ئاسۆ عه‌بدوللـه‌تیف
له عێراقدا هێزه‌كان سه‌رگه‌رمی گفتوگۆن بۆ ئاینده، ئه‌جێندای گروپه‌كانیش ئاشكرانین و نازانرێت كێ به‌رپرسه له دۆخی سیاسی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی نیشتیمانی و بۆچی شكۆی یاساكان و سیاسه‌تی گشتی وڵات و سه‌روه‌ری خاك و گشت پێوه‌ره‌كان شكێنران، ده‌ستوه‌ردان و له‌شكركێشی له عێراق بۆته دیارده‌یه‌كی ئاسایی و رۆتین، ته‌نانه‌ت دادگای فیدراڵی وه‌ك به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی، ناتوانێت رێگریی بكات له‌م پاشاگه‌ردانی و ده‌ستێوه‌رانه سه‌ربازی و ئه‌منیانه‌ی وڵات.
لێره‌وه كورد پێویسته خه‌ریكی كرده‌و مانۆڕی سیاسی بێت له‌ناو هه‌مان ئه‌و عێراقه شێواوه كلاسیكییه‌دا، به‌ڵام نه‌ك له‌و پنته‌ی كه شكستی لێوه‌خوارد، به‌ڵكو له پنت و جێگای دیكه‌وه، ئێ خۆ مرۆڤ ئه‌گه‌ر له‌ناو جه‌نگه‌ڵ و زیندانیش‌دا بێت نابێت ده‌ستبه‌رداری عه‌قڵانیه‌ت و ئیمكانی فیكری و فیزیكی خۆی بێت، بگره پێویسته سیاسه‌تی گونجاندن و خۆبه‌رێوه‌به‌ریی پیاده‌بكات بۆ به‌رگریی و مانه‌وه.
ئه‌م ماوه‌یه واز له نه‌وت و موشته‌قاته‌كانی بهێنن و كه‌مێكیش دوور بكه‌وونه‌وه له درووشمه باوه‌كانی وه‌ك ئازادی و كۆنسێبتی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، چونكه مه‌حاڵه عێراق به‌م شێوه‌یه بمێنێته‌وه، ده‌ركه‌وت له‌م عێراقه‌دا كه‌س پارێزه‌ری دیموكراسی نیه‌و ئه‌وه‌ی ئه‌مریكاش بانگه‌شه‌ی ده‌كات سه‌رابێكی وشكه، كاتیه‌تی یاری به‌و عه‌قڵه كلاسیكیانه‌وه بكه‌ین كه خه‌ریكی ریسك و توندڕه‌وین به‌ناوی دروستكردنه‌وه‌ی عێراقه‌وه، عێراق یان دروست ناكرێته‌وه یان كاتێك دروست ده‌كرێته‌وه كه لێك بترازێت و گه‌لان به ئازادی بژین و سه‌روه‌ری یه‌كدی بپارێزن و هێڵه شۆڤێنیستی و كۆلۆنیالیستیه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو كاڵ بكرێته‌وه به‌ته‌واوی.
ئاخر كه‌م نین ئه‌و گروپانه‌ی تائێستاش خه‌ریكن عێراق به‌ره‌و دیكتاتۆری و تاكڕه‌وی و جه‌نگی دینی و مه‌زهه‌بی و تۆخكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێڵ ستراتیجه شۆڤێنیستیانه ده‌به‌نه‌وه، كه به هیچ جۆرێك كورد ناكرێت به‌شێك بێت له‌و جه‌نگه، ره‌نگه مه‌به‌ستیشیان بێت كورد به‌شداربێت تێیدا.
مانۆڕ یان (المناوره) واتایه‌كی گرنگی هه‌یه‌و له كۆی فه‌رهه‌نگه عه‌ره‌بیه‌كاندا به واتای دانانی خشته‌ی ورد‌و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ی سیاسی دێت بۆ ئامانجێكی دیاریكراو و له‌باربردنی ستراتیجی به‌رانبه‌ر، مانۆڕ پرۆسه‌ی هیلاككردن و شێواندن و بێنهوبهردهو ته‌ڵه‌كه‌ی سیاسی ئه‌بستراكته، گۆڕینی مه‌ساری ئامانج و ئاراسته‌ی رێگا مه‌ترسیداره‌كانه بۆ رێگا‌و ناوچه‌یه‌كی ئارامترو پارێزراوتر، خۆنواندنێكی سیاسی و مه‌سجێكی سایكۆلۆژی ناراسته‌وخۆیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێك ئامانج كه له رێگاكانی تره‌وه به‌ده‌ستنه‌هاتوون، وه‌ك له فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بیدا هاتووه..
المُنَاوَرَةُ : تغيير مُسيطَر عليه لاتِّجاه أو حركة مَرْكَبة أو سفينة أو طائرة، عمل محسوب لإحباط خصم أو اكتساب ميزة بطريقة غير مباشرة.
كورد له‌م دۆخه‌دا ده‌بێت مانۆڕ بكات له‌به‌رانبه‌ر رێگریی له سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی بۆ سه‌ر هه‌رێم، مانۆڕ: سه‌ره‌تایه‌كه بۆ دانوستانێكی سه‌ركه‌وتووی پڕبه‌رهه‌م، به‌بێ مانۆڕی سیاسی و نواندنی هێزی شاراوه دانوستان سه‌ركه‌وتوو نابێت، له هونه‌ری كارگێڕییدا پێویسته ئه‌وله‌ویه‌تی دانوستان دیاری بكرێت و هێڵه‌كانی شاراوه‌بن وه‌ك ده‌وترێت ناكرێت سه‌ره‌تای دانوستان هه‌ر وشه‌ی به‌ڵێ و ملكه‌چی و رازی بوون بێت بۆ بهرانبهرچونكه هه‌ڵه‌یه‌كی باوه (لاتقل نعم أبداً للعرض الأول او المفاوضات والمناورات)
كرده‌ی دانوستان ده‌بێت نهێنی بێت و به‌رهه‌مهێنانی شتێك و تاقیكردنه‌وه‌ی شتێكی تربێت كه تاقی نه‌كرابێته‌وه، ترامپ ده‌ڵێت من ته‌نها ده‌مه‌وێت له مانۆڕه‌كانی سه‌رۆكه گه‌نجه‌كه‌ی كۆریا تێبگه‌م، چی ده‌كات و چی تاقی ده‌كاته‌وه، ئاخۆ راسته هه‌ڕه‌شه‌كانی یان كرده‌یه‌كی عه‌فه‌وی گه‌نجانه‌و سه‌رشێتانه‌یه به كڵاوه ئهتۆمیهكانهوهو مانۆڕی سیاسیه، ئایا كڵاوه یان موشه‌كی ئه‌تۆمی ته‌واوه‌و كۆریا تاقیدهكاتهوهو ئه‌مریكاش تۆقیوه؟ ئێمه‌ی كورد راسته نه كڵاوهكهیمان هه‌یه‌و نه موشه‌ك و نه چه‌تره‌كه‌ی، وه‌لێ ده‌توانین تۆزێك كڵاو بدورین و مانۆڕبكهین و لێزانانه ئه‌م قۆناغه تێپهڕبكهین .
مانۆڕی پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزو تواناكان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ كوتله به‌هێزه‌كان و ركابه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردن له به‌غداد كه هه‌موو چاویان له‌سه‌ر كورسی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه له‌دوای مانگی ئایاری 2018، ئه‌وه گرنگ نییه ئێستا كێ به‌هێزه، ئه‌وه گرنگه كورد ئه‌وه بزانێت له داهاتوو كێ به‌هێزده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دانوستانی له‌گه‌ڵ بكات ئه‌گه‌ر عه‌لاوی یان مالیكی و هاوئاوازهكانیشی بن، بێ هۆ نیه له ئێستادا حیزبێكی نوێ دروست ده‌كرێت به‌ناوی حیزبی "عه‌تا" له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شیعی فالح فهیازو خه‌ریكی ده‌رچونن له فه‌رمانه‌كانی عه‌بادی و خۆسازدان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده، بێ هۆ نیه عه‌سایبی ئه‌هلی حه‌ق و قه‌یس خزعه‌لی ده‌یه‌وێت باڵ و بازوهكهی هه‌ر سه‌ربازی نه‌بێت و سیاسیه‌كان به‌كاری بهێنن، به‌ڵكو ده‌خوازن له ئاینده بێنه ناو په‌رله‌مانه‌وه بۆكاری سیاسی، بێ هۆنیه سه‌رایا سه‌لامی موقته‌دا سه‌در، نایانه‌وێت له شه‌ڕی كورده‌وه بگلێن و كه‌ركوك به‌جێده‌هێڵن، ئێ هه‌موو ئه‌مانه درزی چونه ژوره‌وه‌ی كوردن و لهمپهرو سه‌رئێشه‌كانی به‌رده‌م عه‌بادین، وێرای خیلافاته عه‌قائیدی و سیاسیه‌كانی قوم و نه‌جه‌ف و كێشه‌ی لێدان له رهمزو مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ی عێراق و ململانێ مه‌زهه‌بیه‌كان و گه‌نده‌ڵی له شاره‌كانی خوارووی عێراق، هه‌موو ئه‌مانه ده‌روازه‌ی گه‌وره‌ن بۆئه‌وه‌ی كورد لێیه‌وه بچێته ژووره‌وه بۆ دانوستانی ئاینده‌و مانۆڕی سیاسی گرنگ، ره‌نگه دانوستان له‌گه‌ڵ عه‌بادی ته‌نها به‌رهه‌مه‌كه‌ی وه‌ستانی شه‌ڕو ناردنی تۆزێك موچه‌بێت به شێوه‌یه‌كی لاواز، وه‌ستانی كورد له‌به‌رده‌م ته‌نها ده‌رگایه‌كدا بۆچونه ژوره‌وه‌و دانوستان هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه، له‌كاتێكدا ده‌یان ده‌رگای دیكه هه‌ن كورد ته‌قولبابیان لێ بكات، بیركردنه‌وه له دانوستانی ژێربهژێرو مانۆڕ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی كه چاویان له ئایندهی عێراقه كارێكی ئیجابی و سیاسه‌تێكی زیره‌كانه‌یه، مانۆڕ‌و نواندنی نه‌رمی و ته‌وقه له‌گه‌ڵ ئه‌ویتر ره‌نگه هه‌رێم بباته‌وه قۆناغێكی به‌هێزتر له‌جاران، به‌ڵام كێ ئه‌م دانوستان و مانۆڕانه ده‌كات و رێكی ده‌خات و بكه‌ره‌كانی كێن؟ ئه‌وه‌یان جێده‌هێڵم به كراوه‌یی بۆ گفتوگۆی زیاتر.
4/12/2017