فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

عارف قوربانى

 ئەمڕۆ لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی گشتپرسی خەڵكی كوردستان و بردنەوەی بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی، كوردستان پێی نایە قۆناغێكی ترەوە، رۆژە سەختەكانمان تێپەڕاند، لەمپەر و بەربەستە كۆنكرێتییەكان لەبەردەم ئیرادەی پۆڵاییندا تێكشكان، لێرەوە ئەركی گەورەترمان دێتە پێش، ئەرك و بەرپرسیارێتیەكانی ئەم قۆناغە گەورەترن، بەڵام سەخت نین هێندەی رۆژانی پێش گشتپرسی. ئێمە كە بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بەسەر لوغمە چێندراوەكاندا بەسەركەوتوویی هاتین، بەدڵنیاییەوە ئەركەكانی قۆناغی داهاتووش بەجێ‌ دەگەیەنین و كاروانەكە دەگەیەنینە ئامانج.

رۆژانی پێش گشتپرسی سەخت بوون، كوردستان لەبەردەم تەحەدای زۆر گەورەدا بوو، گوشار و هەڕەشەكانی دونیای دەرەوە و وڵاتانی هەرێمایەتی و بەغدا، لوغمە چێندراوەكانی نێوماڵی خۆمان. خۆشبەختانە هەموویان تێپەڕین و ئیتر جیهان و دەوروبەر بەچاوێكی ترەوە تەماشامان دەكەن، بە ئەندازەی ئەو ئیرادە پۆڵایینەی گەلی كوردستان رێزمان دەگرن. زۆر زووتر لەو چاوەڕوانیانەی هەن، وڵات لەدوای وڵات پابەندێتی خۆی بە پرەنسیپە مرۆییەكان بۆ ئازادی و بەهاكانی دیموكراسی بۆ رێزگرتن لە ئیرادەی گەلان دەستپێدەكەن و سەربەخۆیی كوردستان قبوڵ دەكەن.

ئەوەی لێرەدا گرنگە، سوودوەرگرتنە لەو دەركەوتانەی چەند مانگی پێش گشتپرسی و رۆژانی بانگەشە هەستمان پێكرد، ئەم پرۆسەیە خزمەتی زۆری كردین بەوەی هەڵە و كەموكورتییەكانی بۆ خستینە سەر سینییەك، گرنگە پێداچوونەوەیەكی خێرا بەو رابردووەدا بكەین كە زۆر ماندووی كردین، دەركەوت چەند بێ‌ پلانین، ئەو مشتومڕ و رێگریانەی هەبوون تا ریفراندۆم لە كەركوك نەكرێت، خوێندنەوەی وردی لێمان دەوێ‌ كە خەریك بوو لە چركەساتێكی مێژووییدا كوردستان بخاتە مەترسیی زۆر گەورەوە. ئاستی دەستوەردانی وڵاتان لە ناوخۆ، زمانی موخاتەبەكردنی یەكتری، رۆڵ و بەرپرسیارێتی میدیا، دیاریكردنی سنووری نێوان ئازادی و فەوزا، ئەمانە و زۆر شتی تر پێویستیان بەوەیە پێیاندا بچینەوە، رێوشوێنێك بگیرێنەبەر كە دڵنیایی دووبارەنەبوونەوەیان دەستەبەر بكات. بەتایبەتیش كە قۆناغەكانی بەردەممان هەستیارتر و ئەركەكانی داهاتوومان گرنگترن.

ئەمەش بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی بارزانی، چونكە ئەگەر لە بنەڕەتەوە ئەوە خواستی خۆیشی نەبووبێت كە ریفراندۆم و پرۆژەی سەربەخۆیی پرۆژەی شەخسی ئەون، وەك لە وتار و لێدوانی كەرنەڤاڵەكانی پشتیوانی لە گشتپرسی چەند جارێك دووپاتی كردەوە، بەڵام ئەوانەی نەیاری پرۆسەكە بوون و دەیانویست بۆ ساردكردنەوەی خەڵك پرۆژەكە بە شەخسەنە بكەن و بیبڕن بە بەژن و باڵای بارزانیدا، بارزانییان كرد بە دامەزرێنەری دەوڵەتی كوردستان. بۆیە ئیتر ئەركی ئەو زۆر لە جاران قورسترە و پێویستە لەو ئاستەدا مامەڵە بكات. بەتایبەتیش كە لە هەلومەرجێكدا ئەم پرۆسەیە بەڕێوەچوو، ناتەباییەكی سیاسی زۆر و كێشە و گیروگرفتێكی ناوخۆیی زۆرمان هەبوون، بەڵام سەرباری كێشەو ناتەباییەكان، جگە لە خەڵكانێكی كەم، زۆرینەی گەلی كوردستان پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەكە بوون.

بارزانی ئەوكات خۆی و بە پشتیوانی ژمارەیەكی كەم لە خەباتگێڕانی میللەتەكەی، رووبەڕووی تەحەدییەكان بووەوە، بە تەحەداوە بەرگەی ئەو هەموو فشار و هەڕەشانەی گرت و چۆكی دانەدا، پێویستە لێرەش بەدواوە بە ئیستسماركردنی ئەو پشتیوانییە گەورەیەی گەلەكەی، خۆی بۆ قۆناغی تازە ئامادە بكات، هەم قۆناغەكە كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیارێتی تازە لەگەڵ خۆی دەهێنێ‌ و هەم ئەو پشتیوانییە جەماوەری و سیاسییە كۆمەڵێ‌ بەرپرسیارێتی تازە دەخاتە ئەستۆی بارزانی، پێش هەر شت ئەوەی لێدەخوازێت سەركردەیەكی جیاوازتر بێت لە رابردوو. ئەركی ئەوەی دەخاتە ئەستۆ بە ئەمانەتەوە كوردستان بەرێتە قۆناغی دڵنیاییەوە.

دەستپێكی ئەو دڵنیاییەش لەوەوە دەستپێدەكات ئەم سەركەوتنە بكرێت بە سەركەوتنی گەلی كوردستان، بەوانەی كاریان بۆی كرد و بەوانەشەوە كە لە دژی وەستانەوە. پێویستە لاپەڕەیەكی نوێ‌ لەژیانی سیاسی خەڵكی كوردستان هەڵبدرێتەوە و هەموو هێزە سیاسییەكان لە قۆناغی داهاتوودا ئەرك و بەرپرسیارێتییان بخرێتە ئەستۆ. ئەوانەی بە پاساوی ئەوەی رۆژ و مانگ و كاتەكەیان بە گونجاو نەدەزانی، یاخود قەلەقی ئەوە بوون زەمینەسازی بۆ نەكراوە، یان دەگوترا پێویست بوو لەژێر سەقفی پەرلەماندا بێ نەك سەرۆكایەتی هەرێم، ئەوانەی گومانیان لە سەركەوتنی هەبوو، بە پرسێكی چەواشەكاری و موزایەدەیان دەزانی، تەنانەت بەوانەشەوە كە ژەهریان دەڕشت و رق و كینەیان بڵاودەكردەوە و دووریش نییە لە ئێستاش بەدواوە خەڵكانێك هەر هەبن زووخاو بكەنە قوڕگی خەڵكەوە و رۆژانە پێمان بڵێن قومار بە دەنگەكانتانەوە دەكرێت، پێویستە هەموو ئەو شتانە لە ئێستادا لەبیر بكرێن و هەڵگیرێن بۆ مێژوو، چونكە ئیرادەی گەلی كوردستان بەسەر هەموویاندا سەركەوت. پێویستە ئیتر كوردستان چاو ببڕێتە دووراییەكانی پێش خۆی و تەنها بۆ پەندوەرگرتن ئاوڕ لە دواوە بداتەوە.

لێرەوە ئەركە گرنگەكان دەستپێدەكەن، پێویستە لەلایەك ئەو كەشە سیاسی و میللییەی خەڵكی كوردستان بپارێزرێت و لەهەمانكاتدا بكرێت بە وزەی تەواوكردنی پرۆسەكە لە ئاستی دەرەوە. پێشتر بەشێك لە دژایەتی و نیگەرانی و ناڕەزایەتییەكانی وڵاتان رەنگدانەوەی دۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بوو، كە ناتەبا و دژ بەیەك بووین، لێكەوتەكانی پشتتێكردنی دۆستەكانمان بوو، بەدڵنیاییەوە كە ئیرادەی هەمووشمان پێكەوە بێت، ئاسۆی روونترمان بەڕوودا دەكاتەوە. بارزانی دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت تا لەناوخۆ پشتیوانی زیاتر بێت، ئاسانتر دەرگاكانی بەڕوودا دەكرێنەوە. تا لە ئاستی جەماوەری، میللەتەكەی لە پشتی بن، لە ئاستی نێودەوڵەتی دەنگی دلێرتر دەبێت. كەواتە لێرەوە ئەولەویەتی كارەكانی ئەوەیە ئەو پشتیوانییە جەماوەری و سیاسییە بهێڵێتەوە. ئەوەش بە پاداشتكردنەوەی خەڵك و هێزە سیاسییەكان پارێزراو دەبێت.

دوای ئەوەی هێزە سیاسییەكان بە یار و نەیارەوە، بەو هەموو كێشە و ناتەباییە سیاسییەوە بەڵێیان كرد، دوای ئەوەی میللەت بە سكی برسی و دڵێكی بریندارەوە، دەستیان خستە سەر برینەكانیان و بەجۆشەوە كاروانی سەربەخۆییان گەیاند بەم قۆناغە، پێویستە ئیتر بارزانی سەرۆكی پارتی نەبێت، دەبێ‌ بەیەك چاو تەماشای هەموو هێزەكان و خەڵكەكەی بكات. نابێ‌ قۆناغی دوای گشتپرسی و بردنەوەی دەنگی بەڵێ‌ بەهەمان شێواز و عەقڵیەت و بە هەمان سیستەم وڵات بەڕێوە بچێت. نەهێشتنی نادادی، باشكردنی بژێویی خەڵك، هاوبەشی و پێكەوەیی دەبێت ببنە سیما هەرە دیارەكانی داهاتوومان.

ئێستا كە هەموومان پێكەوەین، دەرفەتێكی گونجاوە بۆ ئەوەی لە دەرگای جیهان بدەین بۆئەوەی كوردستان لەسەر خوانی نێودەوڵەتی قبوڵ بكەن. پێویستە بارزانی بەم گەرموگوڕییەی باسوخواسی سەركەوتنی كوردستانەوە نامە بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆكی هەموو دەوڵەتانی جیهان بنێرێت تا رێز لە ئیرادەی گەلی كوردستان بگرن و دان بەسەربەخۆیی كوردستاندا بنێن.

26/9/2017

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان