ولادیمێر ڤان ویڵخنبێرخ
پاش ئەوەی پارتە كوردییەكانی سووریا گەیشتنە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی ئیدارەیەكی هاوبەش و ژمارەیەك شاری كوردییان لە سووریا گرتەدەست، تەحەدای دووەمیان ئەوەیە كە چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ توركیا دەكەن. بەپێی پەیماننامەی ئەدەنە، توركیا مافی ئەوەی هەیە ئەگەر پێویستیكرد كورد لە ناوەوەی سووریاش بۆمباران بكات. بەم دواییانەش سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی دەوڵەتەكەی لە پارتی كرێكارانی كوردستان PKK دەدات، تەنانەت ئەگەر بڕۆنە نێو خاكی سووریاشەوە. بەر لەساڵی 1998، سووریا میوانداریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و PKKی كرد. دوای ئەوەی توركیا كەوتە هەڕەشە لە سووریا، حكومەتی سووریا بڕیاری دەركردنی ئۆجەلانیدا و لە هەمان ساڵدا لە شاری ئەدەنەی توركیادا پەیماننامەیەكی لەگەڵ توركیادا واژۆكرد كە رێگەدەدات توركیا بە قووڵایی پانزدە كیلۆمەتر بێتە نێو خاكی سووریا بۆ لێدانی PKK . پاش واژۆكردنی ئەو پەیماننامەیە، توركیا و سووریا كەوتنە هاوكاریكردنی یەكتر لەدژی PKK ، بۆیەش ئەو پارتە چالاكییەكی وای لە سووریادا نەما، تاوەكو ئەوكاتەی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD دامەزرا، كە رۆڵێكی گەورەی گێڕا لە راپەڕینی ساڵی 2004ی قامشلۆدا. هەروەها لەوەتەی پشێوییەكانی ئەم دواییە لە سووریا دەستیانپێكردووە PYD كەوتووەتە خۆی و رۆڵێكی چالاك دەگێڕێ لە رووداوەكاندا.
هەرچەندە PYD بەوە تۆمەتبار دەكرێ كە هاوكاریی رژێمی ئەسەد دەكات، بەڵام ئەو پارتە بەردەوام ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە. تەنانەت چەندینجار شەڕیشی لەدژی سووپای ئەسەد كردووە. هاوكات شەڕی هەندێك لایەنی كوردی نزیك لە سووپای ئازادی سووریا (ئۆپۆزیسیۆن)یشی كردووە. لەڕاستیدا ئەوەی PYD دژایەتییان دەكات بریتین لە: رژێمی ئەسەد، دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی (كە دەكاتە دەستتێوەردانی توركیا لە كاروباری سووریادا) و سووپای ئازادی سووریا (كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانیی لێدەكرێت).
لەگەڵ ئەوەشدا بەم دواییانە سەركردەیەكی PYD رایگەیاند كە پارتەكەی زۆرتر هاوسۆزی هەیە لەگەڵ سووپای ئازادی سووریا نەك لەگەڵ رژێمی ئەسەد. ئەوەی ئێستاش پێكهاتنی لەسەركراوە ئەوەیە كە ئەو سووپایەی ئۆپۆزیسیۆن خۆی لە ناوچە كوردییەكان بەدوور دەگرێت و تەنیا لە ناوچە عەرەبییەكاندا چالاكی دەنوێنێ.
دەكرێ ئەو گریمانەیە راستبێ كە ئەسەد بەئەنقەست ناوچەی كوردییەكانی بۆ كورد بەجێهێشتووە تاوەكو بەوە ئازاری توركیا بدات، بەڵام زۆرتر ئەو گریمانەیە راستە كە ئەسەد ناتوانێ كۆنترۆڵی ئەو هەموو ناوچانە بكات كە ئێستا لە سووریا كێشەیان تێدایە. دەكرێ ئەسەد بیەوێ جارێ تەركیز لەسەر دیمەشق و حەلەب بكات، نەك خۆی بە ناوچە كوردییەكانەوە سەرقاڵ بكات. ئەسەدیش لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەیەكی توركی رەتیكردبووەوە هیچ پەیوەندییەكیان بە PKKەوە هەبێت. بۆیە ئەو كەسانەی دەیانەوێ قایلمان بكەن كە PYD پەیوەندی بە رژێمی ئەسەدەوە هەیە، هەوڵی بێهوودە دەدەن.
ئێستا هەموومان دەبینین كە PYDی سەر بە PKK لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد (پێكهاتوو لە پانزە پارتی كوردی دیكە) گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ دامەزراندنی ئیدارەیەكی هاوبەش. ئەویش لەڕێگەی ئەنجوومەنێكی باڵای كوردییەوە كە ئەركی ئیدارەكردنی ناوچە كوردییەكان (قامشلۆی لێدەرچێت)ی لەئەستۆیە. ئەم رێككەوتنەش دوای ئەوەهات كە لە هەولێر هەموو لایەنەكان بە چاودێری مەسعود بارزانی كۆبوونەوە و پێكهاتن.
ئەم گۆڕانكارییە وایكرد كە میدیای توركی بە ترسەوە باس لە ئەگەری دامەزراندنی حكومەتێكی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردانی سووریا بكات كە هاوشێوەی عێراق بێت، بەڵام لەلایەن PKKەوە كۆنترۆڵكرابێت. توركیا لەوە دەترسێ كە PKK ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمییە وەك بنكەیەك بەكاربێنێ بۆ ئەنجامدانی كردەوەی سەربازی لەدژی توركیا. بۆیە دەوڵەتی توركیا دەستیكرد بە جوڵاندنی هێز بۆ ناوچەی نوسێبین، كە نزیكە لە سنووری ناوچەی كوردی سووریا.
هەموو كەس لەوە تێدەگات كە توركیا دەترسێ لە دامەزراندنی هەرێمێكی خۆبەڕێوەبەر لەلایەن PKKەوە لەنێو خاكی سووریادا. كارل بیلد، وەزیری دەرەوەی سوێدیش نیگەرانی خۆی لەوبارەوە لەڕێگەی تویتەرەوە راگەیاندووە. چونكە ئەگەر PKK لەنێو خاكی سووریادا ئیدارەیەكی هاوبەشی لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی كورددا هەبێت، ئەوكاتە ئەو پارتە زۆرتر دەبێتە خاوەنی شەرعیەتی نێودەوڵەتی. دروست وەك ئەو شەرعیەتەی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، لەدوای ساڵی 1991 ەوە پەیدایانكرد. ئەویش بەوەی كە ناوچەیەكیان كەوتەدەست و بوونە بەڕێوەبەری ئیدارەیەكی هاوبەش.
ئەگەر PKK ناوچە كوردییەكانی سووریای بەكارهێنا بۆ رێكخستن و ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر توركیا، ئەوە رەنگە بەوهۆیەوە توركیاش دەستبكات بە بۆمبارانكردنی ئەو ناوچانە. وەك چۆن توركیا هەمان كار لەگەڵ ناوچە كوردییەكانی عێراقیش دەكات. ئەمەش هەلی بەشداریكردن لە ئیدارەی مەدەنییانە لە PYD دەستێنێتەوەو بەشێوەیەكی نەرێنیش دەشكێتەوە بەسەر كوردانی سووریادا.
ئەوەی گرنگە PYD لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی كورددا پێكەوە بیكەن بەڕێوەبردنی ناوچەكانیانە بە باشترین شێوە. هەروەها پاراستنی ئەو ناوچانەشە لەهەر هێرشێك كە بكرێتە سەری. هاوكات پێویستە PYD و پارتە كوردییەكانی دیكە هاوكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بكەن بۆئەوەی دیموكراسی لە سووریادا دەستەبەر بكرێت.
ئەگەر PYD ناوچە كوردییەكانی سووریا لەدژی توركیا بەكارنەهێنێت، ئەوكات دەتوانێ هاوكاربێ لەوەی كە توركیاش لەناوەوەیدا زۆرتر دان بە مافی كوردەكاندا بنێ و واقیعی كوردانی سووریاش وەك خۆی قبوڵ بكات.