جەنگیز چاندار/ ڕادیکاڵ
لە تورکیەوە: ئەنوەر حەسەنپوور
دوابەدوای لێدوانە پڕ لە کێشەکانی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی سوریا کە یەک بە دوای یەک دا دران، دوێنێش وەزیری کار و باری دەرەوە، ئەحمەد داوود ئۆغڵوو لێدوانی دا. داوود ئۆغڵوو بەشداری پرۆگرامی کاناڵێکی تی ڤی بوو و سەبارەت بەو بانگەشانەی دەنگە دەنگی ساز بوونی کوردستانێ دووهەم، یان ڕۆژئاوای کوردستان یان کوردستانی گەورەیان لە بن گوێی تورکیا ساز کردووە، لێدوانی داو ڕایگەیاند کە ئەو کەش و هەوایە زیاتر جم و جۆڵێکی ڕەوانی و نەفسیە. بە پێی لێدوانەکانی داوود ئۆغڵوو " لە باکووری سوریا بۆی نیە دەوڵەتێکی کوردی بنیاد بنرێ لە بەر ئەوەی لە سوریا ژماری کوردەکان ئەوندە نیە کە بتوانن دەوڵەتێکی کوردی بنیاد بنێن." وەزیری کار و باری دەرەوە ئاوا دوا:"لە باکووری عێڕاق سنوورێک هەیە کە تەواوی کوردەکان لە ناوچەیەکی شاخاوی دا دەژین. بەڵام لە سوریا ترسی ئەمە ساز دەبێ کە گۆیا لە وێش کورد هەبوونی هەیە.ئەو شوێنانەی ئاڵایان بۆ هەڵکێشاوەو بانگەشەی بۆ دەکەن ئەژمارێکی زۆر کەم دانیشتووی هەیە...
ئەو کەش و هەوایەی هەوڵ دەدرێ بخوڵقێ هەوڵ دانێکە لە بەرامبەر دانیشتووانی عەڕەبی شاری حەلەب. گەلۆ ئەمە چەندە ڕاستە کە ڕووداوەکانی باکووری عێڕاق لێرە دووبارە دەبنەوە. هەندێک کەس لە خۆوە شتەکە گەورە دەکەنەوە. هەندێک گروپی بەرژەوەندی خواز. بە لە بیر نەکرێ کە سەرۆکی کۆنسەی نەتەوەی سوریا کوردە."
ئەو ڕەستەیی دوایی کە دەیڵی هیچ خاڵێکی تێدا نیە کە مرۆڤ ڕاوەستەی لە سەر بکا. سەرۆکی کۆنسەی نەتەوەیی سوریا کوردێکە کە جگە لە خۆی هێز و توانای نوێنەرایەتی کردنی هیچ کەسی نیە. ڕوناکبیرێک کە ماوەی چل ساڵە لە سوێد دەژی. واتە نرخی کورد بوونی ئەو مرۆڤە ڕاست هێندەی ئەوەیە کە سەردەمێک دەوترا ئاکەپە (پارتی داد و گەشە پێدان) 75 نوێنەری کوردی لە پەڕلەمان هەیە. لە بەر ئەوەی وتەکانی داوود ئۆغڵووش وەک وتەکانی ئەردۆغان کێشەیان هەیە. لە بەر ئەوەی:
ئەگەر کەسێک خوازیاری گەورە کردنەوەی مەسەلەکی سوریا بێ ئەوە دەسەڵاتی تورکیا و خودی سەرۆک وەزیرە. ئەگەر "ئەو شوێنانەی ئاڵایان بۆ هەڵکێشاوە، ئەژماری زۆر کەمە" ئەی بۆ لە ئانکارا کوت و پڕ کۆ بوونەوەی باڵای ئاسایشتان بەست و دوای ئەمەش ئەردۆغان وتی"ئێمە لە دژی ئەمە ڕادەوەستین و دەست لە کێشەکە وەردەدەین." بۆ ئەم بابەتە سووک و ساکارانە داوودئۆغڵوو لە هات و چوو و دڵەڕاوکێی دیدار لە گەڵ بارزانی و چوون بۆ هەولێر دایە؟ یانی چی "لە سوریا ئەژماری کورد ئەوەندە نیە بتوانن دەوڵەتی کوردی دامەزرێنن؟" هەر لە سوریا دوو هێندەی عەڕبە شیعە و سوننەکانی بەحرەین کورد دەژی و ئەو شوێنانی لێی دەژین لانی کەم دە هێندەی خاکی بەحرەینە.
مەبەست ئەوەیە کە ئەمە هەڵوێستێکی ڕاست و دروست نیە. خۆی لە خۆیدا کوردەکانی سوریا بە دوای بنیاد نانی کوردستانێکی سەربەخۆوە نین بەڵام هەڵسەنگاندنی داوودئۆغڵوو لە سەر بابەتی ئەوەی کە بۆ لە باکووری سوریا دەوڵەتی کوردی دانامەزرێ، ڕاست نیە.
باس کردن لەو بابەتە کە "لە باکووری عێڕاق سنوورێک هەیە کە تەواوی کوردەکان لە ناوچەیەکی شاخاوی دا دەژین" و نیشان دانی جیاوازی لە نێوان کوردەکانی سوریا و عێڕاق هەڵسەنگاندنێکی ڕاستە بەڵام "کێشە"ی هەیە. کێشەی هەیە لە بەر ئەوەی کە لەو دیوی سنوورەکانی باکووری عێڕاق، واتا لە تورکیا، دیسان ناوچە شاخاویەکان درێژەیان هەیە و لە ناوچەیەکی زۆر بەر بڵاوتر دیسان کوردەکان ژیان دەکەن و ژماری دانیشتوانی کورد لانی کەم چوار هێندەی کوردەکانی دانیشتویی باکووری عیراقە. بە پێی لۆژیک و سیستمی عەقڵی داوود ئۆغڵوو ئەو هەل و مەرجەی لە عێڕاق هەیە بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاوتر و بەرچاوتر لە تورکیا دەبینرێ. بەڵام هەل و مەرجەکە ئەو جۆرە نیە کە ئەو باسی دەکا.
بە پێی ڕوانینەکانی وەزیری دەرەوە " ئەو کەش و هەوایەی هەوڵ دەدرێ بخوڵقێ لە پێناو ورووژاندنی دانیشتووانی عەڕەبی شاری حەلەبە." ئەگەر چاو لە مانشێتی ڕۆژنامەکانی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و لێدوانەکانی حکوومەت و لە سەرووی هەموو لایەک سەرۆک وەزیران بکرێ، ئاشکرا دەردەکەوێ کە پێش لە ورووژاندنی دانیشتووانی عەڕەبی شاری حەڵەب، ئەوە دەوڵەتی تورکیا ،هێزە نەتەوە پەرەستەکانی تورکیا و حکوومەت وەک "خاڵی یەکگرتنەوەی" ئەو دوو لایەنە کە هەر دەچێ و زیاتر پەیوەست بوونی خۆی دەسەلمێنێ، ورووژاون.
ئەم ورووژاندنە لە لایەن کوردەکانەوە دەبێ زۆر جێگای ئاخ و مخابن بێ. واتای ئەوەیە کە ئەگەر کورد بن و بە سادەترین شێوەی چاوەڕوان کراو لە پێناو بەرژەوەندیەکانتاندا بجووڵێنەوە، ئەوا دەکەونە هەل و مەرجێکەوە کە یان تورکەکان و یان عەڕەبەکان دەورووژێنن. "ورووژێنەری وجوودی". [واتا فەلەسەفەی هەبوونی ئەوەیە کە بورووژێنێ - و] ئەمە زۆر هەڵوێستێکی ناخۆش لە بەرامبەر بەشێک لە گەلی خۆمان و کوردەکانی سوریا و عێڕاق و ئێران کە لە گەڵ ئەو بەشە لە گەلی ئێمە هاو ڕیشەن. چ هزر و ئەندێشەیەک کە ئەوان لە ئێمە دوور دەکاتەوە و سووکایەتیان پێ دەکا. شەو و ڕۆژ بە وتنەوەی "برا کوردەکانمان" گوێی زەوی کەڕ کەن، نێوی ئەحمەدی خانی بگرنە زمان و باس لە "مەم و زین" بکەن و لەعنەت بنێرن بۆ "تێرۆر" و "تێرۆریست" و بڵێن "برای کوری من"؛ گرینگ نیە.
ئەو هەستیاریەی کە سەبارەت بە عەڕەبە سوونیەکانی سوریا و عێراق و غەززە و موسولمانەکانی "بورما" هەتانە، لە بەرامبەر کوردەکان کە بە دەیان ساڵە لە ژێر چەپۆکی ستەم و جەور دان و بە هەموو جۆرێک نکۆڵی لە هەبوونیان کراوە و هەر کە باسیان لە مافەکانیان کرد و داوای مافی خۆ بەڕێوە بردنیان کرد، دەبێ بە ئالێرژیەک کە ناتوانن بیشارنەوە. بۆیە کوردەکان فریوی ئەو هەستیاریە ناخۆن. دەبێ زۆر بە هەستیاری یەک بە یەکی ئەو وشانەی لە سەر ڕەوشی سوریا دەڵێن هەڵسەنگێنن. لە بەر ئەوەی کە هەر ڕوانینێکی ناڕێک دەتوانێ لە چرکەیەک دا بە سەر ویژدانی ملیۆنان مرۆڤ لە تورکیا وێران بێ. هەندێک لە وتەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیام خوێندەوە کە چەند شەو لەمەوبەر لە کاتی بەربانگ لە شوێنێک وتبووی:"ئێمە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لە شەڕی ترابڵێسەوە تا شەڕی باڵکان و یەمەن، تەواوی ئەو دیوارانە وێران دەکەین کە لە نێوان ئێمە و براکانمان و گەلەکانی تر ساز کراون، پێوەندیەکانمان باش دەکەینەوە و دۆستایەتی هەمیشەیی لە گەڵ ئەو برایانەمان بنیاد دەنێینەوە. ئەگەر ئەوە وەک بانگەشەیەک دەبینرێ، هەر لێرەوە دەڵێم ئێمە خاوەنی ئەم بانگەشەیەین.
جوانە، زۆر جوانە. ڕاستە زۆر ڕاستە. بەڵام ناچارن بەر لە هەر کەسێک ئەمە لە سەر کوردەکان پەیڕەو بکەن. سەد ساڵ لەوە پێش دەستەواژەی وەک کوردەکانی سوریا، کوردەکانی عێڕاق، کوردەکانی تورکیا، کوردەکانی ئێران نەبوو. خۆی لە خۆی دا سەد ساڵ لەوە پێش نە عێڕاق هەبوو و نە سوریا. ئەو کاتەی کە ئینگلیسەکان و فەرانسەکان ئەو پاروویەی لە عوسمانیان پچراندبوو، لە نێوان خۆیان دابەش کرد و لە گەڵ ئەمەدا ئەو جوگرافیایە وا وەک کوردستان پێناسە کرابوو و کوردەکان تێیدا دەژیان دابەش کرا. هیچ کاتێک کوردەکانی عێڕاق نەیانویستووە سەر بە بەغدا بن هەر ئەو جۆرەی کە هیچ کات کوردەکانی سوریاش نەیانویستووە سەر بە شام بن و خۆی لە خۆی دا ئێستاش سەر بە وان ژیان ناکەن. واتا، پێوەندی نێوان کوردەکانی سوریا و تورکیا، پێوەندی کوردەکانی تورکیا و عێڕاق و عێراق و سوریا "تایبەت"ە.
ئەگەر لۆژیکی بەڕێوەبردنی تورکیای ئەمڕۆ، "ڤایرۆسی ئیتیحادچی" نەگرتووە، بە کام بیانووی ئەخلاقی و فەلسەفیەوە خوازیاری ئەوەیە کە کوردەکان لەمەو پێش لە لایەن شامەوە چۆن بەڕێوە چوون لەمەو بەدواش بە هەندێک گۆڕانکاری سووک و سادە، هەر دەبێ بەو شێوەیە بەڕێوە بچن؟! بە سەدان کیلۆمەتر لە خاکی تورکیا و سوریا بە هێڵی شەمەندەفڕ لێک جیا کراوەتەوە. کاتێک کوردەکانی تورکیا و سوریا باس لە خاکی یەکتر دەکەن، دەڵێن:"سەر خەت و بن خەت." واتا لە ڕۆح و فکریاندا لێک جیا نەبوونەوە. لە واتایەکی تردا کوردەکانی سوریا و کوردەکانی تورکیا یەک شتە. من هیچ کات لە قسەکردنی نێوان کوردەکانی تورکیا نەمبیستووە بڵێن کوردستانی عێڕاق. هەمیشە دەڵێن "باشوور" و دەبێ بزانن کە مەبەستیان چیە. لە باشووریش، لە هەل و مەرجی ئێستا، باس لە "باکوور" دەکەن.
ڕاستەکەشی هەر ئەوەیە. وڵاتەکەی ئێمە _تورکیا و کوردستان _ کە لە لایەن ئینگلیسەکان و فەرانسەکان دابەش کراوە و ئێستا ڕێگایەک کراوەتەوە بۆ ئەوەی پێک بگاتەوە. کە واتە ئەو هەوڵدانە چیە؟ هەوڵدانێک مایەی شەرمەزاری. ئەگەر مێشکمان بتوانێ ئەمە پەسند بکا کە " هەر شتێک بۆ کوردەکان باش بێ، بۆ تورکیاش باشە"، دەتوانین هەناسەیەکی ڕاحەت هەڵکێشین. تورکیا گەورە دەبێتەوە. ئیتر تەنانەت ئەگەر تورکیا بچووکیش بێتەوە لە بەر دوژمنایەتی و ئالێرژی لە بەرامبەر کوردەکان بچووک دەبێتەوە.