نووری بێخاڵی
كاتێك باس له سوپای پاسداران ده‌كرێ، یه‌كڕاست خه‌یاڵی مرۆڤ بۆ هه‌موو ئه‌و پشێوی و ئاژاوه نانه‌وه و ناسه‌قامگیرییه ده‌چێت كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه. ئاخر ڕۆڵ و كاریگه‌ریی تێكده‌رانه‌ی كلك و گوێیه‌كانی ئه‌م سوپایه مه‌زه‌وییه، هیچی له ڕۆڵی تێكده‌ر و تیرۆركارییانه‌ی ئه‌لقاعیده و داعش و گرووپه تیرۆریستییه‌كانی تری دنیای ئیسلامی، نه‌ك هه‌ر كه‌متر نییه، به‌ڵكو زیاتر و مه‌ترسیدارتریشه.
حزبوڵڵای لبنانی، حه‌ماسی فه‌له‌ستینی، شانه چه‌كداره ئێرانییه‌كانی سووریا، حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن و حه‌شدی شه‌عبی عێراق، هه‌موو ئه‌و كلك و گوێیانه‌ی سوپای پاسدارانن كه به‌رفه‌رمانی جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوه‌كانی ستراتیجی پان ئێران - شیعه‌گه‌ریی ئاخونده‌كانی تارانن. ئه‌م فه‌وجه خه‌فیفانه‌ی سه‌ر به پاسداران، به‌سیجه مۆدێرنه‌كان، له به‌رامبه‌ر هه‌ر هێز و كه‌س و گوتارێك كه به‌ر به‌م پاوانخوازی و كه‌ڵه‌گایییه‌ی پاسداران بگرێ، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌ركه‌یان و پێكانی ئامانجی سه‌ره‌كیی ئێران، سڵ له هیچ ڕێ و شێواز و میكانیزمێكی دوژمنكارانه ناكه‌نه‌وه. بۆیه به‌لای كه‌سی چاودێره‌وه ئاسایییه كاتێ ده‌بینێ، چه‌ته‌كانی حه‌شد هه‌ندێ جار له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیان، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی بێوه‌ی و سڤیل، دڕنده‌یی چه‌ته‌یه‌كی داعش تێده‌په‌ڕێنن. نموونه‌ی ئه‌م دڕنده‌یییانه‌ی حه‌شد و ده‌سته‌خوشكه‌كانی له عێراق و سووریا و لبنان و یه‌مه‌ن كه‌م نین.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی ئێران ناوی ناوه (هاورده‌كردنی شۆڕش!) كه پاسداران دامه‌زراوه‌ی فه‌رمیی جێبه‌جێكردنی ئه‌م كرده‌ی هاورده‌كردنه و ئه‌جێنداكه‌یه‌تی. له بنه‌ڕه‌تدا ستراتیجی هاورده‌كردنی تیرۆره، ستراتیجی به دنیاییكردنی توندڕۆیییه، ئه‌نجێندای چاندنی ترس و تۆقاندنه.
ئه‌و ڕاستییه‌ش له به‌دیهیاته‌كانه كه سپۆنسه‌ری سه‌ره‌كیی په‌روه‌رده و مه‌شق و ڕاهێنانی ئه‌م به‌سیجانه، پڕچه‌ككردن و دابینكردنی پێداویستییه لۆجستییه‌كانیان، پشتیوانی و هاوكاریی دارایی‌یان، سوپای پاسداران و به‌تایبه‌تیش فه‌یله‌قی قودسه. ئه‌و تۆڕه جاڵجاڵۆكه‌یییه‌ی كه سوپای پاسداران له‌م هێزه لۆكاڵییه‌ی وڵاته‌كان چنیویه‌تی، به‌رپێگرتنیان هه‌روا ساده و ئاسا نییه. چونكی به ته‌نیشت ئه‌م هێزه میلیشیایییانه‌وه، ئێران له لایه‌نی هه‌واڵگری و ته‌نانه‌ت میدیایییه‌شه‌وه به زانیاری و ئاراسته‌كردنیان سه‌پۆرتیان ده‌كات.
بۆیه به‌رگرتن به‌م ستراتیجه و شكست پێهینانی ئامانجه‌كانی به هێزی لۆكاڵی، ته‌نانه‌ت به‌و ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ته شپرزه‌یه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ش ناكرێ كه پاسداران له ناوه‌وه‌دا كرمێی كردوون، به‌ڵكو ئه‌وه ئه‌ركی هێزگه‌لێكه كه ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م پاوانخوازییه بێن و میكانیزم و شێواز و هێزی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێت بۆ به‌رگرتن به‌م ئه‌جێندایه و ته‌مێكردنی سپۆنسه‌ره‌كه‌ی. ئه‌مه‌ریكاش له پێشه‌وه‌ی ئه‌و هێزه زه‌به‌لاحانه‌ی دنیا دێت كه سنوورێك بۆ ئه‌م ته‌نافبازییه‌ی پاسداران دابنێت. هه‌ڵوێسته‌كه‌ی تره‌مپ كه له لای خۆیانه‌وه هه‌ردوو وه‌زاره‌تی گه‌نجینه و به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا به ده‌نگ داواكه‌ی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یانه‌وه چوون و ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پلان و به‌رنامه‌ی سزادانه‌كه‌ی ئه‌م سوپا ترسناكه جێبه‌جێ بكه‌ن، سوپایه‌ك كه كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تیرۆر و توندوتیژی و توندڕۆییه. ئینجا گرنگی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه‌وا كلك و گوێكانی ئه‌م سوپایه‌ش هه‌مان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ. سزایه‌ك كه هاوشێوه‌ی سزادانی ئه‌لقاعیده و داعشه (ئه‌گه‌رچی تا ئێسته‌ش له ئاست ئه‌م دوو گرووپه تیرۆریستییه‌دا، سزاكه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئامانجی خۆی نه‌پێكاوه!). هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌مه‌ریكادا، وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش (به خۆپاراستن له پرسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی!) هاوهه‌ڵوێست و نیگه‌رانیی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له ئاست ڕۆڵی نه‌رێنی و خراپی ئێران له ناوچه‌كه‌دا ده‌ربڕی. له‌كاتێكدا ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و به‌رگرتن به ڕۆڵی ئێران و له‌ناویدا سوپای پاسداران، یه‌ك پاكێجه، كه‌چی هاوپه‌مانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دڕدۆنگانه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و پێیان وایه نابێ هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سنوورداركردنی ڕۆڵی خراپی ئێران له ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی تێكه‌ڵ بكرێ.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌دا و له پێوه‌ست به كلك و گوێكانی پاسداران جێی خۆشحاڵییه (سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ هه‌وڵی نه‌زۆك لێره و له‌وێی باشووری كوردستان، بۆ چوونه ژێر باری بوون به به‌سیج و حه‌شد!)، به‌ڵام تاران نه‌یتوانی ئه‌م ئه‌جێندایه‌ی له كوردستان جێبه‌جێ بكات، به‌وه‌ی له هه‌ناوی كورددا میلیشیای چه‌كداری سه‌ر به خۆی دروست و ته‌یار و ئاماده بكات، وه‌لێ به‌داخه‌وه (وێڕای هه‌وڵی نه‌پساوه‌ی له بواری هه‌واڵگریدا)، وه‌كوتر توانیویه‌تی میلیشیایه‌كی ترسناك له‌ناو میدیای كوردی (به تایبه‌تی میدیای ئه‌لیكترۆنی!) دروست بكات و به گژ كوردستانیدا بكاته‌وه. به وردبوونه‌وه له هه‌واڵ و به‌دواداچوونی ئه‌و ده‌زگه میدیایییانه‌ی كوردستان، به ئاسانی هه‌ست به ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گوتاری پاسداران ده‌كرێ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو به‌م دواییانه بووبووه مۆدێل، بڕێ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی كوردستان (كه ده‌شێ ناویان بنێین به‌سیجی مه‌ده‌نی، یان میلیشیای قه‌ڵه‌می پاسداران!) به ته‌وس و شانازییه‌وه، وتاره‌كانیان بۆ ماڵپه‌ره‌كانی پاسداران بنێرن و بڵاوی بكه‌نه‌وه.
19/10/2017