سیاوەش گودەرزی
دەسپێكی شۆڕشی سووریا (بە زۆری عەرەبی سوننە) لە 16 مانگی رابردوودا هەلێكی زێڕینی بۆ كورد رەخساند. كورد لەبەردەم 3 ئەلتەرناتیڤی سەرەكیدا بوو، یەكەم لەگەڵ شۆڕشی عەرەبی سوننە بكەوێ و دوای رووخانی بەشار ئەسەد چی وەبەركەوت، پێی قایل بێت. دووەم بێدەنگ بمێنێ و لە لاوازی حكومەتی بەعسدا هێندێك دەستكەوت لە حكومەتی سووریا بۆ خۆی دەستەبەر بكات (كەمینەی سریانی تائێستا ئەمەیان هەڵبژاردووە). سێیەم، جیاواز لە سەرهەڵدانی عەرەبی سوننە و حكومەتی بەعس، بەبێ ئەوەی پاڵ بە لایەكەوە بدات، بێدەنگ نەمێنێ و بەجیدی كار لەسەر ئەجێندای پرسی خۆی وەك پرسی سەرەكی رۆژئاوای كوردستان بكات.
دەزانین لەكۆنەوە كاریگەری سێ پارتی سەرەكی بەسەر رۆژئاوای كوردستانەوە هەبووەو هەیە، پارتی كرێكارانی كوردستان PKK، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان. PKK هێزی هەرە گەورەی لەوێ هەیە. PKK لەوێبووەو هەزاران كادیر و گەریلای رۆژئاوای كوردستان یان لە ریزەكانی PKK دا گیانیان لەدەستداوە یان ئێستا چالاكن. بەشێكی زۆر لە فەرماندە هەرە پلەبەرزەكانی ئێستای PKK خەڵكی رۆژئاوای كوردستانن. جگە لەوە لەودیو و لەمدیوی سنووری رۆژئاوا و باكووری كوردستان جڤاك و تەنانەت ماڵباتی كوردستان هەن كە لەتێكیان لەمبەر و لەتەكەی دیكەیان لەوبەر و بەكورتی فاكتەری جوگرافی PKKی بەچڕی بەهەردوو بەشی كوردستانی باكوور و رۆژئاوای كوردستانەوە گرێداوە.
یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەر لە كۆنەوە بەشێوەیەكی نەریتی هەمیشە لە رۆژئاوای كوردستان بوون و هەن. تەنانەت پارتی سیاسی لە هەمان شێوەی ئەوان و بە هەمان خەتی سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان هەبووەو تەنانەت كادیر و پێشمەرگەی رۆژئاوای كوردستان لە ئاستی بەرز و نزمدا لە ریزەكانی هەردوو پارتەكەدا هەبوون و هەن.
پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD كە بە رێبازی سیاسی PKKدا دەڕوات. ئەلتەرناتیڤی سێیەمی هەڵبژارد و PKKش بە جیدی كاری لە سەر ئەلتەرناتیڤی سێیەم كرد. پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە هەمان شێوە لەسەرەتادا لە رێگەی پارتەكانی نزیك لە خۆیان پشتگیریان لە ئەلتەرناتیڤی سێیەم كرد. قسەكانی بارزانی لە دهۆك لە هاوینی 2011دا پشتگیری فەرمی لە ئەلتەرناتیڤی سێیەم بوو. دواتر لەم مانگانەی دواییدا پارتی بەتایبەتی بە كەمێك جیاوازییەوە دوای دانانی عەبدولباست سەیدا وەك سەرۆك پشتگیری لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كرد. یەكێتی نیشتمانی هەتاڕادەیەك بەهۆی نەریتی پەیوەندی چڕی تاڵەبانی لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد، هەتا رادەیەك بێدەنگ مان، بەڵام هاوكات پشتگیری خۆیان لە دیالۆگ و چارەسەری پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان نەشاردەوە.
دەوڵەتی توركیا كە هەتا چەند رۆژێك بەر لە دەسپێكی سەرهەڵدانی عەرەبی سوننە، دۆستی هەر نزیكی بەشار ئەسەد بوو، یەك رۆژە لەبەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی توركیا ئەلتەرناتیڤی یەكەم واتە پشتگیری لە عەرەبی سوننە (ئیخوانی سووریا و پارتی دادو گەشەپێدا لە خەتی سیاسییدا زۆر لێكنزیكن) هەڵبژارد. توركیا هەموو هەوڵێك دەدات كە حكومەتێكی لە چەشنی خۆی لە سووریای دەراوسێیدا بێنێتە سەر كار. ئەوەش بگەڕێتەوە سەر رۆژئاوای كوردستان، دەوڵەتی توركیا لە باشترین حالەتدا ئەوەی بە كوردی باكوور دەدات دەتوانێ هەمان مافیش بەوان بدات. لێرەدایە كە سیاسەتی هەڵبژاردنی سێیەم لەلایەن كوردەوە روونتر دەردەكەوێ و هاوكات پێكێشی PKKش بۆ پشتگیری لەو ئەلتەرناتیڤە.
دەزانین لە رۆژئاوای كوردستاندا زیاتر لە 30 حیزبی كوردی هەن بۆ 4 ملیۆن لە كورد لەو وڵاتە. ئەوجا نەك كورد بەڵكو خاكی رۆژئاوای كوردستانیش لەنێو خۆیدا پارچەكراوەو تەنیا سنووری باكووری كوردستانە كە پێكیان دەبەستێتەوە. لە كۆنگرەی قاهیرەدا كاتێك ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە سەركردایەتی عەبدولباست، رۆژئاوای كوردستانیان لە مافەكانیان بێبەشكرد، یەكەم هاودەنگی جیدی لە نێو پارتە كوردییەكاندا دروستبوو. لە سەر هەمان بنەمابوو كە رێككەوتننامەی هەولێر لەژێر چاودێری مەسعود بارزانیدا واژۆكرا. هەموو پارتە سیاسییەكان لەنێو دوو ئەنجوومەنی یەك نزیك بە PYD و یەكیش نزیك لە پارتی و یەكێتی لە بەرەیەكدا كۆبوونەوە. یەكێك لە بەرهەمە خێرا و كردەییەكانی رێكەوتننامەی هەولێر دامەزرانی یەكینەكانی پاراستنی گەل بە بەشداری هەموو پارتە كوردییەكان بوو.
ئێستا رۆژئاوای كوردستان وەك یەكەم بڵێسە لە كۆبانێ، شار بە شار و گوند بە گوند لە لووتكەی ئازادی نزیك دەبێتەوە. تائێستا یەكدەنگی و كۆدەنگی كورد لە رۆژئاوا فاكتەری سەرەكی لەسەركەوتن و هاوكات پاراستنی كوردن لە خوێنڕێژی بووە. بۆیە لە ئەمڕۆش بەدواوە بۆ پووچەڵكردنەوەی هەموو پلانێكی دەرەكی لەلایەن حیزبی بەعس، حكومەتی توركیا لە رێگەی ئیخوان و تەنانەت سەلەفییەكان، یەكێتی كورد دیسان فاكتەری سەرەكییە و ئەم یەكگرتنەش بەبێ پشتگیری بەردەوامی PKK، بە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان مسۆگەر نابێت.
كەواتە ئەگەر ئێمە بە چاویلكەیەكی كوردییەوە چاو لە رۆژئاوای كوردستان بكەین. رێككەوتننامەی هەولێر دەسپێكی خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی ئەم 16 مانگەی رۆژئاوای كوردستان بوو. لە سۆنگەی رێككەوتننامەی هەولێرەوە PKK و پارتی و یەكێتی نەك تەنیا ئێستا بەكردەوە پشتگر و هاوكاری رۆژئاوای كوردستانن، بەڵكو خۆیان بەشێكن لە خودی بزووتنەوەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان. توركیا كە ماف بە خۆی دەدات حكومەتی هاوشێوەی خۆی لە سووریا وەسەر كار بخات. بۆچی كورد ئەو مافەی نەبێ كە ئەویش بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی ئەلتەرناتیڤی سیاسی خۆی پێشبخات؟
كەواتە زۆر گرنگە كە وەك چۆن تائێستا رۆژئاوای كوردستان لە خوێنڕشتن پارێزراوە، لە داهاتووشدا بپارێزرێ. 33 پارتی كوردی و هەرە گەورەشیان PYD دەبێ زۆر بەجیدی بەپێی رێككەوتننامەی هەولێر هەڵسوكەوت بكەن و یەكگرتوویی خۆیان زیاتر پتەوتر بكەن. رۆژئاوای كوردستان لەژێر رووناكی رێككەوتننامەی هەولێردا خاوەنی خەتی سیاسی خۆیەتی، خەتێك جیاواز لە خەتی توركیا و ئیخوان، خەتی حكومەتی بەعس و رووسیا و چین و ئێران. رێكەوتننامەی هەولێر وەرچەرخانی كورد بۆ سەر خەتی نەتەوەیی و كوردییە و دەبێ ئەم خەتە بەهەموو نرخێك بپارێزرێ.
*رۆژنامەنووسێكی دانیشتووی سوێدە و پێشكەشكارە لە تەلەڤزیۆنی نەورۆز