سەردار عەزیز
لە سەرەتای داڕشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەوروپیەکانەوە، هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەدەکرا کە کورد ببنە پرسی سەدەی بیست و سەدەی بیست یەک. کورد لە بەر پێکهاتەی خێڵەکی، نەبوونی ئاگایی باڵا، نەبوونی ئامادەیی لە ئاستی نێودەوڵەتی، نەبوونی هێز و دیموگرافیا، قورساییان لە سەر داڕێژەرانی سیاسەتی ئەو سەردەمە دانەنا. کورد وەک کۆمەڵێک خێڵ دەبینران. ئەم خەسڵەتانە کۆمەڵێک دیدی لای رۆژئاواییەکان دروستکرد:
یەکەم، بایەخ پێنەدان. لە کۆنگرەی پاریسی ساڵی ١٩١٩ کە شەش مانگی خایاند، لوئید جۆرج کە سەرۆک وەزیرانی بەریتانی بوو، لە دانیشتنەکاندا ویستی باسی کورد بکات بەڵام لە بیری چوو، پاشان کە بیریان هێنایەوە بە هەڵە باسیکرد. ئەمە دەرخەری گرنگی نەبوونی کورد لەو ساتەدا. مارک سایکس کە لە گەڵ مێژوونوسی بەناوبانگ توینبی ڕاوێژکاربوو لەوێ، ناسراوە بەوەی کە کوردی وەک کۆمەڵێک خێڵ بینوە و ناو نەخشەی خێڵەکان و کێشە و قەیرانەکانی هەموو بە ووردی لە نوسینەکانیدا باسکردوە.
دووەم، لای ئەمریکاییەکان کورد کە باسکراوە، خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکاییان (هیندیە سورەکان) هێنانەوەتە یادی ئەوان. بەو مانایە لە میانەی هاتنی دەوڵەت دەبێت لەناوببرێن ئەگەر ببنە رێگر. دیارە ئەم دۆخە پاشان لە چەند پارچەیەکی کوردستان دژ بە کورد جێبەجێ دەکرێت، سرینەوە لە ئاستی سیاسی، جەستەیی و کەلتوریدا روویدا.
سێیەم، کورد، وەک لاوازێک، لە کاتی دروستبوونی دەوڵەت و هاتنی بنەما مۆدێرنەکانی دەوڵەت، ئەوا لە گەڵ خەڵکانیدا تردا دەبن بەیەک، ئەم پرۆسەیە کە بە ئەسیمیلەیشن، ئەسیمیلیسیون ناسراوە. ئەم پرۆسەی دروستبوونی گەلێک بۆ دەوڵەتێک، بە ئاسانی وێنەکراوە، چونکە خەڵكی ناوچەکە وەها بینراون کە نزیکن لە یەکترەوە، لە رووی ئاین و کەلتور و دابونەریتەوە، ئەگەر بێتوو دەوڵەتێک بێتەئاراوە بتوانێت لە رێگای میکانیزمەکانی بونیادنانی نەتەوەوە جیاوازییەکان بسڕێتەوە ئەوا دەتوانێت ئەم خەڵكانە کە نەتەوەنین بیانکات بە نەتەوەی وڵاتەکەی. بەڵام فەیسەڵی یەکەم هەرزوو نائومیدی لەمە دەربڕی. لە ناوچەکەدا نە دەوڵەت، بەرهەمی پرۆسەی دەوڵەتمەداری بوو، نە بونیادنانی نەتەوە پیادەکرا، بەڵکو ئەوەی زیاتر پشتی پێبەسترا ئامرازەکانی توندوتیژی بوو.
چوارهەم، کورد دەبێت ئۆتۆنۆمی پێبدرێت. دیارە باسکردن لە ئۆتۆنۆمی وەک بژاردەیەک هاتووە کە ئەگەر هاتوو بژاردەکانی تر سەرکەوتوو نەبوو.
ئەمرۆ دۆخێکی تەواو جیاواز لە ئارادایە. ئەو وڵاتانەی کە پاش جەنگی جیهانی بەرهەمهاتن نەبوونە نیشتمانی خەڵکەکەیان. هێشتا ململانێیەک هەیە لە نێوان خواست و خەون و ئاواتی خەڵک و سنورەکان. ئەم دوو پرۆسەیەی: یەکەمیان نیشتەجێبوونی سیاسی دووەمیان نیشتەجێبوونی خەیاڵ یان شاعیری، لە هەموو ساتێک زیاتر لە ناوچەکەدا لەیەکتر نزیکن، بە هۆی شلبوونەوەی سنور و نیزامی سیاسی ناوچەکە و گۆڕانکاری لە نیزامی جیهانیدا. ئایا ئەم بەریەککەوتنە شیعریە لە گەڵ سیاسی چی لێدەکەوێتەوە؟
دیارە لەم پرۆسەیەدا دوو کەس شاعیر و سیاسی بەیەکەوە دەبن. شاعیر ناوێکی باوە بۆ چینی ئینتلیجینسیا. کەسانێک کە خەیاڵ و بیر و تێگەیشتن بۆ دونیا لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە بەرهەم دەهێنن. کورد هەردوو چینی سیاسی و ئینتلجینسیایی لاوازە. ئەم لاوازییەی ئینتلیجینسیا وەهای کردوە کە نیشتەجێبوونی کورد نیشتەجێبوونێکی شاعیرانە نەبێت. بە مانایەکی تر پەیوەندی کورد بە دونیایەوە پەیوەندیەکی فینۆمینۆلۆژی نیە.
شیعری کوردی گەر لێی بنواڕیت، لە گەڵیدا نوسینی غەیرە شیعری کوردی، بە دەگمەن نەبێت نەیتوانیوە سنوری گەڕەک و ناوچەی بچوکی وێنابکات. بۆیە وێنای نیشتمان لای شاعیری کورد، یان یوتوپیاییە یان دیستۆپیای. نیشتمان یان رزگارکەرە یان دۆزەخ. شاعیرانی رزگارکەر زۆرن بەڵام لای بەختیار عەلی و شێرکۆ بێکەس دیارە ئەوانیی تریش نیشتمان دەبێتە دۆزەخ. بەڵام کورتبینی هەردوو ئەم دوو شاعیرە لەوەدایە، نیشتمان پەیوەست دەکەن بەچینێکی سیاسی تایبەتەوە، بگرە نیشتمان لە جەستەی ئەواندا بەرجەستە دەکەن. ئایا ئێمە دەتوانین تەنها سیاسیانە نیشتەجێ بین؟ یان دەبێت لە هەمانکاتدا شاعیرانەش نیشتەجێ بین. ئەگەر خەیاڵ و هەست و سۆز و ئاگایی و مەعریفەمان پەیوەست نەبوو بەو جێگایەی کە تیایدا نیشتەجێین ئەوا چ جۆرە پەیوەندییەکمان هەیە لە گەڵ ئەو دونیایەی کە تیایداین، هەروەها چۆن وێنای ئەو دونیایە بکەیەن کە دێت یان ئەوانی تر دەیانەوێت؟