د.دلاوەر ئاژگەیی
ئەمڕۆ داواکاری ڤیزای وڵاتان بە تایبەتی وڵاتانی ئەوروپی بۆ هاونیشتمانیانی کوردستان پرسێکی گرنگە بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزشکی یا کاری بازرگانی یا خوێندن و گەشتوگوزار نیازی سەفەریان هەیە بۆ دەرەوەی وڵات. بیگومان وەرگرتنی ڤیزا بە تایبەتی ڤیزای شنگن کارێکی ئەستەمە و رۆژانە خەڵکانێکی زۆر داواکاری پێشکەشی کۆنسوڵی وڵاتان دەکەن و چاوەڕوانی وەرگرتنی ڤیزای ئەوروپان و لە زۆر حاڵەتدا داواکارییەکانیان رەتدەکرێنەوە.
چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە رێککەوتنی نێوان کوردستان و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەیە بە شێوازیک کە رێککەوتن بکرێت تا لە داهاتوودا هاونیشتمانیانی کوردستان بە ئاسانی ڤیزایان پێ بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی سەفەرەکانیان ئەنجام بدەن. ئەو جۆرە رێککەوتنەش ناکرێت کاری لە سەر بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نەبێت و بە پێی یاسایی نێودەوڵەتی مافی واژۆکردنی رێککەوتنامەکانی نێودەوڵەتی نەبێت.
ئەم بابەتە لە زۆر کۆبوونەوە لە گەڵ لایەنە دەرەکییەکان باسی لێوەکراوە و وەڵامەکە ئەوە بووە کە کوردستان ئەگەر وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن پاسپۆرتی خۆی با دەیتوانی ئەو داواکارییە پێشکەش بە وڵاتان بکات و رێککەوتنی لە سەر بکات.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیا فڕۆکەوانیە بیانییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو سەفەر بۆ کوردستان زیاد دەکەن و هێڵی ئاسمانی ئەو وڵاتانەی کە تاوەکو ئیستا گەشتیان بۆ کوردستان دەست پێنەکردووە، گەشتەکانیان دەست پێ دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی بلیتی سەفەر بۆ هاونیشتمانیان.
بە واتایەکی دیکە سەربەخۆیی کوردستان دەرگاکانی دەرەوە بەڕووی هاونیشتمانیانی کوردستان دەکاتەوە و بوار بۆ سەفەرکردن بە رێژەیەکی بەرچاو ئاسانتر دەکا.
*دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا
12/9/2017