ۆفڕا بێنگیۆ/ هائارێتس
لە ئینگلیسییەوە: مەسعوود مەناف
ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتانی عەرەبی ڕوییدا، چەخماخەی پێشکەوتنێکی لێڵی تری لە ناوچەیەکی کەمتر ناسراو بەڵام ستراتێژیک لە سێ گۆشەی عێراق، تورکیا و سووریا لێدا. ناوچەیەک کە دەکرێ ناوی "کوردستان"ی لی بنیین. ئاکامی ئاشکرای ئەو گۆڕانکارییانە دەتوانێ ببێ بە هۆی شکڵگرتنی دەوڵەتێکی کوردی بە ویشکایی گرێدراو لە عێراق. دەوڵەتێک کە هەوڵ دەدات داڵانێک بۆ خۆی بکاتەوە تا بگاتە دەریای مەدیترانە. ئەگەر بێت و ئەو هەوڵە سەربگرێ، ئاواتی لەمێژینەی کوردەکان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕاستی نزیک دەبێتەوە. گەلۆ چەندە مومکینە کە سیناریۆیەکی لەم چەشنە لە ئارادابێ و چ فاکتۆرگەلێک دەتوانێ یارمەتیدەری وەڕاست گەڕانی بێت؟
گرینگترین نیشانەی هێزگرتنی ئەو سیناریۆیە، دوا پێشهاتەکانی سووریان کە کوردەکان توانیان بە باشی ئەو هەلە بقۆزنەوە کە لە ئاکامی شۆڕشی سووریا دا خوڵقا. کوردەکان توانیویانە بە هۆی ئەو بۆشاییە کە لە هەرێمەکەیان درووست بوو، کۆنترۆڵی ئەو بەشە لە سووریا بگرنە دەست و ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی بکەن.
"ئێمە کوردستانمان دامەزراند و تازەش ئامادە نین لە دەستی بدەین". ئەوە مانشێتی باوی ئەو ڕۆژانەی مێدیایی تورکیا سەبارەت بە سووریایە.
هەندێک لە چاودێران، لە سەر ئەو بڕوایەن کە بەشار ئەسەد لە پشت ئەو جووڵەیە.
هەرچۆنی کە بێ، کوردەکانی سووریا خەریکە ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەن کە بە بەردێک، چەند چۆلەکە بکوژن! بەرزکردنەوەی نرخی مامەڵە لەگەڵ دەمێشق، بەهێزترکردنی هەڵوێستی خۆیان لە بەرانبەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریا[کە تا ئێستا هیچ مەیلێکی لە خۆی نیشان نەداوە کە داخوازییە نەتەوایەتییەکانی کوردان قەبووڵ بکات]، و دانی ئەو پەیامە بە تورکیا کە جارێ ئەو با لە فکری کوردەکانی خۆی دابێ و دوا ئامانج، نزیکبوونەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دژکردەوەی هیستریک و پڕ لە دڵەڕاوکێی مێدیایی تورکیا بەرانبەر بەو گۆڕانکارییانەی کە لە کوردستانی سووریا دەقەومن، لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێ کە ٨٠٠ کیلۆمیتر سنووری هاوبەشی تورکیا لەگەڵ کوردستان، خەریکە دەگاتە ١٢٠٠ کیلۆمیتر. نیگەرانی تری تورکیا لە شکڵگرتنی کوردستانێکی گەورەتر یا لانیکەم دووهەمین کوردستان لە سەر سنوورەکانییەتی و ئەوەش دەتوانێ ببێتە هۆی سازبوونی کێشەیەکی تر و هاوکات ورووژاندنی کوردەکانی تورکیا.
شارەداری دیاربەکر "عوسمان بایدەمیر" وتبووی کە کوردەکان خەریکە چەند کوردستانی ئۆتۆنۆم، کە خاوەنی دراوێکی هاوبەش دەبێت، دادەمەزرێن و پێتەختەکانیشیان شارەکەی خۆی دیاربەکر، هەولێر، قامیشلوو و مهاباد لە ئێران دەبێت.
نیگەرانییەکانی تورکیا سێ هۆکاری سەرەکی هەیە. گرینگترین نیگەرانی تورکیا لەوەیە کە "پارتی یەکێتی دێمۆکراتیک"، ڕێکخستووترین حیزبی ناو ئۆپۆزیسیۆنی کوردی سووریا، کۆنترۆڵی ئەو بەشە لە کوردستان بگرێتە دەست. حیزبێک کە نزیکایەتییەکی زۆری لەگەڵ پارتی کارێکارانی کوردستان[ڕێکخراوێکی چەکداری شۆڕشگێڕ لە تورکیا] هەیە و بەو شێوە مومکینە کوردستانی ئازادکراوی سووریا ببێتە بنکەیەکی پارێزراو بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا. ئەوەش لە نۆبەی خۆی دا دەبێتە هۆی ورووژانی زیاتری کوردەکانی تورکیا و لاساییکردنەوەی براکانیان لە سووریا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیانە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەوڵ دەدات تا لە ڕێگەی کوردستانی سووریا و ناوچە سنوورییە کوردنشینەکانی تورکیاوە، خۆی بگەیەنێتە دەریا ئازادەکان.
ستراتێژیست و چاودێرانی سیاسی تورکیاش، لە بەرانبەر ئەو هەڕەشە چەند لایەنەی کە هەستیان پێکردووە پێشنیار دەکەن کە تورکیا هەرێمێکی پارێزراو لە سەر سنووری لەگەڵ کوردستانی سووریا پێکبێنێ و هاوکات هەوڵی ڕازیکردنی کوردەکانی خۆی بدات.
لە لایەکی ترەوە فاکتۆرێکی گرینگ و شوێندانەر لە سەر ئەو سێگۆشە کوردییەی کە باسمانکرد هەیە کە بە "رۆڵی تورکیا" ناوی دەبەین. پارتی داد و گەشە[AKP] کە ماوەی نزیک بە دە ساڵە دەسەڵاتداری تورکیایە، سەرقاڵی پیادەکردنی سیاسەتێکی نوێ لە هەمبەر کوردەکانی ئەو دیو و ئەم دیوی سنوورەکانییەتی. سیاسەتێک کە مرۆڤ دەتوانێ بە "سیاسەتی مامەڵەکردنێکی پڕ لە دووفاقیەت " وەسفی بکات.
ئاکەپە بۆ چارەسەری کێشەی کورد تەنانەت ئامادەبووە کە وتووێژ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانیش بکات بەڵام بە درێژایی زەمان دەرکەوتووە کە ئاکەپە هەنگاوێک بۆ پێشەوە داوێ و دوو هەنگاو دەکشێتەوە دوایە و ئەوەش ئاکامەکەی نابێتە لاوازکردن و لەناوبردنی پەکەکە وەک تورکیا ئاواتی بۆ دەخوازێ.
هاوکات ئاکەپە هەنگاوی گرینگی سەبارەت بە زمان و کولتوری کوردی هەڵێناوە ئەگەرچی هەزاران چالاکی کوردیشی خستۆتە ناو گرتووخانەکان، شتێک کە هێزگرتنی بەرچاوی کوردە ناسیۆناڵیستەکانی لێکەوتۆتەوە.
هەمان سیاسەت لە ڕەفتاری ئانکارا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دا دەبینرێ. جار هەیە لەناکاو پێوەندییەکان گوڕ و تینێکی زۆر بەخۆوە دەبینن و دواتر بە هەمان خێرایی، ساردییەکی مانادار لەو پێوەندییانە دا درووست دەبێ.
هەمووی ئەوانەش نابێتە هۆی شاردنەوەی ڕاستییەک کە گرێدراوی لەڕادەبەدەری کوردستان بە تورکیایە. ئانکارا بە بێ ڕەزامەندی بەغدا، کۆمەڵێک گرێبەستی نەوت و گاز و ڕاکێشانی هێڵی گواستنەوەی وزەی لەگەڵ هەولێر واژۆکردووە. ئەوەش لە کاتێک دایە کە تورکیا بەردەوام پێداگری لە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکاتەوە.
سێهەمین فاکتۆری گرینگ و شوێندانەر لە سەر سێگۆشە کوردییەکەی کە باسکرا، قووڵبوونەوەی پێوەندییە ناوخۆییەکانی کوردی ئەو سێ پارچەیە. پێشووتر، سنووری ئەو سێ کوردستانە، داخراو بوون. حکومەتی ناوەندی سێ وڵاتی ئاماژەپێکراو لەگەڵ ئێران، بەردەوام سەرقاڵی داڕشتنی پلانی ستراتێژیک بۆ سەرکوت کردنی هەرچەشنە بزوتنەوەیەکی کوردی و ڕێگرتن لە سازبوونی هاوسۆزی و پێوەندی نێوانیان بوون بەڵام لەو چەند دەیەی ڕابردوو دا، بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، بە چالاکیگەلی سنووربەزێن، پێوەندییەکان تا بڵەی زیادی کردووە و سنوورەکان توانایی پێشگرتن لە نزیکبوونەوەی کوردانیان نەماوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی نافەرمی لێهاتووە، بۆتە مۆدێلێک بۆ کوردستانی گەوره. چالاکانی هەموو پارچەکانی کوردستان، هاتوونەتە ئەو هەرێمە و سەرقاڵی هاوئاهەنگی، ڕێکخستن، پەروەردە و ئاراستەدارکردنی چالاکییەکانیانن. بۆ وێنە هەر لەو هەرێمە، هەژمارێکی ٧٠٠ کەسی لە کوردەکانی سووریا، مەشقی سەربازییان دیتووە تا بۆ کاتی پێویست ڕەوانەی قامیشلووی، نزیک لە سنوورەکانی حکومەتی هەرێم و گرینگترین شاری کوردستانی سووریا بکرێن.
بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد ئیتر لە هەموو پارچەکانی کوردستان گەشاوەتەوە. ئەو ئاڵۆزییەی کە لە ئاکامی شۆڕش و سەرهەڵدانی وڵاتانی ناوچە سازدەبێ مومکینە ببێتە هۆی گۆڕانی بنەڕەتی و ستراتێژیک لە نەخشەی جوگرافیایی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا.
وادیارە کە ئەو زلهێزانەی کە دوایی شەڕەی یەکەمی جیهانی، وڵاتی کوردانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەر چوار وڵاتی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا، دابەشکرد، چیتر لە کورد ناترسن.
هەر بۆیە ئیمکانی ئەوە کەمە کە پێش بە کورد، ئەو نەتەوە سی میلیۆن کەسییە بگیرێ، کاتێ بیهەوێ سنوورە دەستکردەکانی سەدەی بیستەم بسڕێتەوە و بە گەیاندنی خۆیان بە دەریا ئازادادەکان و دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لە سەدەی بیست و یەکەم دا، کۆتایی بەو کۆلۆنییانە بێنێ کە سەدەیەک زیاتر تێیاندا زیندانی کراوە.
- پڕۆفیسۆر ئۆفرا بەنگیۆ، سەرۆکی بەرنامەی لێکۆڵینەوە کوردییەکانی ناوەندی "مۆشە دایان" لە زانکۆی تێل ئاڤیڤی ئیسرائیل و نووسەری کتێبی "کوردەکانی عێراق، دامەزرێنەری دەوڵەتێک لە ناو دەوڵەتێک"ە.