په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
ئێران به‌وه ناسراوه یه‌كه‌یه‌كی دژه كورده و هیچ فه‌رهه‌نگێكی نییه بۆ ژیانكردن له‌گه‌ڵ كورد و مانه‌وه له‌گه‌ڵ كورد. دیاره ئه‌م دیده به‌و مانایه دێت كه ئێران سیستم ته‌نیا بۆ خۆی به‌رهه‌م دێنێت و ته‌نیا بۆ خۆیشی له‌ناویدا ده‌ژیی و ئه‌وانیتر فڕێ ده‌داته ده‌ره‌وه‌ی سیستمه‌كه‌وه.
ئێران كورد له‌سه‌ر سنوور و له‌ناو به‌فر و تۆفاندا به ئه‌نقه‌ست بكوژێت یا ڕووداوێكی سروشتی كورد بكوژێت، یه‌ك مانای سیاسی بۆ ئه‌و هه‌یه و هیچ خه‌مێكی ڕاسته‌قینه‌ی لێ له دایك نابێت. ده‌كرێت بڵێین دنیای ئێرانی ئێسته دنیایه‌كه خه‌ون به هۆلۆكۆستێكی گه‌وره ده‌بینێت له‌ڕێی سروشته‌وه بۆ كورد.
ئه‌م ویسته‌ی ئێران ده‌مانباته‌وه بۆ چه‌مكی تۆتالیتاریزم لای (هانا ئارێنت)، ئه‌م ژنه فه‌یله‌سووفه پێداگری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌مای تۆتالیتاریزم ده‌كات بۆ قووتدانی كۆمه‌ڵگه و ئه‌وانیتر. ئه‌وانه‌ی هیچ هێڵێكی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زه‌وی و ئایدۆلۆجی له‌گه‌ڵ ناوهندهكانیان كۆیان ناكاته‌وه و سه‌ره‌نجام ده‌بن به‌هێزێكی زۆر په‌راوێزخراو و پله دوو و پله ده‌ی ناو ناوه‌نده زاڵه‌كه.
به‌شێك له ڕۆژنامه‌كانی ئێران له‌وانه "ڕۆژنامه‌ی ئێران، ئیعتیماد، قانوون، جامیعه‌ی فه‌ردا و هونه‌رمه‌ند ... هتد" به زمانی كوردی و شێوه‌زاری كرماشانی ده‌ستیان به نووزانه‌وه و لاوانه‌وه كردووه به‌هۆی كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی كرماشانه‌وه و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، له كاتێكدا ئێران تا ئێسته ئاماده نییه هاوكارییه ده‌ره‌كییه‌كانی وڵاتانی دنیا قبووڵ بكات بۆ قوربانی و ڕزگاربووه‌كان، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خاوه‌ن ژێرخان و بونیادێكی زۆر لاوازه به‌هۆی سیاسه‌تی ئایه‌توڵاكان و ئاخونده‌كان و په‌راوێزخستنی كورد له‌لایه‌ن ڕژێمی ویلایه‌ی فه‌قییه‌وه.
ده‌كرێت ئه‌م دۆخه وا وێنا بكه‌ین كه ئێرانیزم له كاتی فشاردا په‌نا بۆ به‌كارهێنانی سیمبۆل ده‌بات. زمانی كوردی و ڕۆژنامه به زمانی كوردی قه‌ده‌غه‌یه له ئێران، به‌ڵام مانشێت و سهردێڕێكیسۆزداری ئاسایییه. (پیه‌ر بۆردیۆ) ئه‌م دۆخه ناو ده‌نێت به سیاسیكردنی خه‌ون و داواكاری و خولیاكان، چۆن له زه‌مه‌نێكی كورتدا ماركێتینگ بۆ شوناسێكی ڕاسته‌قینه ده‌كه‌یت و له یاده‌وه‌رییه گشتییهكهشدا ده‌یسڕیته‌وه و ده‌یكه‌یت به تابۆیه‌كی گه‌وره له بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و پانتایییه گشتییه‌كه‌دا.
هاوخهمییهكانی ئێران بۆ كورد درۆیه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگییه و شیعه وه‌ك بونیادێكی مه‌زه‌وی، هیچ كات ناتوانێ مانیفێستی خه‌مخواردن و هاوخه‌می له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی به‌ش بكات و خه‌می ئه‌وانیتر بكات به هی خۆی!
هاوكاریی مرۆیی وه‌ك سۆفت پاوه‌ر
"توركیا ده‌یه‌وێت له سلێمانی به‌دوای سێبه‌ری ئێرانه‌وه بێت"
دیاره توركیا به‌هۆی پرسی ڕیفراندۆمه‌وه له هه‌رێم تووڕه‌یه! تووڕه‌بوون واته دوو ئه‌كته‌ری سیاسیی بۆشایییه‌كانی نێوانیان گه‌وره و فراوان ده‌بن، خاڵی هاوبه‌شیان كه‌م ده‌بێته‌وه. توركیا ئه‌مڕۆ سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆردمان ده‌كات و له ڕێی ئیبراهیم خه‌لیلیشه‌وه یارمه‌تی مرۆیی و كۆمه‌ك بۆ بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی ده‌ربه‌ندیخان ده‌نێرێت.
دیاره ئه‌مه پێوه‌سته به هه‌ردوو هێزی (نه‌رم و ڕه‌ق) له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماسییه‌كاندا. بۆردمانكردنی سنوور وه‌ك هێزی ڕه‌ق، یارمه‌تی مرۆیی بۆ ناو چه‌قی شاره‌كان وه‌ك هێزی نه‌رم، به‌تایبه‌ت بۆ پارێزگای سلێمانی كه توركیا ده‌مێكه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات له سلێمانی ئاماده‌یی هه‌بێت.
وا ده‌بینرێت توركیا پرسی یارمه‌تی مرۆیی هاوشێوه‌ی سكۆڵهرشیپهكانی خوێندن و دراما توركییه‌كان وه‌ك هێزی نه‌رم به‌كار بێنێت به‌تایبه‌ت ئه‌و شوێن و ناوه‌ندانه‌ی كه نه‌توانێ به ئاسانی تێیدا بژی.
هاوكاری مرۆیی جیا له ڕه‌هه‌نده مرۆیییه‌كه‌ی، قووڵایییه‌كی سیاسیی فراوان و كاریگه‌ریشی هه‌یه. توركیا له ڕابردوودا به‌هۆی بوومه‌له‌رزه گه‌وره‌كه‌ی ساڵی ١٩٩٩ه‌وه هاوكارییه‌كانی یۆنانی كۆنه دوژمنی قبووڵ كرد و وه‌ریگرت، پێچه‌وانه‌ی ئێران كه یارمه‌تییه‌كانی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن وڵاتانی خۆرئاواوه! وا ده‌رده‌كه‌وێت ئێران بیه‌وێت به‌شێوازێكی سیمبۆلی بڵێت دنیای ئێرانی، زۆر له‌وه به‌هێزتره بكه‌وێت و داڕمێت، یا ئه‌گه‌ر كهوتیش، خۆی ده‌توانێت پایه‌كانی خۆی نۆژه‌ن بكاته‌وه، نه‌ك ئه‌وانی تر.
28/11/2017