د. جەلیل عەباس نادر، مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەددین
پێشەکی:
بێ گومان مانەوە و بەردەوامیی سیستەمێکی سیاسی لە چوارچێوەی وڵاتێکی سەربەخۆ، زۆرتر لە هەر فاکتەرێکی دیکە، بۆ دروستبوونی ناسنامهی نەتەوەییی لەو وڵاتە دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەمە بە بڕوای نووسەر، بارودۆخی هەنووکەییی عێراق زۆرتر لەوەی کە دەرەنجامی دەستێوەردانی دەرەکی بێت، بۆ دروستنەبوونی ناسنامهی نەتەوەیی لەم وڵاتە دەگەڕێتەوە، چونکە لەم وڵاتە لە سەرەتای دروستبوونییەوە هەتاکوو ئێستا ناسنامهیهکی نەتەوەیی دروست نەبووە. لەبەر ئەمە بەپێویستی دەزانم کە لە چەند بابەتێکدا باسی بابەتی ناسنامه، ناسنامهی نەتەوەیی و کاریگەریی دروستنەبوونی ناسنامهی نەتەوەیی لەسەر سیستەمی سیاسیی عێراق بکرێت.
چەمکی ناسنامه:
بێ گومان پێشینەی بابەتی ناسنامه (Identity)، بۆ سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە. هەر لە کۆنەوە مڕۆڤەکان هەوڵیان داوە خۆیان، قەوم و تائیفە و نەتەوەکەیان پێناسە بکەن و جیاوازییەکانى نێوان خۆیان و کەسانی دیکە دیاری بکەن. لە ڕاستيدا چەمکی ناسنامه وەڵامێکە بۆ ئەم پرسیارانە: ئێمە کێین و بە چ شێوەیەک خۆمان بناسێنین؟ وەڵامی ئەم پرسیارانەیە کە دەبێتە هۆی دروستکردنی جیاوازیی نێوان کەسێک لە کەسێکی دیکە و، بەهاکانی کهسێک لە کەسێکی دیکە جیا دەکاتەوە و، پەیوەندی و ئینتیمای کەسێک بە گرووپێک پیشان دەدەات و، لە کۆتاییدا ناسنامهی کۆمەڵایەتیی ئەو کەسە دیاری دەکات و، نیشان دەدات کە ئەو کەسە کێیە؛ پەیوەندیی بە چ کۆمەڵگهیەک هەیە و ئەو بەهایانە دیاری دەکات کە باوەڕی پێی هەیە.
وەڵامی پرسیارەکانی سەرەوە لە چوارچێوەی سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان جیاواز دەبێت. چەمکی ناسنامه و ئەو شیکردنەوەیه کە بۆی دەکرێت، هەموو کاتێک لە بەردەم گۆڕانکاریدایە و ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هاوئاهەنگن. هەرچەندە چەمکی ناسنامه لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا تا ڕاددەیەک چەمکێکی نوێیە بەڵام یەکێک لەو چەمکانەیە کە زۆر لەسەری باس و گفتۆگۆ کراوە. زانایانی بواری دەروونناسی، کۆمەڵناسی، سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و جوگرافیا، هەر کامیان تیشکیان خستووەتە سەر گۆشەیەک لەم چەمکە و بە شێوازی جیاجیا پێناسەیان بۆ کردووە.
پێناسە:
ناسنامه بە مانای "كێبوون" (كێیهتی) دێت؛ واتا کەسێک، یان گرووپێک بە چ شێوەیەک پێناسەی خۆی دەکات و، دەیەوێت چۆن خۆی لە ڕێگەی چەند فاکتەر و بنەمایهکی کهلتووری، مێژوویی و جوگرافیایی بە لایەنی بەرامبەر بناسێنێت. ناسنامه تایبەتمەندییەکە کە دەبێتە هۆی جیاوازیی نێوان تاک و قەوم و کۆمەڵگهیهک، لە تاک و قەوم و کۆمەڵگهیهکی دیکە. ناسنامه پێناسەیهکە کە کەسێک لە بوونی خۆی دەیکات و وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە: من چیم و، چیم دەوێت؟
ناسنامه بەو تایبەتمەندییانە دەگوترێت کە دەبێتە هۆی جیاوازیی کەسێک لەگەڵ کەسێک، یان کەسانی دیکە؛ ئەم تایبەتمەندییانە بریتین لە: ئایین، زمان، نەژاد، مێژوو، جوگرافیا و هتد. ناسنامه پەیوەندیی کەسێک لەگەڵ کۆمەڵگه نیشان دەدات. ناسنامه پڕۆسەی وەڵامدانەوەی هەر تاک و قەوم و نەتەوەیەک بەم پرسیارانەیە: لە ڕابردودا کێ بوونە و چۆن بوونە؟ بە واتایەکی دیکە سەر بە کام قەوم و نەتەوە و نەژاد بوونە؟ شوێنی سەرەکییان کوێ بووە؟ چ فەرهەنگ و شارستانییەتێکیان هەبووە و چ ڕۆڵێکیان لە گەشەپێدانی شارستانییەتی جیهانی هەبووە؟
ئاستەکانی ناسنامه:
بە مەبەستی تێگەییشتنی باشتر لە چەمکی ناسنامه، پێویستە كه ئاستەکانی ناسنامه دیاری بکەین. گرنگینەدان بە ئاستە جیاوازەکانی ناسنامه، دەبێتە هۆی ئەوەی تا تێکەڵاوی لە نێوان ئاستە جیاوازەکانی ناسنامه دروست بێت و توێژەران و لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکان بەهەڵە ئاستێکی ناسنامه لە جیاتی ئاستێکی دیکە بەکار بێنن و، بەم شێوەیە دەبنە هۆی سەرلێشواوی و تێنەگەییشتنی خوێنەران. یەکێک لە باشترین پۆڵێنکارییەکان بۆ بابەتی ناسنامه، لەبەرچاوگرتنی سێ ئاستی کەسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیییه.
ئاستی یەکەم: ناسنامهی کەسی (Personal Identity)
بنەڕەتیترین و یەکەم وشیاری لەسەر ناسنامه، کاتێک لای تاک دروست دەبێت کە تاک پەیوەندی لەگەڵ خانەوادە دروست دەکات و پاشتریش جۆری ڕەگەزی خۆی دەناسێت. بە گوتەیەکی دیکە، یەکەم ناسینەوەی منداڵ لەسەر بنهمای پەیوەندی لەگەڵ خانەوادەی، واتا دایک و باوک، خوشک و براکان و پاشتر خزم و کەسوکاری نزیک و دوورە. کەواته ناسنامهی کەسی، دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی نێوان تاک لەگەڵ خانەوادە و کەسوکاری و، پاشتریش بۆ ناسینەوەی جۆری ڕەگەزی. ئەمە بەربڵاوترین و یەکەم جۆری ئاستی ناسنامهیە لە کۆمەڵگهی مرۆڤایەتی. لەبەر ئەمە دەتوانین بڵێین ناسنامهی کەسیی جۆراوجۆر نییە، بەڵکوو تاک تەنیا یەک ناسنامهی خانەوادەیی و یەک ڕەگەزیشی (نێر یان مێ) هەیە.
ئاستی دووەم: ناسنامهی کۆمەڵایەتی (Social Identity)
بهپێچهوانهی ناسنامهی كهسی، ناسنامهی كۆمهڵایهتی جۆراوجۆره. ئهم جۆره له ناسنامه، كه له پەیوەندیی نێوان تاك لهگهڵ کۆمەڵگه و ژینگهی كۆمهڵایهتی دروست دهبێت، دهتوانێت چهندین جۆری جیاوازی ههبێت. تاك له پاش تێپهڕبوونی چهند قۆناغێك له تهمهنی، دهچێته گۆڕهپانی کۆمەڵگه و ڕووبهڕووی كهسانی دیكه دهبێتهوه كه له ڕووی بههاكانهوه یان لهو نزیكن یاخود جیاوازن. لهم قۆناغهدایه كه بابهتی "کەسی دیکە، یان ئەوانی دیکە" بە شێوەیهکی ئۆتۆماتیکی و بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی تاک لەگەڵ ژینگە دروست دەبێت.
لە ئاستی ناسنامهی کۆمەڵایەتی، تاک دەتوانێت هەڵگری چەندین ناسنامهی جۆراوجۆر بێت وەکوو: ناسنامهی پیشەیی، ناسنامهی تائیفی، ناسنامهی قەومی (ئیتنی)، ناسنامهی حزبی، ناسنامهی ئایینی و، هەروەها چەند جۆر ناسنامهی لاوەکی کە پەیوەندیی بە چەند پرسیک وەکو وەرزش، هونەر و چالاکییه کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە هەیە. هەروهك پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، ناسنامهی کۆمەڵایەتی بەراورد بە ناسنامهی کەسی، بەئاسانی گۆڕانکاریی بەسەر دێت، بۆ نموونە تاک دەتوانێت ناسنامهکانی وەکوو ناسنامهی پیشەیی، وەرزشی، هونەری و حزبیی خۆی بگۆڕێت بەڵام لە هەمان کاتدا و لە ئاستی ناسنامهی کۆمەڵایەتییشدا چەند ناسنامهیهک کەمتر و زۆر بەزەحمەت تووشی گۆڕان دەبن یان هەر ناگۆڕدرێن و، تاکەکان ئامادە نابن وفاداریی خۆیان بهنیسبەت بەم ناسنامانە بگۆڕن وەکوو: ناسنامهی ئایینی و قەومی (ئیتنیكی).
ئاستی سێیەم: ناسنامهی نەتەوەیی (National Identity)
ناسنامهی نەتەوەیی، گشتگیرترین و لە هەمان کاتدا باوەڕپێکراوترین ئاستی ناسنامهیە لە هەموو سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان. گرنگیی چەمکی ناسنامهی نەتەوەیی، بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی ناسنامه، ئەو کاریگەرییە زۆرەیە کە لەسەر بەشە جیاوازەکانی ژیان لە هەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتی هەیەتی. بۆ نموونە ناسنامهی نەتەوەیی لە چوارچێوەی سیاسەت، ئامانجەکان دێنێتە دی و ڕەوایی بە دەسەڵات دەبەخشێت و ڕێژەی کارتێکەری (نفووز)ی دەباتە سەر.
کەواته ناسنامهی نەتەوەیی کە هەندێک کەس بە "ناسنامهی بنچینەیی" ناوی دەبەن، بەربڵاوترین و گرنگترین ئاستی ناسنامهیه بۆ تاک و، بەراورد بە جۆرەکانی ناسنامهی کۆمەڵایەتی دەوامی زۆرترە و گۆڕانکاریی کەمتری بەسەردا دێت. زۆر جار هەروەکوو ناسنامهی کەسی، هەر تاکێک تەنیا یەک ناسنامهی نەتەوەییی هەیە؛ تەنانەت ئەو کەسانەی هەڵگری دوو یان چەند ڕەگەزنامەن، لە کۆتاییدا یەک ناسنامهی نەتەوەیی بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن و خۆیان سەر بەو کۆمەڵگه دەزانن کە باوباپیرانیان لەوێ ژیاون و لەو کهلتوورە گەشەیان کردووە. گرنگیی ناسنامهی نەتەوەیی لەمه سەرچاوە دەگرێت کە پەیوەندیی بە نیشتمان، مێژوو و کهلتوورێکی تایبەتهوه هەیە. لێرەدا بەتایبەتی نیشتمان زۆر گرنگە؛ هەر کەسێک تەنیا یەک نیشتمان و وڵاتی هەیە کە هەست دەکات پێوەی گرێ دراوە و وابەستەیە پێی، نە زۆرتر.
هەندێک لە زانایانی سیاسی، کۆمەڵناسی و جوگرافیا بنەماکانی ناسنامهی نەتەوەیییان دیاری كردووه. به شێوەیەکی گشتی لە جوگرافیا، "نیشتمانی هاوبەش" و "مێژووی هاوبەش" بە بنەمای سەرەکی زانراون. لە زانستە سیاسییەکان، "سیستەمی سیاسیی هاوبەش"، "نەتەوە" و "میلییەت" واتا Nationality بە بنەمای سەرەکی زانراون و، لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، "زمانی هاوبەش" ، "ئایینی هاوبەش" و "داب و نەریتی هاوبەش" بە بنەمای سەرەکی دانراون. بێ گومان ناسنامه دیاردەیهکە کە لە هەموو ئەم بنەمایانە و، هەروەها بنەمای فەرهەنگی پێک هاتووە.
9/3/2018