عادل قادری
كۆڵبه‌ران دوا مرۆڤه‌كانی سه‌ر زه‌وین، ئه‌وان بوون و ژیانیان له‌وباره‌یه‌وه ره‌سه‌ن و بێگه‌رده كه هێشتا له ئامێزی سرووشت و بهدهوییهته جوانه‌كه‌ی ههڵنهكهنراوه، ئه‌وان هێـمای چه‌شنێك له ره‌سه‌نایه‌تی و بوونی پاكیزه و نه‌شكاون، ئه‌وان ئه‌و باڵنده رام نه‌كراو و شاری نهبووگانهن كه به‌سه‌ر چیا و كێوه‌كانه‌وه دێن و ده‌چن و ئازادن، هیچ مرۆڤێك له جه‌وهه‌ری خۆیدا ئۆبژه (object) و ئامراز نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌وه سیسته‌مه گه‌وره و بچووك و سووكه سیاسی و ئابوورییهكانن شوناسی مرۆڤ له سه‌رچاوه ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی داده‌بڕن و ده‌یكه‌ن به ئامراز و ئامێر بۆ چێژی جیهانی سه‌رمایه و بازاڕ یان بۆ مه‌به‌ستێكی سیاسی و دژه‌مرۆیی دنیای سیاسه‌ت.
"كۆڵبه‌ر" له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ئه‌و كه‌سه‌یه كه له هه‌ردوو لاوه شوناسی ئینسانی له مه‌ترسی و ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌دایه، ئه‌و، پێرسۆنا (Persona) و كارئهكتهرێكه ته‌نانه‌ت دوای مه‌رگیشی ده‌بێ به مایه‌ی مانشێت و هه‌ڵوێست نواندنی رۆژنامه و میدیای كولتووری سه‌رده‌ست و بنده‌ست بۆ چه‌شنێكی تر له چه‌وساندنه‌وه و پاره پێ كۆكردنه‌وه، بۆیه پێویسته له هه‌بوونی كۆڵبه‌ر له‌ناو هاوكێشه‌یه‌كی سیاسی، ئابووری و كولتووری به وردی ئاگادار بین و هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر ئه‌م سێ كوچكه بنهمایییه "كه بوون و نه‌بوونی كۆڵبه‌ر دیاری ده‌كه‌ن"، بكه‌ین.
من لێره‌دا هه‌ندێك له‌سه‌ر ئه‌م هاوكێشه‌یه ده‌وه‌ستم و هه‌وڵ ده‌ده‌م سیمای كارئه‌كته‌ری كۆڵبه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی ساخته‌چێتی و پرۆسه‌ی جهعلكردنی ناو ئه‌م هاوكێشه سێ گۆشه‌یه ده‌ربخه‌م.
باسكردن له‌سه‌ر كه‌یسی كۆڵبه‌رانی كورد (هه‌رچه‌ند ده‌ربڕینی وشه‌ی "كۆڵبه‌ران" هه‌ر به ته‌نیا به‌سه و پێویست ناكات بیخه‌ینه پاڵ وشه‌ی "كورد" چوون من كۆڵبه‌ری ناكورد ناناسم!) و ئه‌و په‌رچه‌كرداره نامرۆڤانه و دژه شارستانییانه له هه‌مبه‌ریان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سنووری ئێران ده‌گیرێته به‌ر، باسێكی تازه نییه و هاوكات بابه‌تێكی ئاسان نییه، ئه‌م پرسه ئه‌وه‌نده له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسان و چالاكانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كورد و هه‌ندێ جاریش ناكورد (به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی میدیایی یان دیسكۆرسیڤی خۆیان) باسی له‌سه‌ر كراوه، خه‌ریكه وشه‌ی "كۆڵبه‌ر" له مانا و ده‌لاله‌ته‌كانی خاڵی ده‌كات و ده‌بێت به هه‌ندێ تیتر و مانشێتی سه‌ر رۆژنامه و ناو قسه‌كان, ئه‌مه‌ش دیسان له تێگه‌یشتن له كاره‌سات و تراژیدیایه‌ك كه به‌سه‌ر "كۆڵبه‌ران"دا دێت به یه‌كجاری دوورمان ده‌كاته‌وه، بۆیه پێویسته بۆ خۆبواردن و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م حاڵه‌ته ناته‌ندرووسته‌ی كڵێشه و ساده‌كردنی كێشه و كاره‌ساته‌كانی كورد، دیسان بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر واقیع و راستیی كۆڵبه‌ر و وشه‌ی "كۆڵبه‌ر".
كۆڵبه‌ر كێیه؟ ئه‌و كه‌سه‌یه كه كۆڵ یان بارێك بۆ به‌ده‌سخستنی پاره‌ی بژێویی ژیان هه‌ڵده‌گرێت و له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر ده‌یگوازێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م شوێنه كه كۆڵبه‌ری كورد باره‌كه‌ی تێدا ده‌گوازێته‌وه، هه‌م شوێنێكی شاخاوی و كوێستانییه و هه‌م به ده‌ست سیسته‌مێكی گومرگی ناته‌ندروست و لار به‌ڕێوه ده‌برێت, كه دواجار به كوشتنی كۆڵبه‌ر و فه‌وتاندن و بێڕێزیكردن به جه‌وهه‌ری ئینسانی كۆڵبه‌ران, ماهییه‌تی سووكی دژه‌مرۆڤانه‌ی خۆی ده‌رده‌خات.
كۆڵبه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه كه بار ده‌گوازێته‌وه، كاڵایه‌ك هه‌ڵده‌گرێت و به‌سه‌ر چه‌ندان شاخ و هه‌ڵه‌ت و مای هه‌زار به هه‌زاردا ده‌یگوازێته‌وه، به‌ناو چه‌ندان كه‌مین و ریسك و بكه و مه‌كه‌ی ده‌روونیدا تێده‌په‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی كاڵایه‌ك (ته‌له‌ڤزیۆن، جگه‌ره و...) بگه‌یه‌نێت بهمدیو سنوور و له‌وێش بگوازرێته‌وه به‌رده‌ست و دیده‌ی كۆمه‌ڵێك پایته‌ختنشین و ئه‌وانه‌ی له ناوه‌ندی ئێران نیشته‌جێن. واته ئه‌گه‌ر تۆزێك له‌م ره‌وتی گواستنه‌وه‌ی "كۆڵ" و "باره" له رێی كۆڵبهرهوه بۆ شاره گه‌وره‌كان ورد بینه‌وه، تێده‌گه‌ین گیانی كۆڵبه‌ر ئه‌وه‌نده و به‌قه‌ده‌ر ئه‌و كاڵایهی هه‌ڵیده‌گرێت بایه‌خ و نرخی نییه و قووڵایی كارهساتهكهیش هه‌ر لێره‌دایه.
واته برینی هه‌ره گه‌وره ئه‌وه‌یه كه كۆڵبه‌ر له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و كاڵا و باره‌ی هه‌ڵیده‌گرێت بایه‌خ و رێزی نییه، بۆیه له پێنج ساڵی رابردوودا هیچ كات ئه‌م پڕۆژه‌ی كوشتن و فهوتاندنهی كۆڵبه‌ران نه‌وه‌ستاوه، بێگومان ئه‌مه هه‌ر هه‌مان هه‌ڵاواردن و خه‌می گه‌وره‌ی بێ قه‌واره‌یی و بێ ماڵ و حاڵی و بێ وڵاتی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه كه وا گیانی هه‌موو ئه‌و كورده گوندی و شارییانه‌ی كه له‌سه‌ر سنوور به‌رگریكه‌ری خاكی ئێران بوون، وه‌ها بێ نرخ و بایه‌خ كردبێت، كه‌س ناتوانێت نكۆڵی له‌وه بكات كۆڵبه‌ران چ ره‌نج و زه‌حمه‌تێكی جه‌سته‌یی و ته‌نانه‌ت ترسێكی ده‌روونی له ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی بار و كاڵادا ده‌چێژن، به‌ڵام كۆڵبه‌ر ته‌نیا نیشانه‌ی ره‌نج و كۆستكه‌وتنی دوو بنه‌ماڵه یان چه‌ندان بنه‌ماڵه‌ی كوردی سه‌ر سنوور نین، نه‌فسی هه‌بوونی كۆڵبه‌ر و كوشتن‌یان به‌و شێوه‌یه هێمای ئازاری بێ ماڵ و حاڵی و برینداربوونی ههرساتی جه‌سته‌ی نیشتمانی ئێمه‌ی كورده، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سیسته‌مێكی ناته‌ندروست و پڕكێشه‌ی ئابووری له ئێران‌دا كه زۆرترین كاریگه‌رییه سامناكه‌كانی له كوردستان و ناوچه سنوورییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، ئێمه چه‌ند جار هه‌ر له‌م یه‌ك ساڵه‌ی رابردوودا هه‌واڵی كوشتن و مردنی كۆڵبهرانمان له شار و سنووره‌كانی سه‌رده‌شت، مه‌ریوان، بانه، سه‌لاسی باوه‌جانی و.. بیست؟
بۆچی ئه‌م رووداو و كوشتنانه دووپات ده‌بێته‌وه؟ ئایا نابێ سیسته‌م و به‌رپرسان بیرێكی بنه‌مایی له‌م كاره‌ساتانه بكه‌نه‌وه و ئیتر به قسه و هه‌ڵوێستی سۆزدارانه چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و ئه‌م پرسه نه‌ده‌نه ده‌ست داهاتوویه‌كی تر له كوشتن و كۆست كه‌وتن؟ تا كه‌ی وێنه‌ی كۆڵبه‌ران و خوێنی رژاویان ببێت به هه‌وێنی رازاندنه‌وه‌ی گۆڤار و رۆژنامه و میدیاكانی پایته‌خت و هه‌مدیس كاسبییان پێوه بكه‌ن و پاره‌یان پێ ده‌ربێنن؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ به‌رپرسی پارێزگای (كوردستان) و هه‌ندێ به‌رپرسی باڵای ئێرانیش ناڕه‌زایه‌تی خۆیان بۆ ئه‌م رووداوانه ده‌ربڕیوه، به‌ڵام ئه‌مه به‌ر له هه‌رشت كارێكی كرده‌یی ده‌وێت و ده‌بێت له توانست و ئه‌زموون و زانستی ئه‌و هه‌موو چالاكه كورده‌ی ده‌یان جار كه‌مپینیان ساز كرد و نووسیان "كۆڵبه‌ر مه‌كوژن" و هاواریان كرد "پلانێكی ئابووری پێویسته بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه"، كه‌ڵك وه‌ربگیرێت به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه، بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌م شێوه‌یه كوڵبه‌رانی بێ نیشتمان وا بدرێنه به‌ر فیشه‌ك و گیانیان هێنده‌ی كاڵایه‌ك بایه‌خی بۆ دانه‌نرێت، هێمنییه‌كی سه‌پاو و ساخته‌ی ئه‌و سنوورانه به‌ره‌و شڵه‌ژان ده‌چێت، بۆیه پێویسته پلان و به‌رنامه‌یه‌كی كارناسانه و پسپۆڕانه به هاوكاری چالاكانی مه‌ده‌نی كوردستان و ناوچه كوردنشینه‌كان رێك بخرێت به ئاراسته‌ی له‌ناوبردنی ئه‌و دۆخێك كه هێنده دووپات بووه‌ته‌وه چاره‌نووسه‌كه‌ی به‌ره‌و نادیارێ قاومان لێ ده‌كات.
9/9/2017