نووسەر و پێشكەشكارێكی میسری ئاشكرای كرد، شەڕكردن دژی كوردستان، سەرەتای گواستنەوەی شەڕە بۆ ناو توركیا و ئێران و وڵاتانی دەوروبەری كوردستان، بە مانای نەمانی ئەو وڵاتانەوە گرێ دراوە.
ئەحمەد مسلمانی نووسەر و پێشكەشكار لە كەناڵی "دریم"ی میسری لە میانەی بەرنامەكەی بەناوی "چاپی یەكەم/ ئاشكرای كرد، میسر پێنج جار شەڕی دژی ئیسرائیل بەرپا كرد، بەڵام لە كۆتادا ئیسرائیل شەڕەكەی بۆ ململانێ و جەنگی نێوان عەرەب و عەرەب و ئیسلامی و ئیسلامی گۆڕی، بەتایبەت دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێ، بەو هۆیەوە شەڕ لە نێوان عێراق و ئێران و كوێت و عێراق و جەنگی ڕووخانی سەدامیش ڕووی دا، ئەمەیش شەڕی لە ئیسرائیل دوور خستەوە بۆ كەنداوی عەرەبی، ناوەندەكانی توێژینەوە ئاماژە بەوە دەكەن كە یەكەم جەنگی تری نێوان مسوڵمانانیش لەم نزیكانە دەستی پێ كردووە، لە نێوان كوردستان لەلایەك و بەغدا و توركیا و ئێران لەلایەكی تر، ئەمەیش وای كردووە، ئەگەری دابەشبوونی ئەو چوار وڵاتەی كوردستانیان بەسەر دابەش كراوە، بەهێزتر بێ و بەمەیش هێندەی تر ململانێی ناوچەكە ترسناكتر و دوورتر دەبێ لە ئیسرائیل.
18/10/2017