بارزان عەلی حەمە
سه‌د ساڵ پێش ئێستا، هه‌موو كێشه‌كانی كورد، نه‌بوونی شه‌كر و چای و سه‌ختی ژیان و كه‌می نان بوو، هه‌ر حكومه‌تێك، جا پاشایه‌تی یان كۆماری، ئه‌م شتانه‌ی بۆ خه‌ڵكدابین بكردایه، تاڕاده‌یه‌كی باش خه‌ڵكی گوێڕایه‌ڵییان ده‌كرد و كه‌س دژایه‌تی نه‌ده‌كردن،به‌ڵام ئه‌م شته‌ی كه ئێستا ئێمه پێی ده‌ڵێین (كوردایه‌تی)، ڕه‌وت و بارێكی نوێیه، به دابین كردنی شه‌كر و چای و پێدانی دوو به‌رمیل نه‌وتی زستان و مووچه‌ی مانگانه، نه‌ته‌وه‌یه‌ك ڕازی ناكرێت!
كێشه‌ی ئێستای كورد، كێشه‌ی قه‌ند و دیشله‌مه و به‌تانی و زۆپا نییه، هه‌موومان خۆمان ده‌دزینه‌وه له‌وه‌ی كه ئاریشه‌كان وه‌ك ناكۆكی نێوان كورد و عه‌ره‌ب یان كورد و فارس و كورد و تورك بناسێنین، به‌ڵام حه‌قیقه‌ته‌كه‌ش هه‌ر ئه‌مه‌یه، ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت، ئیلتیهابی سیاسی نێوان دوو نه‌ته‌وه‌یه، كه یه‌كێكیان سه‌رده‌سته‌یه و ئه‌ویدیكه‌یان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ددان به مافه‌كانیدا نانێت! نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش، به‌ڵكو ده‌یكوژێ و شار و گونده‌كانی وێران ده‌كات و ڕێگاش نادات به‌زمانه‌كه‌ی خۆی بخوێنێ و بدوێ!
ساڵی 1941 وه‌فدێكی كوردی كه پێكهاتبوون له قازی محه‌مه‌د، میرئه‌سعه‌د، حاجی بابا شێخ، ڕه‌شید به‌گ، زێڕۆ به‌گ و محه‌مه‌د قاسملوو، به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌ره‌و باكۆ ده‌كه‌ونه‌ڕێ. شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، له كتێبی (چل ساڵ خه‌بات له پێناوی ئازادی)، له‌باره‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌ی باوكییه‌وه ده‌ڵێت: "زۆر باشم له بیره كه له‌باكۆ هاته‌وه، چه‌ندین تاقه‌ند(كه‌لله شه‌كر)ی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو، تاپڕێكی باشیشی پێ بوو، وادیاره سۆڤێتییه‌كان قه‌ند و تفه‌نگ و شتی دیكه‌یان به‌دیاری دابوو به هه‌موو ئه‌ندامانی هه‌یئه‌ت. قه‌ند به‌تایبه‌تی زۆر به‌نرخ بوو، چونكه ئه‌وكاته له ئێران زۆر كه‌م و گران بوو، من ئه‌و كاره‌م زۆر پێ سه‌یر بوو، چونكه له‌ماڵی ئێمه براكانم و ئامۆزاكانم كه له من گه‌وره‌تر بوون، باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه بابم له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سی دیكه چوون بۆ باكۆ حه‌ق و ئازادی كوردان داوا بكه‌ن، بۆیه ڕاست و ڕه‌وان له‌بابم پرسی: ئه‌دی مافی كوردان چی لێ هات؟؟".
ئه‌گه‌رچی هێشتا هه‌ندێ كه‌س شه‌ڕ بۆ مووچه و سفرهكهیان ده‌كه‌ن،به‌ڵام ئیدی ئه‌مڕۆ كێشه‌ی كورد، قه‌ند و چای تێپه‌ڕاندووه، ڕژێمه‌كان گۆڕاون، پادشا و میر و فه‌رمانده‌كانی دوێنێ له‌نێو چوون، به‌ڵام ئه‌مانه‌ی ئه‌مرۆ دزێوتر و قهبیحترن، هه‌ر بۆنمونه: پێش شۆڕشی مه‌زهه‌بگه‌رای ئێران، 10 هه‌زار كه‌س له‌زیندانه‌كانی حه‌مه ڕه‌زا شاه دا بوون، كه‌چی ئه‌و ڕژێمه به دیكتاتۆر و سته‌مكار ده‌درایه قه‌ڵه‌م، به‌ڵام له‌دوای شۆڕشی ئیسلامی و هاتنه سه‌ركاری ئاخونده‌كان، ئێستا 600 هه‌زار كه‌س له‌زیندانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دان، كه زۆربه‌یان كوردن، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئێستا ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ئێرانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، هه‌ر له عه‌لی خامنه‌ئی ڕابه‌ری كۆماری ئیسلامییه‌وه بۆ زۆربه‌ی فه‌رمانده‌كانی سوپا، ناو و ناوبانگه‌كه‌یان له كوشتاری كورد و وێرانكردنی شار و گونده‌كانی كوردستان به‌ده‌ست هێناوه!
له ڕۆژی دروستبونیه‌وه هه‌تا ئێستا ئیسرائیل، ئێرانییهكی نه‌كوشتووه، ئێرانییهكی له‌سێداره نه‌داوه، گوندێكی ئێرانیی كاول نه‌كردووه، ژن و منداڵی ئێرانیی ئاواره و په‌راگه‌نده نه‌كردووه، كه‌چی نه‌ك هه‌ر حكومه‌تی ئیسرائیل، بهڵكومهوجودییهتی ئه‌و وڵاته لهسهرههسارهی زه‌وی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه، خومه‌ینی ئیسرائیلی به (غوده‌ی سه‌ره‌تانی) ناو ده‌برد، كه‌چی خۆیان ماڵی كوردیان كاول كرد، هه‌زاران گه‌نج و تازه لاوی كوردیان له سێداره دا، سه‌دان هه‌زار كوردیان ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر كرد، ئێستاش زیندانه‌كانیان پڕه له لاوی كورد، ده‌شیانه‌وێت كورد كۆماره مه‌زهه‌بییه‌كه‌ی ئه‌وان قه‌بووڵ بكات و ناڕازیش نه‌بێت!
له‌باشووریش، كورد كه به‌زۆر لكێنراوه به عێڕاقی عه‌ره‌بییه‌وه، نه ئه‌وسا به شانشینییه گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی فه‌یسه‌ڵ و نه ئێستاش به كۆماره خوێناوییه‌كه‌ی عه‌ببادی ڕازی نییه. ساڵی 1921 بۆ ئه‌وه‌ی شاهنشینێكی فاسید له‌عێراقدا دروست بكرێت، ئینگلیزه‌كان ڕیفراندۆمێكیان بۆسازدا، خه‌ڵكی سلێمانی به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌تیان كرده‌وه كه سه‌ر به عێراقی عه‌ره‌بی بن. جاڕچی به گه‌ڕه‌كه‌كانی شاردا ده‌گه‌ڕا و دهقیڕاند: كێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه سلێمانی سه‌ر به شانشینی عێڕاق بێت؟ ده‌نگدانه‌كه كه له‌نێو خه‌ڵكی هه‌ژار و ڕه‌ش و ڕووتدا به‌ده‌ست هه‌ڵبڕین بوو، به‌ڕێژه‌ی زیاتر له سه‌ددی نه‌وه‌د ڕه‌ت كرایه‌وه، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌شی كه خانووه‌كه‌یان بایی هه‌زار ڕیاڵ بوو، ده‌یان توانی به راسته‌وخۆ ده‌نگ بده‌ن، ئه‌م كه‌سانه‌ش ته‌نیا دووسه‌د كه‌س بوون و 190 كه‌سیان به‌شدارییان كرد و 163 كه‌سیان ڕه‌تیان كرده‌وه سلێمانی بخرێته سه‌ر عێراق!.
له‌مه‌ڕ كه‌ركوكیش، (سێرپرسی كۆكس) كه نوێنه‌ری به‌ریتانیا بوو له عێراق، ده‌ڵێت "سه‌رۆكه‌كانی شار، به‌ڵێنیان داوه به دڵی به‌ریتانیا ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام نه فه‌یسه‌ڵیان ده‌وێت و نه حكومه‌تێكی عه‌ره‌بییش!". به‌ڵام له‌و ڕیفراندۆمه‌دا نه حیساب بۆ ده‌نگی كورد و نه بۆ ده‌نگی شیعه كرا، به‌زۆر فه‌یسه‌ڵ سه‌پێنرا و كوردستان لكێنرا به‌م عێراقه شومه‌ی ئێستاوه، له 23/8/1921 فه‌یسه‌ڵی كوڕی شه‌ریف حسێنی مه‌ككه، به‌ده‌م سرودی (خوا پاشا بپارێزێ)، كرابه پاشای عێراق، نهكهركوك و نه سلێمانی، به‌شداری مهراسیمهكهیان نه‌كرد، ئیدی له‌وكاته‌وه تا ئێستا، كورد و عێراق، دوانه‌یه‌كی ناساز و نامۆن به‌یه‌كدی، كورده‌كان سه‌دان شۆڕش و ڕاپه‌ڕینییان دژ به حاكمانی زاڵم و جه‌للادی عێراقی عه‌ره‌بی ئه‌نجامدا، ئه‌وانیش سه‌دان شاری كوردیان وێران كرد، هه‌زاران گوندی كوردیان سڕییه‌وه، سه‌دان هه‌زار بێ گوناهی كوردیان تار و مار كرد، كاتێكیش میلله‌تانی تر هاتنه ده‌نگ، ته‌نیا وه‌كو كێشه‌یه‌كی مرۆیی لێیان ڕوانی و به سته‌مێكی سیاسی و دیرۆكی دژ به‌كوردیان نه‌دایه قه‌ڵه‌م، ئیدی لای ئه‌وروپاییه‌كان هه‌ر وه‌ك چۆن سه‌گ و پشیله و مار و تیمساحیش مافیان هه‌یه و نابێت ئه‌شكه‌نجه بدرێن و قڕ بكرێن، كوردیش هه‌ر وه‌كو گیاندارێكی گوناه و بێ په‌نا، ئه‌و مافه‌یان پێ ڕه‌وا دی و له‌سه‌ری به‌جواب هاتن، ساڵی 1991 كاتێك سوپای به‌عسییه‌كان ڕوو له‌كوردستان ده‌كه‌ن، ملیۆنان كورد له‌ترسی سه‌ربازه هۆڤانییهكانی سه‌دام هه‌ڵدێن بۆ سنووره‌كان، فه‌ره‌نسییه‌كان له وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ پێشوازی له‌كورد ده‌كه‌ن و تێكڕای گفتوگۆكهشیان هه‌ر له‌سه‌ر مافی مرۆڤ چڕ ده‌كه‌نه‌وه، دكتۆر مه‌حمود عوسمان كه یه‌كێكه له ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه، تووڕه ده‌بێت و ده‌ڵێت "ماڵ و حاڵی كورده‌كان ده‌سووتێ، خۆ من بۆ ئه‌وه نه‌هاتووم چادر و خێمه‌یان بۆ وه‌ربگرم!".
ئه‌مڕۆش كه 14ساڵ به‌سه‌ر له‌ناوچوونی به‌عسییه‌كاندا تێپه‌ڕیوه، عێراق هه‌ر له گۆمه خوێنه‌كه‌ی دوێنێی ده‌چێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ری عه‌لی ئه‌سغه‌ر، به نێزهكهی كورده‌وه بووبێت، سواره و سوپاكه‌ی ئه‌م عێراقی كوشت و سته‌مه، هه‌ركاتێك بۆیان بكرێت ماڵی كورد ده‌سووتێنن و گوند و شاره‌كانی وێران ده‌كه‌ن و كانیاوه‌كانی كوێر ده‌كه‌نه‌وه، ئێره پاشماوه‌ی سه‌دان جه‌نگی خوێناوییه، كورد له‌نێویدا جگه لهبوونهوهرێكی هاڕدراو هیچی تر نییه، عێراقی خوێن و ئاگر، مێژوویه‌كی نییه كه كوردی تێدا نه‌كوژرابێت، ئه‌وان ده‌بێت ڕۆژێك هه‌ر باجی ئه‌م ستهمكارییهیان بده‌ن، به‌قه‌ولی سه‌عدی شیرازی(مزن بر سر ناتوان دست زور... كه روزی به پایش در افتی چو مور/ ده‌ستی زۆرداریت مه‌كێشه به‌سه‌ری بێ توانایهكدا، نه‌كا ڕۆژێك وەک میروولە بكه‌ویته ژێر پێیه‌وه!).
* عه‌لی ئه‌سغه‌ر، بچوكترین مناڵی حسێنی كوڕی عه‌لی بوو، له ١٠ی موحه‌ڕه‌می ساڵی 61ـی كۆچی له‌ته‌مه‌نی شه‌ش مانگی و له‌گه‌ڵ باوكی‌دا له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كانی عومه‌ری كوڕی سه‌عدی به‌نی وه‌قاسه‌وه، له‌كه‌ربه‌لا كوژرا و سه‌ری كرا بهنێزهوه، ئیدی له‌و ڕۆژه‌وه شه‌ڕی نێوان شیعه‌وه سوننه، بووه درێژترین دوژمنداری مێژووی به‌شه‌رییه‌ت!
24/11/2017