ئازاد جوندیانی
دواجار حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئیئتلافێكی حكومی به‌ره به‌یانی 25ى ئوكتۆبه‌ری 2017 بڕیاڕی سڕكردنی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی وه‌ك پێشنیازێك خسته‌ڕوو. ئاشكرایه كه ئه‌م بڕیاره له‌ژێر گووشارێكی سه‌ربازی، ئابووری، دپلۆماسی عیراقی (شیعه‌و سونه)، ناوچه‌یی (شیعه‌و سونه), عه‌ره‌بی (راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌ڕێی بڕیاره‌كه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌ب), نێوده‌وڵه‌تی (نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به هه‌موو رێكخراوه وابه‌سته‌كانیه‌وه، یه‌كیه‌تی ئه‌وروپا، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش) و هه‌روا وڵاته گه‌وره‌كانی وه‌ك ئه‌مریكاو به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نسا و هیتر، هه‌روا گووشاری مه‌رجه‌عیاتی شیعی (ئایه‌توڵڵا سیستانی، ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی و مه‌رجه‌عیاته‌كانی تریشیان) سونی (ئه‌زهه‌ر) و بێ ده‌نگی هه‌ڵبژاردنی مه‌رجه‌عیاتی ئاینی مه‌سیحی (فاتیكان، كه‌نیسه‌ی ئه‌رته‌دۆكسی رۆژهه‌ڵات و كه‌نیسه سه‌ربه‌خۆكانی تریشیان له سه‌رتاسه‌ری دنیا)، ناوخۆی كوردستان (ئه‌وانه‌ی سات و سه‌ودایان له‌گه‌ڵ به‌غدادا كرد‌و به‌وانه‌شه‌وه كه هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه دژی ریفراندۆم بوون یان دیدیان به شێوه‌یه‌كی تاكتیكی و ته‌نیا بایی ئه‌وه كوردستانی بوون، كه له‌ناو شه‌قامی نێوخۆدا تۆمه‌تبار نه‌كرێن و له كاروانه‌كه وه‌دره‌نگ نه‌كه‌ون). ئه‌مانه هه‌مووی و هێرش و چاووڕاوه‌كانی سوپا‌و حه‌شدی شیعی عیراق و له‌شكره‌كانی ئێران و توركیا و گووشاره ئابووریه‌كان و دپلۆماسیه‌كانی چوار وڵاته داگیركه‌ره‌كه، دۆخێكی ئه‌وتۆیان خوڵقاند كه حكومه‌تی هه‌رێم بیر له كردنه‌وه‌ی ده‌ریچه‌یه‌ك بكاته‌وه، ئه‌ویش سڕكردنی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم بوو.
لێره‌دا مه‌به‌ستم نیه شه‌ن وكه‌وی دروستی یان نادروستی ئه‌و بڕیاره بكه‌م، چونكه هه‌م له‌و هۆكاره راسته‌وخۆیانه ئه‌گه‌ین كه ئه‌و بڕیاره‌یان هێناوه‌ته پێشه‌وه‌و هه‌روا هێشتاش ماویه‌تی لێكه‌وته‌كانیئه‌و بڕیاره ده‌ربكه‌ون، به تایبه‌ت له‌و رووه‌وه كه ئایا عیراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بارته‌قای ئه‌و بڕیاره شان ئه‌ده‌نه به‌ر دانوستان وئاشتی یان نا؟
له‌وه دڵنیام زۆرینه‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیانی كوردستان كه ده‌نگیان به سه‌ربه‌خۆییدا, له‌چه‌ند لاوه نیگه‌رانن، نیگه‌رانن له دۆخی ناوخۆی كوردستان و ئه‌و په‌رتبوونه‌ی كه به‌ڕوونی هه‌ستی پێئه‌كرێ و ئه‌و لادانه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ندێ گروپه‌وه له رێبازی پێكه‌وه‌بووندا ئه‌نجامیاندا، نیگه‌رانن له هه‌ڵوێستی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی كه ئیتر به هه‌ڵوێسته نه‌رێنى و بگره دژه‌كانیان هیچ پاساوێكیان بۆ كورد له عیراق و پارچه‌كانی تریشدا نه‌هێشتۆته‌وه كه نه‌ك ته‌نیا وه‌ك هاوپه‌یمان, به‌ڵكو وه‌ك كاره‌كته‌رێكی به‌هێزی دنیاش متمانه‌ی پێ بكه‌ن, هه‌روا له‌وه‌ش نیگه‌رانن كه له‌ناوخۆی كوردستاندا شاڵاوێكی هاش وهوشی ناڕه‌وا له‌لایه‌ن چه‌ندین حزب و كه‌س ولایه‌نه‌وه دژی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستی پێكردووه, وه‌ك له وتارێكی پێشووترمدا نووسیبووم هه‌ڵمه‌تێكی بێ وه‌ستانی مامه‌حه‌مه‌یی كردن بۆ به‌غدا له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ده‌ستی پێكردووه, به كورتی به‌سه‌ریه‌كه‌وه نیگه‌رانیه‌كان یه‌كجار زۆرن, به‌ڵام ئایا ئه‌و نیگه‌رانیانه دواجار وامان لێ ئه‌كه‌ن په‌شیمان ببینه‌وه له‌وه‌ی ده‌ستمان بۆ پرۆسه‌یه‌ك برد كه هه‌موو یاساكانی دنیا ره‌وایه‌تی پێ ئه‌دا؟ به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی ئێمه كردمان ناجوامێری بوو؟ یان ئه‌وه‌ی به‌غداو تاران و ئه‌نقه‌ڕه‌و پایته‌خته گرنگه‌كانی تری دنیا كردیان و له‌سه‌ریشی به‌رده‌وامن ناجوامێریه؟ من یه‌ك ده‌نك له‌وه دوودڵ و په‌شیمان نیم و ئه‌شزانم سه‌دان هه‌زار سه‌ربه‌خۆ خوازی تریش له پێش منه‌وه، كه جوامێرانه وتمان به‌ڵێ و په‌شیمان نین و بگره شانازیشی پێوه ئه‌كه‌ن.
ئه‌و شاڵاوه‌ی كه ئێستا پتر له میدیای ناوخۆدا ده‌ستی پێكراوه‌و ئه‌یانه‌وێ له‌ژێر زه‌بری ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و گه‌له‌كۆمه‌كێی ده‌وروبه‌ر و له‌گه‌ڵیشیدا گوزه‌ران خراپی هاووڵاتیان, كورد ناچار بكه‌ن كه په‌نجه‌ی خۆی بگه‌زێ و بڵێ ( من نانی شوانم خوارد) كه ریفراندۆمم كرد, شاڵاوێكی ناڕه‌وایه‌و زوو یان دره‌نگ ئه‌بێ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه گووتاری خۆیان هه‌ڵگێڕنه‌وه‌و راستی بكه‌نه‌وه. به بۆچوونی من ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه ئه‌یكه‌ن پێی بزانن یان نا ئه‌چێته پاڵ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه دوژمنان ئه‌یده‌ن بۆ شكاندنی یه‌كجاره‌كی ئیراده‌ی كورد و ده‌سته‌مۆكردن و ده‌ستهه‌ڵگرتنی له دیاریكردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی و بۆ رازیبوون به‌وه‌ی كورد ته‌نیا بۆ ئه‌وه خوڵقاوه كه كۆیله‌و ئه‌ڵقه له‌گوێ بێت و بێ برا گه‌وره‌ی زاڵم و غه‌دار نه‌توانێ هه‌بێ.
لێره‌و له‌وێ زۆر گوێمان لێ ئه‌بێ و ئه‌خوێنینه‌وه كه چه‌مكه‌كانی عیراقی یه‌كگرتوو و دیموكرات و سه‌روه‌ری ده‌ستوور و گه‌شانه‌وه‌ی ئابووری و ده‌یان ده‌سته‌واژه‌ی له‌و جۆره‌مان وه‌ك ده‌رس و هۆشداری به‌گوێدا ئه‌ده‌ن، به‌داخه‌وه هێندێ له كاره‌كته‌ره‌كانی نێوخۆش ئه‌و ده‌رسه‌مان پێ ئه‌ڵێنه‌وه و ئامانج له‌وه‌ش چوونه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندانه‌مانه بۆ ژێر قامچی ده‌وڵه‌تێك، كه ئه‌مریكاش به ته‌واوی لێی به‌هه‌ڵه‌دا چووه ببێته ده‌وڵه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو، چونكه له مێژووی نزیك به سه‌د ساڵی خۆیدا هه‌رگیز ده‌وڵه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌و ئێستاش بنه‌ماكانی فه‌شه‌لی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به تایبه‌ت له بواری یه‌كگرتوویدا وه‌ك ده‌سته‌واژه‌كه ئه‌ڵێ هاوارئه‌كه‌ن، به تایبه‌ت كه ئێستا بۆته‌وه ده‌وڵه‌تێكی مه‌زهه‌بی و بنه‌ماكانی فه‌شه‌ل ده‌قاتی ئه‌و ورده ئاماژه‌و ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌ن كه لێی ئه‌كرێ ببێته ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرنی سه‌ركه‌وتوو، له‌وه‌ش روونتر ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌و ئه‌وه‌یش كه چاوه‌ڕێی ئه‌كرێ ده‌وڵه‌تێك نیه كه نه هی كورد بێ و نه به‌شی ئه‌وی تیابێ.
وه‌ك زۆرجاری تریش وتوومه ئه‌م گه‌رداوه ئه‌ڕواو ناتوانێ نه‌ته‌وه‌كه‌مان له ره‌گ و ریشه‌وه هه‌ڵته‌كێنێ، گه‌رداوی تر به‌ڕێوه‌یه كه ئه‌و ده‌وڵه‌ته هاوسێیانه‌ی له‌دژمان یه‌كیان گرتووه, دووچاری كاره‌سات ئه‌كاته‌وه‌و له مێژووی رابردووماندا ئه‌و رووداوانه‌مان زۆر دیتن.
بڕوام وایه كه هاووڵاتیانی كوردستان به تایبه‌ت سه‌ربه‌خۆیی خوازان ئه‌وانه‌ی جوامێربوون، هه‌ر به جوامێری ئه‌مێننه‌وه‌و له‌سه‌رمان پێویسته به‌ده‌ر له سیاسه‌تكردن و تاكتیكی حزبه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی و رێوشوێنه‌كانی ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه, له ئێستادا خه‌ڵكی كوردستان به‌هه‌موو شێوه‌و ئامرازێك خاوه‌ندارێتی له ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم بكه‌ین و نیشان بده‌ین كه سه‌ربه‌خۆیی بێخاوه‌ن نیه, ئه‌مه پاراستنی شانازی و شكۆی جوامێری سه‌ربه‌خۆیی خوازانه به حزب و سه‌ركرده‌و ده‌نگده‌رانی سه‌ربه‌خۆییه‌وه.
ئازاد جندیانی
25 ی ئوكتۆبه‌ری 2017
هه‌ولێر