هۆگر ئیبراهیم حەکیم
ژینگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی ئێستا سروشتی تۆڕێكی ئاڵۆزی وه‌رگرتووه، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌وا هه‌موو رووداو و پێشهاتێك به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به‌یه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه هه‌میشه گفتوگۆیه‌كی قووڵ هه‌یه له‌نێوان زانایانى زانسته سیاسییه‌كان (به‌تایبه‌ت بواری په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان) كه‌وا سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئاڵۆزییانه چۆن بتوانرێت سه‌قامگیریی ژینگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست بێت، به مانایه‌كی دیكه به چ شێوازێك وا بكرێت ئه‌م ژینگه‌یه به‌ره‌و كێبركێی توند و ناكۆكی و جه‌نگ نه‌چێت، به‌تایبه‌ت له ئه‌گه‌ری دروستبوونی واقعی نوێ‌دا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گفتوگۆكان له چوارچێوه‌ی دوو چه‌مكی سه‌ره‌كیدا چڕ بووەته‌وه، یان باشتره بڵێین گفتوگۆیه‌كان له‌نێوان دوو رێگه‌چاره‌دا گه‌نگه‌شه ده‌كرێن، ئه‌وانیش هاوسه‌نگیی هێز و سیسته‌می ئاسایشی به‌كۆمه‌ڵ. ئێستاش دواى ریفراندۆمی كوردستانییان، هه‌نگاوه دوژمنكارییه‌كانى حكوومه‌تی عیراق، به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر داگیركردنی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ئابلوقه خستنه‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان له رووی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازییه‌وه، گفتوگۆیه‌كی جدیی له‌سه‌ر ئایندهی سه‌قامگیری له عێراق و ناوچه‌كه ده‌ستی پێ كردووه. به‌شێك پێیان وایه ئه‌م رووداوانه قه‌یرانێكی هه‌رێمیی دروست كردووه و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه تێكده‌دات، له‌به‌رامبه‌ردا ده‌گوترێت ناوچه‌كه خۆی له‌به‌رده‌م قه‌یرانێكی راسته‌قینه‌دایه، دووباره داڕشتنه‌وه‌ی ناوچه‌كه پێویستییه‌كه بۆ راگرتنی سه‌قامگیری، له‌م رووه‌وه یه‌كلاكردنه‌وه‌ی قه‌یرانی په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر و به‌غدا یه‌كێكه له فاكته‌ره‌كانى سه‌قامگیری. لێره‌دا پێویسته بپرسین، ئایندهی ئه‌و كێشه‌یه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه بۆ تێكچوونی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه، یان فاكته‌رێكه بۆ راگرتنی سه‌قامگیری؟
ده‌توانین بڵێین هاوسه‌نگیی هێز بریتییه له بوونی دۆخێكی سه‌قامگیری رێژه‌یی كاتی، ئه‌م دۆخه له‌ژێر كاریگه‌ریی هێنانه‌كایه‌ی هه‌ندێ فاكته‌ری كاتییه بۆ راگرتنی هاوسه‌نگیی له‌نێوان هێزه دژه‌كان. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سیاسه‌تی هاوسه‌نگیی هێز یه‌كێكه له بنه‌ما پێكهێنه‌ره‌كانى قوتابخانه‌ی ریالیزم له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌و قوتابخانه‌یه هه‌وڵ ده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی كۆتایی به دیارده‌ی به‌كارهێنانی هێز بهێنێت، له‌كاتێكدا ده‌وڵه‌ت هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات پارێزگاری له بوونی خۆی و پێگه‌كه‌ی بكات، له‌میانه‌ی پرۆسه‌ی ململانێكردن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى هێزی زیاتر، بۆیه ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی هاوسه‌نگیی هێز نه‌بێت، ئه‌و هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌ده‌ستهێنانى هێز به جه‌نگ و تێكچوونی ناسه‌قامگیری كۆتایی دێت.
ئاشكرایه هه‌ر له‌گه‌ڵ دووباره له‌یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی پارچه ههڵوهشاوهكانى عێراق له 2003، ئه‌و راستییه هه‌میشه ئاماده بووه، كه عێراق جه‌سته‌یه‌كی پارچه پارچه بووه له‌ناوه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئاره‌زووی كورده‌كان دواى ده‌یان ساڵ له چه‌وساندنه‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆبوون و بوون به خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت روو له زیادبوونه. نه‌ته‌وه‌یه‌ك چه‌ندین شۆڕش به‌رپا كردبێت و چه‌ندین قوربانیى دابێت، به‌دڵنیاییه‌وه ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆییه. به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌مانه ئه‌گه‌ر سه‌یری مامه‌ڵه‌ى ئه‌و وڵاتانه بكه‌ین كه كورد یه‌كێكه له پێكهاته‌كانى، ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌ك ره‌فتار ده‌كه‌ن كه ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌ر گۆڕانێك له سنوور و پێكهاته‌ى ناوخۆیی و هه‌رێمی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه هاوسه‌نگیی هێز له ناوچه‌كه ده‌گۆڕێت. هه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌یه كه به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه و شۆڕشه كوردییه‌كان یه‌ك ده‌نگ بن، سه‌ره‌ڕای زۆریی جیاوازه‌كانى نێوانیان. به‌ڵام لێره‌دا پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، ئایا هه‌ر به راستی ئه‌و واقعه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌ستیان پێوه گرتووه واقعێكی نه‌گۆڕه و شایه‌نی گۆڕانكاری نییه؟
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه، ده‌بێ له خودی ئه‌و گۆڕانكارییه بڕوانین كه كورده‌كانى كوردستانی باشوور له عێراق و ناوچه‌كه دروستیان كردووه. گه‌ر له گۆشه‌یه‌كی دوور له دوایین هه‌وڵی كوردستانییان بڕوانین كه ریفراندۆمه بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ده‌بینین كه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كوردستانییان ته‌واو جیاوازه له هه‌موو ره‌فتار و گوتاری ده‌یان ساڵی رابردووه. ریفراندۆم جگه له‌وه‌ی خواستی راسته‌قینه‌ى كوردستانییان ده‌رخست بۆ سه‌ربه‌خۆبوون، خواستی ده‌وڵه‌ته داگیركاره‌كانی خاكی كوردستانیشی نیشان دا، كه هه‌میشه ئاره‌زووی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان هه‌یه. جگه له‌مانه، ئه‌م جاره سه‌ركردایه‌تیی كوردستان له هه‌موو گوتاره‌كانى پێش ریفراندۆم و دواى ریفراندۆمیش جه‌خت له‌سه‌ر چه‌مكێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌ویش (واقع)ه. له چوارچێوه‌ی تیۆری ریالیزمدا، واقع كۆڵه‌كه‌ی پشتی هه‌موو گۆڕانكارییه‌كانه، به‌و گۆڕانكارییانهشهوه كه ده‌بنه هۆی دووباره داڕشتنه‌وه‌ی هاوكێشه‌كانى هاوسه‌نگیی هێز.
هه‌ر رووداوێك زه‌مه‌نی به‌سه‌ر پێش رووداو و دوای رووداوه‌كه دابه‌ش كرد، ئه‌وا به واتاى دروستبوونی واقعێكی نوێیه. بۆ نموونه، سه‌ره‌ڕای كاره ناده‌ستوورییه‌كانی حكوومه‌تی عێراق، كه‌چی به هاوكاریی هه‌ندێ لایه‌نی كوردی توانیی واقعێكی نوێ له ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم دروست بكات، كه ئه‌ویش واقعی داگیركارییه، دواى ئه‌وه هاوكێشه‌ى هێز له‌و دوو واقعه‌دا ته‌واو جیاوازه. كه‌واته ده‌توانین بڵێین كلیلی گۆڕانی واقع رووداوه، بۆیه شتێك نییه به‌ناوی واقعی جێگیر و نه‌گۆڕ، به‌تایبه‌تی له ژینگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی ئاڵۆز و پڕكێشهدا. هه‌موو ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی سیاسه‌تی خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌گۆڕانی واقع داده‌ڕێژن له دۆخێكی ناسه‌قامگیردا ده‌ژین و هه‌موو رووداو و پێشهاته‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دروست ده‌كات، هه‌میشه ئه‌و گۆڕانكارییه نوێیانه‌ش كه هاوكێشه‌ی نوێ بۆ هاوسه‌نگیی هێز به‌رهه‌م دێنن، به جۆرێك له جۆره‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان نابێت، به تایبه‌ت كه سیسته‌می هاوسه‌نگیی هێز له‌و ناوچه‌یه له جۆری (هاوسه‌نگیی هێزی ئاڵۆزه). له‌كۆتاییدا ده‌كرێ بگوترێت، بۆ گۆڕانی ئه‌و واقعه پێویستمان به رووداوێكی نوێ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره به‌سوودوه‌رگرتن له هه‌ڵه‌كانى پێشتر، پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌نگاوی باشتر بچێته پێشه‌وه. یه‌كه‌مین هه‌نگاویش له‌م قۆناغه‌دا، پێداگیرییه له پێگه‌ى هه‌رێمی كوردستان و دروستكردنی واقعێكی سیاسیی نوێ، پاڵپشت به پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی.
5/12/2017