پەیڕەو ئەنوەر
ئێران بەوە ناسراوە یەکەیەکی دژە کوردییە و هیچ فەرهەنگێکی نییە بۆ ژیان و مانەوە لەگەڵ کورد. دیارە ئەم دیدە بەو مانایە دێت کە ئێران سیستم تەنیا بۆ خۆی بەرهەم دێنێت و تەنیا بۆ خۆیشی لەناویدا دەژیت و ئەوانی تر فڕێ دەداتە دەرەوەی سیستمەکەوە. ئێران کورد لەسەر سنوور و لەناو بەفر و تۆفاندا بەئەنقەست بکوژێت، یا ڕووداوێکی سروشتی کورد بکوژێت، یەک مانای سیاسیی بۆ ئەو هەیە و هیچ خەمێکی ڕاستەقینەی لێ لەدایک نابێت. دەکرێت بڵێین دونیای ئێرانی ئێستا، دونیایەکە خەون بە هۆلۆکۆستێکی گەورەوە دەبینێت لە ڕێگەی سروشتەوە بۆ کورد.
وادەردەکەوێت ئەم ویستەی ئێران بمانباتەوە بۆ چەمکی تۆتالیتاریزم لای (هانا ئارێنت)، ئەم ژنە فەیلەسووفە پێداگری لەسەر کۆمەڵێک بنەمای تۆتالیتاریزم دەکات بۆ قووتدانی کۆمەڵگە و ئەوانی تر. ئەوانەی هیچ هێڵێکی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایدۆلۆژی لەگەڵ ناوەندەکانیان کۆیان ناکاتەوە و سەرەنجام دەبن بە هێزێکی زۆر پەراوێزخراو و پلە دوو و پلە دەی نێو ناوەندە زاڵەکە.
بەشێک لە ڕۆژنامەکانی ئێران لەوانە (ڕۆژنامەی ئێران، ئیعتیماد، قانوزن، جامیعەی فەردا و هونەرمەند ... هتد) بە زمانی کوردی و شێوەزاری کرماشانی دەستیان بە نوزانەوە و لاوانەوە کردووە، بەهۆی کارەساتی بومەلەرزەکەی کرماشان و چەند ناوچەیەکی تری خۆرهەڵاتی کوردستانەوە، لەکاتێکدا ئێران تا ئێستا ئامادە نییە هاوکارییە دەرەکییەکانی وڵاتانی دونیا قبووڵ بکات بۆ قوربانی و ڕزگاربووەکان، ئەمە جیا لەوەی خۆرهەڵاتی کوردستان خاوەن ژێرخان و بونیاتێکی زۆر لاوازە، بەهۆی سیاسەتی ئاخوندەکان و پەراوێزخستنی کورد لەلایەن ڕژێمی ویلایە فەقییەوە.
دەکرێت ئەم دۆخە وا وێنا بکەین کە ئێرانیزم لە کاتی فشاردا پەنا بۆ بەکارهێنانی سیمبۆڵ دەبات. زمانی کوردی و ڕۆژنامە بە زمانی کوردی لە ئێران قەدەغەیە، بەڵام مانشێت و سەردێرێکی سۆزداری ئاساییە!
(پیەر بۆردیۆ) ئەم دۆخە ناو دەنێت بەسیاسیکردنی خەون و داواکان و خولیاکان. چۆن لە زەمەنێکی کورتدا مارکێتینگ بۆ شوناسێکی ڕاستەقینە دەکەیت و لە یادەوەرییە گشتییەکەشدا دەیسڕیتەوە و دەیکەیت بە تابۆیەکی گەورە لە بونیاتی کۆمەڵایەتی و پانتاییە گشتییەکەدا.
هاوخەمییەکانی ئێران بۆ کورد درۆیەکی گەورەی سیاسی و فەرهەنگییە و ئێرانی ئێستە وەک بونیاتێکی مەزهەبی هیچ کات ناتوانێت مانیفێستۆی خەمخواردن و هاوخەمی لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی خۆی بەش بکات و خەمی ئەوانی تر بکات بە هی خۆی!
هاوکاریی مرۆیی وەک سۆفت پاوەر (تورکیا دەیەوێت لە سلێمانی بەدوای سێبەری ئێرانەوە بێت) دیارە تورکیا بەهۆی مەسەلەی ڕیفراندۆمەوە لە هەرێم تووڕەیە! تووڕەبوون واتە دوو ئەکتەری سیاسی بۆشاییەکانی نێوانیان گەورە و فراوان دەبن، خاڵی هاوبەشیان کەم دەبێتەوە. تورکیا ئەمڕۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات و لە ڕێگەی ئیبراهیم خەلیلیشەوە یارمەتیی مرۆیی و کۆمەک بۆ بومەلەرزەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی دەربەندیخان دەنێرێت. دیارە ئەمە پەیوەستە بە هەردوو هێزی (نەرم و ڕەق) لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دبلۆماسییەکاندا. بۆردومانکردنی سنوور وەک هێزی ڕەق، یارمەتیی مرۆیی بۆ نێو چەقی شارەکان وەک هێزی نەرم، بەتایبەت بۆ پارێزگای سلێمانی کە تورکیا دەمێکە هەوڵی ئەوە دەدات لە سلێمانی ئامادەیی هەبێت. وەها دەبینرێت تورکیا مەسەلەی یارمەتیی مرۆیی هاوشێوەی سکۆڵەرشیپەکانی خوێندن و دراما تورکییەکان وەک هێزی نەرم بەکار بێنێت، بەتایبەت ئەو شوێن و ناوەندانەی کە نەتوانێت بەئاسانی تێیدا بژیت. هاوکاریی مرۆیی جیا لە ڕەهەندە مرۆییەکەی قووڵاییەکی سیاسیی فراوان و کاریگەرییشی هەیە. تورکیا لەڕابردوودا بەهۆی بومەلەرزە گەورەکەی ساڵی ١٩٩٩ەوە هاوکارییەکانی وڵاتی یۆنانی کۆنە دوژمنەکەی قبووڵ دەکات و وەردەگرێت. پێچەوانەی ئێران کە یارمەتییەکانی ڕەت کردووەتەوە بەتایبەت لەلایەن وڵاتانی خۆرئاواوە! وادەردەکەوێت ئێران بیەوێت بەشێوازێکی سیمبوڵی بڵێت دونیای ئێرانی زۆر لەوە بەهێزترە بکەوێت و داڕمێت، یا ئەگەر کەوتیش خۆی دەتوانێت پایەکانی خۆی نۆژەن بکاتەوە نەک ئەوانی تر.
10/12/2017