یاسین مەحمود رەشید
هەرێمی كوردستان، دواجار رۆژە مێژوویەكەی نەخشاند، یار و نەیار دوا جار زۆرینە كۆك بوون لەسەر ئەوەی دەبێت، ئەم گەلە بە ئاوات و ئامانج و ئاسۆ ڕوونی خۆی بگات. گەیشتن بە ئاواتی لە مێژینە، كە سەربەخۆییە، بێ كۆسپ و لەمپەر نابێ، بەر لە ئەنجامدانی ڕاپرسی و دواتریش، دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانە بوو كە دەیان ویست لە عێراقێكی تائیفی مەزهەبی، گۆشكراو بە توندڕۆیی لەگەڵیان بژین، زۆریش بوون ئەو هەڕەشە و چاو سووركردنەوانەی كە دەبوونە بەربەستی گەیشتن بە ئامانجی پیرۆزمان.
ئێستا جیا لەو گەلەی كە تا دوێنێ خۆمان بەهاوبەش زانی و بە قۆڵی مەردانەی ئێمە خرانەوە سەر پێ، توركیا و ئێران و زلهێزەكانی دنیاش ئەو مافە بە كورد ڕەوا نابینن كە خۆیان وتەنی، ئازایەتی لە ئێمەوە سەرچاوەی گرتووە، توانای خۆبەرێوەبەریمان هەیە بە هەموو كلۆجێك لایەق بەبوونی كیانێكی سەربەخۆین. بەغدا بە پارلەمان و حكومەتە مەزهەبییەكەی هەر زوو، كارتەكانی فشاری خۆی خستە ڕوو بە ڕەتكردنەوەی راپرسی كوردان، بەوەشەوە نەوەستا، ئاسمان و زەمینی لێ كلۆم داین، هەرەشەی جوڵاندنی هێز دەكات، كەوتۆتە وێزەی كوردانی ناوچە كێشە لەسەر و ئەودەنگانەش كە بەلێ بوون بۆ ژیانێكی ئارام لەگەڵ كوردان.
دەست خستنە بینی قوتی خەڵك و ڕاگرتنی كارو كەسابەت، ئێستا دیاری دەستەو تاقمەكەی عەبادی یە، زۆر كونج و پەسێویان لێ گرتووین، ئەوان بەم كارەیان دەیانەوێت هەڵەبجە و ئەنفال و كورد كوژیەكی دیكە بێننەوە پێش.
كاری ئێمە، كە زۆرینە لەگەڵ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عیراق بوو، دەبێ چی بێت، ئەو كارتانەی ئێستا لە دەستی هەرێمدان و ژیرانە و بە ڕاوێژ پەنایان بۆ بەرین دەبێت چی بن؟.
بەندە، وەك ئەوەی وتەبێژی ناوەندێكی هەستیار و گرنگی كەرتی ئابووریم (یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان)، پێشنیار دەكەم ئەگەرحوكمەتەكەی عەبادی سوربێت لەسەر بریارە نادەستوریەكانی، ئەوا حكومەتی هەرێمیش كارتەكانی لەریگای پەرلەمانی كوردستانەوە بەكار بهێنێ-
یەكەم/ ئەنجامدانی كۆبونەوەی بەرفراوانی ئەنجومەنی باڵای ئابووری، تا دۆخی ئابووری وڵات و بەرگەگرتنی وڵات تاوتوێ بكەن و رێ و شوێنی شیاو بۆ گەمارۆ ئاسمانی و زەمینیەكان دابنێن، پێویستە لەم كۆبونەوەیەدا جگەلەنوێنەری ژورە بازرگانیەكان، نوێنەری وەبەرهێنەران و هاوردەو ناردنكاران و دوو شارەزای بواری ئابووری ئامادەبن، تا ڕێگا چارەی زۆر لەبار و گونجاو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بریارەكانی حكومەتی بەغدا، بەیان بكەن.
دووەم/ دەسەڵاتی ڕەها بدرێتە دەست بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بۆ، گرتنەوەی ئاوی دەریاچەكان و ڕاگرتنی هەموو ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەكرێن.
سێیەم/ ئەو بڕە كارەباییەی هەرێم دەیدات بە پارێزگای موسڵ ڕابگیرێت.
چوارەم/ ڕێگە نەدان و وە ستاندنی چالاكیەكانی هێڵی گواستنەوەی ئاسمانی عێراقی بۆ هەرێمی كوردستان.
پێنجەم/ فەرامۆشكردنی دۆخی ئەمنی ئەو خاڵە سنوریانەی نێوان عێراق و هەرێم تا ئێستاش خاڵی سنوری مونزریەی نزیك خانەقین و سۆمریەی نزیك مەندەلی، بە هۆی هێزی پێشمەرگەوە ئاسایشی پارێزراوە.
شەشەم/ دانانی باجی گومرگی زیاتر لە سنوری ئیبراهیم خەلیل لەسەر هاوردەی شتومەكی توركی كە بۆ شارەكانی تری عێراق ڕەوانە دەكرێت.
حەوتەم/ وازهێنان لە پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی كوردستان، لەكاتی بەكارهێنانی لە لایەن هێڵی گواستنە وەی عیراقی.
هەشتەم/ داگرتن و لابردنی ئاڵای عیراق لەسەرتاسەری كوردستان و ناوچە جێناكۆكی لەسەرەكان، بەمەش هەنگاوێكی سەرەتایی دەنێین بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.
نۆیەم/ بانگێشتكردنەوەی سەرجەم نوێنەرە كوردەكان لەبەغدا.
دەیەم/ ئەگەر حكومەتی توركیا، پێشوازی لە بڕیارەكانی عیراق بكات دژی كوردستان، پێویستە دەست بەجێ چالاكی كۆمپانیا توركیەكان كۆتایی پێ بهێنرێت لە وڵاتدا.
چەندین خاڵی دیكە هەن، كە دەشێت دەستیان بۆ ببردرێت وەك، دروست كردنی بەربەست لەبەردەم رێگەكانی هاتوچۆی ئابووری بەغداد – موسڵ، بەغداد – دیالە، كەركوك – بەغدا، زۆری جوڵە ئابووریەكانی عیراق لە بن دەستی كوردایە و دەشێت بیریان لێ بكرێتەوە.
لە كۆتایدا ئەوەی ماوە بوترێت، ئەوەیە ئەگەر لایەنە سیاسیەكانی هەرێم یەك دەنگ بن، زۆر ئاسانتر دەتوانین بەغدا مل كەچ بكەین.
*وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان
2/10/2017