مامەند رۆژە
گشتپرسییەکمان کرد. دەستمان بۆ دۆسیەی ناوچە کوردستانییەکان برد و لەوێش کردمان. ئێستا بەڵگەیەکی شەرعیمان پێیە، بەڵام لە پرۆسەیەکی نەخوازراودا، هێزە چەکدارەکانی عێراق گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان. لە هەندێك شوێن بەزەبری سەربازی و لە هەندێک شوێن بە کشانەوەی هێزەکان، نیوەی خاک و خەڵکی کوردستان داگیرکراوەتەوە.
ئێستا رووبەڕووی گەلێک پرسیاری جددی بووینەتەوە. لەلایەک لەگەڵ مەسەلەی بەقا و مانەوە رووبەڕووین، لەلایەکیش دوومەڵی کێشە ناوخۆییەکان لە لێواری تەقینەوەدایە. لەوە خراپتریش سەرکردایەتی سیاسی خۆی کێشاوەتەوە قاوغی خۆی و هیچ رێکارێک بۆ هاووڵاتیان ئاشکرا ناکات کە دەیەوێ چۆن لەم بنبەستە ترسناکە بێتە دەرەوە.
پرسیاری ئێمە ئەوەیە: گەلۆ بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە دەبێ چی بکەین؟ لێرە هەڕەشە و دەرفەتی زۆر لە بەردەمماندان کە شایانە لێیان بکۆڵێنەوە.
لێمان قەوما: هەڵەکان چی بوون؟
ئەوەی ئێستا روودەدات هۆکار نییە بەڵکوو ئەنجامە. مەبەستمانە بڵێین کەوا "گشتپرسی" هۆکاری کەوتنەوەی ئەم هەموو قەیرانە نییە، بەڵکوو سروشتی پەیوەندییەکانی هەولێر – بەغدا خۆی هۆکاری ئەم دۆخەیە. چۆن؟
هەڵەی یەکەم ئا لێرەوە سەریهەڵداوە:
لەدوای حوزەیرانی 2014 دۆخێک هاتەکایەوە کەوا هێزەکانی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان بکشێنەوە. لەوە بەدوا هێزی پێشمەرگە ئەو بۆشاییەی پڕکردەوە. لە هەندێک شوێنیش بە نەبەردیی دوورودرێژ توانراوە ئەو ناوچانە لە داعش پاکبکرێتەوە. بەڵام ئەوکات هیچ بەرپرسیارێکی کورد بیری لەوە نەکردوووەتەوە ئەوەی دەستکەوتووە هەمیشەیی و جێگیر نییە، بەڵکوو لەگەڵ بەهێزبوونەوەی، سەرلەنوێ عێراق دەگەڕێتەوە ئەم ناوچانە.
واتە سەرکردەکان پێیانوابوو کە ئەستەمە عێراق بگەڕێتەوە. بۆیە کاتێک دەڵێین سنوورەکان بە خوێن دیاری دەکەین، مانای ئەوەیە کەوا عێراق چیتر ناگەڕێتەوە ئەم ناوچانە. لەبەر ئەوە لە حسابە ستراتیژییەکانی ئەم سەرکردایەتییەدا تەدبیری سیاسی بۆ وەرنەگیراوە.
هەڵەی دووەمیش خوێندنەوەی نادروستی پێگەی کورد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە. پێگەی کورد بەتایبەتی لە دوو رووەوە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گرنگ بووە:
یەکەم – پێگەی جیۆپۆلیتیکی کوردستان لە دراوسێیەتی داعش کە توانراوە لەڕێی ئەم سنوورە هاوبەشەوە داعش رووبەڕووی جەنگێکی گەورە بکرێتەوە و زۆرترین زیانی لێ بدرێت. کەوابوو پێگەی جیۆسیاسی کوردستان بۆ هاوپەیمانان بەهۆی داعشەوە گرنگ بوو.
دووەم – پێگەی کورد وەکوو گەلێکی جەنگاوەر کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توانیویەتی وەکوو سەربازی هەرزان سوودیان لێوەربگرێ و بیانقۆزێتەوە. هاوپەیمانان کوردیان وەکوو ئامرازی نەهێشتنی داعش قۆستەوە.
هەڵەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان چی بوو؟ سەرکردایەتی سیاسی کورد پێیوابوو ئەم پەیوەندییە ستراتیژییە و گرەوی گشتپرسیش تارادەیەکی زۆر لەسەر ئەمە کراوە. لەکاتێکدا پێگەی کوردستان لای هاوپەیمانان ستراتیژی نییە و تاکتیکییە، ئامانجساز نییە ئامڕازییە. واتە لەگەڵ نەمانی داعش پێگەی کوردیش لای ئەوان لاواز دەبێتەوە.
ئێستا: هەڕەشەکان چین؟
ئیستا سیاسەتێکی ناوچەیی و تەنانەت عێراقی هەیە دەیەوێ بایەخ بە یەک لایەنی کوردستانی بدا و شتەکانی لەگەڵ ببڕێتەوە و لایەنی دووەمی کوردی پشتگوێ بخات. ئامانج لەمەش پەرتەوازەکردن و لەتوپەتکردنی ناوماڵی کوردە. ئامانجی دوژمن ئەوەیە کەوا بەم سیاسەتە تۆوی ناکۆکیی قووڵ و دووبەرەکی بچێنێت. ئەگەر بۆی بکرێ جەنگی ناوخۆیی بنێتەوە. ئەگەریش نەکرا بیکات بە دوو ئیدارە وەکوو قاسم سولەیمانی نەخشەی بۆ داناوە و نووری مالیکیش بە ئاشکرا ئەمەی پەسەند کردووە.
کەوابوو هەڕەشەکان بریتین لە: دەستوەردانی ناوچەیی و تەنانەت عێراقی بە سوودی یەک لایەن و لە دژی لایەنێکی دیکە. ئامانجی سیاسی لەپشت ئەمە دووکەرتکردنی یەکپارچەیی سیاسی و ئیداریی کوردستانە. بەمەش بۆ هەمیشە خەونی سەربەخۆیی لەگۆڕ دەنرێت. وەکوو ئەو قسەیەی ئیسحاق جیهانگیری جێگری سەرکۆماری ئێران لەلای ئەردۆغان لە ئەنکەرە کردی و گوتی: هەڕەشەی گشتپرسیمان لە منداڵداندا خنکاندووە!
هەڕەشەی دووەم دەستپێکردنی جەنگێکی درێژخایەنە لەگەڵ عیراق. ئەگەر ئەم پێکدادانە ئاوا بەردەوام بێ و ئەگەر پشتیوانییەکی ناونەتەوەیی یاخود ناوچەیی نەیەتەکایەوە، ئەوە زیانی ستراتیژیی یەکجار گەورە بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. ئەم جەنگە لە جەنگی دژی داعش ناچێت. چەتری نێونەتەوەییت نییە و بەتاقی تەنیاش دەرەتان و ئیمکانی جەنگێکی وات نییە. کەوابوو دەبێ پێش هەموو شتێک ئەم هەڕەشەیە دیاری بکەین.
رێکارەکان: چۆن لەم تەنگژەیە دەربچین؟
ئێمە هەموو پێمانوابوو بارزانی تا بەڵێنێکی لە شوێنێک وەرنەگرتبێ هەرگیز ریسکی وا ناکات. ئەمەش هەڵەی بەشی هەرەزۆری سەرکردەکان و هێزە سیاسییەکانی پشتەوەی گشتپرسی بوو. ئەمە وەکوو ئەوە وایە پێمان وابێ بارزانی گۆچانی سیحریی پێیە و هەموو میکانیزمەکانی دروستکردنی قەراری ستراتیژی بە ئەفسوون و سیحری یەک شەخس بسپێرین.
لەکاتێکدا دروستکردنی بڕیارێکی ئاوا ستراتیژی و حەیاتی، پێویستی بە دەیان کۆنگرە و کۆنفرانسی پسپۆڕی و پیشەیی هەیە، پێویستی بە راوێژی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوسێکان هەیە، پێویستی بە راوێژ و هاوفکری و هاوبڕیاریی زۆربەی هێزە سیاسییەکان هەیە. هەروەها پێویستی بەوە هەیە ئەم بڕیارە لە پارلەمانەوە یەکلایی بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە سەرگرتن یان سەرنەگرتنیدا یەک کەس بە خەتاباری ئەم دۆسێیە تاوانبارنەکرێت. ئیستا ئەمانە هیچی نەکراوە و باسکردنیشی سوودێکی ئەوتۆی نییە.
لەمەودوا چی کەردەن؟
بۆ لەمەودوا دەبێ یەک شت یەکلایی بکەینەوە:
تێبینی پێشوەخت: ئەگەر لەم چەند رۆژەدا دەستوەردانێکی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی بۆ پاراستنی کورد بێتەکایەوە، ئەوە جیاوازە. لە دۆخێکی وادا ئەوە پرۆژەی گشتپرسی وەکوو خۆی دەمێنێتەوە. ئەگەر وا نەبوو ئەوە دەبێ لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتانەی خوارەوەدا کاربکەین.
-عێراق گەڕایەوە دۆخی پێش حوزەیرانی 2014. نابێ شۆک بین و بپەشۆکێین. دنیاش کۆتایی نەهاتووە. ئەگەر هەست دەکەین تەرازووی هێز بەسووودی ئێمە نییە، دەبێ دەستبەجێ وەسیقەی گشتپرسی لە پارلەمان هەڵپەسێرین نەک هەڵیوەشێنینەوە. هەروەها گوتارمان لە جیاخوازییەوە بۆ یەکخوازیی تاکتیکی لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و فیدراڵیەت بۆ پاراستن و هێشتنەوەی ماباقی دەستکەوتەکانی ترمان بگۆڕین.
-دەبێ هەوڵ بدەین لەمە زیاتر ناوماڵی کورد شپرزە نەبێت و دەستبەجێ کۆبوونەوەی هێزە سیاسییەکان و کۆبوونەوەی پارلەمان رێکبخەین. پێویستە بارزانی بۆ ئەم بابەتە رۆڵی خۆی بگێڕێ، چونکە کوردستان بەرگەی ئەم شپرزەیی و ناکۆکیانە ناگرێت.
-دەبێ پەیوەندییە عێراقییەکانمان رێکبخەینەوە و بە گوتارێکی تازە لە چوارچێوەی دەستووردا لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بکەوینەوە دانوستاندن. دەبێ خۆمان بۆ هاوسەنگی و هاوکێشەکانی دوای نیسانی 2018 ئامادە بکەین.
-پێویستە پەیوەندییە ناوچەییەکانمان بەتایبەت لەگەڵ ئێران و تورکیا رێکبخەینەوە. هەروەها بە پێبەخشینی دڵنیایی بەو وڵاتانە مەیدانی مانۆڕی ناوچەییمان لەوە زیاتر بەرتەسک نەکەینەوە. بەتایبەت لەمەڕ ئێران دەبێ بە وردی کاربکەین.
-چەتری پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان گەلێک گرنگە و دەبێ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بپارێزین و پێشی بخەین و نابێ لەوە زیاتر زیانی پێ بگەیەنین.
پێشنیاز: ئا لەم کاتەدا رێکخستنی کۆنفرانسی هێزە کوردستانییەکانی ناو هەرێمی کوردستان گەلێک پێویست و حەیاتییە. پێش ئەوەی لە پارلەمان کۆببینەوە، رێکخستنی کۆنفرانسێکی وا گەلێک گرێکوێرەمان بۆ دەکاتەوە.
27/10/2017