فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

د.ئازاد محەممەدیانی
(بەشی یەکەم)

پێش ئەوەی بچمە ناو باسەکەوە پێویستە ھەڵەیەک راست کەمەوە کە لە نێو بابەت و وتەی زۆر یەک لەو کەسانەی رۆژانە سەبارەت بە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەدوێن دەبیندرێ؛ زۆر جار لە نێو ئاخنی وتارە جۆراوجۆرەکاندا وشەی «گوتار» یا «گفتمان» دەبیستین کە ھێندێک جار دوروست و لە سەر جێی خۆی بە کار دێت کە وەرگێردراوی «discourse»ە، کە بە واتای نیزامێکی واتایی بە ھێندێک چەمکی پێوەندی دارەوەیە، ھێندێک جاریش بە مانای «dialog» واتە گفتوگۆ بە کار دەھێندرێ کە نادوروستە.
لە ھەر کۆمەڵگایەکدا و لە مەیدانی سیاسەتی ئەو وڵاتەدا، جیاوازی بیر و روانین دەبیندرێ کە ھەر کام لەوانە دەتوانن تەعبیر لە گوتارێک بکەن، کەواتە لە ھەر کۆمەڵگایەکدا دەکرێ بە پێی پێداویستیە کلتوری، کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و جۆراجۆری روانینەکان یەک، دوو یا چەند گوتاری سیاسی بوونیان ھەبێ، بەڵام ئەوە ھەرگیز بەو واتایە نیە کە تەواوی ئەو گوتارانە دەتوانن لایەنگریان ھەبێت یا بە واتایەکی دیکە ھێژمۆن بن، لە وەھا دۆخێکدا کە چەند گوتار بوونیان ھەیە تەنیا گوتارێکە کە دەتوانێ ببێتە گوتاری زاڵ(گفتمان مسلط). یانی گوتارێک کە زۆرترین و باشترین وەڵام و گەڵاڵەی بۆ پرسە جۆراجۆرەکان و زۆرترین جەزابیەتی بۆ کۆمەڵگا ھەیە دەتوانێ ھێز بەدەست بێنێ و ھەر بەم ھۆیەوە ھێژمۆن دەبێت و دەبێتە گوتاری زاڵ، دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە ئەو گوتارانەی دیکە ئیدی بونیان نیە، کاتێک گوتارێک زاڵ دەبێ ئیدی گوتارەکانی دیکە وردە گوتاریان( خردە گفتمان) پێ دەکوترێ. لە وەھا دۆخێکدا ئەو گوتارانە دەبنە رەقیبی یەکتر و ھەرکام حەول دەدەن ببنە گوتاری زاڵ. دیارە ئەم گوتارە نێو خۆییانە لە بەرامبەر گوتارێکی دەرەکیدا خۆیان مەفسەلبەندی دەکەن و بە پێی بنەمای دژایەتی( تضاد) واتا و ھەڵوێستە سیاسیەکانیان شکڵ دەگرێ و گوتاری زاڵ دەبێتە بەردەنگی سەرەکی گوتارە زاڵە دەرەکیەکە و ئەم دوو گوتارە زاڵە بە پێی دۆخ و دژایەتی لە بەرامبەر یەکتردا رادەوەستن. لە لایەکی دیکەوە دەکوترێ کە ئەویتری(دیگری) ئەم گوتارە زاڵە گوتاری دەرەکیە.

کەواتە ئێستا ئەو پرسیارە لە ئارادایە کە گوتارەکانی دیکە یا وردە گوتارەکان لە بەرامبەر گوتاری دەرەکیدا چ ھەڵوێست و شوناسێک بەخۆیانەوە دەگرن؟ ئایا پێویستە ئەم وردە گوتارانە ھاورێ لە گەڵ گوتاری زاڵ لە بەرامبەر گوتاری دەرەکیدا بە گوتارێکی ھاوبەش بگەن؟ ئایا ئەویتری(دیگری) وردە گوتارەکان و گوتاری زاڵی نێوخۆ یەکترین، یا گوتارە زاڵە دەرەکیەکە؟ دیارە باسی سەرەکی ئەم بابەتە ئەوەیە کە گوتاری ھاوبەش چیە و بۆ دەبێ شکڵ بگرێ و چۆن دەبێ شکڵ بگرێ و ئەگەر بیگرێ چ دەرئەنجامێکی ھەیە و ئەگەریش شکڵ نەگرێ چ خەسارێکی دەتوانێ ھەبێ؟
دیارە گوتارەکان لە سەر دەستی رێکخراوە و جەریانە سیاسیەکان دەر دەکەون و ھەر حیزب و رێکخراوە یا جەریانێکی سیاسی دەتوانێ نوێنەرایەتی گوتارێکی سیاسی تایبەت بکات. بۆیە دەکرێ بوکترێ بە ئەندازەی حیزب و رێکخراوەکان گوتاری سیاسی بوونیان ھەیە و شێوە روانینی یەک یا دوو یا چەند حیزبی تایبەت بە پێی توانایی و ھێز و جەزابیەتی دەتوانێ زاڵ بێت و ئەوانی دیکە بە شێوەی وردە گوتار دەمێننەوە و وەک رەقیبی ئەم حیزب یا ئەم گوتارە زاڵە لە ساحەی سیاسیدا بوون بە سەر دەبەن. لە راستیدا ئەم لایەنانە بە گوتارە جیاوازەکانیانەوە ئەویترێکی(دیگری) ھاوبەشیان دەتوانێ ھەبێ کە گوتارێکی دەرەکیە و لە سەر بنەمای دژایەتی( تضاد) لە گەڵ ئەم لایەنە دەرەکیە، گوتارەکەیان شکڵ دەگرێ. دەتوانین بڵێین گوتاری ھاوبەش لە نێوان گوتاری زاڵ و وردە گوتارەکاندا، لە سەر بابەتی دژایەتی(تضاد) بەرامبەر بە لایەن یا گوتاری دەرەکی شکڵ دەگرێ و پێک دێت.
کەواتە لە سەر ئەم بنەما تێئۆریە دەتوانین سەبارەت بە گوتاری ھاوبەش لە کوردوستاندا و خەسار و دەرئەنجامەکانی لێکدانەوەمان ھەبێت.

بەشی دووهەم

لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتەدا باس لەوە کرا کە گوتار چیە و چۆن گوتارێک دەبێتە زاڵ و ئەم گوتارە زاڵە چۆن نیزامێکی واتایی بەخۆوە دەگرێ و چ پێوەندیەکی لەگەڵ وردە گوتارەکان ھەیە و لە بەرامبەر گوتاری دەرەکیدا چۆن واتاکانی خۆی مەفسەلبەندی دەکات، ھەڵبەت پێویستە بکوترێ کە مەبەست لە گوتاری دەرەکی گوتاری لایەنی بەرامبەر یا دژبەرە، بۆ وێنە لە نێو گوتاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا گوتاری رێفۆرم خوازانە و بنەماخوازانە بوونیان ھەیە کە رەقیبی یەکترن بەڵام لە بەرامبەر گوتاری دەرەکیدا کە ھەمان گوتاری رۆژئاواییە، دژ بەرن و وەک گوتاری دەرەکی سەیری دەکردرێ و گوتاری کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم گوتارەدا خۆی پێناسە دەکات. کەواتە لە نێو گوتاری ھاوبەشی کۆماری ئێسلامیدا شتێک ھەیە کە لە بەرامبەر لایەنی بەرامبەر یا دژبەرەکەی کە گوتاری رۆژئاواییە مانا پەیدا دەکات. وەک چەمکی ئیسلامی سیاسی کە دەتوانێ دالی ناوەندیەکەی ویلایەتی فەقیە بێت لە بەرامبەر لیبێرالیسم وەک دالی ناوەندی گوتاری رۆژئاوایی.
لە مێژووی سیاسی کورددا بە تایبەت دوای ئەو قۆناغەی کە بزووتنەوەی کورد لە سەر دەستی حیزبایەتی و رێکخراوە سیاسییەکاندا مەیداندارێتی دەکات، چەند بیر و بۆچوونی جیاواز لە مەڕ بابەتەکانی پێوەندیدار بە کۆمەڵگای کوردی و پرسە سیاسیەکانی لە ئارادایە کە ھەر کام پێک ھێنەری گوتارێکی تایبەتن، دیارە تەواوی ئەم گوتارانە نەیانتوانیوە ھێژمۆن بن و گوتارێک کە لەوانی دیکە جەزابیەتی بۆ کۆمەڵگا زیاتر بووە بۆتە گوتاری زاڵ و ئەوانی دیکە وەک وردە گوتار لە نێوان یەکتردا رەقابەتیان کردووە، ئەگەرچی لە بنەمادا ئەویتری(دیگری) ئەو گوتارانە گوتاری دەرەکی یا دژبەرانی کوردوستان بوون بەڵام لە مەیدانی رەقابەتدا بە کردەوە ئەویترێکی دیکە بوونی ھەبووە کە گوتاری زاڵی کوردی و وردە گوتارەکان بوون. ھۆکاری سەرەکی پێک نەھاتنی گوتاری ھاو بەشی کوردی لە نێوان گوتاری زاڵ و وردە گوتارەکاندا ساز بوونی ئەویترێکی بەھێزی نێوخۆیی لە پەنا ئەویتری دەرەکیدایە، کە وێنەی مێژوویی زۆر لە خەسارەکانی ساز بوونی ئەم ئەویترە ناوخۆییە لە مێژووی کورددا لە بەردەستدایە، کە لێرەدا ئاماژە بە دوو نموونەی خەسارەکانی ساز نەبوونی گوتاری ھاوبەشی کوردی لە دوو بەشی کوردستاندا بۆ پشت راست کردنەوەی ئەم باسانە دەکرێ.

بەشی کۆتایی

پرسی رێفراندۆم لە باشوری کوردستان لە چوارچێوەی گەورە گوتاری( گفتمان کلان) بزووتنەوەی کوردیدا و لە سەردەستی پارتی و بەشێکی یەکیەتی کە پێکھێنەری گوتاری زاڵی کوردی لەم قۆناغەدا بوو دێتە ئاستی ئەنجام بوون و دەنگی زۆرینەی جەماوەری کوردستان دەھێنێتەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە پێش رێفراندۆم چەند لایەنی وەک گۆڕان، کۆمەڵ و نەوەی نوێ کە ھەر کام سەر بە گوتار یا وردە گوتارێک بوون دژایەتی ئەم پرسە دەکەن و لە سەردەمی بانگەشەی ئەم پرسەدا ئەویترێکی بە ھێزی ناوخۆیی لە نێو گوتاری سیاسیاندا پێک دێت کە ئەو ئەویترە گوتاری نەتەوەیی بە نوێنەرایەتی پارتی و باڵێکی نێو یەکیەتی بوو، لە نێوان ئەم حیزبانەدا کە دەبوو گوتارێکی ھاوبەش بە ئەویترێکی دەرەکیەوە ساز بێ تا بتوانێ پرسی رێفراندۆم بکاتە پرسێکی نەتەوەیی و لە بەرامبەر بەغدا و ھێزە دژبەرەکاندا بە یەک گەڵاڵەی ھاوبەش لە سەر بنەمای گوتارێکی ھاوبەشەوە ڕووبەڕوو ببنەوە، ڕووی نەدا. دیارە ساز بوونی گوتاری ھاوبەش بە مانای سڕانەوەی وردە گوتارەکان و زاڵتر بوونی گوتاری زاڵ نیە بەڵکو بە مانای ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ گوتاری دەرەکیە لە سەر یەک واتای ھاوبەش. بۆ وێنە لە پرسی رێفراندۆمدا دەبوو گوتاری ھاوبەش لە بەرامبەر گوتاری دەرەکیدا کە گوتاری بەغدا و دژبەرەکانی رێفراندۆم بوو، پێک بێت، واتە دەبوو ھەموویان ئەویترێکی دەرەکیان بایە، نە ئەوەیکە رێفراندۆم ببێتە ساز بوونی ئەویترێکی بە ھێزی نێوخۆیی و وردە گوتارەکانی کوردوستان بەرامبەر بە پرسی رێفراندۆم ڕابوەستن، بە چەشنێک کە ئەم کێشەیە پاش رێفراندۆم ببێتە ھۆی بەدەستەوەدانی کەرکووک و ناوچە کێشە لە سەرەکان و ناکام مانەوەی کورد لەم قۆناغەدا.
-شۆڕشی ساڵی ٥٧ی ئێران و مەسەلەی کورد؛ دوای شۆڕشی گەلانی ئێران چەند رێکخراوی سیاسی لە ساحەی سیاسیدا بوونیان ھەبوو کە دەتوانین ئەم رێکخراوانە لە چوارچێوەی سێ گوتاری جیاوازدا پۆلین بەندی بکەین؛ ١.گوتاری نەتەوەیی کە حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتی دەکرد ٢.گوتاری مەزھەبی کە مەکتەبی قورعان نوێنەرایەتی دەکرد ٣. گوتاری چەپی مارکسیستی کە کۆمەڵە یا حیزبی کمونیست نوێبەرایەتی دەکرد.
ئەوەیکە ئەم گوتارانە چ تایبەتمەندیەکیان ھەیە پێوەندیەکی بە باسەکەی ئێمەوە نیە، باسی سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە لەو سەردەمدا لە نێوان ئەم گوتارانەدا گوتارێکی ھاوبەش پێک نەھات.
دوای شۆڕش و سەقامگیر بوونی ھێزی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکان و داوای خودموختاری لە لایەن جەریانە سیاسیە نەتەوەییەکان و ڕوودانی شەڕ لە نێوان ناوەند و کوردوستاندا، پاش ماوەیەک شەڕ پرسی دانوستان و دیالۆگ ھاتە ئاراوە. سەرەڕای حەولێکی زۆر بۆ سازان لە چوارچێوەی خودموختاریدا، بە ھۆی نەبوونی گوتارێکی ھاوبەش لە نێوان گوتارەکانی ئەو سەردەم، کە دەکرێ بڵێین گوتارە زاڵەکەی گوتاری نەتەوەیی بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات بوو، ئاکامێک بەدی نەھات. لە لایەکەوە ئەم لایەنە واتە گوتاری زاڵ باسی لە سازان لە سەر شەش مادە دەکرد، لە لایەکی دیکەوە لایەنی چەپ بە سازشکاری تۆمەتبار دەکردن و باسی لە کێشەیەکی گەورەتر بە نێوی کێشەی حکومەتی کارگری لە چوارچێوەی مارکسیسم لینینیسم دا و لە لایەکی دیکەشەوە جەریانی مەزھەبی بە نوێنەرایەتی مەکتەبی قورعان باسی لە ھاودەنگ بوون لە گەڵ ناوەند وەک دەسەڵاتێکی مەزھەبی دەکرد کە ھیچ پێوەندیەکی بەو بابەتەوە نەبوو کە گوتاری زاڵ نوێنەرایەتی دەکرد. ئاکامی ئەم کۆک نەبوونە لە سەر چەمکێک و پێک نەھاتنی ئەم گوتارە ھاوبەشە، بوو بە ھۆی ناکامی کورد لەو بەشە و بە ئاکام نەگەیشتنی ھیچ کام لە ویستەکانی وەک خودموختاری ئیسلامی ئەحمەدی موفتیزادە، نیزامی سیاسی سوسیالیستی بە خوێندنەوەی کۆمەڵە و خودموختاریەکەی حیزبی دێموکرات و شەش مادەکەی دوکتور قاسملو کە ئەگەری جێبەجێ بوونی زیاتر بوو. ئەوەی لەو قۆناغەشدا روویدا ئەوە بوو کە ئەویترێکی بەھێزی ناوخۆیی لە گوتاری سیاسی لایەنەکاندا ساز بوو کە گوتاری زاڵی کوردی کردبووە ئامانج. ھەڵبەت ئەوەیکە ھەر کام لەم شکستانە ھۆی دیکەشی بووە حاشا ھەڵنەگرە بەڵام ئەم باسەی ئێمە تەنیا ھۆکاری نەبوونی گوتاری ھاوبەشی کردۆتە بابەتی بەرباس.
لە ئاکامدا دەتوانین بڵێین ئەویتری ناوخۆیی گوتاری سیاسی وردە گوتارەکانی کورد و تەنانەت گوتاری زاڵیش ھێندە بە ھیزە کە ئەویتری دەرەکی دەکەوێتە پەراوێزەو و ئەم گوتارە ھاوبەشە کە دەبێ لە دەوری ئەویتری دەرەکی ساز بێت ھەرگیز ساز نابێت.
ئەویتری بەھێزی ناوخۆیی و ساز نەبوونی ئەویترێکی ھاوبەش و کۆک نەبوون لە سەر یەک خاڵ بۆ پێک ھاتنی گوتاری ھاوبەش لە نێوان گوتارە جیاوازەکانی کوردیدا دەبێتە ھۆی شکانی سەنگەرەکانی کەرکوک، کرانەوەی دەروازەکانی عەفرین و ھەرەس ھێنانی سنە و مەھاباد و زۆر خەساری دیکە کە دەکرێ چاوەڕوانیان بین.

دوکتۆر ئازاد محەممەدیانی

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان