فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

نەریمان تاڵیب

لەو پرسیارە قورسانەی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان وروژاندوێتی ئەوەیە كە بۆچی ھەولێر ریفراندۆمێكی ئەنجامدا كە ئەمریكاو ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكان و دەوڵەتانی دراوسێ و دەوڵەتانی دۆستیش، داوای دواخستن و ئەنجامنەدانیان دەكرد؟ كە ئەنجامیشدرا دەبێت ھەموویان مامەڵەی لەگەڵدا بكەن؟

ئایا ھەرێمی كوردستان خۆی خستۆتە رەوشێكی نالەبارەوە؟ یان دیدێكی روونی ھەبووەو دەزانێت لە كوێوە ھاتووەو بەرەو كوێ دەڕوات ؟ ئەو پرسیارە قورسانە تەنیا رووداوەكانی رۆژان و ھەفتەو مانگەكانی داھاتوو دەتوانن وەڵامی بدەنەوە؟ھەرچۆنێك بێت، ریفراندۆمەكە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستداھاوكێشەیەكی نوێی خستۆتەوە كە ئەنجامگیری دەوێت.

ئەوەی روونە سووربون و متمانەیەكی بەھێز لە پشتی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە ھەست پێدەكرێت، لەوەدا دەتوانین چەندین رەگەزو ھۆكار ریز بكەین، بەڵام لەناو ھەموویاندا رەگەزەكانی پێگەی ئابوری ھەرێم + نەوت و غازەكەی، لەوانیتر زیاتر خۆیان بەدەردەخەن، بە جۆرێك ئەو رەگەزانە، ھەڵوەستە بە سیاسەتی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكەو جیھان دەكەن و وایلەوان كردووە پێش بڕیاردانیان، زیاتر بیربكەنەوە .

لە كابینەی سێیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە – لە 1996ەوە، سەركردایەتی ھەرێمی كوردستان تا رادەیەك پەیڕەوی لە پرینسیپێك كردووە كە پێی وابوو ((ئابوری سیاسەت دروست دەكات))، یەك لە ئامرازەكانی ئەو ستراتیژەش بریتی بوو لە راكێشانی بەرژەوەندی ئابوری و بازرگانی وڵاتانی گەورەی جیھان و ناوچەكە بۆ ناو گۆڕەپانی ھەرێمی كوردستان .

لە پاڵ ئەم ستراتیژەدا پرۆسەی فراوانكردنی گۆڕەپانی گەمەكردن و كاریگەریدانانی ھەرێمی كوردستان بەسەر دەوروبەری ھەرێمایەتی و جیھانی، یەك لە پرینسیپەكانی دیكە بووە كە ئەوكات سنورداربوو- لە 1996 تا 2003-، ستراتیژەكە لە پاش 2003 ەوە گۆڕا بۆ راكێشانی وەبەرھێنانی بیانی و وڵاتانی مەزن بەتایبەت بۆ كەرتی نەوت و غازی كوردستان. ئا لەوێوە دیسان ھەرێمی كوردستان توانی ئەو گۆڕەپانە فراوانتر بكات، ئەنجامی ریفراندۆمی گەلی كوردستانیش رووداوێكە لەپاڵ پێگەی ئابوری و توانای وزەی ھەرێمی كوردستان، ئەو گۆڕەپانەی فراوانتركردووە، بەڵام كاریگەرانەتر،چۆن؟

بە بەڵگەی ئەوەی لە پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانەوە ئێران و توركیا و عێراق و سوریا و روسیا و ئەمریكا و نەتەوەیەكگرتووەكان(( كە ھەموویان داوایان دەكرد نەكرێت یان دوابخرێت)) پاش ئەنجامدانی ھەریەكەیان بە جۆرێك لەھەوڵی ئەوەدان لەگەڵ ئەو رووداوە مەزنەدا سەرووكار بكەن و لەگەڵ ئەنجامەكانیدا خۆیان و بەرژەوەندییەكانیان بسازێنن، ئەوان كە نەیانتوانی گەلی كوردستان و سەركردایەتیەكەی پەشیمان بكەنەوە، ئیتر ئەمڕۆ ناچارن لەگەڵ ئەو رەوشە تازەیەی كە ریفراندۆم دروستی كردووە، مامەڵەیەكی ھێورو حساب بۆ كراوو بكەن، لەوەدا دەوڵەتەكان پێش ھەمووشتێك لە خەمی بەرژەوەندییە ئابورییەكانیانن لە ھەرێمی كوردستان و بەدەسخستنی بەرژەوەندی زیاترن.

بەرپرسانی بەغدا زۆر شڵەژاوون، ئەوان بە پێچەوانەی بەرپرسانی باڵای كوردستانەوە، بڕیاری بێ بنەماو مردوو لە دژی كوردستان دەردەكەن، لە وتارەكانی سێ رۆژی رابردوویاندا توڕە و ھەڵەشەییدەردەكەون و بە پەلەپەل و توندی قسە دەكەن و بۆ سزادانی گەلی كوردستان رێوشوێنیان گرتۆتەبەر، بە پێچەوانەوە، سەرۆك بارزانی داوای دیالۆگ دەكات، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئێوارەی 24-9 و لە پەیامە تەلەفزێونییەكەی26-9یدا، زۆر ھێمن و ھێدی و عەقڵانی پەیامەكانی بۆ بەغداو ئەنقەرەو تاران و واشینتۆن و نیویۆرك ناردووە و بەرچاوڕوونی پێوەدیارە كە دەزانێت بەرەو كوێ ھەنگاو دەنێت، لەسەر گۆڕەپانێك كە ھەمیشە دووپاتی لەوە كردۆتەوە كە خاڵی نییە لە سەختی و سەركێشی .

(ئەمریكاش ئەمڕۆ لە دووڕیانێكدایە راستە ئەو داوای ئەنجامنەدانی ریفراندۆمی كرد، بەڵام كە ئەنجامدرا یەكەم ھەڵوێستی لە دەوری ئەوە خولایەوە كە واشینتۆن لە نێوان بەغداو ھەولێردا، نابێتە لایەنگری ھیچ كامیان،(وەك لە راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دا ھاتبوو)، بەتایبەت كە دووپاتیشی لەوە كردبۆوە ئەمریكا لەگەڵ ئەوەیە كە ھەردوولا لە بەكارھێنانی تووندووتیژی دووربكەونەوەو پەنا بۆ دایەلۆگ ببەن، بەڵام ئایا ئەمریكا تا كەی دەتوانێت لەسەر ئەو ھەڵوێستەی بمێنێتەوە؟ بەتایبەت ئەمریكا لە نێوان ھەولێرو بەغدا ئێستە لە شوێنێكدا راوەستاوە كە(زۆر سەخت و ئاسێیە) و ئەگەر ئەو گوتارو رێوشوێنە سزاییانەی بەغدا لە دژی ھەرێمی كوردستان توندتر بێت و لە ئەرزی واقعدا گرژیی و ھەنگاوی سەربازی سنورداری لێبكەوێتەوە (بۆ نموونە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان)، ئایە ئەوكات ئەمریكا بۆ لەدەسنەچوونی ھەموو دەسكەوتەكانی جەنگی ئازادی عێراق لە 2003ەوە، ھەروا بێلایەن دەمێنێتەوە؟ ئەو پرسیارانە رووداوەكانی رۆژان و ھەفتەكانی داھاتوو وەڵامیان دەداتەوە، بەلام مەنتیقیش نابێت كە ئەمریكا دەسكەوتەكانی خۆی لە عێراقی نوێدا ھەروا بەئاسانی بدات بەدەم ئاوی " دوو رووبارەكەوە"، ئەو عێراقەی كە ھەزاران سەربازی بۆ كردۆتە قوربانی و ملیاران دۆلاری تیا خەرج كردووە، بڵێی ھەروا بەئاسانی بۆ ژمارەیەك لە سیاسەتوانی شیعە + ئێرانی بەجێ بھێڵێت؟ ئایە وەك سوریای لێدەكات تا روسیا تیایدا خۆی بەھێز بكات؟

روسیا كەلە پاش 1990ەوە تا رادەیەكی زۆر لە گۆڕەپانی كاریگەردانانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا كشابۆوە، لە 2011ەوە بەھۆی رۆڵی سەربازی و سیاسی لە قەیرانی سوریادا، توانی پێگەی نوێ و گۆڕەپانی كاریگەردانانی نوێی دەست بكەوێت، پاش ریفراندۆمەكەی كوردستانیش یەك لەو مەترسیانەی توركیای وا لێكردووە بەرلە جێبەجێكردنی ھەڕەشەكانی لە دژی كوردستان، ھەزار جار بیر بكاتەوە، ئەوەیە كە كەرتی ئابوری و + نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان بۆ روسیا چۆڵ بكات،چۆن؟

ئەگەر پێگەی ئابوری و كەرتی وزەی ھەرێمی كوردستان بەھێز نەبێت و بۆ داھاتوو مژدەبەخش نەبێت، چۆن چەند رۆژێك پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، كۆمپانیای رۆزنەفتی – روسی، لەگەڵ حكومەتی ھەرێمی كوردستاندا رێككەوتنامەی پرۆژەی راكێشانی بۆری غازی كوردستان بەناو خاكی توركیادا ئیمزا دەكات، ئەمە جگە لەوەی (بە پێی رۆیتەرز) روسیا بۆخۆی لە كەرتی غاز و نەوتی كوردستاندا، بایی 4 ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری كردووە. كەواتە ئەگەر توركیا دەروازەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دابخات و رێ لە رۆیشتنی نەوتی كوردستان بگرێت، ئەوا روسیا بێ سێ و دوو، ئەو بازاڕە زەنگینە پڕ دەكاتەوەو ئەگەری ئەوەش ھەیە كە لە رۆژئاڤای كوردستانەوە نەوت و غازی كورردستان بە دەریای سپی ناوەڕاست بگەیەنێت، ئەمەیە وای لە سەركۆماری توركیا- ئەردۆگان كردووە كە نەزانێت چی بكات و لە باشترین حاڵەتیدا ئەو ھەڕەشەیەی كە لە ھەرێمی كوردستانی دەكات، وەك ئەوە وایە لە ئابوری و خۆشگوزەرانی دەوڵەتی توركیاو پێگەی سیاسی و داھاتوویی خۆیی و وڵاتەكەی بكات، ئەوە بەرھەمی ستراتیژی راكێشانی ئابوری و بەرژەوەندی دەوڵەتانی جیھان و دراوسێیە بۆ كوردستان، ئەو شیكارییە بۆ تێگەیشتن لە ھەڵوێستی ئێرانیش تا رادەیەكی زۆر، ھەر راست دەمێنێتەوە ، ئێرانیش چاوی بڕیوەتە ئەوەی توركیا لە بازاڕی كوردستان بكشێتەوە تا خۆی پڕی بكاتەوە، لەبەرئەوە توركیاش لە دووڕیانێكی سەختدایە وخۆ یەكلاكردنەوەی زۆر سەختە.

قەوارەی بازرگانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیادا ساڵانە 8 ملیار دۆلارە، ھەتا ئەمڕۆ 1000 بۆ 1500 كۆمپانیای توركی لە ھەرێمدا كاردەكەن،نیوەی زیاتری وەبەرھێنان و بازاڕی كار لەھەرێمدا بەدەستی توركەكانەوەیە، لە توركیاوە لە ساڵی 2014ەوە رۆژانە نزیكەی 600 ھەزار بەرمیل نەوتی كوردستان بەناو خاكی توركیادا رەوانەی بەندەری جیھان دەكرێت، كە بەھۆیەوە توركیا رۆژانە لە گواستنەوەو پاراستن و ئەمباركردن و فرۆشتنی ھەر بەرمیلێك پارەیەكی زۆری دەست دەكەوێت، ئەو ھۆكارانە وادەكەن ھەڕەشەكانی سەركۆماری توركیا – رەجەب تەیب ئەردۆگان، تەنیا وەك ھەڕەشەیەكی نمایشكارانە بمێننەوە،ھەربۆیە پرسیارێكی دیكەی قوورس ئەوەیە كە ئایە توركیا دەتوانێت، دەست لەو دەسكەوتە بازرگانی و ئابورییانە ھەڵگرێت؟

سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت ناھێڵین ھەولێر دیفاكتۆمان بەسەردا بسەپێنێت، بەڵام پێگەی ئابوری و ئەو توانایەی كە ھەرێمی كوردستان لە كەرتی وزەدا ھەیەتی و ویستی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كە ئەنجامی ریفراندۆمەكەی 25-9-2017 نیشانیداو لە %92.72 ە، كۆمەڵێ راستیین، كە ناكرێت دانیپێدا نەنێن، ھەرچەند ماوەیەك سەرسەختانە رەتیبكەنەوەو شەڕی لە دژ بكەن .

ریفراندۆمەكەی كوردستان لەسەر گۆڕەپانەكانی كاریگەربوونی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانیش نەخشی دەبێت، دەوڵەتانیش بڕیاری ڕاشكاوو یەكلاكەرەوەیان لەبارەی ئەنجامەكانییەوە دەبێت، فاكتەرە ئابوری و بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی وڵاتانی ھەرێمی و جیھانی+ نەوت وغازی كوردستان، گرنگترین رەگەزی كاریگەرن، كە وایان كردووە بڕیارە سیاسییەكانی ئەو وڵاتانە، لە ھەفتەی یەكەمی پاش ریفراندۆمەكە لاوازترو ھێواش تربن، بەھەردوو بارەكەدا واتە بۆ دژایەتیكردن و بۆ پشتیوانی كردنیشی .

ھەموو فراوانكردنێك، ئەركی ئیدارەكردنی گەمەكەی قورستر دەكرد، ھەربۆیە وەرچەرخانی مەزنی ئەو گەمەیە، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم چووە قۆناغێكی كاریگەرترەوەو گۆڕەپانی كاریگەریدانانی كورستانی بۆ گەمەی سیاسی فراوانترو قوورستر كرد، لە ھەموو قۆناخەكانیشدا فراوانكردنی گۆڕەپانی كاریگەربوون بۆ ئامانجێكی رەوا بووە كە ئەویش سەلماندنی مافی چارەنووس بوووە بۆ گەلی كوردستان، لە 1961- 1974 سەركردایەتی كوردستان بۆ ئامانجێك گۆڕەپانی كاریگەربوونی خۆی فراوان كرد كە بریتی بوو لە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی، لە 1992 - 2003 لە پێناوی فیدرالیزمدا بوو، بەڵام ئیتر لە 25-9-2017 بە دواوە، بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستانە، دەوڵەتێك كە دروستكردنی قورس بووە و قوورسیش دەبێت .


29/9/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان