جەنگیز چاندار/ ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە: عەزیز مەعروفی
هەوڵ و تەقەلای کوردەکانی سووریا، زۆر دام دەزگای دەوڵەتی تورکیای پەشۆکاند. مانشێتی دۆینێی ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ "پێشهاتی چاوەڕوان نەکراو" بوو و سەروتارەکەشی بریتی بوو لە "گۆڕانکارییەکانی کوردستانی سووریا، تورکیای وەخۆ خست". دوێنێ، ڕۆژنامەکان، زۆربەی باسەکانیان بۆ ئەو مەسەلەیە تەرخان کردبوو. چەند ڕستەیەکی "دەنیز زەیرەک"، لە مانشێتی ڕادیکاڵ، سەرنجی ڕاکێشام. دەنیز نووسیبووی: تورکیا، بە دڵ دەیویست کە کوردەکانی سووریا، لە ئەسەد دوور بکەونەوە، بەڵام کوردەکان لە دەوری ئەو هێز و گرووپانە هاڵان، کە پەکەکە پشتیوانیان لێ دەکات.لایەنی تورک ئەو ڕەوشە وەک "پێشهاتی چاوەڕواننەکراو" چاو لێدەکات و بۆ ئەوەی ئەو پێشهاتەیە، بۆی نەبێ بە کێشە، دەستی بە هەندێک جووڵە کردووە.
یەکەم گریمانەی ئەوەیە کە لە نفووزی بارزانی لە سەر حیزبەکانی کوردستانی سووریا کەڵک وەربگرێ. گریمانەیەکی دیکەش ئەوەیە کە تورکیا لە گەڵ هێز و گرووپەکانی کوردستانی سووریا، پێوەندی دابمەزرێنێ.
لێپرسراوێکی پایەبەرز دەڵێ "ناتوانین چاو لە ئاست دەسەڵاتێکی کوردی بنوقێنین کە لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکە دایە، بەڵام ئەگەر پێکهاتەیەکی وەک باکوری ئێراق پێک بێ، پێوەندەیەکانمانیان لە گەڵیان پەرە پێدەدەین".
کوردەکانی سووریا لەو هێز و گرووپانە هاڵاون کە پەکەکە پشتیوانیان لێ دەکات، لایەنی تورکیش، ڕەوشەکە بە "پێشهاتی چاوەڕواننەکراو" دەبینێ. باشە دەبێ چ نێوێک لە سەر "عەقڵییەتی ئەو بەڕێوەبەری و عەقڵییەتی ئەو دەوڵەت" دابنێن؟ پێشهاتەکە، بۆ چی "پێشهاتەیەکی چاوەڕواننەکراو" بوو؟ ئەدی لایەنی تورک لە چ مەڵبەندێک دەژیا؟ هەر کەسێک کەمترین زانیاری لە سەر کێشەی کورد هەبێ، دەزانێ کە بەشیکی هەرە زۆری کوردەکانی سووریا، لایەنگری پەیەدەی نزیک لە پەکەکەن. پەیەدە قوورسایی خۆی لە بەراورد لە گەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەی کورد لە سووریا دەرخستووە.
لە مارسی ٢٠١١ەوە، یانی لەو کاتەوە لە هەیمەنەی دەسەڵاتی ناوەندی سووریا، تووشی ڕوخان یان بڵێین سەر لە نوێ داڕشتنەوە بوو، شیمانەی ئەوە دەکرا کە کوردەکان بە تێکەڵ نەبوونیی بەربڵاویان بە شۆڕش، بە ئامادەکاری ئەوە دەکەن کە لە هەرێمی خۆیان دەسەڵاتداری و بەڕیوەبەری خۆیان دامەزرێنن.
بە دەستپێشخەری مەسعود بارزانی، لە ١٢ی جولای دا کە پەیەدە و "ئەنجومەنی نیشتمانی کورد"ی ڕێککەوتن و بڕیار درا بە بەشداری 5 کەر لە هەر لایەن، "دەستەی باڵای کورد"ی دابمەزرێ و ئەمەش گرینگترین هەوڵی هاوبەشی مەسعود بارزانی و کوردەکانی سووریا، پاش ئەوە بوو کە هەستیان کرد، حکوومەتی ئەسەد بەرەوە هەڵوەشانە. ٦ ڕۆژ پاش ئەمە، پێتەختی سووریا، بە تەقینەوەیەک کە کوژرانی چەند بەرپرسی پایەبەرزی بەدوادابوو، شڵەژا و شار و ناوچەکانی کورد کەوتە دەست دەسەڵاتی "دەستەی باڵای کوردی".
ئەوە کوێی و چۆن "پیشهاتێکی چاوەڕواننەکراو"ە؟
زۆر جار گوێمان لی بووە کە تورکیا هەوڵێکی ئەوتۆ نادات بۆ ئەوەی کە کێشەی کوردەکانی خۆی بە هاوکاری مەسعوود بارزانی، یا لە رێگەیی ئەوەوە چارەسەر بکات. ماوەی ساڵێکە دەبینرێ کە دیسان سیاسیەتی ئاسایشی بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێڕەو دەکرێتەوە و مەسعوود بارزانیش لەو ئاراستە دا هاوکار نەبووە و ئامادەش نەبووە کە بەشێک بێت لەو چەشنە چارەسەییە بۆیە کە یەکەم؛ مەسعود بارزانی، عەشیرەتی چەکداری پارێزەری تورکیا نییە. دووهەم ئەوە کە تەنانەت ئەگەر بە خۆزگە و ئارەزووش بێ، تورکیا ئەوەندە بە هێز نییە کە بتوانێ بزوتنەوەی سیاسی کورد تێک بشکێنێ. سێهەم ئەوە کە ئەگەر هاتوو کوردەکانی سووریا، هەرێمی کوردستان یان فیدڕاڵی عێراق بە نموونە وەربگرن، مەسعوود بارزانی، دەتوانێ چێان پێ بڵێ؟
گەلۆ دەتوانێ پێیان بڵێ "بە کەمتر لەو مافە ڕازی بن کە ئێمە لە عێڕاق وەدەستمان هیناوە"؟
باشە، بۆ چی وا بڵێ! دیارە خۆ واشی نەکووتوە و بە ڕێککەوتنی ناڕاستەوخۆ لە گەڵ پەکەکە، خەریکی خوڵقاندنی بنچینەیەکە کە بتوانێ شوێندانەری خۆی لە سەر کوردەکانی سووریا پەرە پێبدات.
تورکیا سەردەمێک کە بۆچوونی "ئێراقی فیدڕاڵ" دەبیتە تەعبیر لە "ئازادی کورد" و سەربەخۆیی، تووشی شڵەژان و هات و هاوار ببوو. ئەو کات مەسعود بارزانی "سەرۆک عەشیرەتی گوێرایەڵ" یان "سەرۆک پێشمەرگە" بوو. بە سووکایەتییەوە قامکمان لە سەر وشەی پێشمەرگە دادەنا. ڕۆژنامەنوویش هەبوون کە پێشنیاریان دەکرد کە مەسعود بارزانی بگرن و بیبەنە ئیمڕاڵی و ئەوەیان بە شتێکی واقعبینانە دادەنا. زۆر لەمێژ نییە، ئەمانە تەنیا چەند ساڵ لەوەپێش بوو.
لە کوێ ڕا گەیشتووینەتە کوێ! ناچارن بە پشتبەستن بە دینامیزمە مێژووییەکان و ئەو خاڵانەی کە قەت لە بەرچاوتان نەگرتن، لە گەڵ ڕاستییەکان ئاشت ببنەوە. وەختێک "عێڕاقی فیدڕاڵ" هەیە بۆچی "سووریای فیدڕاڵ"یش نەبێ؟ بۆ چی کوردەکانی سووریا بە "قەوارە و دەسەڵاتێک"ی کەمتر لە هی کوردەکانی عێڕاق ڕازی بن؟ پێویستی "ئەخلاقی" ئەوە لە چی دایە؟
چاوم بە ئەرشیڤ دا خشاند. دیتم زۆرترین باسەکانی چاپەمەنی تورک لە سووریا نووسرابوون. ڕووداوەکانی سووریا لە مارسی ٢٠١١ەوە دەستیان پێکردووە. یەکەم نووسراوەی من لەو پێوەندەییەدا لە ٢٧ی مارس ٢٠١١ دا لە ژێر ناوی "تورکیا و سووریا لە ژێر تیشکی ئازادی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" دا بڵاو بۆتەوە. لەو رۆژەوە تاکو ئەمڕۆ، لە ماوەی ١٦ مانگ دا ٥٢ وتاری راستەوخۆم لە سەر سووریا نووسیوە. زۆر پێش ئەوەی ئەمڕۆ دەولەت و مێدیا مانۆری لەسەر بدەن، لە سەر پێشهاتەکان قسەمان کردووە.
بۆ نموونە، لە وتاری ٢٩ی مارسی ئەوساڵدا، بە چەند ڕستەیەک کێشەی سەرەکی ئەمڕۆم دەستنیشان کردووە. ئەویش بەو جۆرە "تورکیا، لایەنێکی جیا لە ململانێکەیە، چونکە لە وڵاتێک دا کە قەت نەتوانرا میللەتی سووریای لێ ساغ بکرێتەوە، لە ئاکامی قۆناخێکی خوێناویدا درێژەکێشانی ڕووخانی ڕێژیم، هەڵوەشان یان لانیکەم وەدیهاتنی "سووریا ی فیدڕاڵ"ی لێدەکەوێتەوە، وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لە عێڕاق پێکهات، "یەکپارچەیی تۆکمە" دەکات. هەروەها، لە پاش ڕووخانی ڕیژیمی ئەسەد، ئایا بڵێی کوردەکانی سووریا، وەک ئەوڕۆ بەو "قەوارە و دەسەڵات"ەی کە هەیانە، یان بە واتایەکی دیکە بە بێ "قەوارە و دەسەڵات"ی ڕازی بن؟
کێشەی بنەڕەتی تورکیا لە گەڵ کوردەکانی سووریا لە سەر پەیەدە، یانی شوێندانەری پەکەکە لە سەر پەیەدەوە سەرچاوە، دەگرێ. لە مێژە پرۆپاگەندە لە سەر ئەوە دەکرێ کە "پەکەکە پشتیوانی لە ئەسەد دەکات" و پێێان دادەگرتەوە کە "پەکەکە پشتی بە لایەنێکی هەڵەوە بەستووە و لە گەڵ ڕووخانی بەشار ئەسەد پێکەوە لە نێو دەچن". بە نووسراو، لە میدیای بیستراو و دیتراو بە هەر رێگەیەک کە بۆم کرابێ، ڕوانگە و هەڵوێستی خۆم لە سەر ئەو ئیدعایە دەربڕیەوە کە: تەفرە مەڕۆن. پەکەکە و کوردەکانی سووریا بە دژی ئەسەد هێشتا تێکەڵ بە ڕەوتەکە نەبوونە. ئەوەش بەو مانایە نایەت کە پەکەکە پشتیوانی لە ئەسەد دەکات یان بووبێتە داردەستی. بە خێراتربوونی ڕووخانی ئەسەد، پەکەکە (یەیەدە)، بێ ئەوەی ئاوڕ لە دواوە بداتەوە، بە هۆی کوردەکانی سووریاوە، دەست بە جمووجۆڵ و تێکۆشان دەکات. خۆ پەکەکە و ڕێژیمی بەعس بە "مارەیی کاتۆلیک"ی پێکەوە نەبەستراونەتەوە!
ئەو قۆناخەی ئێستا تێی داین، قۆناخێکە کە دەوڵەت خۆیی و هاوڵاتیانی پێ هەلدەخەڵەتێنێ. هەتا بە چاکی دە پەکەکە نەگەن، ناتوانن بە ئاکامی درووستیش بگەن.
لێپرسراوێکی باڵای دەوڵەت وتوویەتی "لە هەریمەکەدا ناتوانن چاوپۆشی لە دەسەڵاتێکی ژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکە بکەن، کە چی ئەگەر پێکهاتەیەکی وەک ئەوەی عێراق، واتە بێ بەری لە پەکەکە و هەرێمێکی فیدڕاڵی نیزیک لە مەسعود بارزانی پێک بێ، پیوەندەییەکانیان لە گەڵ چڕ دەکەینەوە.
پرسیار ئەوەیە، باشە ئەگەر ئەو دوو ئەگەرە نەهاتنە دی، ئەو دەم ئەگەری سێهەم هەیە، یانی وەک ئەوەی ئەمڕۆ "ئەگەر بارزانی لە سەر مۆدێلی دەسەڵاتی کورد لە سووریا بە شیوەی ناڕاستەوخۆ لە گەڵ پەکەکە ڕێککەوت، چ دەکەن؟ پرسیار زۆرن، ڕۆژانی داهاتوو، باسیان دەکەین و هەڵیان دەسەنگێنین.