زیكری موسا
ڕێك دوو ڕۆژ بەر لە ڕیفراندۆم تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نامە بۆ سەرۆك بارزانی دەنووسێت و داوا دەكات لەبەرانبەر ئەو بەدیلەی كە پێشكەشی كردووە ڕیفراندۆم ئەنجامنەدرێت.
نامەكەی تیلەرسن هەندێ ئیعترافی تێدایە لەسەر ئێشوئازارەكانی گەلی كوردستان و باس لە ڕۆڵی پێشمەرگەیش دەكات. لە ڕواڵەتدا پێدەچێ نامەكە نیازپاكانە نووسرابێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەڵام لە ڕاستیدا ئەم نامەیە خەلەلی جەوهەریی گەورەی تێدایە.
كێشەی سەرەكیی ئەم نامەیە ئامانجەكەیەتی كە بریتیە لە ڕێگریكردن لە ڕیفراندۆم. ئەمە خۆیلەخۆیدا جێگەی پرسیارە بۆچی دەبێ دەزگەی سیاسەتی دەرەكیی ئەمەریكا لەدژی كردەیەكی ئاشتیانە و ڕەوای میللەتێك بوەستێتەوە و نەیەوێت ڕووبدات. چەند ڕۆژ دوای ڕیفراندۆم تیلەرسن بە دەركردنی ڕاگەیێندراوێك هەموو ئەو نیازپاكییەی بەرانبەر مافی گەلی كوردستان پووچەڵ كردەوە كە لە نامەكەی بۆ سەرۆك بارزانی هەوڵی نیشاندانی دابوو، ئەو گوتی ڕیفراندۆمەكە شەرعی نییە و بەهاشی نییە. پرسیار ئەوەیە چۆن دەنگی میلیۆنها مرۆڤ شەرعی نییە بەڵام نامەیەكی ئینشایی بێ گەرەنتی شەرعییەتی هەیە و دەبێ ببێتە سەرچاوەی چارەنووسی گەلێك. باشە بۆ چەند مانگ بەر لە ڕیفراندۆم ئەمەریكا ئەو پڕۆژەیەی بە سەرۆك بارزانی نەدەدا؟ پرسیار ئەوەیە ئەگەر هیچ كات بڕیاری ڕیفراندۆم نەدرابا تیلەرسن كە ئاگاداری پێشێلكارییەكانی بەغدا و ئازارەكانی گەلی كوردستانە ئایا ئەو بەدیلەی پێشكەش دەكرد؟؟
میحوەری نامەكەی تیلەرسن دەستووری عێراقە ئەو دەستوورەیێشێلكراوە و جێبەجێنەكراوە. ئەسڵەن لە بنەڕەتدا شتێك بە ناوی فیدڕاڵی بوونی نەبووە كە بۆی بگەڕێینەوە. لە 2003 بەولاوە عێراق هەبووە لەگەڵ هەرێم و لە هیچ بەشێكی تری عێراق فیدرالی پیادە نەكراوە. قەوارە سیاسییەكەی كوردستانیش بەر لە 2003 هەبووە ئەگینا بەپێی دەستوورەكەی عێراق با هەرگیز بەرپا نەدەكرا. ئەمە گرفتێكی قووڵی سیاسەتی ئەمەریكایە لە عێراق. ئەمەریكییەكان لە 2005ـیەوە دەڵێن عێراقی دیموكراتی و فیدڕاڵی. بەڵام لە ئەرزی واقعدا نە دیموكراتە نە فیدڕاڵ و هەرگیزیش نابێت. بۆ چی؟ چونكە نە پێكهاتەی سووننە و نە شیعەیش یەك ڕۆژ بڕوایان بەم دوو چەمكە نەبووە.
هەندێ سووننە ئێستایشی لەگەڵ بێت بڕوایان بە حوكمی سانتڕاڵ هەیە. عەرەبە شیعەكان كە بۆیان لوا ببنە زۆرینەی تاهەتایی، تمووحەكانیان لە هەڵكشان دایە و شمشێریان هەڵكێشاوە و كار بۆ فراوانخوازیی شیعەگەری هەتا دەریای ناوەڕاست دەكەن.
سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زۆر چاك هەموو ئەو ڕاستیانە دەزانن و ئەزموونیان لەگەڵ هەموو تەرزە حوكمێكی عێراقدا هەیە كە پڕیەتی لە هەڵپەرستی و پەیمانشكێنی و درۆودەلەسە. ئەزموونێكی خەراپیشیان لەگەڵ بەڵێنە ئینشایی و بێ گەرەنتییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هەیە و سووریش دەزانن كە ڕیفراندۆم هەبێ یان نەبێ ڕووی تفەنگەكانی بەغدا لەدوای شەڕی داعش كوردستانە.
خاڵێكی لاوازی نامەكەی تیلەرسن بەستنەوەی ڕیفراندۆمە بە شەڕەكەی حەوێجە. حەوێجە لە لایەن ئەمەریكا لە ڕادەبەدەر قەبە كرابوو و لە عەمەلیش بینیمان كە بە بێ شەڕ گیرا و ڕیفراندۆمەكەی كوردستان نەبووە هۆی بەهێزبوونی داعش یان ئازادنەبوونی حەوێجە.
نامەكەی تیلەرسن زۆر درەنگ وەخت بوو و، هیچ كەسێك ئەو ماف و توانایەی نەبوو كە دوای بخات و هەست و ویستی گەل بخاتە نێو یارییەكی سیاسی.
نامەیەكی ئینشایی كە لە وەختی بەدل زایعدا هاتبێت و بێ گەرەنتی بێت و میكانیزم و كەرەستەكانیشی دەیانجار تاقی كرابن شاییستەی ئەوە نییە دەنگی ڕەوای گەلی بۆ بكەی بە قوربانی. نامەكەی تیلەرسن وەك ئەوە وابوو میللەتێك داوای خۆر بكات بەڵام مۆمێكی خامۆشی پێ بدرێت.
17/10/2017