نەریمان تاڵیب
ھەندێك مێدیای عەرەبی و ریفراندۆمی كوردستان
(( چاومان لەوەیە بەغدا بۆ ئێمە ببێتە قووڵاییەكی ستراتیژی)) یان (( مادام نەمانتوانی ببینە دوو شەریكی باش وەرن ببینە دوو دراوسێی باش))، ئەمانە تەنیا دوو نموونەن لە وتەكانی سەرۆك بارزانی - سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، كە لێیانەوە قووڵی ئەو دیدو ھزرە دیارە، كە لە پشت سووربونی ئەو و متمانەبوونی ئەو بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانەوە ھەیە، بەڵام ھێشتا سیاسەتمەدارانی عەرەب و عێراقییەكانیش و مێدیاكارانی عەرەب و عێراقییەكانیش، بە چاوو و لە دیدی بەغدایەكەوە لێمان دەڕوانن و لێمان دەپرسنەوە، كە سەد ساڵە شەریكایەتی ئێمەی قبووڵ نەبووە .
گەلی كوردستان لە 25/9/2017 دا بۆ چارەسەری كێشەی سەدساڵەی باشووری كوردستان لەگەڵ عێراق، پێشكەوتووترین و دیموكراتیترین و ئارامترین و ئاشتیانەترین و یاسایترین شێوازی خەباتی ھەڵبژاردووە، كەچی ھێشتا گووتاری مێدیای عەرەبی خەریكی شەنووكەوكردنی كورد بۆ پەلەیەتی؟ ئایە پرستان بەكێ كردووە؟ ئایە كام ھێزی دەرەكی پاڵپشتیتان لێدەكات؟ ئایە دەوڵەتەكەتان وەك ئیسرائیل دەبێت؟ چەندین پرسیاری لەوجۆرە كە نیشانەی نائاگایی و وردنەبوونەوەیە لەو ھەموو پێشڤەچوون و گۆڕانكاریانەی كە بەسەر دۆزی كوردستان و ناوچەكەو جیھانیشدا ھاتووە.
تازەترین نموونە لەوبارەیەوە پرسیارەكانی ناو بەرنامەكەی ئەمدواییەی (مەعە توركی ئەلدەخیل)ە،لە كەناڵی (ئەلعەرەبییە) كە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئەنجامدابوو، راستە توركی ئەلدەخیل و بەرنامەكەی پێگەو شوێنێكی تایبەتیان ھەیە لەناو مێدیای عەرەبیدا، بەڵام قسەی من لەسەر ھەندێك لە پرسیارەكانێتی، لە پرسیارەكانی پێشكەشكاری بەرنامەكەوە راستییەكی كۆن و نوێ دیسان دووبارە خۆی نیشان داینەوە، ئەویش بێئاگایی یا (خۆبێئاگاییكردنی) مێدیای عەرەبییە لە بیرو فەلسەفەی دۆزی گەلی كوردستان و لاوازی باگراووندی ئەو مێدیایەیە لە بواری مێژووی خەباتی ئەو گەلەو پێشڤەچوونەكانێتی.
ھەرچەندە دۆزی كوردستانی عێراق لەچاو دۆزەكانی دیكەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ھەنگاوی زۆر گەورەی ھەڵھێناوە، لە قسەكانەوە وادەردەكەوت ھێشتا گرتنەبەری شێوازێكی مۆدێرن و دیموكراتیانەی وەك ریفراندۆم بۆ چارەسەركردنی دۆزی گەلی كوردستان لە عێراقدا، لەلای مێدیای عەرەبی و سیاسەتوانەكانیان بەباشی نانرخێنرێت، مێدیای عەرەبی ھێشتا بە میاكنیزمە كلاسیكیەكان ھەوڵی خوێندنەوەی دۆزی كورد و بابەتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی لە عێراق دەدەن، بۆ نموونە، لەسەرەتاوە توركی دەخیل لە سەرۆكی ھەرێمی كوردستانی پرسی: بۆچی ھێندە پەلەتانە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە عێراق، بەڵام لە راستیدا ئەگەر توركی دەخیل ئاگای لە مێژوویی بزافی رزگاریخوازی كوردستان ھەبوایە ھەرگیز پرسیاری وای نەدەكرد، چونكە كورد لە پاش ئەوەی لە 1988تا 1999 جینۆسایدیش كرا ھێشتا پەلەی نە بوو بۆ سەربەخۆ بوون لە عێراق، كام نەتەوەو كۆمەڵی مرۆیی سەبرو چاوەڕوانی ئاوھای ھەبووە!!
توركی دەخیل لە سەرۆك بارزانی پرسی : لە دەرەوەی ھەرێمەوە كێن ئەوانەی پاڵپشتیتان دەكەن؟ ئەمە یەك لە میكانیزمەكانی سەردەمی شەڕی سارد بوو، كە دەكرێت لەژێر ناوی (( تێورەی موئامەرە)) پۆلێن بكرێت، + بڕوانەبوونە بە ویستی گەلان، بە تایبەتی لە كۆمەڵگەكانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست كە ھەمیشە قسەو ویستی گەلان مەسەلەیەك نەبووە، بەلام وا گەلی كوردستان جوانترین نموونە بۆ بەرجەستەكردنی ئیرادەی گەلان وگوێگرتن لە ( بەڵێ) ی گەلان، بە ریفراندۆمی 25/9 بە خۆرھەلاتی ناوەڕاست پێشكەش دەكات .
سەیروسەمەرەترین پرسیاری توركی دەخیل لە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئەو پرسیارەی بوو كە دەیسەلمێنێت میدیای عەرەب ھێشتا لەناو (( ھەواجسەكانی)) سەدەیەك لەمەوبەردا دەخولیتەوە، كاتێك پرسی : (( ئایە ئەو دەوڵەتەی كە بەڕێزتان دەتانەوێت لە كوردستان دروستی بكەن، وەكو ئیسرائیل كوردانی ھەموو دوونیا لێرە كۆدەكاتەوە؟ .. سەرۆك بارزانی باش وەلامی دایەوە كاتێك پێی وت كوردستان میلەتێكی كۆچەر نییە، چونكە كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستان لەسەر خاكی خۆیان دەژین و خاوەنی خاك و زەمینی خۆیانن و لەسەر خاكی نەتەوەیەكی دیكە نیین ..
توركی دەخیل ھاتبوو چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارازنی بكات، بەڵام ھێشتا لە مانای پێشمەرگە و پێشمەرگە بوون تێنەگەیشتبوو، سەرۆك بارزانی پێی دەڵێت (من دوای راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان و لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا خۆم ھەڵنابژێرم، دوای ئەوەی واز دەھێنم تا دەمرم پێشمەرگە دەبم)، توركی دەخیل پێی دەڵێت (( واتە خۆت تەرخان دەكەیت بۆ كاری سەربازی ))، توركی دەخیل وایدەزانی كە پێشمەرگە بوون تەنیا بەواتای ئەوە دێت كە ھەر شەڕبكات، ئەو لە مانای قووڵی (پێشمەرگە بوون) تێنەگەیشتبوو كە ھەڵگری چەندین مانای قوربانیدان و ماندوونەنانسی و خۆنەویستی و پشتكردنە پارەو پوول و سامان و ژیان و گیان بەختكردن لە پێناو بیروباوەڕو ئامانجێك كە مەرج نییە ئەو بیروباوەڕە تەنیا سەربازی بێت، دەكرێت ئێمەی گەلی كوردستان لە پاش نەمانی شەڕەكان و ناكۆكی چەكداری و لەناو دەوڵەتە ئارامەكەی كوردستانیشدا، لەھەركاتێكی دیكە زیاتر پێویستمان بە بەگەڕخستنی گیانی پێشمەرگایەتی ھەبێت كە پێموایە سەرۆك بارزانی لەو قسەیەدا مەبەستی ئەوە بوو.
ھێشتا زۆرێك لە مێدیای عەرەبی لە دیدو چاوی بەغداوە لە ھەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستانی عێراق دەڕوانن، ھێشتا لە گەوھەری عەقڵی سیاسی و دیموكراتخواز و ئاشتیخوازانەی دۆزی گەلی كوردستان تێنەگەیشتوون، ھێشتا مێدیای عەرەبی ئاوا لەگەڵ پرسی ریفراندۆم مامەڵە دەكەن، بەو ھیوایەی لە پاش راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانەوە مێدیای عەرەبی بە دیدێكی سەردەمیانە و بە عەقڵێكی دیموكراتیانەوە لە رووداووە مێژووییەكانی پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم و لە پێشھات و گۆڕانكارییەكانی پاش راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بڕوانن، چونكە دەوڵەتی كوردستان دەبێت نموونەیەكی نوێ بێت بۆ ئیدارەدانی دەوڵەتێكی مۆدێرن و فرەپێكھاتە و دیموكراتخوازو خۆشگوزەران لە ناوچەكە، دەبێت دەوڵەتێك بێت كە دۆستی ھەموان بێت، لە پێش ھەموویانەوە لەگەڵ عێراقی پاش راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان .
13/9/2017