خالد سلێمان
پێش ماوه‌یه‌ك، نوسه‌رێك به زمانێكی ته‌نزئامێزه‌وه ڕه‌خنه‌ی له‌و كه‌سانه گرتبو كه باسی كۆڵۆنیالیزم ده‌كه‌ن، چونكه به‌رای ئه‌و قۆناغی كۆڵۆنیالیزم كۆتایی پێهاتوه‌و شتێك له ئارادا نه‌ماوه به‌و ناوه‌وه. ڕوداوه‌كانی بانه، كه له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌مو ڕێگه‌كان ناچنه‌وه سه‌ری، كه دڵڕه‌قییه‌كی له راده‌به‌ده‌ری كۆڵۆنیالیزم ده‌هێنێته‌وه ناو دیمه‌نی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان و قسه‌ی ئه‌و نوسه‌ره‌ی بیر خستمه‌وه. به‌ڕاست كۆڵۆنیالیزم نه‌ماوه؟ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه په‌یوه‌ندی نیه به قۆناغی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی كۆڵۆنیالیزم له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێش‌و له له‌باكورو ڕۆژئاوای ئه‌فریقیا، به‌ڵكو به په‌یوه‌سته به واقیعێكی كوردستانییه‌وه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆڵۆنییه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه وه‌ك ئیسماعیل بێشكچی ئه‌ڵێت، كۆڵۆنییه‌كی دوای كۆڵۆنیالیزم خۆیه‌تی، یانی كۆڵۆنی پاشماوه‌ی كۆڵۆنیالیزم.
ئێمه، پێویستمان به‌وه نیه له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان یان لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كان یان تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، وێنه‌ی دڵڕه‌قیی كۆڵۆنیكه‌ری ئێرانیی ببینین، كه چۆن كۆڵۆنیكراو تیایدا له ماف داماڵراوه‌و، كۆڵۆنیكه‌رێكی خڵته كه له‌وانه‌یه كوڕی پیاوێكی هه‌ژار بێت و له دوریی هه‌زاران كیلۆمه‌تره‌وه هێنرابێته سه‌ر سنور بۆ لێدان و ڕسواكردن و كوشتنی بارهه‌ڵگرێكی كورد، مامه‌ڵه ده‌كات و هیچ بۆشاییه‌ك له ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا ناهێلێته‌وه‌و هه‌موی به‌دڵڕه‌قیی پڕ ده‌كاته‌وه‌و دوایه‌مینیان فیشه‌كێكه. پێش فیشه‌كه‌كه‌ش، ڕیسواكردن، لێدان، به‌كه‌مزانین، نانبڕین و كه‌مكردنه‌وه له به‌ها مرۆییه‌كانی، له كولتورو هونه‌ر و نه‌ریته‌كانی، له مه‌رجه‌كانی بون و ژیانی، ئه‌مانه هه‌مو ده‌سه‌ڵاته نه‌رمه‌كانی پێش فیشه‌كن كه ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌قه‌و، مرۆڤه كۆڵۆنیكراوه‌كان له مافی بون داده‌ماڵێت.
ئه‌م شه‌ڕانگێزییه‌ی كۆڵۆنیكه‌ر، ته‌نها به‌رامبه‌ر بارهه‌ڵگرێك نیه، به‌ڵكو به‌رامبه‌ر هه‌مو تاكێكی كۆڵۆنیكراوه، ژن، پیاو، مناڵ، هه‌روه‌ها هه‌مو شتێكی كۆڵۆنیكراوی وه‌ك كو‌لتور، نه‌ریت، هونه‌ر، موزیك و مێژو...ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر خواردن و مه‌تبه‌خیش، له‌وه‌ش زیاتر ئه‌توانین بڵێین به‌رامبه‌ر سروشت ئه‌و گیانداره كێویانه‌ش وا له خاكی كۆڵۆنیكراودا ده‌ژین. توركیا زۆر هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات ناوی ڕێوی كوردستان له فه‌رهه‌نگه جیهانیه‌كانی تایبه‌ت به گیاندارو ئاژه‌ڵی كێوی بێنێته ده‌ره‌وه‌و بیكاته ڕێوی توركیا.
یه‌كێك له سیفه‌ته‌كانی سیستمی كۆڵۆنیالیزم، ڕوتاندنه‌وه‌ی وڵاتی كۆڵۆنیكراوه‌و له بنهێنانی سه‌رچاوه سروشتیه‌كانیه‌تی، فه‌ره‌نسیه‌كان كه هیچیان له (هاییتی) به‌ده‌سته‌وه نه‌ما، داریان له‌وێ نه‌هێشت و وڵاته‌كان ڕوتانده‌وه، ئیننگلیزه‌كان له بۆرما. له‌م ڕۆژانه‌دا، ئێرانیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو دڵڕه‌قیه‌دا به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كه له راسیزمی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری و ئابوری‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، هه‌روه‌ها له سێداره‌دانی خه‌ڵك له‌به‌ر چالاكی و رای سیاسی جیاواز له مه‌یدانه گشتیه‌كاندا كه ترۆپكی دڵڕه‌قییه، ده‌ست بۆ سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌به‌ن و ته‌نانه‌ت سیستمی فره-زینده‌یی وڵاته‌كه‌ش تێكده‌ده‌ن. به‌كورتیه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی ئێران له دڵڕه‌قیدا به‌رامبه‌ر كورد ده‌یكات، ڕه‌فتاری فه‌ره‌نسیه‌كانمان بیرده‌خاته‌وه، له جه‌زائیری كۆتایی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردو.
كوشتنی بارهه‌ڵگرێك ته‌نها ڕوداوێك نیه، به‌ڵكو په‌راوێزێكی بچوكی ده‌سه‌ڵاتی سیستمی كۆڵۆنیاڵه، تیایدا ته‌قه‌كه‌ریش گرنگییه‌كی مرۆیی ئه‌وتۆی نیه‌و ڕۆژێك دێت داوای ئازادكردنی خودی خۆی له دڵڕه‌قیی بكات.