتا دەبێتە قۆشمەجاڕ یاخود مەترسیدار. پاسكال لەو كاتەدا دەترسێ، كە عەقل خۆی لە شتێكەوە هەڵدەقورتێنێ كە هیچی لەبارەوە نازانێت! كانت ئەمەش زیاد دەكات و دەڵێت: ئەوەش مەترسیدارە كاتێ عەقڵ خۆی لەو شتەوە هەڵناقورتێنێ و بێدەنگە، كە شتێكی لەبارەوە دەزانێت. پاسكاڵ دەڵێت نەزانیی پاساوە بۆ بێدەنگی، بەڵام كانت دەڵێت بێدەنگیی داناكان مەترسیدارە. بەمجۆرەش ڕەخنە پێویستە هەوڵدان بێت بۆ هێنانە كایەی سیستەم و ڕێكخستنێكی بەسوود و ڕێكوپێك: ئاشتكردنەوەی ئەقڵ و دڵ.
پێویسته بڵێن: ڕەخنە و ڕۆشنگەریی دوو هونەری ڕزگاركەرن نەك وێرانكەر. هەردوو ئەم پڕۆژەیە پەیوەستن به یهکهوه و پێكەوە بەستراونهتهوه، بەڵام هەمان و یەكێك نین. پێویستە ڕەخنە ببێتە ڕزگاركەری عەقل لەكاتێكدا ڕۆشنگەریی، ڕزگاركردنی چۆنێتی بەكارهێنانی ئەقڵە. لەدوای كانتەوە، ئەم دوو زاراوەیە، ڕەخنە و ڕۆشنگەری، پێكەوە لە زاراوەی ڕەخنەدا یەكیان گرتووە. لهلای كانت، ڕۆشنگەری بریتیبوو لە نافەرمانیكردنی هووشیارانە، پاشانیش ڕەخنە بووە هووشیارییەكی یاخیی لە گۆێرایەڵیكردن بۆ دەسەڵاتەكان. بەمجۆرەش ڕەخنەگرتن لە كۆمەڵگا و دیاردەكانی بووە ڕەخنەیەك بۆ ڕزگاركردن و خاوێنكردنەوەی كۆمەڵگا، نەك بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕووخاندنی. ڕەخنە لە ئەقڵ، نەك بۆ وێرانكردن و بێبایەخ كردنی ئەقڵ، بەڵكو بۆ ئەوەی زیاتر عەقڵانی بێت. بەمجۆرەش، ڕەخنە دەبێتە ئەو فۆرمی بیركردنەوە و چالاكییەی كە ئەركە هەرە سەرەكییەكەی دەبێتە ڕزگاركردنی ئەو شتەی ڕەخنەی لێدەگرێت. ڕەخنەگرتن پێش ئەوەی بابەتی ڕەخنەلێگیراو، هەڵوەشێنێتەوە، توند گرتوویەتی و چواردەوری داوە، دانی پیداناوە تا بیپارێزێت و چاكیی بكات و بیری بۆ بكاتەوە و داهاتووی بۆ تەئمین بكات.
بەم مانایەش بێت، ڕەخنە ڕزگاركەرە، بەڵام لە هەمان كاتدا ڕەخنە ڕێپیشاندەریشە. با نمونەیەك بهێنینەوە لە مێژووی سەرمایەداریەی ئەوروپا و خۆرئاوا. یەكێك لە فاكتەرە هەرە سەرەكیەكانی پێشكەوتن و گەشەكردنی سەرمایەداری لە خۆرئاوا، ڕەخنەگرتن بووە لە سیستەمی سەرمایەداری، چونكە ئەو ڕەخنەگرتنە هەمیشە ڕێپیشاندەر بووە تا بەم سیستەمە و بكەرەكانی ناوی بڵێت سەرمایەداری چییە و بۆچی هێشتا ئەوە نیە كە دەبێت هەبێت و چۆن دەتوانێت بەوجۆرەێ لێبێت كە پێویستە. كاتێ بەرهەم و كەلوپەلە بەرهەمهێنراوەكان ڕەخنەیان لێگیرابێت بەوەی تەندروست نین و زیانبەخشن، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی لە تێپەڕینی كاتدا، كواڵیتەی بەرهەمەكان بگۆڕدرێن و مەرجە تەندروستیەكان ڕەچاو بكرێن. كاتێ كۆمپانیاكان ڕەخنەیان لێگیرابێت بەوەی لە مامەڵەكردنیاندا لەگەلأ هێزی كار و كرێكار و كارمەندەكانیاندا، هەڵسوكەوتی دوور لە ئەخلاق ئەنجام دەدەن، ئەوە بووە به بناخەیەك بۆ بیركردنەوە لە میکانیزمی كار و یاساكانی هەڵسوكەوتی دهلخۆشکهر. كاتێ پۆستەكان دەدرانە كەسانی نەشارەزا و ئەوە ڕەخنەی لێدەگیرا، هەستان پۆستەكانیان بەخشی به ئەو كەسانەی كە شارەزایی و لێهاتوویان لە بواری كاردا هەبوو. بەمجۆرەش ڕەخنە بووە ڕێپیشاندەر بۆ ئەو شتەی، یان ئەو لایەنەی ڕەخنەی لێدەگرت. لێرەوە، ڕەخنەگرتن لە باڵادەستیی و ڕابەرایەتیی و سەركردایەتی و سەرۆكایەتی، ڕێپیشاندەرە بۆ خۆ نوێكردنەوەی ڕابەران و سەركردە و سەرۆكەكان.
ڕەخنە و ئازادی:
ستایشكردنی هەرزەیی و نەزانی و گەمژەیی، ئەوەیە كە بتەوێ مرۆڤ بەوجۆرەی لێبێت كە دەتەوێ. ئەو كەسەی بیەوێت مرۆڤی سەردەمەكەی خۆی بێت، نابێت كردار و هەڵوێستەكانی بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەوە بن و تەنیا ئەوەندە بەسە ببێتە بكەرێكی ئۆتۆماتیك و گوێڕایەڵ و ملكەچ بەدەست سەردەمەكەی خۆیەوە. ڕەخنە فێرمان دەكات "مرۆڤ" و "كوڕ و كچی" و "پیاو"ی سەردەمەكەی خۆمان نەبین، بەڵكو مرۆڤی داهاتوو بین بە ڕەتكردنەوەی ئەو هەڵوێست و كردار و بیركردنەوانەی سەردەمەكەی خۆمان بەسەرماندا دەیانسەپێنێ و بەهۆیانەوە دەستەمۆمان دەكات. ڕەخنە واتە دژوەستانەوە لە بەرامبەر ئەو هێزەی كە ئێمەی كردووە بەوەی كە هەین بۆ ئەوەی ببینە ئەوەی كە پێویستە هەبین.
هێزی ڕەخنە بەشێكی ئەوەتا لە دەستنیشانكردن و قامك خستنە سەر ئەوەی كە لەواقیعدا هەیە و بەسەر مرۆڤەكاندا و (بەهۆی زانست و ئایین و ئایدیۆلۆژی كانەوە) سەپێنراوە و ڕەوایەتیی پێدراوە، بەشێكیشی ئەوەتا لە بەرجەستەكردنی توانایی و هاندانی مرۆڤ بۆ ئەوەی گرەو لەسەر بردنەوەی داهاتوو بكات. هەرچەندە ئێستا و واقیع، بابەتی سەرەكیی ڕەخنەن، بەڵام ئامانجی ڕەخنە بریتیە لە گۆڕینی ئەم ئێستا و واقیعە بە داهاتوو، كە پتر شایانی ژیانكردنێكی مرۆڤانە و كەمتر چەوسێنەرانە و ستەمكارانەیە
ئەمڕۆ ڕەخنەیەكی زۆر هەیە لە سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی، گومانێكی زۆر لەسەر ئەمجۆرە سیستەمانە و شێوازی بەڕێوەبردنیان و بەڕێوەبەران و سەركردەكانیان هەیە. خودی هەبوونی ئەم گومانە و ڕێگەپێدانی لایەنێكی باشی ئەو سیستەمانەیە. لانیكەم ئەمجۆرە ڕەخنەیە دەبێتە هۆی سەندنەوەی هەر جۆرە متمانەیەكی سیستەمەكە لە خۆی و بەڕێوبەر و سەركردەكانی... ڕەخنەگرتن هەیە و بایی ئەمەش ئازادیی هەیە. لەبەر ئەوە هەمیشە بواری یاخیبوون لە واقیع و ڕەتكردنەوەی ئەگەرێكە لەبەردەمماندا. هەر ئەوەی ئێمە سیستەمێكمان هەیە كە بواری ڕەخنەگرتنی لەخۆی هێشتۆتەوە، شتێكی باشە. ئەم ڕەخنەیە سەركردە و ڕابەرانی وڵات، لە كارەكان و بڕیارەكانی خۆیان دەخاتە گومانەوە و ناچاریان دەكات دەست لە بیروڕا ئایدیۆلۆژییەكانیان و هووشیاریە چاوبەستەكانیان هەڵبگرن و كەمیان بكەنەوە و بە پشت بەستن بە پێشەكی هەڵە، ئەنجامی تراژێدیکی هەڵە بەدەست نەهێنن. ئەمەش ئازادیە ئەم كەشەی دروستكردووە و مرۆڤیی ئێمە دەتوانێ نافەرمانیی مەدەنی ئەنجام بدات و لە ئاستی گوێڕایەڵیەكانی كەمبكاتەوە. كانت ئهگهرلەناومان داژیابا، دڵخۆش دەبوو، بەڵام دەیگوت: هێشتا ماوتانە خۆتان لە هەرزەیی خووپێوەگرتووتان ڕزگار بكەن و بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن سەبارەت بەوەی ببنە ڕابەر و ڕێپیشاندەری خۆتان بەبێ گوێڕایەڵیكردن بۆ ئەوانیتر. رەخنە لە ئایینی مەسیحی، تاكەكەسی بڕواداری فێركرد، كە بتوانێ پشت بەخۆی ببەستێ و خوای خۆی لە دەرەوەی ڕێبەرایەتیكردنی ئەوانیتر و ڕێنماییەكانیانەوە بناسێت. ڕەخنە دەسەڵاتی فیودالیزمی گۆڕی بە دەسەڵاتی دەوڵەت و هەر ڕەخنەش دەسەڵاتی دەوڵەتی سنووردار كرد.