فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

سیروان کاوسی

هەشت سەدە بەرلەئیستا هۆزەکانی تورک وتورکمان بەسەرۆکایەتیی چەنگێزخانی مەغۆل، لەمەغۆلستانەوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناڤین کەوتنە لەشکرکێشی و بەزۆری شمشێرو سەربڕین و قەڵاچۆکردنی گەلانی ناوچەکە لەوانە کورد، دەسەلاتی خۆیان بەسەر گەلانی ناتورکدا سەپاند و، دانیشتوانەکەشیان ناچارکرد سەروەریی هۆزی مەغۆل قەبوڵ بکەن. درێژەی ئەم داگیرکارییەی تورکان، ئیمپراتۆریی عوسمانی سوننەی لێهەڵقوڵا و بەشێکی زۆری نیشتمانی کورد و دانیشتوانەکەی کەوتنە نێو کیشوەری پانوبەرینی عوسمانییەوە.
مێژووی بندەستبوونی کورد لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە پێمانیدەلێ، بەدرێژایی چەندین سەدە، کوردستان گۆڕەپانی رمبازێنی شەڕوشۆری لەشکری عوسمانی لەگەڵ کورد و، لەگەڵ زلهێزەکانی ئەو سەردەمە وەک ئێرانی سەفەوی و رووسیا بووە و، لەئاکامیاندا شار و گوند و گێڵگە و سامانی کوردەواریی سووتێندراوە، بەتاڵانبراوە و، بۆخۆشی بەرەوڕووی کۆمەڵکوژیی بووەتەوە.
دوای هەرەسپێهێنانی ئیمپراتۆری عوسمانی لەجەنگی یەکەم کەساڵی 1918 کۆتاییهات، بەهۆی قەڵاچۆکردنی یۆنانییەکان و ئەرمەنەکان و کوردەکان و، گەلانی ناتورکی دی لەلایەن دەولەتی عوسمانییەوە مسیۆ کلیمەنسۆ - سەرۆکی ''کۆنگرەی ئاشتی'' لەپاریس بەناوی دەولەتەکانی ئۆروپاوە لێدوانێکی گرنگیدا و، گوتی: ''تورکەکان زۆر بەئاشکرا سەلماندیان بەهۆی بەڕێوەبردنی دڕندانە و زۆرداریی هەمەچەشنەیان لەچەندان سەدەدا توانای ئەوەیان نییە و، شایستەی ئەوە نین کە رەگەزی ناتورک ببەن بەڕێوە، بۆیە لەمەبەدواوە پێویستە نەهێڵین هیچ نەتەوەیەک لەژێر ئیدارەی تورکدا بێت''(*1).
بەڵام بریتانیای مەزن بێگویدانە ئەم رابردووە دزێوەی تورکان، دوای رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی، خولیای داڕشتنی ستراتیژێکی سیاسی و درێژخایەن بوو لەرۆژهەڵاتی ناڤین. لەبەر ئەوە سەرەڕای بەڵێنی سەرزارەکیی بەکوردان بۆ دامەزرانی دەوڵەتی کوردیی، کەچی ژێربەژێر لەگەڵ مستەفا کەمال و دارودەستەکەی کەوتنە خاپاندن و بەڵێنی درۆ و تەفرەدانی کوردان، تا ئەوکات رژێمی تازەدامەزراوی تورکیا سەقامگیردەبێ و، لەئەنجامی رێککەوتنی نێودەوڵەتیدا نەخشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناڤین بەتەواوەتیی پەسنددەکرێت. بۆ زانینی ئەم راستینەیەش ساڵی 1920 ژەنەڕاڵ ماک ئەندۆ فەرماندەی هێزەکانی بریتانیا لەرۆژهەڵاتی ناڤین، چووە کوردستان و، بڵاوکراوەیەکی بەزمانی کوردی بڵاوکردەوە و تێێدا نووسیبووی: ''لەبەر ئەوەی چارەنووسی خاکی عوسمانی لەم ناوچەیە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لەرەگەزی کوردن، لە ''کۆنگرەی ئاشتی'' لەپاریس بڕیاری لەسەر دەدرێ و، ئاواتەکان و مافەکانی سروشتیی نەتەوەی کورد دێنەدی. بۆیە پێوسیتە لەسەر کورد هێور و ئارام بن، دڵنیاش بن لەدادپەروەریی ئینگلیز کە مافەکانی کورد دەپارێزێت!''.
کەچی لەلایەکی ترەوە، ''میر ئاڵا بیل'' سەرۆکی دەزگەی سیخوڕیی ئینگلیز کە لەشاری ''حەلەب'' دادەنیشت، رێدەگرێت لە میرسورەیا بەدرخان سکرتێری کۆمەڵەی سەربەخۆیی کوردستان، لەشاری حەلەب بەیاننامەیەک بڵاوبکاتەوە کە گەلی کورد لەفرتوفێڵ و پیلانگێڕیی مستەفا کەمال وریا دەکا و، بە سورەیا بەدەرخان دەڵێ: ''ئێستا کاتی ئەوە نییە و، پێویستە کورد دان بەخۆدا بگرن و هێور بن''.
بەڵام سەرۆکی کوردان لەوانە میرجەلادەت بەدرخان، میر کامەران بەدرخان و، ئەکرەم بەگی جەمیل پاشا کە لە پیلانگێڕیی مستەفا کەمال تێگەیشتبوون، لەساڵی 1922 لەچیای ''کاختە'' دەستدەکەن بە کۆکردنەوەی چەک وپەروەردەکردنی هێزی چەکدار لەدژی تورکان. کاربەدەستێکی ئینگلیز بەناوی مسیۆ نۆئێل کە بەم هەوڵەی کوردان دەزانیت، دەچێت بۆلای سەرۆکەکانی کورد و، بەناوی حکوومەتی بریتانیاوە داوایانلێدەکات ''هێزی چەکداری کورد بڵاوەی لێبکەن، چۆنکە لەم کاتەدا رای دەوڵەتانی گەورە بەلای کورددایە و، هەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکیی لەناوچەکە لەلایەن کوردەوە، زیان بەکێشەکەتان دەگەیەنێ وکاردەکاتە سەر سۆزی بریتانیا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەرتان!''. دواتر ئاشکرابوو مسیۆ نۆئێل لەلایەن مستەفا کەمالەوە راسپێردرابوو کە بەناوی دەوڵەتی بریتانیاوە سەردانی کوردان بکا و، رێبگرێت لەخۆئامادەکردنیان. ئاکامی ئەم پیلانگێڕییە بەمۆرکردنی ''پەیمانی لۆزان'' لەساڵی 1923 کۆتاییهات کە لەوێدا دەولەتی ئینگلیز بڕیاردەری سەرەکیی بوو لەدابەشکردنی کوردستان.
رژێمی نوێێ تورکیا بەسەرۆکایەتی مستەفا کەمال، کە بەبیری پانتورکیزمەوە بناخەکەی داڕێژرا، بەپێچەوانەی ئەو بەڵێنانەی لەپەیمانی لۆزان دابووی بەولاتانی براوەی جەنگ، گوایە مافەکانی رۆشنبیری و فەرهەنگیی کوردی بندەستی دەپارێزێت، هەر لەساڵی 1925 وە تاکو 1938، زنجیرەشاڵاویکی سەربازیی بەرفرەی خستەڕێ، سەرۆک و رێبەرانی شۆرشەکانی لەسێدارەدا، سەدانهەزار کوردی لەنێوبرد و، دەیانهەزار بنەماڵەی هۆز و دانیشتوانی گوندەکانی کوردستانی بەزۆرەملێ بەرەو ناوچەتورکنشینەکان راماڵدا، هەزاران رۆشنبیر و ئازادیخوازی شارەکانیان گرت و ئاسن و بەردیان پێوەبەستن و بەزیندویی خرانە گۆلی ''وان'' وە. رژێمی مستەفا کەمال هەر بەمەشەوە نەوەستا، دەستیکرد بە سڕینەوەی هەموو ناوێکی کوردی وئاسەوار وکەلەپوور و، رێبەندکردنی زمانی کوردی.
بەپێێ یاسای تازەی وڵات، جگە لەرەگەزی تورک، چ قەوارەی دیکەی نەتەوەیی نەیدەتوانی لەچوارچێوەی سنووری تورکیادا جێی بێتەوە و، پێڕەوکردنی یەک زمان و یەک کولتوور و یەک نەتەوە، بوو بە بڕیارێکی فەرمیی حکوومەتی تورک.
ئیدۆلۆژیی رەگەزپەرستیی تورک دوای دامەزراندنی رژێمی نوێێ تورکیا لەلایەن ئەتاتورکەوە نەک هەر کەمینەکرد، بەڵکو زیاتر ریشەی داکوتا. سیستەمی خوێندن و پەروەردە و سەرتاپای کۆمەڵگە بەبیری شۆڤێنیستی و پڕۆپاگەندەی درۆ و ناڕاست سەبارەت بە پایەبەرزی و مەزناهی زمان وکولتوور وشارستانێتی و زانایی تورک، ئاخێندرا، ناوناسکردنی کورد بەتورکی کێوی لەلایەن رژێمەکانی تورکەوە هەوڵێکی دیکە بوو کە کورد شانازی بەکوردبوونی خۆیەوە نەکا و، پێی نەزانن تورکی کێوییە، بەڵکو زمان و نەتەوەی خۆی بەتورکی رەسەن بداتەقەلەم.
ئەم دۆخە ناڕەوا و نامرۆڤانەیە لەنێو شەوەزەنگ و جەوی پڕلە سام و هەڕەشەوتۆقاندن، بۆماوەی 46 ساڵ، واتە لەساڵی 1938 وە تاکو ساڵی 1984درێژەیکێشا. لەم سالەدا پارتێکی تازەی کوردی بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) کە چەند ساڵێک بوو خەباتی نهێنی دەکرد، لەوەرزی هاویندا، شەڕی چەکداریی لەدژی سوپای رژێمی داگیرکەری تورک راگەیاند و، بەوەش ئەو بێدەنگی و شەوەزەنگەی شکاند کە دەیانساڵ بوو لەلایەن رژێمی تورکەوە بەسەر باکووری کوردستاندا سەپێندرابوو.
هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی شەڕی چەکداریی لەلایەن پێ کێ کێ وە، لەدوو بەشی دیکەی نیشتمانەکەمان - لەڕۆژهەڵات و لەباشوور، هەزاران پێشمەرگە لەدژی سوپای رژێمەکانی داگیرکەری ئێران و عێراق لەشەڕدا بوون. پارتی و رێکخراوەکانی باشوور، یارمەتی دارایی وچەکۆچۆڵیان لەئێران وەردەگرت، پووڵ و پێداویستییەکانی پارتی و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتیش لەلایەن رژێمی سەددام حسێنەوە دابیندەکرا. پارتی کرێکارانی کوردستانیش پێوەندیی نێزیکی بە رژێمی داگیرکەری سووریاوە هەبوو. ئەم رژێمە داگیرکەرانەش لەیارمەتیدان بەکورد، دوو ئامانجیان مەبەست بوو‌، یەکەمیان وابەستەکردنی شۆرشی کورد بوو بە خۆیانەوە، دووهەم، بزاڤی کوردیان بەکاردەهێنا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان. هەر یەکێک لەم حیزبانە و، کۆمەڵێک حیزبی دیش کە دواتر دامەزران، پێوەندیی ئاشکرا و نیوەئاشکرایان بەیەکێک، یان دوو، یان سێ لە داگیرکەرانی کوردستانەوە بوو.
لەکۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بزووتنەوەی کورد لەهەر دووبەشی باشوور و رۆژهەڵات بەجارێک هەرەسیهێنا و تێکشکا، سوپای هەر دوو رژێمی عێراق و ئێران تەواوی ئەو ناوچانەیان داگیرکردەوە کە بەپێگەی چەکداری و جەماوەریی حیزبەکان لەقەڵەم دەدران. پارەوپووڵ و یارمەتیی لەحیزبەکان وبنەماڵەکانیان بڕدرا و، هێزی پێشمەرگە لە هەزارانەوە دابەزی بۆ ژمارەیەکی کەم کە چاوەڕوانی قەزاوقەدەر و چارەنووسی نادیاریاندەکرد. هەزاران پێشمەرگە خۆیان تەسلیمکردەوە، هێندێکیش کە پارەوپووڵێک دەستیانیگرت، رێگەی هەندەرانیان گرتەبەر. دوای هەرەسی 75 بزووتنەوەی کورد لەم دوو بەشەدا بەرەوڕووی هەرەسێکی دیکە هات. ئەمە لەکاتیکدا بوو کە خەباتی چەکداری و پەرەپێدانی رێکخستنی حیزبی وچالاکی سیاسی لەباکووری کوردستان لەپەرەسەندندا بوو، هۆکەشی ئەوە بوو، هەرچەند ناکۆکیی قووڵ لەنێوان رژێمەکانی سووریا و تورکیادا بوو، بەڵام ئەم ناکۆکییە نەگەیشتبووە ئاستێک کە وەک ئێران وعێراق هێرشبکەنە سەریەکتر و شەڕی مان و نەمانی یەک بکەن، هەروەها پێ کێ کێ لەو سەردەمەدا هێندە بەهێز نەببوو کە کێشە و مەترسییەکی وا بۆ سەر هێمنی و ئاسایشی تورکیا دروستبکات کە ناچاربێت لەگەڵ رژێمی سووریای کۆنەدوژمنی بکەوێتە شەڕ، یان لەگەڵی رێکبکەوێت، وەکو ئێستا لەسەر کێشەی کورد لەگەڵ رژێمی ئێران رێککەوتووە لە کاتێکدا کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکیی لەنێوان خۆیاندا هەیە. جگە لەمانە، بەهۆی ئەوەوە کە باکووری کوردستان دەیانساڵ شەڕوشۆری چەکداریی لێنەمابوو، رژێمی تورکیا ماوەیەکی پێویستبوو تاکو بتوانێت پێگەی سەربازی و تۆڕی سیخۆڕی و هێزی جاش لەکوردستاندا دامەزرێنیت.
ساڵ دوای ساڵ شەڕوپێکدادانی نێوان گەریلای پێ کێ کێ وسوپای تورک ئاستێکی فراوانتری وەردەگرت. پێ کێ کێ کە توانیبووی بەکۆکردنەوەی یارمەتی دارایی لەکوردەکانی دانیشتووی ئۆروپا سەرمایەیەکی ئابووری بەهێز پێکەوەبنێ و، میدیا و رێکخستنی رێکوپێکو خۆپێشاندانی گەورەی دەیانهەزارکەسی لەئۆروپا بخاتەڕێ و، لەنێوخۆی وڵاتیش پەرەبدا بە کاری رێکخستنی جەماوەری وکۆڕوکۆمەڵەی رۆشنبیری و مەدەنی و، خەباتی شاخ گرێبدات بە خەباتی شارەکانەوە و بیکات بەهێزێکی گەورە و بەرەوڕووی رژێمی تورکی بکاتەوە، ئاڵۆزی و سەرقاڵییەکی وای بۆ کاربەدەستانی تورک دروستکرد کە بکەونە هەوڵوتێکۆشینی بەرفرە بۆ هێورکردنەوەی کێشەی چاوەڕواننەکراوی کورد.. ئەوەبوو بەپێی یلانێکی لەپێشداداڕێژراو، لەنێوان رۆژاڤا و رژێمی تورکیا، کە ئەمریکا و ئیسرائیل رۆڵی سەرەکییان لەپیلانەکەدا بینی، ساڵی 1999عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسووریا دەرکرا و، بەماوەیەکی کەم لەئۆروپاوە بەرەو ئەفریقا ولەوێوە تەسلیم بەرژێم تورک کرا.
گیرانی رێزدار عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بۆ ماوەیەک هەروەک بوومەلەرزە پارتەکەی تووشی ئاڵۆزی و شڵەزان کرد. دەستەیەک لەسەرکردەیەتی و کادرەکان کە عوسمان ئۆجەلان - برای سەرۆکی پارتەکەشیان لەگەڵ بوو، بەبیانووی پێویستیی گۆڕانکاریی نێوخۆیی و ئالوگۆڕکردن لەئیدۆلۆژی پێ کێ کێ، جیابوونەوە. هەر زوو ئاشکرابوو چەند کەسانێکی نێزێک بە ئۆجەلان لەئۆروپا، لەپیلانگێڕییەکەدا بەشداربوون. هێندیکی دی کە بەسەرمایە و پارەپووڵی پێ کێ کێ وە خۆیاندەژیاند و کاریان بۆ پارتەکەیان دەکرد، هەلومەرجەکەیان بەدەرفەتزانی و هەوڵیاندا خۆیان بکەن بەخاوەنی. کاتێک خۆپێشاندانی کوردان لەسەرتاسەری دنیا بەبۆنەی گیرانی ئۆجەلانەوە بەرپاکران، سەرۆکایەتیی پێ کێ کێ لەڕێکەوتی 25/2/1999 راگەیەندراوەیەکی لەدژی خەڵکی خۆپێشاندەری رۆژهەڵات بەگشتی و شاری سنە بەتایبەتیی بڵاوکردەوە و خۆپێشاندەرانی بە کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕی سەربەئیمپریالیزم و زایۆنیزم و کەمالیزم دایەقەڵەم، چۆنکە درۆشمەکان دژ بەکۆماری ئیسلامیی ئێران بوون. هۆی ئەم هەڵوێستەش لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە PKK و YNK لەوکاتەدا هاوپەیمانی یەک بوون و دژایەتی پارتی دێمۆکراتی کوردستانیان دەکرد و، پێوەندیی نێزیکیشیان بە ئێرانەوە بوو. ئەمە و چەند هەڵەیەکی دیکەی لەم چەشنە کارکردی لەسەر کەمکردنەوەی رێزو خۆشەویستیی خەڵک بەرامبەر ئەم پارتە لەنێو نیشتمانپەروەران و جەماوەری کورد لەڕۆژهەلات دانا.
سەرۆکایەتیی پێ کێ کێ لەسەروویانەوە رێزدار مۆراد قەرەیلان توانییان پارتەکەیان لەنێو ئەم قەیران و گەردەلوولەی بەرەوڕوویان ببووەوە، بەلێهاتووی و زانای و ژیرییەوە بهێننەدەرێ، هەموو بەشەکانی پارتەکەیان لەدەرەوە و لەنێوخۆی وڵات کۆبکەنەوە و، گیانێکی تازە بکەن بەبەری ژیانی رێکخراوەیی و خەباتی سیاسیی پارتەکەیاندا، بەوەش پیلان و هیوای تورکیا و هاوپەیمانەکانی تورکیان پووچەڵکرد کە بەتەمابوون دوای گیرانی ئۆجەلان، پێ کێ کێ تووشی سەرلێشێواویی بێ و، ببێت بەچەند دەستەی ناکۆک وناتەبا ودژ بەیەک و، خەباتی رزگاریخوازی باکووری کوردستان بەچۆکدا بێنن.
گیرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەڕووی دەروونییەوە کارکردی ناخۆش و خراپی لەسەر هەموو تاکێکی کورد دانا، نەتەوەی کورد زۆر تووڕە وبێزار بوو لەدەست وڵاتانی رۆژاوا کە قسەی سەرزاروبنزاریان رێزگرتنە لەمافی مرۆف و بیروڕای جیاواز، کەچی سەرۆکێکی کوردیان گرت و بەوپەڕی بێشەرمییەوە تەلسلیمی رژێمێکیان کردەوە، کە بۆخۆیان لەبیروباوەڕ و ئیدۆلۆژیی رەگەزپەرستانەی باش ئاگادارن. سەرەڕای ئەمەش بەلایەنی بزووتنەوەی کورد لەباکوور و پێ کێ کێ خۆشییەوە، گیرانی ئاپۆ بێسوود نەبوو، چۆنکە دوای تەسلیمکردنەوەی ئۆجەلان، ئێدی پێوەندییی نێوان سووریا و ئێرانی هاوپەیمانی سووریا لەگەڵ پێ کێ کێ کۆتاییهات. بەدڵنیاییەوە هەتاکو سەرۆکایەتیی پێ کێ کێ لە دیمەشق بوایە و کادرەگەورەکانی لە ئۆروپا و کوردستانەوە بۆ سووریا بچوونایە، ئەوا لەژێرچاودێریی بەردەوامی 'استخبارات'' دا دەبوون و، رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەکەوتەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی رژێمی سووریا و ئێرانەوە. زۆریپێنەچوو نێوەرۆکی پڕلەفرتوفێڵ وناپاکیی رژێمی سووریا زیاتر بۆ پێ کێ کێ ئاشکرابوو، کاتێک دوای دەرکردنی ئۆجەلان لەسووریا، دەستیگرت بەسەر ئەو ملیۆنان دۆلارەی پێ کێ کێ، کە لەبانکەکانی سووریا داینابوو، هەروەها ژمارەیەک لەکادرەکانی گرت و تەسلیمی رژێمی تورکی کردنەوە. دوای گیرانی ئاپۆ، لەجیاتی دیمەشق، نێوجەرگەی چیاکانی کوردستان و ''قەندیل'' ی سەرکێش و رژد و خۆراگر بوو بە ناوەند و پێگەی سەرەکیی بڕیاردانی سیاسیی. گواستنەوەی ناوەندی بڕیاردان لە دیمشقەوە بۆ قەندیل، زۆرینەخایاند بەسوودی ئاپۆ و پێ کێ کێ و بزووتنەوەی باکووری کوردستان تەواوبوو. دیارە تورکیا و هاوپەیمانەکانی وتەنانەت رژێمەکانی سووریا و ئێرانیش بەبیریاندا نەدەهات کە دەرکردنی ئۆجەلان لەسووریا و تەسلیمکردنی، بەزیان بۆ خۆیان بشکێتەوە.
ئەوڕۆکە هەوڵوپیلانگێڕی و لەشکرکێشیی رژێمی تورکیا بۆ سەر پێ کێ کێ، نەک هەر ئەنجامێکی نەبووەبۆی، بەڵکو بەدرێژایی مێژووی خەباتی رزگاریخوازیی کورد، پێ کێ کێ تاکە هێزێکی سیاسی و چەکداریی کوردییە کە توانیویەتی بۆ ماوەی ئاوا دوورودرێژ لەبەرامبەر بەهێزترین و دڕندەترین داگیرکەری سەردەمدا خۆرابگرێ و، شاڵاوی یەک لەدواییەکی سوپاکەی تێکبشکێنێ و، هەستی مەزنیخوازی و لووتبەرزی و سام و هەیبەتی تورک لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بڕووخێنێت. رژێمی تورکیا و داوودەزگەی سەرکوتکاری هەرچی زیاتر بەرەوڕووی خۆڕاگریی پۆڵاینی گەریلا و ناڕەزایەتیی بەرینی جەماوەریی لەشارەکانی باکووری کوردستاندا دەبنەوە، ناوەرۆکی رەگەزپەرستییان زیاتر ئاشکرادەبێت. کاربەدەستانی تورک هەموو رێگەیەک دەگرنەبەر و هەموو شێوازێکی سەرکوتکردن و لەنێوبردن تاقیدەکەنەوە، تەنانەت پەناش دەبەنە بەر چەکی کیمیایی بەڵکو بتوانن شۆرشی کورد لەنێوبەرن. لەگەڵ رژێمی ئێرانی کۆنەپەرست پەیمانی سەربازیی مۆردەکەن بۆ لەنێوبردنی بزووتنەوەی چەکداریی لەهەردوو بەشی رۆژهەڵات وباکوور. ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەبێ بەشداریی نوێنەرەکانی راستینەی کورد، لە تورکیا کۆدەکاتەوە و لەئەستەمۆڵ کۆنگرەیان بۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، کورد لەو بەشە لەنیشتمانەکەشیدا نەبێتە خاوەنی هیچ مافێک. لەکەرکووک لەگەڵ تورکمانەکان خەریکی پیلانگێڕانە، لەبەغدا لەگەڵ دەولەتی عێراق لەدژی کورد پیلاندەگێڕێت، لەملاشەوە گوشاردەخاتە سەر هەرێمی کوردستان و، هەڕەشەدەکات کە شەڕ لەگەڵ پێ کێ کی بکەن و پێ کێ کێ لەخاکی خۆیاندەرکەن. لەباکووری کوردستان و، شارەکانی تورکیاش پەلاماری ئازادیخوازان و رۆشنبیران و، پەرلەمانتارانی کورد دەدەن، قۆڵبەستیاندەکەن، سووکایەتییان پێدەکەن و، بەرەو زیندان وشکەنجەخانەکانیان دەنێرن. بەڕاستی ئەم دەولەتانەی ئۆروپا و ئەمریکا دەبێ چەندە بێشەرم و بەرژەوەندپەرست و رووقایم بن کە لەماوەی 90 ساڵی رابردووەوە تاکو ئەوڕۆ نەک هەر خۆیان لەئاست پێشێلکاری وسووکایەتی و جێنۆسایدی ئاشکرای گەلی کورد گێلکردووە، بەڵکو ئەوڕۆکەش پشتی رژێمی تورکیا دەگرن و پەیتاپەیتا لەراگەیاندنەکانیانەوە بەدۆست و هاوپەیمانی نێزیکی خۆیانی دەدەنە قەڵەم!!؟؟
خەبات وبەرخۆدانی سەخت ودژواری پێ کێ کێ لەدژی فاشیستترین رژێمی سەردەم، خەباتێکی رەوا و پیرۆز و لەڕاستای بەژەوەندیی نەتەوەی کورددایە. ئەرکی هەر کوردێکی دڵسۆزیشە بەهەر شێوەیەک دەتوانێت پشتیوانی وهاریکاریی شۆرشی باکووری کوردستان بکات. وەک لەسەرەوە ئاماژەم کردپێی، پێ کێ کێ لەهەڵە و کەموکورتی بێوەری نەبووە، هاوکات توانیویەتی گەلێک خزمەتی مەزن بەبزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بگەیەنێت. هەبوون (موجودیت) ی نەتەوەیی و هەست و هۆشیاریی نەتەوەیی لەباکووری زیندووکردووەتەوە، لەبوارەکانی میدیا و رێکخستن و سەرپەرشتیکردنی خۆپێشاندانی بەرینی جەماوەری لەنێوخۆ و لەدەرەوەی وڵات، وابەستەنەبوونی لەڕووی داراییەوە بەهیچ حکوومەتێکی داگیرکەر و حکوومەتانی دی و، دابینکردنی ئابوورییەکی بەهێز بۆ راپەڕاندنی ئەرک و پێداویستییەکانی لەکوردستان و، لەدەرەوە، گرێدانی خەباتی گەریلا و خەباتی جەماوەریی بەیەکەوە، لەریزی ئەو کۆمەڵە جوانکاری و داهێنانە بەنرخانەن کە پێ کێ کێ پێشکێشی شۆرشی رزگاریخوازیی کوردی کردووە. یەکێکی دیکە لە داهێنانەکانی پێ کێ کێ کە دەبێ بایەخ وگرنگیی زۆری پێبدرێت ئەوەیە، لەبەشەکانی دیکەی کوردستان، لەکاتی هێرشی سوپای داگیرکەر، لەشاخ و چیاکان بۆ بەرگریکردن کەڵکوەردەگیرا و، دوای تەواوبوونی هێرشەکە، پێشمەرگە دەهاتنە خوارەوە و دەگەڕانەوە نێو گوند و ماڵ و بنکە وبارەگەیان لە دێهات وشارەدێیەکاندا. بەڵام پێ کێ کێ چیاکانی کوردستانی کردە شوێنی سەرەکیی ژیانی و، بنکە و بارەگەی لەنێودلێ چیاکانی کوردستاندا دامەزراند، هەر ئەمەش بووە رەمزی خۆڕاگریی پێ کێ کێ کە بتوانێت بۆماوەی 27 ساڵ کە لەگەڵ سوپای تورکیا لەشەڕێکی بەردەوامدایە، خۆڕابگرێ و، رۆژ بەڕۆژ زیاتر ئەم رژێمە خوێنڕێژە بخاتەنێو زەلکاوی کێشە وئاڵۆزی وسەرلێشێواوییەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی تازەی بۆمبابارانکردنی ناوچەسنوورییەکان و، بەرزبوونەوەی ئاستی شەڕوپێکدادانەکانی نێوان گەریلا وسوپای تورک و ئێران لەمانگەکانی رابردوودا کە گەریلا توانی دەستێکی باش لەهێزەکانی بەکرێگیراوی هەردوولا بوەشێنێت،، رژێمەکانی ئەم دوو وڵاتە گوشاریان خستووەتەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی هەرێم راکێشی شەڕی پێ کێ کێ و پژاک بکەن و وەک رابردوو کورد بەکاربهێنن بۆ لەنێوبردنی بزووتنەوەکانی.
سەرۆکی هەرێم بەڕێز کاک مەسعوود بارزانیی لەبەرامبەر ئەم گوشارانەدا هەڵوێستی بوێرانە و نەتەوەیی پێشاندا و، گوتیان: ''جارێکی دیکە شەڕی نێوخۆیی رووناداتەوە و، کێشەکە دەبێت بە دیالۆگ و وتووێژ چارەسەرکرێت!''. ئەم قسانەی کاک مەسعوود دڵی هەموو کوردێکی خۆشکرد، دیارە هەر ئەمەش لە کاک مەسعوود بارزانیی چاوەڕواندەکرا، بەڵام سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا کە جێگری کاک مەسعوودە لە پارتی دێمۆکراتدا و، کۆبوونەوەی نهێنیی لەگەڵ ئەردۆگان و رێککەوتنی نهێنیی سەبارەت بەپرسی پێ کێ کێ، ئەم پرسیارەی لای چینی رۆناکبیر و نیشتمانپەروەری کورد درستکردووە کە بەڕاستی هەڵوێستی روونی پارتی دێمۆکرات سەبارەت بە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی باکووری کوردستان چییە؟ حکوومەتی هەرێم لەکێشەی نێوان تورکیا وپێ کێ کێ دا چ رۆڵێک دەگێڕێت!؟ ئایە کاک نێچیرڤان بارزانی نێردراوی فەرمیی حکوومەتی هەرێمە و، هەموو دەسەلاتێکی بڕیاردان دراوەپێی!؟ ئەگەر وایە، بەڕێز دوکتۆر بەرهەم ساڵح وەک سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێم بۆچی لەمبارەیەوە روونکردنەوە بە گەلەکەی نادا و گەلی کورد لەناوەرۆکی کۆبوونەوەکان ئاداگارناکات!؟ ئەگەریش سەبارەت بەپرسە ئاڵۆز و چارەنووسسازەکان وەک رابردوو سەرۆکایەتیی حیزبەکان بێگوێدانە حکوومەتەکەی خۆیان، پێوەندی ودانووستان بەداگیرکەرانەوە دەکەن، ئەوا با لەمە زیاتر بەیتوبالورەی یەکگرتنەوەی حکوومەتی هەرێم و، دەسەڵاتی یاسا و کۆنگرەی کورد لێنەدەن!
بارودۆخی هەستیار و چارەنووسسازی رۆژهەڵاتی ناڤین بەگشتی و کوردستان بەتایبەتیی، ئەرکێکی گەورە و مێژوویی بەرەوڕووی نەتەوەی کورد بەگشتی و سەرۆکایەتیی سیاسیی کورد بەتایبەتیی کردووەتەوە. بۆ ئەمەش پێویستە پەلەبکرێت لەدامەزراندنی کۆنگرە وناوەندێکی سەرتاسەریی کوردستانی و داڕشتنی پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی کە تێکڕای کەسایەتی و پارتی و رێکخراوەی رامیاری و ناڕامیاریی کوردی و کوردستانیی لەدەروی خۆی کۆبکاتەوە بەئامانجی رزگاریی یەکجارەکی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
حیزبەکانی گەورە و خاوەندەسەلات بەتایبەتیی پارتی دێمۆکراتی کوردستان و پێ کێ کێ دەتوانن رۆڵێکی کاریگەر لەپێکهاتنی ئەم ناوەندە نەتەوەییەدا بگێڕن، بەمەرجێک ئەم دوو پارتە دەستهەڵگرن لەسیاسەتی خۆسەپاندن بەسەر بزووتنەوەی کورد لەهەموو بەشەکانیدا. پارتی دێمۆکراتی کوردستان، بەپشتبەستن بەداراییەکی بەهێز و بوونی وەک بەشی سەرەکیی پێکهاتەی حکوومەتی هەرێم، تاکو ئەوڕۆ سیاسەتێکی وای بەکارهێناوە کە هەموو حیزبەکان و کەسایەتی و سەندیکا و رێکخراوەی مەدەنی و رۆشنبیری و ژنان و هونەرمەندان و رۆشنبیران و هەر نووسەرێکی ئەم کوردستانەیە، جا لەدەرەوە، یان لەنێوخۆی ولات، بەپارە و پووڵ و بەرتیل وابەستەی بکات بەخۆیەوە. زیانی ئەم سیاسەتەی PDK بۆ کۆمەڵگەی کوردەواریی ئەوەدەبێ، لەداهاتووی نێزیکدا دەبینە خاوەنی چەند سەرکردەیەکی دیاریکراوی هەتاهەتایی و، حیزبێکی فەرمانڕەوا و کۆمەڵێک سەندیکا و رێکخراوەی کارتۆنی و چینێکی فراوانی هەلپەرست کە بۆ بژێویی خۆیان دەبنە زۆڕناژەنی دەسەڵات و هێزێکی چەکداری دڕی دژ بەئازادی. نموونەی سیستەمی لەم چەشنەمان لە وڵاتانی دواکەوتووی جیهان زۆر دیوە وئێستاش هەن.
PKK ش هەروەک PDK تێدەکۆشێت سەرپەرشتیی بزووتنەوەی کورد بکات لەهەموو بەشەکانی و، باوەڕی بەیەکگرتن لەگەڵ هیچ لایەنێکی کوردی نییە و، دەبێ هەموو لایەنێک لەژێر چەتر و ئاڵای ئەودا خەبات بکەن. PKK بەپێڕەویکردنی لەئیدۆلۆژیی چینایەتیی بەتەمایە کۆمەڵگەی کوردەواریی بەرەو سیستەمێکی تاکەحیزبی و تاکەسەرۆک و حیزبی دەسەڵاتداری فەرمانڕەوا بەرێت، کە ئاکامەکەی بردنی کۆمەڵگەیە بەرەو دیکتاتۆری و پێشێلکردنی ئازادیی. نموونەی ئەم بیرۆکەیە بەدەگمەن لە سەرڕووی زەوین ماون و ئەو وڵاتانەی بەئیدۆلۆژیی چەپی کلاسیک و بیرۆکەی سەرۆکی تاقانە و حیزبی پێشڕەوی پرۆلیتاریا و درۆشمی بریقەداری لەم چەشنەوە بەڕێوەدەچوون، لەبواری ئازادی و مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی و هۆشیاری سیاسی و فەرهەنگی و ئابوورییەوە کۆمەڵگەی خۆیانیان تووشی کارەساتی گەورە کرد، کە باسکردن لێی لەگەڵ نێوەرۆکی ئەم وتارەدا ناگونجێت.
لەبەر ئەوە، ئەگەر بڕیار لەسەر بەستنی کۆنگرە، یان دامەزرانی ناوەندێکی نەتەوەیی دەدرێت، بۆ مەبەستی پرۆپاگەندەکردن و بەرژەوەندیی حیزبی و خۆڵکردنە چاوی خەڵک نەبێ، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندی و ستراتیژێکی دیاریکراوی نەتەوەییدا بێت. ئەگەر بێتو PDK و PKK و پارت و رێکخراوەکانی دی لەم قۆناخە مێژووی وهەستیارەدا بەرامبەر چارەنووسی نەتەوەکەیان و خەبات و قوربانیدانی سەدانساڵەی هەست بەبەرپرسیارەتیی بکەن، ئەوا بێگومان نەتەوەی کورد لەهەموو ڕوویەکەوە دەبێتە خاوەنی گەورەترین هێز لەناوچەکە. هەوڵدان بۆ سازکردنی لۆبی و، دامەزراندنی تلەویزیۆنێکی نەتەوەیی سەرتاسەریی کوردستانی و، سازکردنی لەشکری رزگاریخوازی کوردستان و، هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم نەتەوەی کورد لەدەوری پلاتفۆرم و درۆشمێکی دیاریکراوی نەتەوەیی، دەبێتە زەوینەیەکی بەهێز بۆ رەخساندنی رفراندۆمێکی سەرتاسەریی لەکوردستان، بەچاودێریکردنی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و، وڵاتانی دێمۆکراتی جیهان.
لەم قۆناخ و بارودۆخە تاکهەڵکەوتە مێژووییەی بۆ کورد هەڵکەوتووە، کە سوپای ئەمریکا و ئۆروپا رژاونەتە رۆژهەڵاتی ناڤین و پلانی رووخانی رژێمەکانی داگیرکەری سووریا و ئێرانیان بەدەستەوەیە، کە باس لەگۆڕینی رژێمەکانی دێکتاتۆر و گۆڕینی نەخشەی سیاسیی رۆژهەلاتی ناڤین دەکەن، ئایا سەرۆکایەتیی ئەم حیزبەکوردییانە هێندە ژیر و دلسۆز و نیشتمانپەروەرن کە هەست بەگرنگیی ئەم دۆخە مەزن و چارەنووسسازەی ئێستا دەکەن و، بەرژەوەندیی حیزبایەتیی وەلادەنێن و، پێکەوە پڕۆژەی رزگارکردنی نەتەوەکەیان دادەڕێژن، یان وەک رابردوو هەر بەبیری حیزبایەتی و پاوانخوازی و خۆپەرستییەوە بەرەوپیری رووداوەکان دەچن!؟
بۆ زانینی تەواوی ئەم پرسیارە، دەبێ چاوەڕوان بین و، لەداهاتووی نێزیکدا بۆمان رووندەبێتەوە، چ هەڵوێستێک دەگرن و، تا چ رادەیەک شیاوی سەرۆکایەتیکردنی گەلی کوردن!

سەرچاوە:
(*1) – کێشەی مێژینە و ئیستای کورد نووسینی ژنەڕاڵ ئێحساننووری پاشا سەرۆکی شۆرشی گەورەی کۆمەڵەی خۆییبوون ساڵی 1930 – 1933 لاپەڕە 72.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان