فەرهاد عێزەتزادە
کورتەیەک لە ژیان و بیوگرافی و چالاکیەکانی نووسەر و زمانەوانی کورد ئاکۆ جەلیلیان
له 23 ره‌زبه‌ری 1349 هه‌تاوی له‌كاتی كۆچوكۆچبار و لههاوینهههوارێكی خۆش كه له‌سه‌ر به‌رزایی ته‌پۆڵكه‌یه‌ك كه زاڵه به‌سه‌ر چۆمی مێژوویی سهیمره. واته هاوینه‌هه‌واری "سه‌رچه‌م" كه ئێستاكه گوندێكه له‌به‌شی "هلێران" سه‌ر به‌پارێزگای ئیلام له‌دایك بووم. باوكم زه‌نگنه‌یه و له‌بنه‌ماڵه‌ی "جه‌لیلی"ه و گوندی قه‌ڵای هه‌ره‌سه‌م زێدی باوكاڵی منه و دایكم له بنه‌ماڵه‌ی كهڵهوڕێكی به‌شره‌فه و خۆم له‌نێو دڵی له‌كستان به‌دی هاتوومه و له‌دیاری كه‌ڵهوڕ و زه‌نگنه په‌روه‌رده بوومه. هه‌تا ساڵی 1367 پله‌ی سه‌ره‌تایی و رێنوینی و ناوه‌ندی لهشاباد خوێندم و له ئه‌زموونی خوێندنگادا به‌شدارییم كرد و دوای ماوه‌یه‌ك له‌خوێندنگا ره‌ت كرامه‌وه. زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه (خاڵۆم؛ میمكه‌زاكه‌م و براكه‌م و ئامۆزایه‌كم) ده‌رسی پزیشكی‌یان ده‌خوێنده‌وه به‌ڵام ئه‌من پێم خۆش بوو ببمه فڕۆكه‌وان؛ وه‌ك هه‌ڵۆیه‌كی سه‌ربه‌ست، ئازادانه له‌ئاسماندا بخولێمه‌وه، نه‌مده‌زانی رۆژگار پابه‌ندم به‌شتێك ده‌كا كه رزگاربوونی تێدا نییه. ساڵی 1362 كه له‌پله‌ی دووهه‌می ڕێنوێنی بووم خاڵۆم (خوالێخۆشبوو هووشه‌نگ ره‌شیدی) كه په‌یامنێری رۆژنامه‌ی كه‌یهان بوو نوێنه‌رایه‌تیی گۆڤاری سروه‌ی له‌ئه‌ستۆ گرت و من و میمكه‌زاكه‌م (كاك كه‌یوان قه‌مه‌ری) به‌خۆشحاڵییه‌وه زۆربه‌ی كاتمان له ده‌كه‌ی رۆژنامهفرۆشیی خاڵۆم بووین و ئه‌ویش فێری كوردی خوێندن و كوردی نووسینمان ده‌كرد و دنیایه‌كی یه‌كجار به‌ربڵاوی ئه‌ده‌بی كوردیی پێمان ناساند و ئێمه‌ش خه‌ریكی تاقیكردنه‌وه‌ی وشه‌ی خۆمانی بووین ئه‌ڵبه‌ته نه‌ك بۆ كتێب و ئه‌وانه، ته‌نها بۆ هه‌ڵسنگاندنی وشه‌ی كوردی خۆمان له‌گه‌ڵ سۆرانی، سه‌یربوو بنه‌مای وشه‌كانی زاراوه‌كانی كوردی هه‌موو وه‌ك یه‌ك بوون. ساڵی 1368 چوومه سه‌ربازی و یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین ئاواته‌كانی ژیانم به‌دی هات، ناوی مامۆستا هه‌ژارم زۆر بیستبوو و چه‌ند كتێبی به‌نرخی خوێندبووم لای خۆم ئه‌و بهسوڵتانێك دانابووم كه لانیكه‌م ده‌هـ دوانزده پاكار و نۆكه‌ری هه‌یه و ... كه چۆم و ئه‌وه‌م دی یه‌كجار تووشی ئاڵۆزان بووم. ئه‌وكاته مامۆستا له‌تاراوگه‌ی كه‌ره‌ج بوو و له‌خانوویه‌كی پرتوكیاگ لهزۆرئابادی كه‌ره‌ج ده‌ژیا و فه‌رهه‌نگی پیرۆزی هه‌نبانه‌بۆرینه كۆتایی هاتبوو و مامۆستا ماجدڕووحانی خه‌ریكی له‌چاپدانه‌وه‌ی بوو، منیش كوڕه‌لاوێكی قیتوقۆز بووم به‌مامۆستا وتم: منیش كۆمه‌ڵێك وشه‌ی كهڵهوڕییم كۆكردۆته‌وه. به‌بزه‌یه‌كی مانادار و هه‌ر به‌زاراوه‌ی خۆم گوتی: چه‌ن گله كووهو كردیه؟ به‌درۆ پێی گوتم بیست هه‌زار دانه. له‌وه‌ڵامدا گوتی ئه‌گه‌ر توانیت بیست ده‌نكه‌ی بخه‌یته سه‌ر زاری خه‌ڵكه‌كه‌ت فهرههنگنووسێكی ته‌واوی. لای خۆم بیرم ده‌كرده‌وه كه: ئایا ده‌بێ فه‌رهه‌نگێك له‌وشه‌ی خۆمانی خڕكهمهوه؟ ئایا زمانی ئێمه هه‌ر ئه‌و چه‌ند سه‌د دانه وشهگهلهیه كه وه‌ك پاشكۆیه‌كی بچووك یادداشتیان كردبووم؟ مامۆستا هه‌ژار له‌هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئێمه‌یا بێفێز و كبر بوو و كۆمه‌ڵێك قسه‌ی خۆشی بۆمان گێڕایه‌وه خۆزگه هه‌ر له‌خه‌یاڵمدا بوایه و ئه‌وه‌م نه‌دیبا و ئه‌و ژیانه‌ی نه‌بوایه. ساڵێك پێ نه‌چوو كه مامۆستا هه‌ژار عه‌مری خوای كرد و ههنبانهبۆرینهش له‌چاپ ده‌رچوو. تا ئه‌وكاته فه‌رهه‌نگی كوردی نهدیبووم، ورده‌ورده فێربووم كه چۆنچۆنی فه‌رهه‌نگێك له‌وشه‌ی خۆمانی خڕكهمهوه و هه‌ر به‌كوردی دووپاتی بكه‌مه‌وه. له‌م دونیای پان و به‌رینه به‌م هه‌موو خزم و كاره‌وه ته‌نها دوو كه‌س له من حاڵی ده‌بوون؛ دایكم و خاڵۆم؛ كه‌چی هه‌ردووكیانم له‌ده‌ست داوه و یه‌كجار بێكه‌س ماوم. هه‌ر بۆیه فه‌رهه‌نگی باشوور پێشكه‌ش به‌دایكم كرد و كوردیكاش پێشكه‌شی خاڵۆی جوانه‌مه‌رگم كرد كه نه‌ته‌نیا ئه‌من، به‌ڵكۆ كۆمه‌ڵێك خوێنه‌ر و نووسه‌ری كورد له‌م شاره به‌بوونی ئه‌وا فێری خوێندن و نووسینی كوردی بوون؛ رۆحیان شاد بێت.
هه‌ر له‌و كاته‌وه كه هه‌نبانه‌بۆرینه له‌چاپ ده‌رچوو و تهواشایم كرد؛ رێك له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه فه‌رهه‌نگی باشوورم داڕشت و به دوو زمانی كوردی و فارسی بوو، بۆ ئه‌وه‌ی كه خوێنه‌ر و نووسه‌ری لای خۆمان هه‌ست به‌زمانه‌كه‌ی بكا و بایه‌خی پێ‌بدا؛ به‌شی كوردیی فه‌رهه‌نگی باشوور به‌زاراوه‌ی كوردی كه‌ڵهوڕی دانام، نووسین به‌م زاراوه‌یه كه تا ئه‌وڕۆكه شتێكی باو نه‌بوو زۆر دژوار بوو و من سووربووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌شی كوردیی تێدا بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هیچ نووسراوه‌یه‌ك به‌زمانی كوردی كه‌ڵهوڕی له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو ته‌نانه‌ت مهقاڵهیهكیش به‌م زاراوه‌یه نه‌نووسرا بوو و ئێمه‌ش له‌پێكهاته‌ی زمان و داڕشتن و لاختی زمانه‌كه‌مان شتێكی ئه‌وتۆمان نه‌ده‌زانی و جیاوازیی پێكهاته‌كانی زمانی له‌گه‌ڵ بابه‌تێك وه‌كوو شیعر زۆر جیاواز بوو، بۆ نووسینی دێڕێك به‌زاراوه‌ی كه‌ڵهوڕی پێویست بوو چه‌ند جار و چه‌ند جار بنووسین تا به‌وته‌ی عه‌ره‌ب "حق مطلب" ئه‌دا ببێت بۆی
ه پێویست بوو بنیاتی نووسینێكی نوێ دابڕێژیت كه خه‌ڵك بتوانن پێی بنووسن و لێی حاڵی ببن؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌پارێزگای كرماشان و ئیلام كه‌سێك كه بتوانێ كوردی بنووسێت ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت بۆیه خۆم بوومه پیتنووس و پیتچینی خۆم. من كه خۆم شهشدانگ كردبووم كه له‌ماوه‌ی دوو یان سێ ساڵ ته‌واوی بكه‌م، كه سه‌رم هه‌ڵگرت ده‌هـ ساڵی پێچوو و له‌سه‌ر ئه‌وه‌شه‌وه ئه‌وه‌ی كه دڵخوازی خۆم بێت نه‌بوو و چوار ساڵی پێچوو تا له‌چاپ ده‌رچوو. له‌بیرم دێ كه له‌ساڵی 83 هه‌تاوی چوار كتێبی كوردی لهشاباد چاپ ببوو، كتێبی نه‌رمه‌واران: شیعر، به‌ڕێز جه‌لیل ئاهه‌نگه‌رنژاد – كتێبی فه‌رهه‌نگی خوهرههڵات: به‌ڕێز كه‌ریم كهریمپووڕ كوردی به‌فارسی - كتێبی فه‌رهه‌نگی داڵاهوو: به‌ڕێز حه‌یده‌ر سه‌فه‌ری، كوردی به‌فارسی و فه‌رهه‌نگی باشوور. ئه‌وه بۆ من جێی خۆشحاڵی بوو و بهرژهنگی رۆژگارێكی خۆش بۆ كرماشان و ئیلام بوو چۆنكه سێ دانه له‌و كتێبانه كتێبی فه‌رهه‌نگی وشه بوو و باندۆرێكی هه‌ره‌باشی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی كوردیی هه‌بوو.
له‌م ساڵانه‌دا بوو كه هه‌ستم ده‌كرد ده‌بێ چیرۆك و رۆمان و ... به‌م زاراوه‌یه بكه‌وێته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ر كه هه‌م له‌گه‌ڵ لاختی زمانیی ئه‌م زاراوه ئاشنا ببن و هه‌میش رێگه‌خۆشكه‌ری كه‌سانیتر ببێت. من كه له‌فه‌رهه‌نگی باشوور له‌نووسینی ده‌ق و ... ئه‌زموونم دابوو و تا راده‌یه‌ك له‌سه‌ر وشه و نهرێساتی كوردیی كه‌ڵهوڕی زانیارییم ده‌ست كه‌وتبوو كتێبی "ره‌نگامه"م له‌چاپ دا كه تێدا ده‌هـ كورته‌چیرۆكی كوردی كه زیاتر بابه‌تی ده‌رسی ئینشا بوو كه من له‌ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه ئه‌وانه‌م داڕشتبوو و دوای ئه‌وه‌ش رۆمانی "ئاگرمهلؤچ"م له‌چاپ دا. هه‌ر له‌وكاته تێگه‌یشتم كه په‌ندی پێشنان و قسه‌ی نه‌سته‌قی خۆمانی چه‌نده ده‌توانێ ئه‌ده‌بی چیرۆك و رۆمان له‌بارتر بكاته‌وه بۆیه له‌گه‌ڵ دۆستی به‌ڕێزم كاك مه‌سعوود قه‌نبه‌ری پێڵانمان داڕشت كه فه‌رهه‌نگێكی فولكلۆر له‌سه‌ر ناوچه‌ی كرماشان كه هه‌مووی په‌ندی پێشنان و قسه‌ی نه‌سته‌ق و ... بگرێته‌وه كۆبكه‌ینه‌وه و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ستمان پێكرد. كاك مه‌سعودی قه‌نبه‌ری پیاوێكی شاره‌زا و مامۆستای قۆتابی بوو و له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردپه‌روه‌ره و بۆ زمان و فه‌رهه‌نگی گه‌له‌كه‌مان ئه‌ركی زۆری داوه به‌ڵام به‌هۆی بڕێك كێشه‌ی كاریه‌وه به‌جێم هێشت و دووباره هه‌مووشتێك كه‌وته ئه‌ستۆی خۆم. دهساوهی ئه‌و هه‌وڵه‌ش بووه كتێبێكی په‌نج به‌رگی به‌ناوی زهڕینهوسیمینه كه بریتین له: په‌ندی پێشنان و هۆنراوه‌ی فولكلۆر و مه‌ته‌ڵ و باوه‌ڕ و خۆرافهكان و شیعری نه‌وحه‌ی كوردیی ناوچه‌ی كرماشان.
به‌دوای ئه‌وانه هه‌وڵم دا كه ناوی راسته‌قینه‌ی ئاواییه‌كانی كرماشان راست كه‌مه‌وه و هۆكاری ناونیانی هه‌ر ئاواییه‌ك بێدۆزمهوه. بۆیه كتێبی "تاریكخانه، ناسنامه‌یه‌كی نوێ بۆ مێژووییكی كۆن"م داڕشت كه سه‌رجه‌م شه‌ش ساڵی ره‌به‌ق ئاوایی به‌ئاوایی كرماشان چووم و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیان دوامه. به‌ڕاستی كرماشان تاریكخانهیه. له‌ده‌ر و دیواری ئه‌م مه‌ڵبه‌نده بۆنی كورد و كوردایه‌تی و مێژوویه‌كی دزراوه هه‌ست ده‌كرێت. تاریكخانه له سه‌ر پێنج ئه‌ساس دانراوه یه‌كه‌م ناوی كوردیی ئاواییه‌كان دووهه‌م بابه‌تی ئیتومۆلۆژیكی ئاواییه‌كان، سێهه‌م خه‌ڵكه‌كه به‌چ زاراوه‌یه‌ك له‌زاراوه‌كانی كوردی ئاخاوتن ده‌كه‌ن و سه‌ر به‌چ ئایینێك لهئایینهكانن چواره‌م شوێنه‌واره مێژووییه‌كانی هه‌ر ئاواییه‌ك و پێنجم كه‌سایه‌تیه‌كانی هه‌ر ئاوایی به‌تایبه‌ت نووسه‌ر و شاعیر و هوورهچڕ و شانامهخوێن و موورهار و ...
لهتاریكخانهدا زۆر دڵم ئێشاوه، فه‌رهه‌نگمان كزراوه؛ مێژوومان بزڕاوه، شوێنه‌واره مێژووییه‌كانمان دزراوه و ده‌ستمان لهههمووشتێك بڕاوه. جگه له‌مانه هه‌ر سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه كۆمه‌ڵێك ده‌رده‌سه‌ری تووشم بوو كه ئه‌گه‌ر بیكه‌مه رۆمانێك دڵنیا بن كتێبێكی باش و به‌نرخه ههرچهندهكه له‌به‌ر بڕێك هۆكاری سه‌یروسه‌مه‌ر هێشتا نه‌متوانیوه له‌چاپی بده‌م. له‌ساڵێ 1390 هه‌تاوی بانگهێشتی فه‌رهه‌نگستانی زمان و ئه‌ده‌بی فارسی بووم كه جه‌نابی دوكتۆر رزایی باغبیدی به‌رپرسی به‌شی زاراوه‌ناسیی بوو و بابه‌تێك به‌ناوی گنجینه‌ی گویششناسی ایران؛ گویششناسی استان كرماشان كه‌وته ئه‌ستۆم و دوای شه‌ش هه‌فت مانگ به‌ته‌واوه‌تی و رێك و پێكی پێیان داوم كه وابزانم فه‌رهه‌نگستانی زمان و ئه‌ده‌بی فارسی كه‌وتۆنه‌ته رێ خودا و هێشتا كاڵادڕانهی منیانی پێم نه‌داوه.
به‌ڵام كوردیكا... ئه‌وه‌نده كه لهكوردیكا دڵم ئێشاوه و قینم هه‌ستاوه؛ له‌هیچ شتێكی دیكه وام پێنه‌هاتووه.
ئه‌وه‌ی كه‌ڕاستی بێت هه‌ر مێژه‌وه بیر لهفهرههنگێكی چڕ‌وپڕ كه هه‌موو زاراوه‌كانی كوردیی تێدا بێت ده‌كردمه‌وه، من هۆگری نووسین و كۆڵینهوهم و جگه له‌م كاره هۆگرایهتییم بهشتێكیتر نییه و هه‌ر له‌سه‌رده‌مانی لاوێتی و هه‌رزه‌كاریدا ده‌ستم كردۆته نووسین به تایبه‌ت له‌باره‌ی فه‌رهه‌نگ و فه‌رهه‌نگنووسی و ئێستاكه سی ساڵه ده‌نووسم. بۆ كارێكی وه‌ها پێویست بوو ئه‌رشیڤێكی كتێبی كوردی له‌به‌ر ده‌ست بوایه و گرۆپێكی پیتچین و پیتنووس و ڤیراشتهر و ... به‌گشتی ده‌زگایه‌كی رۆشنبیری له‌پشتی بوایه كه له‌سه‌ر ئه‌ساس و پروپۆزاڵێكی چڕ‌وپڕ خه‌ریك ببن. پروپۆزاڵێكی به‌نیسبه‌ت ئاكادمیك له‌سه‌ر كوردیكا كه بریتی بوو له ده‌هـ ئه‌ساسی بنهواكیی زمان و كارگرۆهێكی پێنجا كه‌سی و شوێنێك وه‌ك ئۆفیسی كار و ... نووسی و بۆ چه‌ند شوێن ناردم كه جگه لهدهسخۆشی و ماندوونه‌بوون شتی دیكه پێم نه‌گۆتن. ته‌نها یه‌ك شوێن قه‌رسیلی بۆم رشت و ئه‌وه‌ش ئه‌نستیتوی فه‌رهه‌نگیی كوردستان له‌تاران بوو كه ئه‌گه‌ر هه‌مووی بگێڕمه‌وه له‌مه‌جالی ئه‌م نووسینه نییه. بۆ ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێم دڵم ئێشاوه. له‌گه‌ڵ دۆستێك (كه حه‌یفه ناوی دۆستی لێ بنه‌م) چوین و قسه‌وباسمان ته‌واوكرد و دوای سێ مانگ نه‌خۆش كه‌وتم و تۆمۆرێكی بچووك لهكهللهمدا په‌یدا بوو (كه هێشتاكه‌ش خه‌ریكی ده‌رمانم) و ماوه‌ی مانگێك خه‌رێكی ده‌رمانی بووم. كه‌هاتمه‌وه هه‌مووشتێك گۆڕابوو و كابرای دۆست خۆی به‌خاوه‌نی پرۆژه‌كه ناساندبوو و منیش به‌ئاسانی جێیان هێشتم. به‌هه‌رحاڵ له‌ساڵی 91 هه‌تاوییه‌وه یه‌كسه‌ر خه‌ریكی نووسینه‌وه و دهستهواژۆكردنهوهیم، له‌سه‌ر نه‌خۆشی و باری نائاسایی خۆم رۆژانه 15 ساعه‌ت له‌سه‌ریه‌وه خه‌ریكم و به‌ته‌نی له‌جیاتی ئه‌و پێنجا كه‌سه ئیش ده‌كه‌م و ئه‌گه‌ر بڵێم قه‌ت ماندوو نابم درۆم نه‌كردووه چۆنكه ئه‌وه‌نده قینم له ... هه‌ستاوه بڕیارم داوه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جلوبهرگهكهمیش بیفرۆشم ته‌وای بكه‌م. ئه‌وه پرۆژه‌یه‌ك بوو كه به‌ته‌وای ههستونستمهوه ده‌ستم پێكرد و تووشی كهسانهایهك و شتهایهك بووم كه زمان و وشه و ... ده‌ری نابڕێته‌وه.
تا ئه‌م كاتوساته 80 هه‌زار لاپه‌ڕه كه‌ره‌سته‌ی خامی كوردیكام نووسیوه كه سێسهدوچل هه‌زار وشه‌ی كوردی له‌خۆ ده‌گرێته‌وه و به‌ره‌به‌ره خه‌ریكی دهستهواژۆكردنی بوومه و پیت به‌پیت ئه‌نجامی ده‌ده‌م. به‌باوه‌ڕی خۆم زیاتر له 67 هه‌زار لاپه‌ڕه‌یه‌ك ده‌بێت و ئێستاكه پێنج پیتی (ئهلف تا جێ)ی ئاماده‌یه. له‌م پرۆژه‌یه چه‌ند كه‌سی دڵسۆز و فه‌رهه‌نگ دۆست چ له‌بواری ماڵیه‌وه و چ لهبوارهكانیترهوه پاڵپشتم بوونه كه له‌پێشه‌كیی كوردیكا ناویانم نووسیوه و منهتیانیش بهسهرمدایه. ئه‌وه‌ی كه‌ڕاستی بێت له دوو سه‌ده‌ی رابردووەوە تا ئێستا کۆمه‌ڵێک فه‌رهه‌نگی وشه‌ی کوردی که ئه‌ژماریان له سه‌د و پێنجا به‌رگ تێپه‌ڕ ده‌بێت له‌سه‌ر وشه‌ی کوردی خڕ بوونه‌ته‌وه و هه‌موویان یه‌ك بابه‌تی تێدایه؛ ماناكردن یان ههڤبهرسازیی وشه‌ی كوردی بهزامانێكی دیكه و له چاپ ده‌رچوون که بێ دوو و سێ هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ک، یان چه‌ند زاراوه و بن زاراوه بووه. هه‌ر بۆیه کاریگه‌رییان چه‌واشه بووه و نه‌یانتوانیوه سنووری ده‌سكردی زاراوه‌کان دابه‌زێنن، چۆنکه گۆڕانکاریی زمانی له مه‌ڵبه‌ندێکه‌وه به‌ره‌و مه‌ڵبه‌ندێکی دیکەوە گرێدراوه و ئه‌گه‌ر قه‌رار به دانانی سنوور بێت؛ ده‌توانێت به شکڵی ههجمهیهک له‌گۆڕانکاریدا خۆی بنوێنێت، نه به شێوه‌ی سنوورێکی دیاریکراو. خڕکردنی دانیشنامه‌ی كوردیكا به‌شێوه‌یه‌که که هه‌موو وشه‌کانی زاراوه‌کانی كوردی تێدایه و ده‌توانێت جگه له‌وه‌یکه سنووری دورستکراو بڕووخێنیت، هه‌ستی یه‌کگرتوویی و تاکزمانی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان بخوڵقێنێت و ببێته ژێده‌ری چڕ‌وپڕ بۆ زمانی کوردی. جگه له‌وانه؛ پرۆسه‌ی ستانداردسازیی زمانی کوردی که ئه‌مڕۆ یه‌کێک له گوتارە سهرهکییەکانی کۆڕی زانستیی زمانی کوردییه سه‌رپه‌رستیی بکات. کۆکردنی ئاوا دانیشنامهیهک له‌سه‌ر وشه‌ی کوردی ده‌توانێت وەک دامه‌زراندنی ئهستوونێکی بته‌و له قۆناخی Codification له قه‌ڵه‌م بدرێت که بۆ خۆی یه‌کێک له به‌شه‌کانی پرۆسه‌ی ستانداردسازیی زمانه. هه‌روه‌ها دانانی دانیشنامه‌ی وشه‌ی کوردی ده‌توانێت سه‌رچاوه‌یه‌کی له‌بار بێت بۆ وشه‌سازی و پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی بیاڤی وشه‌یی له زمانی کوردی‌دا که وه‌ک کێشه‌یه‌ک له‌سه‌ر زمانی کوردی خۆی زاڵ کردووه.
کوردیکا له‌سه‌ر ئه‌م چه‌ند ئه‌ساسه خڕ بووه‌ته‌وه که به کورتی ئاماژه‌یان پێ ده‌کەین:
- ئاوانووسی له‌سه‌ر سیسته‌می ئاوانووسیی کوردی kurdish Transcription رێک له به‌رانبه‌ری هه‌ر سه‌روشه ده‌نووسرێته‌وه که جگه له‌وه‌یکه خوێندنه‌وه‌ی بۆ غه‌یری کورد ساکارتره، هاوکات ده‌توانێت که‌موکوڕیی ئهلف و بێی زمانی کوردی بسڕێته‌وه و شێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دروستی وشه‌کان له زاراوه جۆراوجۆرەکاندا یه‌کلایه‌نه‌وه بکات.
- بنیاتی هێجایی Syllabification Structure هه‌رچی زانسته به نیسبه‌تی بنیاتی هێجایی وشه‌کان له‌ڕێگه‌ی نووسینی نیشانهگەلێک که له سیسته‌می ئاوانێگاری بابه بۆمان روون ده‌بێته‌وه.
- دابه‌شکراوی وشه Pa rts of the Speech هه‌رچی زانسته ده‌رباره‌ی سه‌روشه‌کان که له ڕێزی چ له‌ونێک له وشه دایه.
- پێناساندن/ته‌عریف Definition نووسینی ته‌واو و چڕ‌وپڕ له مانای وشه‌کان به‌پێی حه‌وزه‌ی کاریگه‌ریی وشه‌که به دوو زمانی کوردی (سۆرانی) و فارسی. جگه له‌وانه به‌هۆی ئه‌وه‌یکه زمانی کوردی له‌نێو باکوور و باشوور و رۆژهه‌ڵات دابه‌ش بووه و نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رکام له‌م ده‌وڵه‌تانه به ناچار به دوو زمان ده‌نووسن و دهئاخافێن، هاوتای وشه‌کان به‌پێی زمانی کوردی/ ئینگلیزی له به‌رانبه‌ریدا نووسراوهوتهوه.
- نموونه‌ی ئاماژه‌یی Sample Exemplifying له به‌رانبه‌ر هه‌ر سه‌روشه، هه‌ندێک په‌ند و ئیدیوم و ... به زاری حه‌وزه‌ی وته‌بێژانی ئه‌م وشه‌یه نووسراوه‌ته‌وه و تێیدا دیار ده‌کەوێت که هه‌ر وشه له چ حه‌وزه‌یه‌ک له زمانی کوردی‌دا بره‌وی هه‌یه و له نووسینی ناوی باکوور و باشوور و رۆژهه‌ڵات خۆم لادامه بۆ ئه‌وه‌یکه سنووری زاراوه‌یی بته‌وتر نه‌بێت. ئەوەیکه زانایان و زمان‌ناسان دەگێڕنەوه ئەمەیه،که پەندی پێشەنان و قسەی نەستەق و مەتڵۆکه و شێعری فۆلکڵۆر لانیکەم پێشینەی هەزار ساڵەیان هەیه، بۆیه هەوڵم داوه لەوانه کەڵک وەربگرم.
- هه‌ڤبه‌ر و دژبه‌ر Synonym and Antonym له به‌رانبه‌ری هه‌ر وشەدا هه‌ڤبه‌ر و دژبه‌ری وشه‌کان به جیا نووسراوه‌ته‌وه. له‌م دانیشنامهیه به‌هۆی ئه‌وه‌یکه هێندێک وشه‌ی کوردی له زاراوه‌یه‌ک بۆ زاراوه‌یه‌کی دیکه جیاوازییان هه‌یه؛ ئه‌م به‌شه ده‌توانێت یه‌کێک له به‌شه سه‌ره‌کییه بهنرخکانی دانیشنامهکه بێت.
- ریشه‌ناسی Etymology چی زانسته ده‌رباره‌ی ریشه‌ی وشه رێک له به‌رانبه‌ریان نووسراوه‌ته‌وه. ئه‌م به‌شه‌ش ده‌توانێت به باشترین شێوه ئەوە بگه‌ینێت که زمانی کوردی له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی کۆن وه‌ک ئهڤیستا و په‌هڵه‌وی تا چ راده‌یه‌ک په‌یوه‌ندیی هه‌یه و ناسنامه‌یه‌کی کوردی بۆ وشه‌کان بخوڵقینێت.
- بنیاتی وشه‌یی Morphological Structure هه‌رچی زانسته ده‌رباره‌ی لاختی مۆرفۆلۆژیکیی سه‌روشه‌کان وه‌کوو دووپاتکردنه‌وه‌ی بنیاتی وشه و ئامێتهکان و ریشه و پێشگر و پاشگر و.. له به‌رانبه‌ری وشه‌کان نووسراوه‌ته‌وه.
- ژێده‌ری پێشوو Cross Reference وشه‌گه‌لێک که حهوزههای هاوتا و هاوماناییان هه‌یه و له‌یه‌ک تایبه‌تمه‌ندیی پێکه‌وه هاوبه‌ش بوونه، رێفڕنس ده‌درێته یهکتران.
- دیکیۆمنتاریی زمانی Language Documentation ئەم بەشه دەتوانێت یەکێک لە بابەتەکانی گرینگی دانیشنامەکه بێت که لە ئەودوایی فەرهەنگەکاندا ئەوەنده لەبەرچاو نەبووه لە حاڵێکەوه کە دیکیۆمنتاریای زمانی بابەتێکی زانستییه کە له دانیشنامە بەناوبانگەکانی دنیادا بابەتێکی زانستی و سەرەکییه.
- تێزاروس Thesaurus به‌و مانایه که هه‌ر سه‌روشه له بواری حه‌وزه‌ی ماناییه‌وه چ په‌یوه‌ندییکی له‌گه‌ڵ سه‌روشه‌کانی دیکه‌وه هه‌یه که وه‌کوو هێندێک زانیاری له به‌رانبه‌ر سهروشهکاندا نووسراوه‌ته‌وه.
- - هێندێک زانیاریی تایبه‌ت Additional Information هێندێک زانیاریی تایبه‌ت وه‌کوو چۆنیه‌تیی خوڵقاندن، یان تێکچوونه‌وه‌ی فۆنەتیکێک له زمانی کوردی و پیته‌کان و... به‌پێی پێویستی نووسراوه‌ته‌وه.
شێوه‌ی نووسینی سه‌روشه‌ی ئه‌م دانیشنامهیه به ڕێنووسی ئارامیی کوردییه و به‌دوای سهروشەدا رێنووسی لاتینیی هه‌ر سهروشەیەک نووسراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ته‌رتیبی قه‌رار گرتنەوهی وشه‌کان به‌پێی رێنووسی ئارامییه. ده‌بێت بزانین که ئه‌مڕۆژه رۆژێک باشترین ره‌وشی پێشکه‌شکردنی ئاوا کتیبگهلێکە؛ فایلی کۆمپیوته‌رییه که هێز و توانایی بەکارهێنەرانی ئاوا کتێبگه‌لێک ده‌چێته سه‌ره‌وه و ئه‌م بابه‌ته بۆ جێبه‌جێکردن جێگەی سەرنجە.
٢٠/٤/٢٠١٨