نووسینی: ساسان عەونی
سەرۆکایەتی میللەتێکی بێ دەوڵەت لە جوگرافیای رۆژهەڵاتێک کە جگە لە چیاکان دۆستی تری تێدا نیە، دەبێ چ شارەزایی پێویست بێت بۆ رۆیشتن و گوزەرکردن لە ناو کێڵگەی مینە چێنراوەکانی دۆستان لە پێش دوژمنان؟.
دروستکردنی بڕوا بەخۆبوون بۆ میللەتێکی دابەشکراو، وێڕای جەوری سنوورەکان، ئەرکی ئەو کەسە مێژووکردانەیە کە دەتوانن ئەو تەوژمە لەناو دڵان دروست بکەن و وایان لێبکات بێ پەروا، بە سەری بەرزەوە، بە شانازیەوە بڵێن قوربان ئێمەش کوردین.
بەرز راگرتنی پیرۆزترین ناوی کوردستان (پێشمەرگە) و بەگەورەیی هێشتنەوەی شکۆی، بە سیمبولکردنی بەرگ و جامانەکەی، هەر لە سەنگەرەکانی بەرگریەوە تا کۆشکەکانی دروستکردنی بڕیار لە دونیا، بەو قەناعەتە چەسپاوە دەکرێت کە بڕوای پێشمەرگانەیە.
گڕدانەوەی هەستی نەتەوەیی خامۆشکراو و جۆشدانەوەی لە دڵی ملیۆنان و هەزاران هەزار گەنج تەنها بەو رێبەرانە دەکرێت کە ووشەکانیان کاردانەوەی راستەقینە لە ناو دڵان دروست دەکات و بۆ ئەو هیوایەیان ئاراستە دەکات کە خەونی باب و باپیرانیان بووە.
بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی کوردستان، هەر بە تەنها، جۆشدانی ئەمسەر تا ئەوسەری سنوور، بەرزکردنەوەی ملیۆنان دەنگ بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی ئیرادە، بەڵێ دروستکردنی ئیرادە، کاری تەنها کەسێکە کە ئاوات و خەونەکان لەو بەدی دەکرێت.
بۆیە کەسانی وا نابێت لە چوارچێوەی پۆست و ناوێکدا قەتیس بکرێن، رێبەرە مێژووییەکان، تەنها هەستکردن بە وجود و تیژ تەماشاکردن و بە پەنجە ئاماژە کردن و ووتاردانیان بەسەبۆ ئەوەی کڵپەی ئەم گڕە لە دڵی نەوە لە دوای نەوە بەردەوام بێت.
سەرۆکایەتی میللەتێکی بێ دەوڵەت تەنها لە پۆستی سەرۆکایەتی ناکرێت.
2/11/2017