شڤان فازڵ، توێژەر لە سەنتەری رۆژهەڵات- رۆژئاوا، ئەمریکا
لە ئایندەیەکی نزیکدا لە دوو هەرێمی ئۆتۆنۆمی ریفراندۆم بەڕێوەدەچێت، یەکێکیان هەرێمی کورستانی عێراقە و ئەویتریان هەرێمی کەتەلۆنیایە لە ئیسپانیا. لە هەردوو بارەکەدا پرسیار لە خەڵکی ئەو دوو هەرێمە دەکرێت ئاخۆ دەیانەوێت ببن بە دەوڵەتی سەربەخۆ یا نا؟ لێرەدا پرسیارێك دێتەوە ئاراوە ئایە پێویستییەکانی بوون بە دەوڵەت چین؟
چوار خەسڵەتەکە
پسپۆڕانی بواری یاسای نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە بەزۆری ئاماژە بۆ چوار خەسڵەت دەکەن بۆ بوون بە دەوڵەت: خەڵك، خاك، حکومەت و توانای دروستکردن و ئەنجامدانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا، وهك ئەو وڵاتانەی خاوهنی سهروهری خۆیانن. پێناسەی خەڵك زۆرجار مشتومڕ هەڵدەگرێت، بەڵام هەندێك پێیان وایە کە دانیشتووانی هەمیشەیی دەگرێتەوە، ئەوانەی باوەڕیان بە وڵاتینامەی خۆیان هەیە. هەروەك چۆن جەیمس ئێرڤینگ، کە وانەی یاسای نێودەوڵەتی لە سکوڵی لەندەن بۆ ئابووری دەڵێتەوە، لە بارەی پەیوەندی نێوان ئەندامانی ئەو گەلەوە دەپرسێت: ''ئایە پەیوەندی لە نێوان ئەو خەڵکەدا هەیە؟، ئایە پەیوەندییەکە پتەو و گرێدەرە؟ پەیوەندی ناسنامە و هەستە، هەروەها پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەش بەشێوەیەکی کردەیی لەنێوان ئەو خەڵکەدا''.
بنچینەیەکی دیکەی دەوڵەت بریتییە لە هەبوونی خاکێکی پێناسەکراو، ناوچەیەک لە چوارچێوەی سنوورێکی دیاریکراودا، کە لەنێویدا سەروەریت ههبێت. حکومەتێکی سەقامگیر و کاریگەر پێویستییەکی دیکەی بوون بە دەوڵەتە. بەگوێرەی زۆرێك لە شارەزایان توانای پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەشدا یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دیکەی دامەزراندنی دەوڵەتە.
بۆیە وڵاتانی خاوەن سەروەری ئازادن لە گرێدانی پەیوەندی دوولایەنە، کە تێیدا بۆ نموونە دوو وڵات رێكدەکەون لەسەر پەیوەندی دیپلۆماتی، یاخود لەسەر پێکەوە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی هاوبەش، یاخود فرەلایەن بۆ نموونە وەك بەشێك لە یەکێتی ئەوروپا، یاخوود وەك واژۆکەر بۆ رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان، بۆ نموونه رێکەوتنی نێودەوڵەتی کەش و هەوا. بنەمای ئەم خەسڵەتە بریتییە لە تێگەیشتنی وڵاتی خاوەن سەروەری کە نە پشت بە کەس دەبەستێت و نە پەیوەستە بە هیچ هێزێك یاخود وڵاتێكی دیکەوە.
ئایە ئەوانەی خواستی بە دەوڵەت بوونیان هەبووە چۆن بوون بە دەوڵەتی راستەقینە؟
دانپێدانان
وڵاتان دەتوانن دان بە یەکتریدا بنێن، بەڵام خەڵاتە گەورەکە دانپێدانانی نەتەوە یەکگرتووەکانە. دانپێدانان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە وڵاتان چەندین سوودی هەیە، لەوانە: پاراستنی ئەو وڵاتە لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، توانای وەرگرتنی قەرز لە بانکی جیهانی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی؛ سەروەری و دهسهڵاتی تەواو بهسهر سنوورەکانی وڵات و گهیشتنی زیاتر به تۆڕ و میكانیزمە ئابوورییەکان. هەر ئەوەشە کارئاسانی دەکات بۆ رێککەوتنە بازرگانییەکان بە پێی یاسا بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان.
بهڵام، ئایا دهكرێت لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانپێنراو نەبیت و دەوڵەتیش بیت؟ "وتەیەکی کۆنی ئینگلیزی هەیە دەڵێت: ''ئەگەر بێتو وەك قاز بڕوات و وەك قازیش قسە بکات، کەواتە هەر قازە''. بۆیە دەوڵەتانی دیکە دان بەوە دادەنێن کە وڵاتێك هاوشێوەی دەوڵەتە، بەڵام تەنیا دانپێنانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ماوە.
سۆماڵیلاند نموونەیەکی زیندووی ئەم چەشنە دەوڵەتەیە. سۆماڵیلاند، وەك هەرێمێکی پارێزراوی پێشووی بریتانیا (former British protectorate) لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا له ساڵی 1960 تهنیا بۆ ماوهی چوار رۆژ سهربهخۆ بوو. دواتر لهگهڵ سۆماڵیلاندی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی سۆماڵدا یەکیان گرتەوە و ئەم بارە بەردەوام بوو تا ساڵی 1991 کاتێ حکومەتی سۆماڵ داڕوخا و هەڵوەشایەوە. لەوکاتە سۆماڵیلاند تاكلایەنە سەربەخۆیی خۆی راگەیاند.
بەگوێرەی بۆچوونەکانی رێبیکا ڕیچاردس، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی کیڵ ''جێگەی سەرسوڕمانە کە داننانرێت بە سۆماڵیلاند، چونکە ئەو وڵاتە خاوەن حکومەتێکی تۆکمە و بەهێزە، زنجیرەیەك هەڵبژاردنی دیموکراتی کردووە، ئارام و سەقامگیرە. بەهەمان شێوە پەرەسەندنێکی ئابووری بەرچاو لەو وڵاتە لە ئارادایە، واتا تەواوی ئەو بوارانهی له وڵاتێك چاوەڕوان دهكرێن''.
لە گەڵ ئەوەی سۆماڵیلاند لە لایەن هیچ لایەنێکەوە دانی پێدا نەنراوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەمیدا،''سۆماڵیلاند توانیویەتی تەنیا بڕێکی سنووردار لە یارمەتی پەرەپێدان یاخود یارمەتی مرۆیی دەستەبەر بکات، بەڵام بڕێکی زۆری ئەو یارمەتییانە، بەتایبەتی ئەو یارمەتییانەی کە لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دێن لەڕێگەی سۆماڵەوە دەیگەنێ''. بەهەمان شێوە بەشداربوون لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بەبێ پاراستنی یاسایی زۆر ئەستەمە. هەروەها دراوی سۆماڵیلاند لە دەرەوەی سنوورەکانی دانی پێدا نەنراوە، بۆیە هیچ بەهایەکی نێودەوڵەتی نییە.
بهربهسته یاساییهكان
ئەو بنەمایەی پەیوەستە به بیرۆكهی دهوڵهتی نهتهوهییەوە هەیە بریتییه له مافی چارەنووس (self-determination) ، کە لە فەرهەنگی ئۆکسفۆردا بەم شێوەیە پێانەسە کراوە ''هەنگاوی خەڵكێكە بۆ بڕیاردان لە فۆرمی حکومەتەکەی، وە چارەنووسی ئازادی بە دەوڵەتبوون، کە وەك ماف رهچاو دەکرێت". ئەم مافەش له پەیمانی نهتهوه یهكگرتووهكان له حوزەیرانی 1945 جێگیر کراوە.
مافی چارەنووس لە دەستپێکدا وەك رێگایەك دەبیندرا بۆ ئەو گەلانەی لە ژێردەستی دەوڵەتە کۆڵۆنیالییەکان بوون بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆیان، یاخود هەڵبژاردنی فۆرمێکی یەکگرتن لەگەڵ دەسەڵاتی کۆڵۆنیالی یان لەگەڵ وڵاتێکی دیکەدا. دکتۆر جەیمس ئێرڤینگ لەم بارەیەوە دەڵێت ''خەڵکێکی زۆر پێی وابوو کە ئەمە بیرۆکەیەکی باشە، بەڵام کۆدەنگییەکی ئەوتۆ نەبوو لەسەر ئەوەی واتای چی دەگەیەنێت''. ئەگەر خەڵکی لە رووبەرێکی کۆڵۆنیالیکراوی وڵاتی خۆیان ویستبایە، ئەوا بنچینەی مافی چارەنووس ئاماژەی بەوە دەکرد کە پێویستە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی خۆیان هەبوایە.
بۆیە پێگەی یاسایی سێیەکی دانیشتووانی جیهان گۆڕانی بەسەردا هات. لە 51 وڵاتی ئەندامەوە لە ساڵی 1945، ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتووەکان 193 ئەندامی هەیە. دواتر مەرجێک داهێنرا کە چەندین دادوەری یاسای نێودەوڵەتی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە دوای ئەوەی کۆڵۆنیاییەک سەربەخۆیی بەدەستدەهێنێت، جیابوونەوەی دیکە، یاخود گۆڕینی سنوورەکانی، چیتر رێگەی پێنادرێت. بهڵام ئەم بۆچوونە بۆ خۆی دژ بە بنەمای مافی دیاریکردنی چارەنووسە. جەیمس لیندسەی، توێژەری پێشکەوتوو لە سیاسەتی باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە سکوڵی لەندەن بۆ ئابووری دەپرسێت ''چۆن دەتوانین ئەم دوو بنەمایە لەگەڵ یەك بگونجێنین، کە لە لایەکەوە نابێت سنوورەکان بگۆڕێن، بەڵام لە لاکەی دیکەوە دەبێت خەڵک مافی بڕیاردانیان لە ئایندەی خۆیان هەبێت؟
ئۆتۆنۆمی
چارەسەرەکە ئەوە بوو بۆ ئەو ئەو خەڵکەی لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا دەژین، کە دەیانەوێت لێی جودا ببنەوە، بە پێی بنەمای دیاریکردنی چارەنووس مافی ئۆتۆنۆمیان پێدەبەخشرا، بەڵام کەموکوڕی ئەم چارەسەرییە لەوەدا بوو کە لە مافی جیابوونەوە و دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆ بێبەشی دەکردن.
ئەم کێشەیەش لە کۆسۆڤۆ سەریهەڵدا. دوای دابەشبوونی یۆگسلاڤیا، شەش کۆماری سەربەخۆ جێگەیان گرتەوە، کە یەکێکیان بریتی بوو لە سڕبیا. کۆسۆڤۆش پارێزگایەک بوو لە چوارچێوەی سڕبیا بەڵام دانیشتوانی لە باری ئەتنیکییەوە جیاواز بوون لە سربییەکان و هاوکات خاوەنی ئۆتۆنۆمییەکی فراوان بوون. سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ دەبووه هۆی گۆڕینی سنوورەکانی سڕبیا، ئەمەش وەک پێشێلکردنی بنەمای یەکپارچەیی خاكی سڕبیا دەگەیاند (Territorial Integrity).
بەگوێرەی بۆچوونەکانی جەیمس لیندسەی ''یهكهمین وهڵامی كۆمهڵگەی نێودەوڵەتی بریتی بوو لەوەی کە پێویستە کۆسۆڤۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی لە ناوخۆدا هەبێت، واتە لە چوارچێوەی سڕبیادا''. بهواتایهكی دیکە ''بهوهی کەوا کۆسۆڤۆ پارێزگایەکە لە سڕبیا، بۆیە هەمان ئەو مافەی نیە بۆ سەربەخۆیی کە شەش کۆمارەکەی دیکە ههیانبووه. دوای ئەوەی خەڵکی کۆسۆڤۆ بۆیان دەرکەوت کە لەڕێگەی ئاشتییانەوە ناتوانن سەربەخۆیی بەدەستبێنن، دەستیانکرد به راپهڕین''.
ئەمەش پێکدادان و ململانێی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سڕبیا بەدوای خۆیدا هێنا و تەنیا دوای دهستێوەردانی سەربازی لەلایەن ناتۆوە (رێکخراوی ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی) لە ساڵی 1999 کۆتایی بە پێکدادانەکان هێنرا. دواتر لە ساڵی 2008، کۆسۆڤۆ بە شێویەکی تاکلایەنە سەربەخۆیی خۆی راگەیاند. سڕبیا بڕیارهكهی به نادروست (نایاسایی) لهقهڵهمدا و كهیسهكهی برده دادگای نهتهوه یهكگرتووهكان، کە بە دادگای دادی نێودەوڵەتی ناسراوە و بڕیار لە بارەی ناكۆكییه یاساییه نێودەوڵەتییەکان دەدات. ئەو پرسیارەی کە ئاراستەی دادگای ناوبراو کرا بریتی بوو لەوەی: ''ئایا راگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن کۆسۆڤۆوە پێشێلکاری یاسای گشتی نێودەوڵەتییە؟''. وڵامی دادگا بریتی بوو لەوەی کە هیچ شتێك لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا نییە ئاماژە بەوە بکات کە ناوچەیەك ناتوانێت سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت.
بهڵام کرۆکی كێشەکە کەمتر پەیوەست بوو بە یاساییبوونەوە، بەڵکو زیاتر پەیوەندیدار بوو بە ئەگەری ئەوەی کە تا چەندە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ دانی پێدادەندرێت. د. رێبیکا ریچاردس دەڵێت ''کۆسۆڤۆ لە لایەن زیاتر لە نیوەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانراوە''، بەڵام تائێستا وەکو وڵاتێکی خاوەن سەروەری دانیپێدا نەنراوە، چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەك دامەزراوەیەك، کۆسۆڤۆ وەك وڵاتێکی خاوەن سەروەری لەقەڵەم نادات''. هەندێك دانپێدانان مانای ئەوە دەگەیەنێت کە کۆسۆڤۆ بەشێك لە سوودەکانی دەوڵەتی بەدەستهێناوە وەك گەیشتن بە بانکی جیهانی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و کۆمیتەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی.
هاوڕێ و هاوپەیمانە بەهێزەکان
بەگوێرەی بۆچوونەکانی میلێنا ستێریۆ، پڕۆفیسۆری یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی ویلایەتی کلیڤلاند ''زۆر ئەستەمە گروپێك سەربەخۆیی بەدەستبهێنێت و بانگەشەی بە دەوڵەتبوون بکات، تەنیا لەو کاتە نەبێت، کە وڵاتانی دیکەی بەهێز، ئامادەبن پاڵپشتی لێ بکەن''.
کەواتە چی پێویستە بکرێت بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی وڵاتە زلهێزەکان؟
تەیمووری رۆژهەڵات تاوهكو ساڵانی شەستەکان ژێردەستەی پورتوگال بوو، کاتێ لە لایەن ئیندەنووسیاوە داگیرکرا. ئا لەو کاتدا ئیندەنووسیا هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا بوو لە سەردەمی شەڕی سارددا، بۆیە بزووتنەوەی سەربەخۆیی تەیمووری رۆژهەڵات پاڵپشتییەکی ئەوتۆی نەبوو. تهنیا لهدوای كۆتایی هاتنی شەڕی سارد له نهوەتەكانی سەدەی رابردوو، سەرنجی نێودەوڵەتی گەڕایەوە بۆ تەیمووری رۆژهەڵات.
وڵاتانی رۆژئاوا وەك جاران پێویستیان بە ئیندەنووسیا وەك هاوپەیمان نەبوو، چونکە کۆمیۆنیزم کۆتایی هاتبوو. پڕۆفیسۆر میلێنا ستێریۆ پێی وایە کە ''دوای ئەوەی وڵاتانی زلهێزی رۆژئاوا دووچاری رەخنە و شەرمەزاری بوون بەهۆی پێشێلکارییەکانی دژ بە مافی مرۆڤ لە تەیمووری رۆژهەڵات، ئەو کاتە لە بۆچوونی پێشتریان پاشگەزبوونەوە و پاڵپشتی خەڵکی تەیمووری رۆژهەڵاتیان کرد لە پرسی مافی دواخراویان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان''. تەیمورییەکان لە ساڵی 1999 دەنگیان دا بۆ سەربەخۆیی و لە ساڵی 2002 ئەو مافەیان بەدەستهێنا. بەڵام، پرۆسەکە بههۆی تووندوتیژییهوه شێوێندرا، پێویستی بە پاڵپشتی سیاسی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستێوەردانی هێزی نێودەوڵەتی هەبوو بۆ پاراستنی ئاسایش.
بەڵام بارودۆخەکە لە ئیسپانیا و هەرێمی کوردستانی عێراق تەواو جیاوازە.
لەبەر رۆشنایی بنەماکانی ئێستای یاسای نێودەوڵەتی، کەتەلۆنییەکان مافی بڕیاردانیان لە چارەنووسی خۆیان هەیە، بەڵام زۆرێك لە دادوەران پێیان وایە کە لە باشترین دەرئەنجامدا دەتوانن ئۆتۆنۆمی بەدەستبهێنن، نەوەك سەربەخۆیی، ئەمەش بەهۆی مافی ئیسپانیاوە بۆ پارێزگاریکردن لە یەکپارچەیی خاكەكهی. كهواته چی روودهدات ئەگەر هاتوو کەتەلۆنییەکان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا؟
پڕۆفیسۆر میلێنا ستێریۆ لەم بارەیەوە دەڵێت ''لەڕاستیدا پێشبینی چارەسەرێك دەکەم کە لەڕێگەی دانوستاندنەوە بەدی بێت، بە جۆرێك کەتەلۆنیا وەك بەشێك لە ئیسپانیا بمێنێتەوە، بەڵام بە ئۆتۆنۆمییەکی بەهێزترەوە''. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئیسپانیا یەکێکە لەو وڵاتە دیموکراسییە رۆژئاواییانەی کە دانیان بە کۆسۆڤۆدا وەك وڵاتێکی سەربەخۆ نەناوە، چونکە ئیسپانیا دەترسێت لە دروستکردنی پێشینەیەك بۆ جووڵانەوەی سەربەخۆییخوازان بههۆی هەڕەشەکانی کەتەلۆنیا لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئیسپانیا.
لەگەڵ ئەوەی کە بارودۆخی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر جیاوازە، بەڵام لە کۆتایی دا دووچاری هەمان گرفت دەبێتەوە ئەگەر دەنگ بدەن بە سەربەخۆیی، کە ئەویش بریتیە لە نەبوونی پاڵپشتی وڵاتە زلهێزەکان بۆ ئەم سەربەخۆییە.
14/9/2017