رووداو- کەرکووک
دوێنێ پێنج شەممە، ئەحمەد داود ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانەکەیدا بۆ کەرکووک بارەگای بەرەی تورکمانی بەسەر کردەوە و بۆ ژمارەیەکی بەرچاوی تورکمانەکانی کەرکووک دوا. (رووداو) دەقی قسەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ تورکمانانی کەرکووک بەبێ دەستکاری بڵاو دەکاتەوە: دوای 75 ساڵان من وەکو یەکەمین وەزیری دەرەوەی تورکیا دێمە کەرکووک، ئێوە زۆر چاوەڕوانی ئێمە مانەوە بەڵام بەڵێن دەدەم لەوە بەدواوە نەهێڵین ئەوەندە چاوەڕوانمان بمێننەوە. (ئامادەبووان بەیەکەوە دروشمی "داود ئۆغلۆ بەدخێر هاتی"یان دەگووتەوە). پێش ئەوەی بێمە ئێرە، ئاوازی مامۆستای مەزن عەبدوڵواحید گوزەلی ئۆغلۆ-م گوێداری کرد "چیا وانەی خۆڕاگری لەمن فێربوو، زنجیری پۆڵایین نەیتوانی من ببەستێتەوە بەڵام کەرکووک منی بەستەوە". (ئامادەبووان به گوێبیست بوونی ئەو پارچە شێعرە دروشمی "کەرکووک تورکە و تورک دەمێنێ"یان دەگووتەوە).
کەرکووک بۆ گۆرانیبێژێکی کەرکووک چەند گرنگ بێ بۆ ئێمەش ئەوەندە گرنگە.
عێراق بۆ تورکیا وڵاتێکی زۆر نزیک و دۆستە. سەرجەم دانیشتووانی عێراق برای ئێمەن. تورکمان، سریان، کورد، عەرەب.. هەموو عێراقییەکان بۆ ئێمە لە گیان ئەزیزترن. کاتێک رووداوێکی تاڵ یان هەواڵێکی ناخۆش لە عێراق روودەدات دڵی ئێمە پڕ لە کۆڵ دەبێ، بەڵام کاتێک لە کەرکووک هێرشێکی تیرۆریستی یان هەواڵێکی ناخۆش دێ و برا کەرکووکییەکانمان ئازاریان پێدەگات باوەڕبکەن ئاگر دەکەوێتە دڵی ئێمە و ئەو ئاگرە هیچکات خامۆش نابێ.
ئەگەر ئێوە لەناو خۆشی و ئاشتی دابن ئێمەش لە تورکیا لەناو خۆشی و ئارامی دادەبین. ئەگەر دڕکێک لە پەنجەتان رابچێت ئێمە لە تورکیا هەست به ژانی ئێوە دەکەین.
سڵاوی حکومەت و گەلی تورکیا بۆ ئێوە دەنێرم
من زۆر جار دەمەویست بێمە کەرکووک بەڵام لەبەر هۆکار نەمتوانیوە. من لەگەڵ سەرۆک وەزیران (تورکیا) کۆبوومەوە و بریارماندا بەبێ ئاگادارکردنەوە بێمە کەرکووک. پشت به خوا من دووبارە دێمەوە و بەیەکەوە کۆدەبینەوە. من سڵاوی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیر و حکومەت و هەموو خەڵکی تورکیا بۆ ئێوە دەنێرم. کەرکووک هەمیشە لە دڵی ئێمەدا جیگەی تایبەتی هەیە. لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوومەوە، من بەوانیشم گوت کەرکووک لە بنەڕەتدا شارێکی شارستانی کۆنی ئێمەیە. کەرکووک شارێکە کە به تورکمان و کورد وئاسووری تێیدا لەناو ئاشتی بەیەکەوە دەژین، لەوانەیە هەندێک بیانەوێ فیتنە دروست بکەن، رەنگە بیانەوێ برایەتی ئێوە تێک بدەن، بەیەکەوە لەدژی ئەو کەسانە دەرکەون و شاری کەرکووک وەک شاری ئاشتی و پێکەوەژیان بە بەردەوامی بهێڵنەوە.
هەمیشە بە هیوای هاتن بۆ کەرکووک بووین
تورکمان پێکهاتەی رەسەنی کەرکووکە و هیچکات ناسڕدرێتەوە. کەرکووک به هەموو پێکهاتەکانییەوە کەرکووکە. کەس ناتوانێ ناحەقی لەگەڵ هیچ یەک لە پێکهاتەکانی بکات. کەلتووری رەسەنی تورکمان لە کەرکووک نە تەنها سودی بە کەرکووک و عێراق گەیاندووە بەڵکو سودی به تورکیاش گەیاندووە. کەرکووک هەردەم لە بیری ئێمەدایە و لە منداڵییوە تا ئێستا ئێمە ئەو چیرۆکە گوێبیست دەکەین و بەو چیرۆکانە گەورە بووین. هیوای هاتن بۆ کەرکووک هەمیشە لە دڵی ئێمەدا بووە.
تورکیا بە هەموو توانایەک هەوڵ بۆ کەرکووک دەدات
ئێمە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگا زۆر بریارماندا، پشت بەخوا تورکیا بە هەموو توانایەک بۆ ئاوەدانی و ئاسایشی کەرکووک هەوڵ دەدات و یارمەری کەرکووک دەکات. کەرکووک هێمای یەکێتی و بەیەکەوەبوونی عێراقە ئەگەر لە کەرکووک ئاشتی بەرقەراربێ لە عێراقیش ئاشتی و ئارامی دبەرقەرار دەبێت، ئەگەر ئاشتی و ئارامی لە عیراق هەبێ ئەوا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئاشتی و ئاسایش بەخۆیەوە دەبینێ. خوای گەورە نیعمەتی زۆری به کەرکووک داوە و سەرچاوە سرووشتییەکان یەک لەو نیعمەتانەیە. بە خێر و بەرەکەتی ئەو سەرچاوە سرووشتیانە پێویستە ئەو شارە ئاوەدان بکرێتەوە. پێویستە کەرکووک نە تەنها لە عێراق بەڵکو لە سەرجەم جیهاندا ببێتە شاری نموونەیی و هەرە دەوڵەمەند و خۆشگوزەران. تورکیا بۆ ئەو ئامانجە هەمیشە لە خزمەت گەیاندن بە کەرکووک دەبێ. ئێمە لە خزمەتی کەرکووک دادەبین.
(لەو کاتە تورکمانێک هاواری کرد "تورکمان لە کەرکووک لەناو دەبەن هاوکاری ئێمە بکەن"، داود ئۆغلوش لە وەڵامدا گوتی "نا نا دڵنیابە شتی وا نابێ" ئامادەبووان بەیەکەوە دروشمی "بژی تورکمان بژی تورکمان"یان سەرهەڵدا)
تورکمان هەردەم لە کەرکووک دەمێنیتەوە و هیچکات لەناو ناچن. کەرکووک بەبێ تورکمان بوونی نابێ و ناتوانێ بژیت.
لەبواری ئابووری و کەلتووری ئەوەی لەدەست ئێمە بێ بۆ کەرکووک درێغی ناکەین. من بە بەڕێز نەجمەدین و هاوڕێیانی دیکەم راگەیاند لاپەرێکی سپی بدەن بەمن تا واژۆی بکەم و چی بۆ کەرکووک پێویستە بینووسن تا ئەنجامی بدەین تا لە کەرکووک ئاشتی ناوخۆیی بەرقەرار بێ.
خۆم تورکمانم و هەست به ئازارەکانتان دەکەم
ئێمە بڕیارمانداوە ئەوڕۆ شاری قونیای تورکیا و کەرکووک بەیەکەوە ببنە برا (دەستە خوشک) من تورکمانی قونیا و تۆرۆسم و هەربۆیە زۆرباش هەست بە ئێش و ئازاری ئێوە دەکەم.
لە کوێ برایەکی تورکمان هەبێ ئێمە خاوەندارێتیمان لێ کردووە و پاراستوومانە، هەمیشەش خاوەندارێتی لێ دەکەین. لە هەمانکاتدا تورکیا خاوەندارێتی لەهەموو مرۆڤایەتی دەکات. لەکوێ جیهان گەلیک خەمی هەبێ تورکیا خاوەندارێتی لێ دەکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ بارەگای بەرەی تورکمانی ئەو شێعرەی گووتەوە "کەرکووک بێ قەڵا نامێنێ من وادەڕۆم ئێوە بە شادی و خۆشی بمێننەوە".