بەرزان عەلی حەمە
گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئێستای كورد نه‌بوونی ئایدۆلۆژیایه‌كه كه ئاراسته‌ی بكات، ئایدۆلۆژیا چییه؟ یانی هه‌رشتێك كه ئیمكانی مانه‌وه‌ی له زیهنی به‌رامبه‌ردا هه‌بێت و ناچار یان گوێڕایه‌ڵ به په‌یڕه‌وكردنیان بكات! بۆ نه‌ته‌وه‌كانی تر، دین، مه‌زهه‌ب یانژی كۆمۆنیزم، له قۆناغێكدا ئایدۆلۆژیایه‌كی باش بووه كه هه‌موویانی به‌ره و ئامانجێك یه‌ك ده‌نگ و ئاراسته كردووه، كورد هه‌ر سێكیانی بۆ خه‌ڵكانی دی تاقی كردووه‌ته‌وه و ته‌نیا بۆخۆی نا!
ڕۆژگارێك به‌یه‌ك فه‌توا له ئاستانه‌وه هه‌زاران كورد خۆیان به‌ستووه و چوونه‌ته غه‌زای ڕووس و ته‌ته‌ر و ڕۆم! به‌بێ ئه‌وه‌ی بپرسن له‌سه‌ر چییه؟! پاشان كه ورده ورده له ڕێی شعر و مه‌لا و ئه‌ده‌بیاته‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی (یه‌ك قیچ) هۆشیار بووه‌ته‌وه، یه‌كسه‌ر به‌دووی یه‌ك دوو كتێبی ما‌و و ماركس و ئه‌نجڵس و یه‌ك دوو وتاری ستالین كه‌وتوون و بوونه چه‌پ، ئه‌ها ده‌یان وت: له مۆسكۆ باران بباریبایه له سلێمانی و هه‌ولێر خه‌ڵكانێك هه‌بوون چه‌تریان هه‌ڵده‌دا؟! ئه‌دی بۆچی ئێستا هیچ شتێك تۆ كۆناكاته‌وه؟ نه كوردایه‌تی! نه نیشتمان! نه حیزب! نه دین! ده‌ی تۆ له‌وه‌ته‌ی هه‌یت، یان وه‌كو قه‌ومێك هه‌ڵه ده‌كه‌یت، یان هه‌ڵه‌ی قه‌ومی ده‌كه‌یت، تكایه خۆت چاككه، سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك ده‌مێكه به‌جێی هێشتویت!
ئه‌مه‌ریكا جیهانی قووت داوه، ئاسمانی به مانگی ده‌ستكردو ده‌ریا و زه‌ریاكانی به پاپۆڕ و ناڤیگه‌یشنی ئاگرپاره ته‌نیوه، ده‌ستی له كاروباری هه‌موو زینده‌وه‌رانی سه‌رزه‌وی وه‌رداوه، له‌هه‌رشوێنێك مرۆڤایه‌تی هه‌بێت ئه‌مه‌ریكا و سه‌ربازه‌كانی ده‌ستیان پێی ده‌گات، كه‌چی ئاواش دۆناڵد ترامپ دێت و ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ریكا به‌هێز ده‌كه‌ینه‌وه، شكۆمه‌ندی بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌گێڕینه‌وه، خه‌ڵكه‌كه‌ش ده‌كه‌ونه شوێنی و ده‌یانه‌وێت ئه‌مه‌ریكایان به‌قه‌ولی خۆیان بۆ به‌هێز بكاته‌وه!
كه‌چی لێره‌ش كورده نه‌گبه‌ته‌كه‌ی ئێمه، كه له هه‌ر حه‌وت ته‌به‌قه‌كه‌ی ئاسمان ئه‌ستێره‌یه‌كی ئه‌وی تیا نییه و له هه‌ر حه‌وت قاڕه‌كه‌ی زه‌مین، سه‌رباز و سه‌فاره‌تێكی ئه‌وی لێ نییه و هه‌ر ڕۆژه‌ی له ژێر شه‌ق و شاپی پاسدار و جوندی و جه‌ندرمه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ردایه، دێت و به‌هه‌مان وه‌زنی ئیمام و سوڵتان و وه‌لیهفه‌قیهه‌كان ده‌ڵێت: ڕیفراندۆم هه‌ڵه بوو! ئێستا وه‌ختی ده‌وڵه‌ت نییه!
جا خۆی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م تۆن ومیلۆدییه‌ش بڕۆیت، نه‌ك ڕیفراندۆم، به‌ڵكو هه‌ر وجودی كورد و حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و پێشمه‌رگه‌ش هه‌ڵه‌یه، قسه‌كردن به‌كوردیش هه‌ڵه‌یه، كوره ته‌نانه‌ت حه‌یران و سیاچه‌مانه‌ش كه به‌فه‌همی ئیمپریالیزمی ئێرانی و توركی و عه‌ره‌بی و كرێگرته‌كانیان، مادام مه‌غزایه‌كی كوردییانه‌ی هه‌یه و له‌وانه‌یه كوردێك هان بدات بۆ خۆشویستنی نیشتمانه‌كه‌ی، كه‌واته زیانه بۆ ئه‌منی ئه‌وان و هه‌ڵه‌یه!
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م لۆژیكه، هه‌موو شۆرشه‌كانی كورد مادام دژ به یاسا و نیزامی ئه‌وان بووه، هه‌ڵه‌یه و ده‌بوو كورد ده‌ستی لێ هه‌ڵگرتنایه، هه‌ر وه‌ك چۆن ئه‌مڕۆ ڕیفراندۆم كه بۆ تۆ(عه‌دل و حه‌ق و حه‌قیقه‌ته)و بۆ ئه‌وانیش هه‌ڵه‌یه! تۆ ده‌بێت دیدی ئه‌وان له‌پێ بكه‌یت، بۆ تۆ هه‌موو كاتێك گونجاوه شكۆی خۆتی تیا دروست بكه‌یت!
كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێستای كورد، له دیدی دوژمنه‌كانییه‌وه هه‌نگاوه‌كانی خۆی ده‌پێوێت، تۆ ببینه ئه‌گه‌ر له‌وپه‌ڕی دونیاوه هێزێكی به‌ربه‌ری و هۆڤانی بێت و په‌لاماری كورد بدات، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری ببنه‌وه، نه‌وه حازر و بێ ئه‌زموونه‌كه، ئه‌و به‌ربه‌ریه‌ت و ده‌ستدرێژیكارییه‌ی دوژمن نابینێت و ڕه‌فتار و هه‌نگاوه‌كانی خۆی وه‌ك به‌هانه‌یه‌ك بۆ هاتنه‌كه‌ی ئه‌وان لێكداداته‌وه، ئه‌مه یانی بابایه‌كی تورك، فارس و عه‌ره‌ب، هه‌ركاتێك پێی خۆش بوو كه‌له‌خوتوخۆڕایی كوردێك بكوژێت، ئه‌وه خه‌تای كورده‌كه‌یه، چونكه نه‌یتوانیوه خۆی به‌هێز و حازر بكات!
ئه‌مه رێك وه‌ك ئه‌وه وایه سێ كه‌س به تفه‌نگه‌وه بێن من بمكوژن، پۆلیسیش له‌بری ئه‌وه‌ی لۆمه‌ی بكوژه‌كان بكات و ده‌ستگیریان بكات، بێت و بڵێت: خه‌تای كوژراوه‌كه‌یه كه ئازا نه‌بووه، خه‌تای كوژراوه‌كه‌یه كه پێشتر مشوری خۆی نه‌خواردووه و خۆی به‌هێز نه‌كردووه! ئه‌مه ده‌قیقه‌ن لۆژیكی ئێستای نه‌وه‌یه‌كی بێ ئه‌زموون و دونیانه‌دیده‌ی كورده، ئه‌و فه‌همه‌ی كه له‌وپه‌ڕی كیشوه‌ره‌كانی دونیاوه ئه‌گه‌ر هێزێك په‌لاماری كورد بدات، هه‌ر خه‌تای كورده چونكه ئازا نییه! چونكه گه‌نده‌ڵه! چونكه نه‌وت شه‌فاف نییه! چونكه فڵان... چونكه فیسار!ئه‌مه كوردستانی به‌رۆژێك گه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر خوانه‌كرده ده‌وڵه‌تێك به‌جدییه‌ته‌وه په‌لامارمان بدات، ئه‌وه به هه‌فته‌یه‌ك كۆتاییمان پێ دێت!
ئێ ئه‌مه كه‌ی لۆژیكه بۆ ئاراسته‌كردنی كۆمه‌ڵگه؟ عه‌ره‌ب به یه‌ك فه‌توا دووسه‌د هه‌زار نه‌عل له‌پێیان چه‌كداركرد و به‌یه‌ك فه‌رمانیش ناردیانه سه‌ر تۆ، یه‌ك نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس و منه‌وه‌ر و ده‌مه‌وه‌ریان نه‌بوو كه به‌هه‌ڵه‌ی بزانێت، كه‌چی حه‌شدی شه‌عبی دێت، تۆ هه‌ر جنێو به هێزه‌كانی خۆت ده‌ده‌یت، ئێران تۆپبارانت ده‌كات، هه‌ر لۆمه‌ی خۆت ده‌كه‌یت، توركیا دێت، هه‌ر قسه به په‌رله‌مان و حكومه‌تی خۆت ده‌ڵێیت!
په‌رله‌مان و حكومه‌تی تۆ، تا ئه‌و شوێنه موقه‌سیرن به‌رامبه‌ر به مافه فه‌ردییه‌كانی تۆ، كه ئیداره و ئابوورییه‌كی باشیان بۆ وڵاته‌كه‌ت بونیاد نه‌ناوه، گه‌رنا كه ئێران و توركیا نامه‌ردانه پێ به‌سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤدا ده‌نێن و جیهان له‌به‌رامبه‌ریاندا كه‌ڕ و كوێر ده‌بێت، تۆ بۆ لۆمه‌ی ئه‌م ته‌ماحكاری و ئیحتیلاله‌ی ناكه‌یت؟
خراپه‌ی یه‌كێتی و پارتی چه‌نده‌ش زۆر بێت، ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی كه هاتنی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك هێزێكی دوژمنكار به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ت لۆمه نه‌كه‌یت، تۆ حكومه‌ته‌كه‌ت ئه‌گه‌ر زۆر باش بێت، زۆر خراپ بێت، زۆر دیموكرات و پێشكه‌وتووش بێت، ئێران و حه‌شدی شه‌عبی هه‌ربه‌چاوی دوژمنكارانه‌وه لێی ده‌ڕوانن، بۆ توركیا هه‌ر به‌پێوه بونی تۆ زه‌ره‌ره، كه‌واته ئه‌وه‌ی كه یه‌كێتی و پارتی له رووی ئیداره‌دانی هه‌رێمه‌وه خراپن، ناكاته ئه‌وه‌ی كه تۆ هاتنی حه‌شدی شه‌عبیت بۆ كه‌ركوك به‌لاوه ئاسایی بێت!
٧/٢/٢٠١٨