وەحید كەماڵی ئیلامی
قەت نابێت بیر لەوە بكرێتەوە كە كورد و خاكی كوردستان (بەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێمیش) و رفراندوم مەترسی سەربازیان لەسەرە بەڵكو ئەوەی دەبێتە هۆكاری سەركەوتنی ڕیفراندوم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان زیاتر پەیوەستە بە سیاسەت و دپلۆماسی سەركردایەتی كورد لەم قۆناخە و هاوكێشەكان كە بە چ شێوەیەك پرۆسەو پرۆژەكە بەرەوپێش دەبات.
جیاواز لە مێژووی دوسەدساڵەی تێكوشان وخەباتی نەتەوەی كورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی لە چواربەشەكەی وڵاتمان و ماوەیەكی زۆر دان بەخۆگرتن بەهیوای ئەوەیكە نەتەوەكانی سەردەست لەچوار وڵاتە داگیركەرەكەی خاكی كوردستان هەستی برایەتی و یەكسانی و پێكەوە ژیانیان لا دروست بكرێت بەڵام بە داخەوە چەمكی برایەتی و داوای یەكسانی و پێكەوە ژیان تەنها لای نەتەوەی كورد بەها و قیمەتی هەبوو و هەیە و سیستەمی داگیركەری سەربەنەتەوەكانی سەردەست و كۆمەڵگەی سیاسیان هیچكات نەیانتوانی یان بیریان لێنەكرد و یان لەخۆبایی بوون و چەمكی شۆڤینیزم دەرفەتی ئەوەیان پێنەدا كە بتوانن چی لە ئاستی دەسەڵات و سیاسەت یاخود لە ناخی كۆمەڵگاو نۆخبەكانیان هەنگاو هەڵگرن بەرەو ئاراستەی ئەم ئاواتەو بەپێچەوانە و بە تایبەت لە عێراقی بە ناو فیدراڵ دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیكی فراوانخوازی شیعی شوێنی سیستەمی دیكتاتوری مۆنارشیكی گرت و ئەوەی دەسەڵاتی بەعس بە بیری نەهات ئەمان بەسەر كوردیان هێنا لە چوارچێوەی عیراقدا.
لە ئێستاكە و دوای هەوڵێكی زۆری كورد لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتەكانی دوای بەعس لە بەغدا بەداخەوە كولتوری سیاسی و ڕێبازی فراوانخواز و سەركوتكەری زاڵ لەسەر كەسایەتی دەوڵەتی ناوەندی عێراق نەیتوانی لە پەیامی نەتەوەی كورد و باقی پێكهاتەكانی عێراق تێبگات و لە ئەنجامی نەگۆڕینی چەشنی دەسەڵاتداری،عێراق و نەتەوەكان و كەمینەكانی تووشی ئەزموونی تاڵی داعش و برا داعش بوون و ژیانی هەمووان كەوتە بن كاریگەری نێگەتیڤی ئەم دەرئەنجامەو نەتەوەی كورد لە عێراق زۆرترین باجی دا تا پەتای داعشیزم لە عێراقی نادیموكرات و بە ناو فێدرال نەمێنێت و بوو بە بەربەستی سەرەكی لە بەرامبەر ئەم شاڵاوە نەهامەتیەو لەكۆتاییدا هەم توانی خۆی بپارێزێت و هەم بوو بە پارێزەری عێراق و ناوچەکە و تەنانەت هەموو وڵاتانی ئەورۆپی و ئەمریكی .
زیاتر ناچمە ناو وردەكاری و باس لە زۆر شتی دیكە ناكەم چونكە هەموو دونیا دانیان داناوە بە ڕۆڵی نەتەوەو ڕۆڵە قارەمانەكانی كورد لە پێناو پاراستنی مرۆڤایەتی لەبەرانبەر سۆنامی دژەمرۆڤی ئیسلامی داعشی و ڕاستەوخۆ ئەڕۆمە سەر بابەتی گشتپرسی سەربەخۆیی و ڕەهەندەكانی و هەڕەشە كانی هەندێ لایەن لە ناو عێراقی بەناو فیدراڵ و باقی وڵاتانی داگیركەری خاكی كوردستان لە بەرانبەر ئەم پرسە...!
نەتەوەی كورد و هێزەسیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دوای ئەوهەموو ئەزموونە كە بوویانە لە گەل دەسەڵاتی ناوەند بە تایبەت لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق لەساڵی 2003 بەدواوە لە كۆتاییدا گەیشتووتە ئەو قیناعەت و باوەرە كە دەبێ بیرێكی جیدی لە پاشەڕۆژی خۆی بكات و هەربەوشێوەیە كە لە "جارنامەی مافی مرۆڤ و یاسای گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان " ئاماژەی پێَدراوە ئەمە مافێكی سەرەكی هەموو نەتەوەو كیانێكی ئەتنیكیە كە بتوانێت ئایندەو پاشەڕۆژی خۆی دیاریبكات.
ئێستا كوردیش دوای ئەو هەموو نەهامەتی و هەوڵ و تێكۆشان و ئەزموونە وەك زۆر نەتەوەی دیكە بڕیاری بە ریفراندوم داوەو لە 25 ی ئەم مانگە گشتپرسی سەربەخۆیی بەڕێوە دەچێت . كورد ئەمە بە مافی خۆی دەزانێت و دەوڵەتی ناوەندی عێراق دژایەتی دەكات ، لەولاوەش كۆماری ئیسلامی و توركیا و سوریاش دژایەتی ئەم بریارە دەكەن و وڵاتانی ئەورۆپا و ئەمریكاش بە ڕواڵەت داوای بە دواخستنی ئەم پرۆژەیە دەكەن.
بێ گومان بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەشێكی گرینگ لە جوگرافیای سیاسی و دیموگرافیای وڵاتی دەسكردی عیراق دەبڕدرێت و ئەم بابەتە كاریگەری ڕاستەخو لە سەر هاوكێشەو سیاسەتەكانی ناوخۆ و دەرەوەی ناوەندی دەسەڵات لە عیراق دەكات و تەنانەت هاوسەنگی هێز و سەف بەندییەسیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە تا ڕادەیەكی بەرچاو دەگۆڕێت.
جیاواز لە سوریا كە ئێستاكە لە عەرزی واقیع پارچە بووەو دەسەڵاتێكی نامەركەزیش لە ڕۆژئاوای كوردستان دروستكراوەو ئەم بەشە لە خاكی كوردستان ڕۆژبەدوای ڕۆژ بەرەو سەقامگیری زیاتر و توكمەتر دەڕوات و دەبێ چاوەڕێ ببین تاكو ببینین چارەنووسی باقی خاك و دەسەڵات لە سوریا بەرەوكوێ دەڕوات و بە چ شێوەیەك دابەش دەبێت،دەمێنێتە دوو وڵاتی توركیا و كۆماری ئیسلامی ئێران كە هەبوونی كورد لەم وڵاتانەو بە تایبەت ئەوەیكە هەڵكەوتی جوگرافیاو دیمۆگرافیای كورد لەم دوو وڵاتە دەڵەمەندترین بەشی خاكی ئێستاكەی ئەم وڵاتانەن لە ڕۆی نەوت و گاز و ئاو و ....لە زۆر بواری دیكەش ناوچەكوردنیشینەكانی ئەم دوو وڵاتە بایەخ و گرینگی ستراتژیكیان هەیە و بێ گومان شەپۆڵی سەربەخۆ بوونی باشووری كوردستان ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر شۆڕشی كورد لەم دوو وڵاتە داگیركەرەو هیچ نەبێت كوردی ئەم وڵاتانەش بەلانیكەم دەتوانن بیر لە بابەتێك وەك گشتپرسی بكەن بۆیە رێفراندومی هەرێمی كوردستان وەك بۆمەلەرزەیكە كە ئەم دوو وڵاتەش دەهەژێنێت بەتایبەت كۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی ئەوەیكە خاكەكەی جوگرافیای نیشتەجێبوونی لانیكەم شەش نەتەوەی داگیر كردووە هەرلەئێستاوە لەرز نیشتووە لە گیانی لەبەر ئەوەی نەتەوەكانی دیكەی ئێرانیش وەك ئازەرییەكان, بەلووچەكان، سیستانییەكان, عەرەبەكان ، قەشقاییەكان ، توركمانەكان و تەنانەت تاڵێشییەكان دەتوانن لەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان كەڵك وەربگرن و داوای مافی نەتەوەیی و چارەنووسی خۆیان بكەن ، بۆیە كۆماری ئیسلامی ئێران خۆی وەكو زەرەرمەندترینی ئەم بابەتە دەبینێت .ئەمە جیاواز لەوەیكە لە بواری سیاسەتی فراوانخوازی دەرەوەش گورزی كوشندەی بەردەكەوێت بۆیە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە دەسەڵاتی ناوەندی ئێران بە هەموو توانای خۆی هەوڵی لەبار بردنی پرۆژەی گشتپرسی بدات و ئەگەرەیش لەمە سەرنەكەوێت بێگومان هەوڵی ئەوە دەدات كە بە ڕێگای دپلۆماسی بووە یان شەڕو ئاژاوە نان قۆناخی دوای گشتپرسی و ئەنجامەكانی بەلاریدا ببات . ئەمانە لە لایەك و بگەڕینە سەر هەوڵی دەسەڵاتی ناوەندی عیراق بۆ بەرَێوەنەبردنی گشتپرسی:
ئەوەی تا ئێستا بەغدا كردوویەتی لە دژی ڕیفراندوم تائێستاكە سەرنەكەوتووەو هەوڵەكانی توركیاو ئێرانیش بێ ئەنجام بوون و لێدوانی سیاسیەكانی عیراق بەتایبەت شیعەكانی سەر بە ئێران و هەڕەشە سەربازییەكان و لەم دواییەش بڕیاری تاكلایەنەی پەرلەمانی عیراق هیچیان ئەنجامیان نەبووە لە دوا خستنی بڕیاری گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان و دەبێ چاوەڕێ شتی دیكە تەنانەت هێرشی سەربازی بۆسەر خاكی كوردستان بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ببین كە وا دیارە كورد پێشوەختە خۆی بۆ ئەم بابەتە ئامادە كردووە.
سەرەڕای هەموو هەڕەشەو گوڕەشە دپلۆماسی و سیاسی و سەربازییەكانی بەغدا و تاران و تەنانەت جاروبار ئەنقەرە دەبێ بزانین هیچكام لەم وڵاتانە لە هەلومەرجێك دا نین كە بتوانن بچنە ژێر باری قورسی شەر لەگەڵ هەرێمێك كە هێزی هاوپەیمان لە پشتییەتی و لە لایەكی دیكەوە هێشتا هەرێمی كوردستان لە یاسای 36 دەرەجەی دژە فڕینی ئەنجومەنی ئاسایش دەرنەهاتووەو هەرهێرشێك بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان تاوانی سەختی بەدواوە دەبێت .
وڵاتانی ئێران و توركیا بۆخۆیان زۆر كێشەو ململانی ناوخۆییان هەیە هەم لە ناو دەسەڵات و هەم لەگەڵ نەتەوەكانی نێو چوارچێوەی وڵاتەكانیان و بەغداش هێشتا نەیتوانیوە تەنانەت خۆی لە تەقینەوەكانی ڕۆژانە بپارێزێت و بەشێكی زۆری شیعەكانیش (ئەوانەی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەماهەنگ نین ) مەزەندە ناكرێت كە خۆیان بخەنە نێو گەمەكانی كۆماری ئیسلامی و بێ شك هەوڵی ئەوە ئەدەن خۆیان بپارێزن لە ڕیسكێكی ئاوەها كە شەری ڕاستەوخۆی كورد بكەن هەرچەن بە ڕواڵەتیش دژی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بن.
ڕاستە تا ئێستاكە وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریكا پشتگیری بڕیاری گشتپرسیان نەكردووە بەڵام لەهەلومەرجێكی وەهادا هەرچەشنە هێرشێكی سەربازی بۆسەر هەرێمی كوردستان هێرشی ڕاستەوخۆە بۆسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانیان و بێگۆمان دەرفەتێكی ئاوەها بە هیچ لایەنێك نادەن .
لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانیش هەرەزۆری خەڵك و هێزەسیاسیەكان و تەنانەت هێزی تۆكمەی پێشمەرگەش بەهەموو توانایكەوە لەگەڵ سەربەخۆیین و بەهیچ شێوەیەك لەم مافە سرۆشتییەی نەتەوەی كورد پاشگەز نابن و دیارە ئەو لایەنە ناوخۆییانەش كە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا نین بێگومان بەرژەوەندی خۆیانی تێدا نابینن یان بیر لەوە دەكەن ڕەنگە بە سەربەخۆیی كوردستان بەرژەوەندی و ڕەواییان بكەوێتە مەترسی بۆیە ئەوانیش بە مافی خۆیان دەزانن كە لەگەڵ گشتپرسی نەبن و دژایەتیی دەكەن و بە بڕوای نووسەر هەبوونی ئەم دەنگەش شتێكی ئاساییەو ئەم شتە لەو وڵاتانەدا دەبیندرێت كە هەنگاویان هەڵگرتبێت بەرەو دیموكراتییەت.
باكورد جارێكی بە جیدی لە خۆمان و لە دراوسێیەكانمان پرسیار بكەین بۆ دەبێ هەموو كات كورد خۆی لەگەڵ بەرژەوەندی وسیاسەتی ناوەندەكانی دەرەوە بگونجێنێت و بە گوێرەی ویستی ئەوان بڕیار بدات ؟! با بۆ جارێكیش بووە ئەوان خۆیان ڕاست بكەن و گوێ لە داخوازەكانی نەتەوەی كورد بگرن . با ئەوانیش تۆزێك شعوری تاریخی و دیموكراتی ومرۆڤانەیان هەبێت و پابەندی مافی نەتەوەكان بن . با ئەوانیش بۆ جارێك بووە هەنگاو لە ڕێگای مافی مرۆڤ و نەتەوەكان هەڵگرن و لە جیاتی دژایەتی و نكۆڵی كردن لە مافی نەتەوەی كورد ڕێگاخوشكەر و هاوكار بن بۆ گەیشتنی نەتەوەی زۆڵم لێكراوی كورد بە مافەكانی . با ئەوانیش بۆجارێك بووە پابەند بن بە جارنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بۆخۆیان واژوویان لەسەركردوەو ئەندامێن .
ئەوەی كە دیارە ڕۆژانی داهاتوو بۆ هەموو تاك و لایەنێك چارەنووس ساز و یەكلاكەرە وەیەو تا ئێستا سیگناڵەكانی دەوروپشتی كورد زۆریان هەڵگری هەڕەشەو مەترسین بەڵام ئەوەی كە دەبیندرێت كورد خۆی لە هەموو كاتێك ئامادەتر دەبینێت و هێزی كۆمەڵگەو هێزی سەربازی كورد بەهەر هەڕەشەو گوڕەشەیەك زیاتر لەیەك نزیك دەبنەوەو هەڕەشەكان زیاتر دەبنە هۆكاری یەكگرتوویی نەتەوەی كورد و لایەنەكانی نێوماڵی كورد.
لە ڕوانگەیەكی دیكەو ڕاستبینانەدا زۆر ئەستەم و دوورە كە وڵاتانێ دراوسێ دژبەری سەربەخۆیی بەتایبەت ئێران بتوانن و بیانەوێت ڕاستەوخۆ لەشكەركێشی بكەن بۆسەر كوردستان چوونكە كردارێكی بەمشێوەیە لەڕاستیداو بە پێناسەیەكی دیكە دەبێتە لەشكەركێشی بۆسەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان و دەبنە زەرەرمەندی سەرەكی لە هاوكێشەكەداو ڕەنگە كردارێك لەم چەشنە ببێتە هۆیەك بۆ سەرهەڵدانی زۆر پتانسیەلی ناوخۆیی و دەرەكی لە دژی و ئەنجامەكەی كیانی كۆماری ئیسلامی بخاتە بەر مەترسی زیاتر بۆیە وەكو تا ئێستا كردوویانە هەوڵی بەڕێوەبردنی شەڕی نیابەتی دژبەكورد دەدەن و شاخ وباڵە دەرەكییەكانیان وەكۆ میلیشیا شیعەكان و حەشدی شەعبی و داعش و ... بەكار دێنن دژبەكورد . تەنانەت دەسەڵاتی ناوەندی عیراقیش لە سەركەوتووترین سیاسەتی سەربازی خۆی دژ بە كورد مەگەر بتوانێت حەشدی شەعبی و میلیشیاكان هانبدات دژ بە كورد و ئەرتەشی عیراق لەو ئاست و توانایەدا نییە كە بتوانێت هێرش بكاتە سەر كورد و لەلایەكی دیكەوە تەنانەت ئەگەر بەغداو تاران تووشی ئەم هەڵە سەربازییە كوشندەیە ببن بێگومان یەكگرتوویی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی هاوپەیمان وەڵامێكی مێژووییان دەبێت بۆیان چونكە لەلایەك هێزی پێشمەرگە كوردستان جیاوازی ناكات لەبەرانبەر هەرلایەنێك كە بیەوێت مەترسی بخاتە سەر ئەمن و ئاسایشی كورد و كوردستان و لەلایەكی دیكەوە هێزی هاوپەیمان میلیشیاكانی شیعەی عیراقی بە تایبەت حەشدی شەعبی بە باڵێك لە تیروریزم و دەست وباڵی دەرەكی كۆماری ئیسلامی دەزانن و تەنانەت نەك لەبەر خاتری كورد بەڵكو بۆ ڕێگری لە گەشەسەندنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەناوچەكەو عیراقیش بێت بەهەموو هێزی خۆیان بەرەنگاری هەرهێرشێكی لەوچەشنە دەبن (هەروەكو هێرشی ئەم دواییەی هێزەكانی هاوپەیمان بۆسەر ئەرتەشی ئەسەد و میلیشیاكانی حیزبولای سەربەئێران لە نزیك دەیرەزوور لە سووریا) . بۆیە دەتوانێت بگوترێت هەڕەشەكانی بەغداوتاران زیاتر دەچنە خانەی بلۆفی سیاسی - سەربازی .
لەئێستادا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هەموو توانای كوشندەی خۆی و پشتگیری تەواوی ئاسمانی و زەمینی هێزی هاوپەیمان لە سەرتاسەری سنوورەكانی كورد لەگەڵ عیراق جێگر كراون و لە ئامادەباشی تەواودان وزیاتر لەهەركاتێك توانای سەربازی و بەرەنگاریان هەیە لەبەرانبەر هەرهێزێكی دەرەكی و ئەزموونێكی بەنرخی سەربازیانیش وەرگرتووە لە شەڕی دژ بە میلیشیا توندرەوەكان و سنوورەكانی كورد لەگەڵ عەرەب لەهەموو كاتێك توكمە تر و پارێزراوترن بۆیە قەت نابێت بیر لەوە بكرێتەوە كە كورد و خاكی كوردستان (بەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێمیش) و رفراندوم مەترسی سەربازیان لەسەرە بەڵكو ئەوەی دەبێتە هۆكاری سەركەوتنی ڕیفراندوم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان زیاتر پەیوەستە بە سیاسەت و دپلۆماسی سەركردایەتی كورد لەم قۆناخە و هاوكێشەكان كە بە چ شێوەیەك پرۆسەو پرۆژەكە بەرەوپێش دەبات.
21/9/2017