کاردۆ بۆکانی
ڕوانگەیەک هەیە دەڵێ چارەسەری پرسی کورد لە دێموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دایە. بۆ تاقیکی کردنەوەی ئەو ڕوانگەیە چاوێک لە کێشەی نەتەوەیی گەلی باسک دەکەین. گەلی باسک ٣ میلۆن کەسن و وڵاتەکەشیان کە بریتیە لە ٧ پارێزگە بە سەر دوو وڵاتی سپانیا و فەڕانسەدا دابەش بووە. چووار پارێزگەی ناڤارا، گویپووزکوا، ڤیسکایا و ئالاڤا کە ٩٠% لە سەرژومێری گەلی باسک پێکدێنن لەژێر دەسەڵاتی سپانیادان و ٣ پارێزگەی لاپووردی، بێنافاروا و زووبێروا لە ژێر دەسەڵاتی فەڕانسەدان. هاورێ لەگەڵ هەبوونی نیشتمانی خۆرسک و خۆزایی، گەلی باسک خاوەن زمانی تایبەت بەخۆیانن بە نێوی "ئووسکێرا" کە یەکێکە لە کۆنترین و ڕەسەنترین زمانەکانی ئۆرووپا.پێش دامەزرانی دەوڵەت نەتەوەکانی فەرانسە و سپانیا و داسەپاندنیان بەسەر گەلی باسکدا، کۆمەڵگای باسک لە چووارچێوەی قەوارەیەکی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی خۆجێێدا، کە پێیان دەگوت "فووێرۆس"، خۆیان بەڕێوە بردوە. سیستێمی فووێرۆس بریتی بووە لە کۆمەڵێ زاگۆن (یاسا) و نەریتی خۆجێیی هاورێ لەگەڵ پاراستوویی ئابووری و ڕامیاری کە لە لایەن شای کاستێل (کە پاشان دەبێ بە سپانیا)ەوە دانی پێدانراوە و لە وڵامی پێبەندبوونی شای کاستێل بە سیستێمی فووێرۆس، گەلی باسکیش وەفاداری ڕامیاری و بەڵێندارێتی خۆیان بە شای سپانیا پێشکەش کردوە.
لە میانەی سەدەی نۆزدەی زاییندا سیستێمی فووێرۆس لە لایەن دەوڵەت نەتەوەکانی فەڕانسە و سپانیاوە تێکدەشکێت و کۆتایی پێدێت. لە ساڵی ١٨٣٩دا شای سپانیا بە فەرمی ئەو سیستێمە هەڵدەوشێنێتەوە و هێدیهێدی گەلی باسک دەکەوێتە پەڕاوێزەوە و مافە خۆرسک و خۆزاییەکانیشی پێشێلدەکرێت و لە ئاکامدا وەکوو "کەمینە" و پاشانیش وەکوو پاشکۆی گەلێ کاستێلی لێدێت. (گەلی کاستێل ئەو کۆمەڵگایەن کە دەوڵەت نەتەوەی سپانیا لەسەر بنەمای ئەوان دروست بووە).
بەهۆی بەناوەندکردنی زمان و کولتووری کاستێل وەکوو زمان و کولتووری دەوڵەت نەتەوەی سپانیا، بایەخ و گرینگی تەنیا بەو زمان و کولتوورە دراوە و زمانی باسکیش— ئووسکێرا— لە ئاکامدا دەچێتە پەڕاوێزەوە و بەرەو مردن ئاڕاستەگیر دەبێت. بۆ تووانەوەی ئووسکێرا، دەوڵەتی سپانیاش ئەو ڕێگایە دەگرێتە بەر کە داگیرکەرانی کوردستان گرتویانە؛ ئووسکێرا دەبێتە زمانێکی "پاشکەوتوو" و "ژەنگاوی" کە تەنیا زۆنگاونشینان و بێپەروەردەکان قسەی پێدەکەن؛ زمانی سپانیایش (کاستێلی) لە شەوو ڕۆژێکدا دەبێتە زمانی "پێشکەوتوو" و "نوورانی" کە باڵانشینان و پەروەردەبووەکان و خاوەن کولتووران پێیدەئاخفن!
هاوکات لە گەڵ هەڵوەشانەوەی سیستێمی فووێرۆس و پێگرتنی ڕەوتی داگیرکەری و نکوڵیکردن لە گەلی باسک، هزری نەتەوەگەری باسک لە هەرێمەکانی "بیلبائۆ"ی ئەو وڵاتە، کە مەڵبەندی پیشەسازی و پێشەنگی نوێبوونەوەی ئەو وڵاتەیە، پێدەگری و دەبێتە وڵامێک بۆ هزری خۆناوەندبینانە و زەوتکەرانەی گەلی کاستێل. هزری نەتەوەگەری گەلی باسک بەرهەمی کاردانەوەی دوو ڕەوتی جیاواز بوو. ڕەوتی یەکەم لە دەرەوەی کۆمەڵگای باسک و سیاسەتە ناوەندگەراکانی مادرید و دەوڵەت نەتەوەی سپانیا بوو؛ ڕەوتی دووهەمیش ڕەوتی بەرەوژوورچووانەی پیشەسازی و نوێبوونەوەی ناوخۆی کۆمەڵگای باسک بوو.
هەرچەندە هزری نەتەوەگەری و وڵاتپارێزانەی باسک مێژووێکی درێژتری هەیە، بەڵام بۆ نووسینەکانی"سەبینۆ دی ئاڕانا گۆیری" ( کورتکراوەکەی— سەبینۆ ئاڕانا) دەگەڕێتەوە و ئەم کەسە وەکوو باوک و دامەزرێنەری ڕەوتی نەوتەگەری باسک ناسراوە. سەبینۆ ئاڕانا لە شاری بیلبائۆ لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لەدایک دەبێت و لە زانکۆدا لەبەشی زاگۆن خوێندویەتی. لەدەستپێکدا زمانی ئووسکێرای نەزانیوە، بەڵام پاش قووڵبوونەوە لە لێکۆڵینەوەکانی، یەکەم کارێک کە دەیکات فێربوونی زمانی نەتەوەیی خۆیەتی. (هیوادارم ئەو سیاسەتوان و چالاکانەی کوردیش کە کوردی نازانن هەوڵی فێربوونی زمانەکەی خۆیان بدەن).
بە بٶچوونی سەبێنۆ ئاڕانا گەلی باسک نەتەوەیەکی جیاوازە چوونکە؛ ١). خاوەن زمانی تایبەتی خۆیەتی و زمانیش کٶڵەکەی سەرەکی ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە .٢). گەلی باسک خاوەن مێژووێکی جیاوازی خۆیەتی و ئەزموونێکی دوورودرێژی لە خۆسەری هەرێمی و سیستێمی فووێرۆس هەبووە. ٣). گەلی باسک، بە بۆچوونی سەبینۆ، بە "ڕەگەز"یش لە گەلی کاستێل جیاوازە. ٤). دوایین مژاری پێکهێنەری نەتەوەی باسک لەڕوانگەی سەبینۆدا، مژاری ئایین بووە، کە گەلی باسک بە ئایین کاتۆلیکن. (ئەڵبەت لەبیرمان نەچێ، گەلی کاستێلیش هەر کاتۆلیکن).
سەبینۆ ئاڕانا لەو باوڕەدابوو کە بە پێی ئەوەی گەلی باسک لە بوواری زمان، "رەگەز"، مێژوو و ئایینەوە جیاوازە، واتە نەتەوەیەکی جیاوازە و هەبوونی نەتەوەیی خۆی دەبێ بپارێزێت. تەنیا ڕێگایەکیش بۆ پاراستنی نەتەوەی باسک، دامەزراندنی کۆنفێدراسیۆنی سەربەخۆی باسک، پێکهاتوو لە سەرجەم ٧ پارێزگەی وڵاتی باسک بوو، کە بەزمانی خۆیان پێیدەڵێن "ئووسکادی".
بە ئامانجی بەکرداری کردنی ڕێبازەکەی، سەبینۆ ئاڕانا پارتی ناسیۆنالیستی باسک(پ.ن.ڤ)ی لە ساڵی ١٨٩٥دا دامەزراند و لە هەمان کاتیشدا ئاڵا و سروودی نەتەوەیی بۆ وڵاتی ئووسکادی دروست کرد (بڕوانە ئەو ئاڵایەی خوارەوە). وەکوو ئەندامی کۆڕیگشتی هەرێمی پارێزگەی ڤیسکایا، سەبینۆ ئاڕانا چەندین جار پێشنیاری خۆسەری هەرێمی باسکی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سپانیادا، ڕادەستی کۆڕیگشتی ئەو وڵاتە کرد بەڵام هیچیەک لە پێشنیارەکانی پەسەند نەکران. سەبینۆ سیستێمی فووێرۆسی بە مافی خۆزایی و خۆڕسکی گەلی باسک دەزانی و داوای گەڕانەوە و سەرلەنوێ ئافراندنەوەی ئەو سیستێمەی دەکرد. بەڵام ڕۆژی ڕزگاری گەلی باسکی بە چاوەی خۆی نەبینی و لە ساڵی ١٩٠٣، لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا، کۆچیدووایی کرد.
لە پاش کۆچی سەبینٶ تا بەرەبەری شەری یەکەمی جیهانی ڕەوتی نەتەوەگەری باسک پێشکەوتنێکی بەرەوژوورچووانەی بەخۆوەی بینی و پ.ن.ڤ بوو بە یەکێک لە پێشکەوتووترین ڕێکخراوەکانی ڕامیاری گۆڕەپانی سپانیا. بەڵام لە ساڵی ١٩٢٣دا و لە پاش هاتنە سەرکاری ڕێژیمی دێکتاتۆری "پریمۆ دی ڕیڤێرا"، هەموو ئامانجەکانی گەلی باسک بوو بە بڵقی سەر ئاو. هاوشێوەی داگیرکەرانی کوردستان، ڕێژیمی ڕیڤێرا پێداگربوونی خۆی بٶ پاککردنەوەی کۆمەڵگا لە "جیابوونەوەخواز"ەکان ڕاگەیاندوو و هەرچەشنە مەیلێکی مافخوازی و مرۆڤدۆستی لە هەرێمەکانی باسکدا لە ژێر ناوی "جیابوونەوەخوازی" و پارچەکردنی دەوڵەت نەوتەوەی سپانیا بێدەنگ دەکرد و چالاکانی ئەو بووارەی ئاراستەی گرتووخانەکان کرد!
لەوەی کە جێگای ئاماژەپێدانە لێرەدا ئەوەیە کە ئووسکادی (باسک) وڵاتێکی زۆر بە پیت و دەوڵەمەندە لە بوواری سامانە سروشتیەکانەوە. کانگاکانی وەکوو ئاسن، پٶڵا و گازی یەکجار زۆرە. بەتایبەت لە بوواری پۆڵاوە لە ئاستێکدابوو کە پێش دەستپێکردنی شەڕی یەکەمی جیهانی، زیاتر لە ٨٠% پۆڵای سپانیای بەرهەم دێنا. هەروەها بە هۆی هەڵکەوتنی لەکەناری زەریادا، لە بواری پیشەی ماسیگرتن و پیشەکانی تری گرێدراوی زەریاوە، دەرفەتی کارکردن و دەوڵەمەندبوونی یەکجار زۆرە.
بە پێچەوانەی داگیرکەرانی کوردستان کە سامانە سروشتێکانی کوردستانیان دەدزی و هەنووکەش هەر خەریکی دزینین، دەوڵەتی سپانیا سامانە سروشتیەکانی باسکی نەدزی، بەڵکوو کانگاکانی ئووسکادی وەکوو دەرفەتێک بۆ خێراکردنی ڕەوتی داگیرکردنی ئەو وڵاتە قواستەوە. لە بری تاڵانکردنی سامانە سروشتیەکانی ئووسکادی، دەوڵەتی سپانیا لە شۆێنی ئەو کانگا و سەرچاوە سروشتیانەدا کارخانە و کارگەی دروستکرد، بەڵام لەبری دانیشوانی باسک و کرێکارانی باسک، بە لێشاو کرێکاری سپانیایی لە هەموو کەلێن و قوژبنێکی سپانیاوە بەرەو هەرێمەکانی ئووسکادی کۆچاند و لەو شۆنانە کاری پێدان و نیشتەجێی کردن. ئەو کۆچ پێکردننانە لە ڕوواڵەتدا بۆ کارکردن بوون و وەکوو کۆچی ناوخۆیی وڵاتی سپانیا دەناسێندران، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ داگیرکردنی وڵاتی ئووسکادی بوون.
ڕادەی لێشاوی کۆچاندنی سپانیاییەکان بۆ ئووسکادی لەو ئاستەدابوو کە لە کاتی ئێستادا زیاتر لە ٥٠% دانیشتوانی ئووسکادی ئەو کۆچەرە سپانیایەن کە بە مەبەستی کار کردن بۆ ئەو وڵاتە کۆچبەرکراون. ئەو کۆچبەرانەش بە گشتی لە ژێر کاریگەری پارتی سۆسیالیستی سپانیادا بوون، کە زۆر بە توندی دژی هەر چەشنە مەیلێکی وڵاتپارێزی و نەتەوەگەری گەلی باسک بوون و بە گشتی بیرۆکەی نەتەوەگەریان بە "خەیانەت لەدژی کرێکارانی دونیا" دەزانی.
بە بڕوای سەبینۆ ئاڕانا، ئەوە تەنیا ڕەوتی پیشەسازی و سەرمایەداری سپانیا نەبوو کە بەرپرسی کۆچی بەلێشاوی سپانیاییەکان بوو، بەڵکوو پیشەسازو سەرمایەدارانی باسکیش کە بەرژەوەندی کاری و سەرمایەداری خۆیان لە پێش ناسنامەی باسکدا دەبینی، لە هاوەردەکردن و جێگرکردنی ئە کۆچبەرانەدا بەرپرس بوون. بازەرگانان و سەرمایەدارانی ئووسکادی کە قازانجێکی هەرەزۆریان لە دۆخەکەدا دەبێنی، هیچ خوازیاری گۆڕانی دۆخەکە نەبوون و بە مەبەستی پاراستنی پێگەی ئابووری خۆشیان، هزری نەتەوەگەری و ڕەوتی وڵاتپارێزی باسکیان بە مەترسی سەرخۆیان دەبینی.
بە گشتی پەیجووران و دواکەوتووانی هزری وڵاتپارێزی و نەتەوەگەری بریتی بوون لە توێژی ژێر مامناوەندی کۆمەڵگای ئووسکادی و دانیشتوانی شارە چکٶلەکان و ئەو کرێکارانەی کە لە پارێزگە پیشەییەکاندا کاریان دەکرد. لە ئاکامی خەباتی ئەو توێژەی کۆمەڵگادا، کە لەدەوری پارتی پ.ن.ڤ کۆببوونەوە، لە یەکی ئۆکتۆبری ١٩٣٦ ئووسکادی خۆسەری (ئۆتۆنۆمی)ەکی هەرێمی لە چوارچێوەی وڵاتی سپانیادا وەردەگرێ و پەیماننامە یان "بەڵگەی خۆسەری باسک" لە لایەن پ.ن.ڤ.ەوە واژۆ دەکرێ. "خۆزە ئانتۆنیۆ ئاگوورێ" سەرۆکی پ.ن.ڤ دەبێت بە یەکەم سەرۆک کۆماری هەرێمی خۆسەری باسک. ئەو خۆسەریەش تەنیا سێ پارێزگەی وڵاتی باسک لەخۆوە دەگرێ و پارێزگەی ناڤارا لە دەرەوەی هەرێمی باسک دەمێنێتەوە. کابینەکەشی بریتیبوو لە دە وەزیر؛ سێ وەزیری پ.ن.ڤ، سێ وەزیر سۆسیالیستەکان، دوو وەزیر کۆماریخوازانی چەپ، کۆمۆنیستەکان یەک وەزیر و پارتی ئا.ن.ڤ.یش یەک وەزیر.
وەرگرتنی خۆسەری سنووردار کە پارێزگەی ناڤاڕای لەخۆی نەدەگرت و هیچ ئاماژەیەکیشی بە باسکی باکووری ژێردەسەڵاتی فەڕانسە نەدەکرت، لە لایەن هەندێک لە وڵاتپارێزانی باسکەوە قەبووڵ نەکراو بوو بە مژاری مشتومڕو هەراو زەنای نێو پ.ن.ڤ. باڵێکی نێو پارتەکە دەیگوت دەبێ ئەو خۆسەریە وەرگرین و باڵەکەی تریش دەیگوت وڵاتی باسک لە ٧ پارێزگە پێکهاتوە و بەسەندە کردن بە ٣ پارێزگە بەواتەی فرۆشتنی ئەو بنەمایانە دێت کە ئەوان خەباتیان بٶ کردوە. بەردەوامی ئەو دوو ڕووانگە جیاوازە بوو بە هٶکاری دابڕان (انشعاب)ی پ.ن.ڤ. ئەو لایەنە ڕادیکاڵەی کە داوای سەربەخۆیی بۆ سەرجەم وڵاتی باسکی دەکرد بەو ئاراستەیەدا ڕۆیشت کە بە دروستبوونی "ئێتا" لە ساڵی ١٩٥٩دا تەواو بوو— کە پاشان باسی دەکەین.
حکومەتی خۆسەری باسک لە کردەوەدا وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ کاری دەکرد. بۆ وێنە ئەرتەشی نەتەوەیی خۆی ئاواکرد، دراوی نەتەوەیی خۆی ڵیدا، پاسپۆرت و کارتی ناسنامەیی باسکی دروست کرد، پێوەندی دیپلۆماسی پێشخست و سیستێمی دادوەری سەربەخۆی خۆی دامەزراند. بەڵام تەمەنی ژیانی زۆر نەبوو و پاش هێرشی هێزەکانی فرانکۆ بۆ ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٣٧دا تێکشا.
لە بەرەبەری شەڕی ناوخۆی سپانیادا، پ.ن.ڤ. لە ڕاگەیاندنێکی گشتیدا گوتی کە ئەو شەڕە شەڕی دوو بەرەیە؛ بەرەی یەکەم بەرەی فاشیسم، کۆماریخوازی و شاگەریە؛ بەرەی دوهەم بەرەی مافخوازی و مەدەنیە و پێویستە هەمووی گەلی باسک پاڵپشت و هاوکاری بەرەی دوهەم بن. واتە پ.ن.ڤ تێکەڵ بە هێزە دێموکراسی خۆازەکان دەبێت و لە دژی هێزەکانی فڕانکۆ دەچێتە شەڕەوە.
پاش سەرکەوتنی هێزەکانی فڕانکۆ لە شەڕی ناوخۆدا پ.ن.ڤ تەسلیم دەبێت و یەکەم کارێکیش کە فرانکۆ دەیکات هەڵوەشانەوەی خۆسەری هەرێمی باسک دەبێت. هاوکات لەگەڵ ئەوشدا فڕانکۆ دوو پارێزگای ڤیسکایا و گویپووزکوای وەکوو هەرێمە "خاییەن"ەکان ناودێر کرد و لێشاوێکی گەورەی لە کوشتن و بڕینی دانیشووانی ئەو شارانە دەستپێکرد. بەڵام کردەویەکی زۆر سەرنجراکێشی فڕانکۆ ئەوە بوو کە بە مەبەستی ناکۆکی نانەوە و ڕشتنی تۆوی دووبەرەکی لەنێو هەرێمەکانی باسکدا، خۆسەری ئابووری لە دوو پارێزگەی دیکەی باسک، واتە ئالاڤا و ناڤاڕا، نەسەندەوە.
سەرکەوتنی فڕانکۆ لە شەڕی ناوخۆی سپانیا لەساڵی ١٩٣٩دا، بەواتەی دەستپێکی هەموو جۆرە هێرشێکی فاشیستانەی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر گەلی باسک بوو. فڕانکۆ ناسنامە و کولتووری جیاوازی باسکی وەکوو مەترسیەک لەسەر دەوڵەتی یەکینەیی و ناوەندی خۆی دەبینی و هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ تووانەوە و شۆردنەوەی ناسنامە و کولتووری ئەو گەلە وەکار خست. قسەکردن، نووسین و چاپەمەنی بە زمانی ئووسکێرا (باسکی)، لەبەرکردنی جلووبەرگی باسک، مووزیک و هەڵپەڕکێی نەتەوەیی باسک هەموو قەدەخە کران و نایاسایی بانگەشە کران. بەسەدان کەسی باسک هەر بە هۆی گوتنی وشەیەکی وەکوو "کایخۆ" بە واتای سڵاو، یان "ئاگوور" بە واتای ماڵاوا، سەزا دران و ڕەوانەی گرتووخانەکان کران.
سەرەڕای ئەوەی کە سەردەمی دیکتاتۆری فڕانکۆ هەمووی هەر بێڕێزی و سووکایەتی ڕامیاری و کولتوری بوو بۆ گەلی باسک، بەڵام لە واری ئابووریدا ئەو وڵاتە هەردەم لە پێشوەچوون و گەشەکردندا بوو و دەورێکی زۆر گرینگی لە هەڵساندنەوەی ئابووری داڕەمیوی سپانیای پاش شەڕی دوهەمی جیهانی بینی.
حکومەتی خۆسەری باسکیش بە سەرۆکایەتی ئاگوویرێ، ناچار بە بارکردن بۆ دەرەوەی وڵات کرا و لە پاریس جێگیر بوو. بەڵام پاش داگیرکردنی فەڕانسە لە لایەن هێزەکانی هیتلێرەوە، ناچار بە کۆچکردن لەوێش دەبێ و لە لەندەن بنکەی نوێی خۆی دەکاتەوە. حکومەتی باسک لە تاراوگە لەو باوەڕەدا بوو کە بەرەی "دێموکراسی ڕۆژئاوا" بە سەرکردایەتی ئامریکا و بریتانیا، لەشەڕی جیهانی دووهەمدا سەردەکەوێ و پاش سەرکەوتنیش مافی گەلی باسک مسۆگر دەکات. هەر بەو پێیەش هێزەکانی خۆیان بە مەبەستی هاوکاری بەرەی "دێموکراسی ڕۆژئاوا" لەشەڕی دژی فاشیسم و نازیدا خستە نێو شەڕەوە. بەڵام پاش تەواو بوونی شەر و سەرکەوتنی "دێموکراسی ڕۆژئاوا"، هەموو هیواکانی باسک بەو بەرەیە بوو بە بڵقی سەر ئاو و هالیکاری سەربازی، قوربانی و خەسارەکانی گەلی باسک لە لایەن ئامریکا و بریتانیاوە هەمووی لەبیرکران!
لە دونیای شەڕی سارددا، دوژمنی "دێموکراسی ڕۆژئاوا" چیدیکیە فاشیسم نەبوو، بەڵکوو ئەوە کۆمونیسم بوو کە ئەو بەرەیە بە دوژمنی خۆی دەزانی و بۆ شەڕی ئەو دوژمنەش پێویستی بە ڕێژیمی فاشیستی فڕانکۆ بوو، نەک بە بزاڤی ئازادیخوازی گەلی باسک. ئەوەی کە زۆر جێگەی سەرنجە ئەویە، کە ئەو فڕانکۆیەی کە تا دوێنێ فاشیست بوو و دوژمنی دێموکراسی، نەتەنیا چیدیکە بۆ ئامریکا و بریتانیا فاشیست نەمابوو، بەڵکوو ئازادیخواز و دادپەروەر بوو، چوونکە "دژە کۆمۆنیست" بوو!
هەتا کاتی تەواو بوون و سەرکەوتن لە شەڕدا، ئامریکا و بریتانیا بزاڤی ئازادیخوازی باسکیان لە دژێ فاشیسم و نازیزم بەکار هێنا، بەڵام پاش لێدان و لێخستنی نازیزم، ئەوجار مەرجی سەرەکییان بۆ داکۆکی کردنی لە مافی گەلی باسک، هاوکاری کردنی باسک لە دژی کۆمۆنیسم بوو. بەرەی "دێموکراسی ڕۆژئاوا" کە حکومەتی خۆسەری باسک لە تاراوگە هەموو هیوا و ئومێدێکی پێبەستبوو، لە ساتەوەختێکدا بەڵێندارێتی و ئاکاری خستە ژێر پێوە و لایەنی گۆڕی و ئەوەی لەبەرچاوی نەبوو گەلانی بێهێز و بێ پێگەی وەکوو باسک بوو. گرێبەستی ١٩٥٣ی ئامریکا لەگەڵ ڕێژیمی فاشیستی فڕانکۆ گوزارەی لە هاوکاری تەنگاوتەنگی "دێموکراسی ڕۆژئاوا" لەگەڵ ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان دەکرد. (ئەوەش یەکێکە لە کێشە سەرەکیەکانی هیوا بەستن بە هێزی دەرەکی و بە بنەما نەگرتنی خۆ. هیوادارین لایەنی کوردی هیوا بەستوو بە ئامریکا ئەزموون و وانەی لێوەرگرن).
ئووسکادی تا ئاسکاتاسوونا (ئێتا)— بەواتای، وڵاتی باسک و ئازادی
یەکێک لە هۆکارەکانی بەرەو توندویژی چوونی ڕەوتی نەتەوەگەری باسک و دامەزرانی ئێتا لە ساڵی ١٩٥٩دا، بۆ هەڵسووکەوتی فاشیستانە و توندوتیژانەی ڕێژیمی فڕانکۆ دەگەڕێتەوە.
ئێتا (ئووسکادی تا ئاسکاتاسوونا) بەرهەمی ناکۆکی دوو لایەنی نێو پ.ن.ڤ بوو کە لە پێشدا بە کورتی باسمان کرد. لایەنی میانەڕەو کە بە خۆسەری هەرێمی بۆ ٣ پارێگەی باسک بەسەندەی دەکرد، و لایەنی ڕادیکال کە لە سەربەخۆی وڵاتی باسک، بریتی لە ٧ پارێزگە، چیتری قەبووڵ نەبوو. ئەم لایەنە ڕادیکاڵە لەو باوەڕەدا بوو کە بیرۆکە و ڕامانی سەبینۆ ئاڕانا لە لایەن کەسانی میانەڕەوی پ.ن.ڤەوە لەباربراوە و خەیانەتی پێکراوە و هەروەها لە ناچالاکبوون و لە تاراوگە دانیشتنی ئەو لایەنەش بێزار ببوون. ئەو مرۆڤە ڕادیکالانە هەموو کەسانێکی وڵاتپارێز و بەڵێندار و خاوەن هەڵوێستی ئازادیخوازی بوون و بە پێچەوانەی ڕەوتی میانەڕەو، گەڕاندنەوەی ٣ پارێزگەی باکوور و ١ پارێزگەی باشووری باسکیان وەکوو مەرجی بێ ئەملاوئەولای خۆیان دەزانی.
لە بوواری ڕێکخستنیدا ئێتا پێکهاتبوو لە دوو توێژی جیاوازی کۆمەڵگای باسک. توێژی یەکەم توێژی مامناوەند و زانستکاری کۆمەلگای باسک بوون کە بە گشتی لاو و خوێنکاری زانکۆ بوون. کاری ئەو کەسانە زیاتر خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی مێژووی باسک و دانووساندن (بحس) لەسەر هزر و ڕێبازی سەبینۆ ئاڕانا و پێشەنگانی تری هزری نەتەوەگەری بوو. توێژی دوهەمی پێکهێنەری ئێتا بریتیبوو لە کەسانی بازاری و نائاکادەمی کە زیاتر لە تێۆری و وتە، هۆگری کردوە و کردار بوون. ئەم توێژە بەگشتی ئەو کەسانە بوون کە لە لایەن قەشە کاتۆلیکەکانی باسکەوە بەشداری بزاڤی ئازادیخوازی باسک ببوون. (قەشەکانی باسک پێشەنگی خەباتی ئازادیخوازی باسک بوون کە پاشان باسی لێدەکەین).
ئیدۆلۆگ و بیرداڕێژی ئیتا، کەسێک بوو بە نێوی "فرێدریکۆ کرووتویگ" کە لە پەرتوکی خۆیدا بە نێوی ڤاسکۆنیا، چووارچێوەی ئیدۆلۆژی ئەو پارتە دادەڕێژێ. پەرتووکی ڤاسکۆنیا کە لەساڵی ١٩٦٢دا چاپ بووە ئاوێرتەیەکە لە ڕووانگەکانی سەبینۆ ئاڕانا، مارکس، پڕۆدۆن، باکوونین، لێنین، مائۆ و هووشیمین. یەکێک لە باسە سەرەکیەکانی ئەو پەرتووکە، وێکچوواندنی وڵاتی باسکە بە کۆلۆنیەکانی "دونیای سێهەم"ەوە. بە بڕوای کرووتویگ، تەنیا ڕێگایەک بۆ ئازادی لە داگیرکەری و کۆلۆنیالیسمی فەڕانسە و سپانیا، شەڕی گەریلایی و ستراتێژی مائۆ واتە بازنەی "کردەوە— چەوسانەوە— کردەوە" بوو.
فرێدریکۆ کرووتویگ، وڵاتی ئەلجەزاێری وەکوو مۆدێلێک لەبەرچاو گرت و لەو باوەڕەدا بوو کە تەنیا شەڕی چەکداری هاوشێوەی (ف.ل.ن— بەرەی ڕزگاریخوازی ئەلجەزایر) دەتوانێ کۆتایی بە داگیرکەری فەڕانسە و سپانیا بێنێت و نیشتمانی باسک ئازاد بکات. لە بیرمان نەچی کە ساڵی دامەزرانی ئێتا ١٩٥٩، هاوکات بوو لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی کووبا، خەستبوونەوەی ئاستی خەباتی بەرەی ڕزگاریخوازی لە ڤیێتنام و ئەلجەزایر لە دژی فەرانسە. ئەوانەش هەموو کارتێکەرییان لەسەر ڕامان و ڕێباز و هێڵیکاری ئێتا و ئازادیخوازانی باسکدا هەبوو.
سەرەڕای ئەوەی کە کرووتویگ هێڵ و شێوەی لە باوکی هزری نەتەوەگەری باسک— سەبینۆ ئاڕانا— وەرگرتبوو، بەڵام گۆڕانکاری ڕیشەیی و گونجاولەگەڵ سەردەمیشی تێدا کردبوو. هەروەک لە دەستپێکدا باسمان کرد، نەتەوەی باسک بۆ سەبینۆ ئاڕانا چوار کۆچکەی زمان، "ڕەگەز"، مێژوو و ئایینی لەخۆوە دەگرت. بە باوەڕی ئاڕانا، لە ئەگەری توانەوەی "ڕەگەز"ی باسک، نەتەوەی باسک دەتوواوە و نەتەوەپارێزی باسک ئەو کەسە بوو کە "ڕەگەز"ی باسکی پاراستبایە.
بەڵام کرووتویگ دوو کۆچکەی "رەگەز" و ئایین، لە پێناسەکانی باسک بوون دەردێنێ و گرینگیەکی زیاتر دەدات بە زمانی باسک و بە نیشتمانی باسک. بە پێچەوانەی سەبینۆ ئاڕانا، کرووتویگ دەیگوت؛ لە ئەگەری تووانەوەی زمانی باسک نەتەوەی باسک دەتووێتەوە، نەک لەئەگەری تووانەوەی "ڕەگەز"ی باسک.
لە ژێر کاریگەری هزری کرووتویگ و بە پێچەوانەی رەوتی نەتەوەگەری پێشخۆی کە شرۆڤە و ڕوانگەیەکی تەسک و تروسکی کۆمەڵناسانەی لەسەر پێناسەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی باسک هەبوو، ئێتا توانی کۆمەڵگای باسک و کۆچکراوەکان، نەتەوەگەراکان و نانەتەوەگەراکان لە چوارچێوەی خەباتێکی هاوبەشدا لە دژی فاشیسمی فرانکۆ، پێکەوە گرێبدات. لە قۆناخێکدا خەباتی ئێتا بەواتای بەرخۆدان لە دژی فاشیسم دەبیندرا. سەرەڕای ئەوەی کە ئێتا بە ئیدۆلۆژی پارتێکی مارکسیست بوو، بەڵام لە کردەوەدا نەتەوەگەرا بوو و هیچ هێمایەک لە هەڵوەدابوونی ئەو پارتە بۆ "رێکخستنی کرێکارانی دونیا" نەدەبینرا.
یەکەم چالاکی سەربازی ئێتا لە ساڵی ١٩٦١دا بوو کە بە سەرکەوتووئ ئەنجام نەدرا. لەو چالاکیەدا ویستیان شەمەندەفەرێک کە هەڵگری سەربازە کۆنەکارەکانی شەڕی ناوخۆیی سپانیا بوو، لە ڕێ دەرکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. لەساڵەکانی ١٩٦٠دا، ئێتا چالاکیەکانی خۆی پەڕەپێدا و هێرشی بۆ سەرهەموو هێماکانی دەوڵەتی سپانیا دەکرد، لە شوێنە سەربازیەکانەوە بگرە تا بنکەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و بانک و هتد.
لە وڵامی چالاکیەکانی ئێتادا دەوڵەت و پۆلیسی سپانیا بە شێوازێکی ناهاوتەریبانە و دەست نەپارێزانە هێرشیان بۆ سەر گەلی باسک دەکرد. هێرش بۆ سەر ماڵی وڵاتپارێزان و گەلی بێتاوان، پشکنینی ماڵان، ڕەشبگیر و گرتنی بەکۆمەڵی گەل و ئەشکەنجە و سووکایەتی بە گیراوان ببوو بە کردەوەی ڕۆژانەی پۆلیسی سپانیا. گرتووخانەکانی سپانیا پڕ ببوون لە گیراوان و چالاکوانانی باسک. کردەوەی دەست نەپارێزانەی دەوڵەتی سپانیا لەدژی گەلی باسک بوو بە هۆکاری بەشداریکردنی بەشێکی هەرە زۆری لاوانی باسک لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ئێتا. لە هەمان کاتیشدا بەشداریکردن لە خەباتی نەتەوەیی وەکوو تەنیا بریکارێکی لێهاتبوو بۆ ژیانێکی شیاوی ژیانکردن و پارتی ئێتاش وەکوو هێمای شۆرشگێری و بەرخۆدان لە دژی داگیرکەری و کۆلۆنیالیسمی سپانیا و فەڕانسە دەبیندرا.
یەکێك لە هێرشەکانی فڕانکۆ، وەکوو هەر داگیرکەرێکی تر، هێرش بۆسەر چاندو کولتووری باسک بوو. لە ئاکامی سیاسەتە ڕەگەز گەراکانی فڕانکۆدا، زمانی ئووسكێرا (باسک) بەرەو ئاراستی لە ناوچووندا دەچوو. لە ساڵەکانی ١٩٧٠دا، تەنیا ٥٥٣،٨٤٨ کەس بە ئووسکێرا قسەیان دەکرد، لە کاتێکدا کە لە ساڵەکانی ١٨٥٠، واتە پێش سەقامگیربوونی دەوڵەت نەتەوەکانی فەڕانسە و سپانیا، زیاتر لە ٤٦٠٠٠٠٠ کەس بە زمانی ئووسکێرا دەئاخفین. واتە لە درێژەی سەدەیەکدا، زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس یان ئووسکێرایان لەبیر چووبۆوە، یان قسەیان پێنەدەکرد و لە ژێر کاریگەری سیاسەتە نگریسەکانی فەرانسە و سپانیادا، ئەو زمانەیان بە هێمای "پاشکەوتوو"ی و "زۆنگاونشینی" دەبینی.
بە پێچەوانەی پێناسینی دەوڵەتی سپانیا لەسەر ئێتا، ئەو پارتە تەنیا پارتێکی چەکداری یان بە وتەی ئەوان "تێرۆریست" نییە. بەڵکوو لە واری کولتوری و کۆمەڵایەتیشەوە بە هەڵوێست و بە کردار چالاک بووە و لە دژی داگیرکەری ئەو وڵاتانەدا بەرخۆیداوە و تەڤگەڕیوە. یەکێک لە کارە گرینگەکانی ئێتا لەو بووارەدا هەڵمەتی "ئیکاستۆلا"، واتە بە نەتەوەیی کردنەوەی زمانی ئووسکادی بوو، کە بریتی بوو لە دابینکردنی پەروەردە بە زمانی زکماکی باسک بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگای باسک.
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تەڤگەری ئازادیخوازی باسک لەوەدایە کە هەر لە بەرەبەری پێگرتنی هزی نەتەوەگەریەوە، قەشەکانی ئەو وڵاتە گەمەکەری سەرەکەی ڕەوتی نەتەوەگەری و وڵاتپارێزی بوون. لەساڵەکانی ١٩٦٠دا قەشەکان تەنانەت وەکوو پێشەنگی خەباتی رزگاریخوازیان لێهاتبوو و ژومارەیەکی زۆریان هەڵمەت و چالاکی رێکخست. لە ساڵی ١٩٦٤دا بۆ وێنە، بەدەیان خۆپێشاندانیان رێکخست و بە شێوازی هێمنانە داوای مافی شارستانی (مدنی) گەلی باسکیان دەکرد. ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە قەشەکانی باسک تەنانەت لەدژی کەلیسای ئەو وڵاتەش کە هالیکار و مووچەخۆری دەوڵەتی فرانکۆ بوو، هەڵوێستی وڵاتپارێزانەیان دەگرت و کردەوەکانی کەلیسایان ئیدانە دەکرد.
قەشەکان تەنانەت ڕۆڵێکی بەکاریگەریان لەسەر هەلگیرسان و گەشەسەندنی ئێتاشدا هەبووە. بەشێکی هەرەزۆری ئەو کەسانەی کە لەساڵەکانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠دا بەشداری ڕیزەکانی ئێتا دەبوون، لە کەلیساکان و لە ژووری خوێندنی قەشەکانەوە بەشداری ڕیزەکانی بزووتنەوە دەبوون. سەرەڕای ئەوەی کە بەکارهێنانی زمانی ئووسکێرا بەفەرمی لە کەلیساکاندا قەدەخەبوو، بەڵام قەشەکان کەلیساکانیان وەرگێرابووە فێرگەری هزری نەتەوەگەری و وڵاتپارێزی. لەو کەلیسایانەدا بەسەدان کۆڕو کۆبوونەوە و کۆنفرانسیان بۆ گەلی باسک بەتایبەت بۆ لاوان دەگێرا و پەیام و بانگەوازی بەڵێندارێتی کۆمەڵایەتی و نەتەوە ئەوینییان بە گۆی کۆمەڵگای باسک دەگەیاند. (هیوادارین کە مەلاکانی کوردستانیش هاوچەشنی قەشەکانی باسک بتوان ڕۆڵی ئاکاری خۆیان لە خەباتی ئازادیخوازی و سەربەستی گەلی کورددا بگێڕن).
لەساڵەکانی ١٩٧٠دا ئێتا ئاستی خەباتی خۆی لە دژی رێژیمی فڕانکۆ بەرفرەتر کرد و هێرشی بۆسەر بنکەکانی پۆلیس زیاترکرد. گرینگترین دەستکەوتی سەربازی ئێتا لە ساڵی ١٩٧٣دا تۆمار کرا، کە ئەویش کوشتنی جێگری فڕانکۆ، "ئەدمیڕال کارێرۆ بلانکۆ" بوو کە لە میانەی چالاکیەکی بۆمب چاندنیدا لە ناویان برد. هەندێک لە لێکۆلەران لەو باوەڕەدان کە کوشتنی بلانکۆ، کە لەئەگەری نەکوشتنیدا دەبوو بە شای داهاتووی سپانیا، لە کۆتایی هێنانی سیستێمی دیکتاتۆری فڕانکۆ لە ساڵی ١٩٧٥دا کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو.
پاش کۆتایی رێژیمی فڕانکۆ لە ساڵی ١٩٧٥ سپانیا بەرەوە کرانەوە دەچێ. بە باوەڕی لووگار میگ، "دێموکراسی سپانیا" بەرهەمی ٣ فاکتۆر بوو، یەکەم؛ دانووساندن و وتوووێژی بەردەوامی لایەنی میانەڕەوی نێو ڕێژیمی فڕانکۆ لەگەڵ لایەنی دژبەری ڕێژیم، دووهەم؛ هەبوون و هەشەکردنی کۆمەڵگای شارستانی (مدنی) هاوڕێ لە گەڵ نوێبوونەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری، سێهەم؛ بەکاریگەربوونی ڕۆلی شای لاوی سپانیا "خووان کارلۆس" وەکوو چاودێر و زێرڤانی پرۆسەی ئاشتی و تێپەڕبوون لە باری تەواوخووازیەە بەرەو "دێموکراسی".
لە سێستێمی نوێی پاش فڕانکۆدا، خۆسەریەکی سنوورداری هەرێمی، هاوشێوەی خۆسەریەکەی ساڵی ١٩٣٦، بە وڵاتی باسک دەدرێ و لە لایەن پ.ن.ڤ، پارتی سۆسیالیستی باسک، کۆمۆنیستەکان و کریستیان دێموکراتەکانی باسکەوە بەسەندە دەکرێ و ئەو پارتانە رێکەوتنامەیەک لە گەڵ دەوڵەتی باسک واژۆ دەکەن کە بە "بەڵگەی خۆسەری باسک" ناسراوە. بە پێی ئەو بەڵگەیەش هەرێمی خۆسەری باسک لە ٣ پارێزگەی ڤیزکایا، ئالاڤا، و گویپووزکوا پێکدەێت و دەتوانێ حکوومەت و پاڕلمانی هەرێمی خۆی پێکبێنی و لە بووارەکانی وەکوو پەروەردە، ماڵیات، پێوەندارێتی و پٶلیسەوە کارەکانی خۆی بەڕێوەبەرێت.
هەروەک چۆن پارێزگەی ناڤاڕا، لە خۆسەریەکەی ١٩٣٦دا لەدەڕەوەی وڵاتی باسک مایەوە، لەم خۆسەریەشدا لەدەڕەوەی باسک دەمێنێتەوە. هەروەک چۆن بەشێکی نێو پ.ن.ڤ لە پاش خۆسەریەکەی ١٩٣٦دا لەو پارتە هاتنە دەرێ و لە ساڵی ١٩٥٩دا ئێتایان دامەزراند، هەر بەوشێوەیە ئێتای ساڵی ١٩٧٥ خۆسەری سنوورداری قەبووڵ نەدەکرد و بە کەمتر لە مافی چارەیخۆنووسین و سەربەخۆیی بۆ ٧ پارێزگەی وڵاتی باسک، هیچی دیکەی بەسەندە نەدەکرد.
بە بێ ئەوەی کە سیاسەتوانان و یاساناسانی باسک بۆ داڕشتنی یاسای بنەڕەتی نوێی سپانیا بانگێشت بکرێن، سیاسەتوانانی سپانیا یاسایەکی بنەڕەتی نوێیان نووسیەوە کە سیستێمی سپانیا وەکوو پاشایەتی مەرجدار دادەڕێژێ. لە هەمان کاتیشتدا، بە وتەی خۆیان، دان بەهەبوونی نەتەوە جیاوازەکانی سپانیادا دادەنێ و مافی خۆسەرییان بۆ دەستەبەردەکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو یاسابنەڕەتیە پێداگری لەسەر یەکبوون و لێکدانەبڕاوی وڵاتی سپانیا دەکات.
لە ساڵی ١٩٧٨دا یاسای بنەڕەتی نوێ دەخەنە دەنگدانەوە. لە پارێزگاکانی سپانیا زیاتر لە ٩٠% ی گەل بەشدار دەبن و ٦٧% دەنگی ئەرێنی و ٨% دەنگی نەرێنی پێدەدەن. لە وڵاتی باسکیشدا، لەگەڵ ئەوەی کە تەنیا ٦٠% ی گەل بەشداری دەنگدان دەبن، تەنیا ٥٣% دەنگی ئەرێنی و ٢٢% دەنگی نەرێنی پێدەدەن. واتە بە پێچەوانەی پارێزگاکانی سپانیا، یاسای بنەڕەتی نەیتوانی زۆرینەی دەنگ بەدەست بێنێت. ئەو چوارچێوەیەی کە دەبێتە بنەما و کۆڵەکەی "دێموکراسی سپانیا" و سیستێمە نوێیەکەی، لە لایەن گەلی باسکەوە بە شێوازێکی زۆرینەیی بەسەندە نەکرا.
ئێتا و وڵاتپارێزە ڕایكالەکانی دیکە، کە هەرلە دەستپێکەوە دژی بیرۆکەی خۆسەری هەرێمی بوون و سەربەخۆییان بە مافی خۆرسک و سروشتی گەلی باسک دەزانی، ئەنجامی ئەو ڕاپرسیە گشتیەیان وەکوو بەڵگەیەکی دەمکوتکەر لە دژی سیستێمی نوێ و تەواویخوازانی سپانیا و میانەڕەوانی باسک بەکارهێناوە. ئەو گروپانەی کە دژی خۆسەری بوون بەرەیەکیان پێکهێنا بە نێوی "هێری باتاسوونا" (کورتکراوەکەی دەبێتە "ه. ب"، بەواتەی یەکێتی گەڵە) بۆ چڕکردنەوەی خەباتی سەربەخۆخوازی. هێری باتاسوونا بە باڵی ڕامیاری ئێتا ناسراوە و هەندێکیش دەڵێن باڵی ڕامیاری ئێتا نیە، بەڵکوو لەو پارتە نزیکە.
هێری باساتوونا هەڵمەتی خۆی لە دژی خۆسەری سنووردار دەستپێکرد و دەیگوت ئێمە ناتوانین بە خۆسەریەک بەسەنەدە بکەین کە لە چوارچیوەی یاسایەکی بنەڕەتیدا واژۆ کراوە کە ئەو یاسابنەڕەتیە لە ڕاپرسی گشتیدا نەرێ کراوە. ئێمە ناتوانین خۆسەریەکی سنووردار قەبووڵ بکەین کە تەنیا ٣ پارێزگەی باسکی ژێردەسەڵاتی سپانیا لەخۆی دەگرێ و هیچ ئاماژەیەک بە پارێزگەی ناڤارا ناکات و باسکی باکووری ژێردەسەڵاتی فەڕانسەشی لەبیرکردوە.
پاش ڕووخانی فڕانکۆ و دامەزرانی سیستێمی نوێ، بێجگە لە مژاری خۆسەری و سەربەخۆیی، مژارێکی دەیکەش دێتە گۆڕێ کە دەبێتە هۆکاری ناکۆکی نێو تەڤگەڕی ئازادیخوازی باسک، کە ئەویش مژاری چەک و شیوازی خەبات بوو. لایەنێک دەیگوت، مادام سپانیا لە وڵاتانی "دونیای سێهەم" نیە و سیستێمێکی نوێ جێگیربووە کە بڕوای بە دێموکراسی هەیە، خەباتی چەکداری چیدیکە پێویست نیە و پێویستە بە شێوازی دێموکرایانە خەبات بەردەوام بێت. لایەنەکەی دیکەش، کە لەلایەن ئێتاوە سەرکەشی دەکرا دەیگوت، دێموکراسی سپانیا و خۆسەری سنوورداری باسک هیچی لە سروشتی ناوەنگەرایانە و خۆتەوەرەبینانە و چەوسێنەرانەی دەوڵەتی سپانیا نەگۆڕیوە. وێنەی زۆر لەبەرچاوی ئەو چەوساندنەوەیەش "پرۆژەی گال"ە کە باسی لێوە دەکەین. ئەم لایەنە دەیگوت تەنیا ڕێگایەک بۆ ئازادکردنی باسک و دەستەبەرکردنی سەربەخۆی، شەڕی چەکداریە.
ئەڵبەت سەرەڕای ئەوەی کە سیستێمی نوێ هەندێک هەنگاوی گەڵگرت بۆ چارەسەری کێشەکە بەڵام لە کرداردا هیچ گۆڕانکاریەکی ڕیشەی پێکنەهێناوە و گەلی باسک لە مافی چارەیخۆنووسین بێبەری کراون. سیستێمی نوێ هێچ گۆڕانکاریەکی بەتایبەت لە هەڵسووکەوتی پۆلیسی سپانیا لەگەڵ هاوڵاتیانی باسک بەدی نەکرد. هێرش بۆ سەر خۆپێشاندانی هێمنانەی جەماوەری باسک، گرتن و لێدان و سووکایەتی پێکردنی گیراوان بە ئاستێک گەیشتبوو کە تەنانەت ڕێکخراوەگەلی وەکوو لێبووردنی نێونەتەوەی و یوونیسێڤ دەنگیان هەڵبڕی و داوایان لە دەوڵەتی سپانیا کرد کە کۆتایی بە شاڵاوی گرتن و بڕینی گەلی باسک بێنێت. ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئەوە بوو کە سەرەڕای هاتنی "دێموکراسی"، گەلی باسک تەنانەت نەیاندەتوانی ڕۆژی نەتەوەی خۆشیان— ئابێری ئێگوونا— پیرۆز بکەن!
یەکێک لە کردەوە هەرە نگریسەکانی دەوڵەتی سپانیا لە دژی تەڤگەڕی ئازادیخوازی باسک، دامەزرانی "گرووپی دژەتێرۆری ئازادیخوازی" (گ.ا.ل) بوو. سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی سپانیا ڕەدیکردۆتەوە کە دەستی لە دروستکردنی ئەو گرۆپەدا بێت، بەڵام دادگەی باڵای سپانیا لە ساڵی ١٩٩٨دا دەستهەبوونی دەوڵەتی لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی "گال"دا ئاشکرا کرد و پێی وەزیری ناوخۆی سپانیای کێشا نێودادگاوەوە و سەزای ١٠ ساڵی بۆ یەکێک لە وەزیرانی کابینە— باریۆنوێڤۆ— بە هۆی رێکخستن و بەشداریکردن لە چالاکیەکانی ئەو گروپەدا، بڕیوە. بەڵام دەوڵەتی سپانیا ئەو تۆمەتانەی ڕەدکردەوە و سەرەڕای خۆپێشاندانی جەماوەری لە شارەکانی باسک، بڕیاری دادگای باڵای سپانیای پشتگوێ خست و هیج یەک لەو کەسانە بە سزای کردەوکانیان نەگەیشتن و لێبوورینیان بٶکرا!
بە هۆی ئەوەی کە گال بەرپرسە لە پێشێلکردنی لەڕادەبەدەری مافی مرۆڤ و سووکایەتی کردنی نامرۆڤانە بە گەلی باسک و چالاکوانانی ئەو وڵاتە، لێبووردنی دەوڵەت لە دامەزرێنەران و ڕێکخەرانی گال و بایەخ نەدان بە بڕیاری دادگەی باڵا، خاڵیکی ڕەشە لە مێژووی "دێموکراسی سپانیا" و بێڕێزیە بە گەلی باسک و گەڵانی ژێردەست و ناسەربەخۆ. (ئەڵبەت ئەگەر لە ناسەربەخۆبووندا رێزێک مابێت و بەڕێزبوونێش هەبوونێکی هەبێت. چوونکە مرۆڤ ئەوکاتە خاوەن ڕێز و بەشکۆیە کە بڕیارەکانی خۆی بەدەست خۆی بدرێن).
سەرەڕای ئەوەی کە سپانیا و فەرانسە و یەکێتی ئۆرووپا ئێتایان وەکوو ڕیکخراەیەکی "تێرۆریست"ی ناوزەد کردوە بەڵام بە مەبەستی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی باسک، لە ساڵەکانی ١٩٨٩، ١٩٩٦، ١٩٩٨، و ٢٠٠٦ ئێتا ئاگربڕی ڕاگەیاندووە و داوای لە دەوڵەتی سپانیا کردوە بۆ دانیشتن و دیالۆگ، بەڵام هیچ یەک لەو هەنگاوانە سەرکەوتوو نەبوون.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە؛ بۆچی پرۆسەی ئاشتی لە هەندێک وڵات وەکوو ئیرلەندی باکوور "سەرکەوتوو" بوو بەڵام لە سپانیا سەری نەگرت؟.. لە داهاتوودا لە سەر مۆدێلی ئیرلەند و پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا کار دەکەین بەڵام ئەوەی کە لێرەدا پێویستە ئاماژەی بدەین پێناسە و پێناسەکردنی پرۆسەی ئاشتیە. پرۆسەی ئاشتی چییە، چۆن پێناسە دەکردێ و تایبەتکارەکانی چین؟
تەنیا پرۆسەیەک دەتوانی وەکوو پرۆسەی ئاشتی پێناسە بکرێ کە هەڵگری ئەو فاکتۆرانەی خوارەوە بێت:
١). دەبێ خواست و ویستێکی ڕاستەقینە بۆ وتوووێژ و دانووساندن هەبێت. ئەگەر بانگەشەی ئاشتی تەنیا بۆ پرۆپاگەندە و بڵاڤۆکاندن بێت، ئەو پرۆسەیە پرۆسەی ئاشتی نیە و تەنیا بۆ خەڵەتاندی ڕایگشتیە. بۆ وێنە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هیچ کات خواست و مەیلی ئاشتی و دانیشتنی بەکردەوە نیشان نەداوە، بەڵام بۆ خەڵەتاندنی ڕایگشتی و بە مەبەستی بڵاڤۆکاندن ئەو ڕێبازەی گرۆتەبەر وهەندێک لایەنی کوردیشی پێ خاپاندوە.
٢). بکەرە سەرەکیەکانی کێشەکە پێویستە لەو پرۆسەیەدا بەشداربن. بۆ وێنە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی لە ئیرلەندی باکوو لە ساڵی ١٩٩٨دا، بەشدارکردنی "شین فەیەن" باڵی ڕامیاری ئەرتەشی کۆماریخوازی ئیرلەند (ئای. ئار. ئەی) بوو. سەرۆکی شین فەین "جێری ئادامز"، ئەو کەسەی کە بە "تێرۆریست" ناودێریان دەکرد، بۆ یەکەم جار لە مێژووی پارتەکەیدا لە لەندەن لە شەقامی داونین لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بریتانیادا کۆبۆوە.
٣). دانووسەرەکان و بەشداربووانی دانیشتنەکان دەبێ سەرنج بخەنە سەر خاڵە ناوەندیەکانی كێشەکە. بەڵام لە دانیشتنەکانی ئێتا لە گەڵ دەوڵەتی سپانیادا، لە کاتێکدا کە ئێتا باسی لە چارەیخۆنووسین و سەربەخۆیی بۆ گەلی باسک دەکرد، نوێنەری دەوڵەت باسی لە ئازاد کردنی گیراوانی باسک دەکرد.
٤). لە میانەی پرۆسەی ئاشتیدا، هیچ لایەنێک نابێ توندوتیژی بەکاربێنێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. بۆ وێنە دەوڵەتی سریلانکا لە کاتی دانیشتن لەگەڵ پڵینگەکانی تامیلدا، بەردەوام توندوتیژی پەیرەو دەکرد و گەلی تامیلی دەکوشت، لە هەمان کاتیشدا باسی دانیشتن و دیالۆگی دەکرد. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش ئەو ڕێبازەی گرتۆتە بەر؛ هەر ئەوکاتەی کە باس لە دانیشتن و ئاشتی دەکات کۆمەڵکوژی وەکوو ڕۆبۆسکی پێشدەخات.
٥). فاکۆتری کۆتایی بۆ پێناسە کردنی پرۆسەی ئاشتی ئەوەیە کە هەردوو لایەن دەبێ بەردوام بن لە دانیشتن و دانووساندنەکان. واتە دانیشتن و بانگەوازی ئاشتی تەنیا بۆ بڵاڤۆکاندن و خەڵەتاندنی ڕایگشتی نەبێت.
پرۆسەی ئاشتی لە سپانیا سەری نەگرت چوونکە دەوڵەتی سپانیا یان لە ژێر ناوی "تێرۆریست"بووندا بزاڤی ئازادیخوازی گەلی باسکی لە دەرەوەی پرۆسەکەدا دەهێشتەوە، یان ئەو کاتەی کە ئێتا بە هێزی خۆی دەوڵەتی مەجبوور بە دانیشتن دەکرد، دەوڵەت سەرنجی نەدەخستە سەر مژارە سەرەکیەکانی کێشەکە و لە کاتێکدا کە ئێتا دەیگوت، "ئاشتی بۆ دیموکراسی" یان "ئاشتی بۆ چارەیخۆنووسین"، دەوڵەتی سپانیا دەیگوت، "ئاشتی بۆ ئاشتی" یان "ئاشتی بۆ گیراوان"ی باسک.
لە ساڵی ٢٠١١دا پارتی ئێتا کۆتایی بە خەباتی سەربازی هێنا و بەفەرمی چەکی دانا و بەڵێندارێتی خۆی بۆ بەردەوام کردنی خەباتی ئاشتیانە لە پێناو سەربەخۆییدا دووپات کردەوە. چەکدانانی ئێتا، بە واتەی پاشگەزبوونەوە لە سەربەخۆیی بۆ وڵاتی باسک نییە. چەمکی سەربەخۆی ئاوێرتەی کولتووری نەتەوەیی گەلی باسک بووە و نەتەنیا وەکوو ئامانج، بەڵکە وەکوو مافێکی بێ ئەملاوئەولا دەبینرێ و بادانەوە لە سەربەخۆیی وەکوو "خەیانەت" سەیردەکرێ.
یەکێک لە ڕەخنەکانی کە لەسەر ئێتا هەیە، ئەوەیە کە هەر لە پاش ڕووخانی فڕانکۆوە تا کاتی چەکدانانی سالی ٢٠١١، ئەو پارتە نەیتوانی هاوسەنگیەک لە نێوان خەباتی چەکداری و خەباتی ڕامیاریدا دروست بکات. ئەو کاتەی کە ئێتا شەڕی چەکداری دەکرد، تای تەرازووی هەردەم بەلای خەباتی سەبازی و مژاری چەکدا دەشکاندەوە؛ ئەو کاتەی کە چەکیشی دانا، تای تەرازووی بەلای خەباتی ڕامیاری ودیپلۆماسیدا شکاندەوە. واتە لە میانەی خەباتی ٥٠ ساڵەی خۆیدا، نەیدەزانی یان نەیدەتوانی ڕێکارێک بدۆزێتەوە بۆ تێکەڵکردنی چەک و سیاسەت یان بۆ پێکهێنانی هاوسەنگیەک لە میانەی ئەو دووەدا. لەو بوارەدا ئەڕتەشی کۆماریخوازی ئیرلەند (ئای. ئار. ئەی) زۆر سەرکەوتووانە کاری کرد و زۆر لێهاتوانە توانی هاوسەنگی نێوان سیاسەت و چەک بپارێزێت.
لە دۆخی هەییدا سەرەڕای ئەوەیکە هەردوو وڵاتی فەڕانسە و سپانیا "دیموکرات"ن و بنەماکانی دێموکراسیان قەبوولە (لە ڕواڵەتدا)، بەڵام گەڵی باسک لە مافی چارەیخۆنووسین بێبەش بوون و ناتوانن لەسەر چارەی خۆیان و سیستێمی ڕامیاری و ئابووری وڵاتەکەیان بڕیاربدەن. سەرەڕای ئەوەیکە ئەو وڵاتانە بانگەشەی دێموکراتیبوون دەکەن، بەڵام لە کردەوەدا بنەماکانی دێموکراسی پێشێل دەکەن و ئامادەنین لە چوارچێوەی دێموکراسیەکی ڕاستەوخۆدا و لە ڕاپرسیەکی گشتیدا بەرای ئەوە بە گەلی باسک بدەن کە لەسەر داهاتووی خۆی بڕیار بدات. هەرچەند گەلی باسک هەموو تایبەتکارەکانی نەتەوەبوونیان هەیە، بەڵام وەکوو کەمینە و پاشکۆی گەلی فەڕانسە و سپانیا چاویان لێدەکری و بەشێکی زۆری گەلی سپانیا لە وتووێژی ڕۆژانەیاندا گەلی باسک وەکوو "تێرۆریست" ناودەبەن.
سەرەڕای ئەوەی کە ئێتا لە ساڵێ ٢٠١١دا چەکی داناوە، بەڵام هەنووکە لە نێوان ٨٠٠ تا ١٢٠٠ چالاک و وڵاتپارێزی باسک لە گرتوخانەکانی سپانیادا گیروان و ئەشکەنجە دەدرێن و بێڕێزیان پێدەکرێ. دەوڵەتی سپانیا هەرچەشنە مەیلێکی ئازادیخوازی گەلی باسک لەژێر ناوی "جیابوونەوەخوازی" سەرکووت دەکات و بەرچەسپی "تێرۆریست" بوونی لێدەدا. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو کەسانەی کە سیستێمی پاشایەتی مەرجداری سپانیا قەبوول بکەن، دەتوانن لەژێر سێبەری ئەو سیستێمەدا چێژ لە خۆسەری سنوورداری هەرێمی بگرن، کە ئەوەش ئەنجامی خەباتی ٥٠ ساڵەی ئێتا و پارت و ڕێکخراوەکانی پێش ئەون، نەک ئاکامی پیاوچاکی و مێرخاسی دەوڵەتی سپانیا بێت.
لە وڵاتی فەڕانسە کە گەلی باسک خاوەن پارتێکی وەکوو ئێتا و خەباتی هاوشێوەی ئەو رێکخراوەیە نەبوون، گەلی باسک نەتەنیا هیچ چەشنە مافێکی نەتەوەییان نیە بەڵکوو خاوەن پێگەی کەمینەش نین. هەر لە پاش شۆرشی فەڕانسە و دامەزرانی دەوڵەت نەوتەوەی ئەو وڵاتەەوە، باسکی باکوور هەموو سیستێمەکانی خۆبەڕێوەبەری خۆجێیی (فووێرۆس) لێ زەوتکرا و کەوتە بەر لێشاوی هێرشی کولتووری پاریس و ڕەوتی دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەی فەڕانسەوە. تەنانەت لە دۆخی ئێستاشدا، نە زمانی باسک و نە کولتووری باسک لەلایەن دەوڵەتی فەڕانسەوە هیچ چەشنە دانێکی پێدانانرێ و هیچ چەشنە هالیکاری و یارمەتیەکی دەوڵەتی بۆ تەرخان ناکرێ بۆ گەشەکردن و زمانی فەڕانسەویش تەنیا زمانی فەرمی ئەو وڵاتەیە.
كۆتایی:
ئەو ڕوانگەیەی کە دەڵی چارەسەری پرسی کورد لە دێموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندایە پێویستە ئەو پرسیارانەی خوارەوە وڵام بداتەوە.
[١]. ئێمەی کورد تا چ ئاستێک و هەتا کۆی ڕۆژهەڵاتی ناڤینمان پێ دێموکراتیزە دەکرێ و ڕیکارەکانمان بۆ دێموکراتیزە کردنی ئەحمەدی نەژادەکان، ئەردۆغانەکان، مالیکیەکان و ئەسەدکان چین؟
[٢]. ئەگەر ئێمەی کورد بتوانین ڕۆژهەڵاتی ناڤینیش دێموکراتیزە بکەین و هەمووی سەرنج و تیشکی خەباتمان بۆسەر ئەو ئامانجە بێت، ماوەیەکی چەند ساڵە/سەدەی دەوێ تا ئەو وڵاتانە وەکوو فەڕانسە و سپانیایان لێدێت؟
[٣]. گریمان ڕۆهەڵاتی ناڤینمان وەکوو فەڕانسە و سپانیاش پێشخست و دێموکراتیزەمان کرد، گەلٶ ئەو کاتەش هەر وەک گەلی باسک، ژیانی پاشکۆیەتی و زۆنگاونشینی بەشمان دەبێت؟
سەرچاوەکان
[]. لودگێر میس (٢٠٠٣)، نەتەوەگەری، توندوتیژی و دێموکراسی: پێکدادانی ناسنامە لە باسک. چامەنی ماکمیلان.
[]. لوویس مۆرێنۆ (١٩٩٧)، فێدرالیزاسیۆن و ڕیکەوتنی ئێتنۆتێریتۆریال لە سپانیا. سەرچاوە: پوپلیۆس، بەری ٢٧، ژومارەی ٤، لاپەڕەکانی ٦٥-٨٤. چاپەمەنی زانکۆی ئاکسفۆرد.
[]. ماریانێ هیبێرگ (١٩٨٩)، دروستکردنی نەتەوەی باسک. چاپەمەنی زانکۆی کەیمبریج.
[]. پەدی وودورت (٢٠٠٢)، کێشەی باسک و ئێرلەند. سەرچاوە: مێژووی ئیرلەند، بەرگی ٩ ژومارەی ٣، لاپەڕەکانی ٤١-٤٧. چاپەمەنی وڕلدوێل.
[]. پەدی ووردورت (٢٠٠١)، بۆچی ئەوانە دەکووژن؟ کێشەی باسک لە سپانیا. سەرچاوە: ژوورنالی ووڕلد پالێسی، بەرگی ١٨ ژومارەی ١، لاپەڕەکانی ١-١٢. چاپەمەنی ڕێکخراوەی ووڕلد پالێسی.
[]. ستانلی پەینی (١٩٧٥)، ناسیۆنالیسمی باسک. چاپەمەنی زانکۆی نێڤادا
[]. ستانلی پەینی (١٩٧١)، نەتەوەگەری باسک و کاتالان. سەرچاوە: ژوورناڵی مێژووی سەردەم، بەرگی ٦، ژومارەی ١، لاپەڕەکانی ١٥-٥١، چاپەمەنی سەیج.
[]. شلۆمۆ بن- ئامی (١٩٩١)، نەتەوەگەری باسک لە ناوبەری ئانارشیزم و نوێگەریدا. سەرچاوە: ژوورناڵی مێژووی سەردەم، بەرگی ٢٦، ژومارەی ٣/٤ ، لاپەڕەکانی ٤٩٣-٥٢١، چاپەمەنی سەیج.
[]. ویلیام داگلاس، کارمێلپ ورزا، لیندا وایت، جۆسێبا زولایکا (١٩٩٩)، نەتەوە و نەتەوگەری باسک لە بەرەبەری هەزارەدا. چاپەمەنی زانکۆی نەڤادا.
[]. وەین ئاندێرسۆن (٢٠٠٣)، ئێتا؛ تێرۆریستەکانی باسکی سپانیا. چاپەمەنی ڕۆزێن، نیۆیۆرک.