مهغدید سهپان
Bo Olofsson پرۆفێسۆر لە زەوی و تەکنۆلۆجیای ئاو لە Royal Institute of Technology لە سوید لە توێژینەوەیەکی بۆیدەرکەوتووە، ئەگەر لە ئێستادا گۆڕانکاریێكی جددی و بنەرەتی لە بەکارهێنانی ئاو نەکەین، لە 35 ساڵی داهاتوو ناتوانین بەرگەی برسیبوون بگرین. ئەو لەگەڵ چەند هاوپیشەیەکی توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە، چۆن بتوانن قەیرانی ئاو چارەسەر بکەن. هەر هاوڵاتیێكی سویدی 300 لیتر ئاو لە شەو و ڕۆژێک بەکاردێنی، ئەوەش 20 جار لە پێویست زیاترە. بەڵام ئەگەر باس لەو ئاوە بکەین، کە خواردنی پێ دروست دەکرێ، دەکڕدرێ و بۆ هەوەس و خۆشی بەکاردێ، دیارە زۆر لەو ژمارەی سەرەوە زیاترە. بەگوێرەی راپۆرتی The World Resources Institute 33 وڵات بۆ ساڵی 2040 تووشی قەیرانی ئاو دەبن. ئەو وڵاتانەش زیاتریان لە ئەفریقا و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. بەگوێرەی راپۆرتی UNICEF نزیکەی ٩ ملیۆن کەس لە کۆتایی 2017 لە ئەسیوپیا لە ئاوی پاکی خورادنەوە بێبەش دەبن.
ئەو وڵاتانەی لە کاتی ئێستادا تووشی قەیرانی ئاو هاتووین: (بۆتسوانا، چیلی، ئێستۆنیا لەگەڵ نامیبیا)ن. بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرتی UNICEF تا ساڵی 2040 نزیکەی 600 ملیۆن منداڵ بەدەست نەبوونی ئاوی پاک بۆ خورادنەوە دەناڵێنن. لەکاتی ئێستادا، نزیکەی 1.8 ملیارد کەس لە ئاوی پاک بێبەشن یان بەشیان ناکا و خواردنەوەی ئاوی پیسیش دەیان نەخۆشی کوشندە وەک: (زگچوون، کۆلێرا، دیسێنتێری، تیفۆس، پولیو) ی لەگەڵ دایە، تەنیا بە زگچوون ساڵانە 502 هەزار لە جیهان دەمرن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی 90٪ لە کاتەکانی ساڵ زەوی وشکە و باران ناباری و لەوکاتەی بارانیش دەباری، لەبەر وشکبوونەوەی خاک، زەوی قودرەتی مژینی ئاوی بارانی نییە، هەرچەندە بەڕێژەی 71٪ گۆی زەویش ئاوە،
پرۆژەیەکی نێودەوڵەتی هەیە: Red-Deadدەیەوێ کەنالێک لە دەریای سوورەوە و بۆ دەریای مردوو دروست بکات. ئەم کەناڵە بە ڕێگای بۆڕییەوە دەبێت و درێژییەکەی 177کم. دەریای سوور 417 مەتر لە دەریای مردوو بەرزترە. بەگوێرەی قسەی زانایانی جیۆلۆجی، لەبەر ئەوەی ئاوی دەریای مردوو لەگەڵ ئاوی دەریای سوور، لەیەکتر جیاوازن، راستە دەریای مردوو پڕدەکرێتەوە، بەڵام بە ئاوێكی جیا لە ئاوی خۆی، بۆیە باشترین چارەسەر، بۆ هێشتنەوەی دەریای مردوو، کەمتر بەکارهێنانی ئاوی ڕوبارەکانە لەلایەن دانیشتوانی ئوردەن، تا ئاوی رووبارەکان زۆرتر بۆناو دەریای مردوو بچێت. دەریای مردوو ساڵانە یەک مەتر دادەبەزی و 98٪ ئەو ئاوەی لە ئوردەن هەیە، لەلایەن دانیشتوانەوە بەکار دێت.
کاکلی کێشەی گەورەی هەنووکە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین و ئوردن، لەسەر ئاوە. فەلەستینییەکانی (ضفەی غەربی) بەدەست کەمی ئاو دەناڵێنن و ئیسرائیلییەکانیش مەلەوانگە بۆخۆیان دروست دەکەن. کەسێکی فەلەستینی رۆژانە 70 لیتر ئاوی بەردەکەوێ کەسێکی ئیسرائیلی رۆژانە 300 لیتر ئاوی بەردەکەوێ. قەیرانی ئاو لە جیهان، کێشەیەکی سیاسییە و شەڕ و ناخۆشیش بەدوای خۆیەوە دەهێنی.
پیش پەنجا ساڵ شانشینی سعودییەی عەرەبی 500کم شەشپاڵو ئاوی ژێر زەوی هەبوو، لە پەنجا ساڵی رابردوو 400 کم لەم ئاوەی بەکار هێنایە و لە بیست ساڵی داهاتوو، سعودییە توووشی گەورەترین کێشەی وشکانی و نەبوونی ئاو دەبێت. هەرچەندە سعودییە ئاوێکی زۆری دەریاش بەکار دێنی، بەڵام پارەیەکی خەیاڵی لە پاکردنەوەی خەرج دەکا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی The World Resources Institute وڵاتی ئێراق لە 10ساڵی داهاتوو، تووشی گەورەترین قەیرانی ئاو دەبێت. سامانی ئاوی ئێراق، لەبەڕ رەوشی ناهەموار و شەر و ناخۆشی لە مەترسیدایە. لەهەمان کات، کەمی باران و هەوای گەرم و کەمبوونەوەی ئاوی فورات و دیجلەش هەقیقەتێکە و هەیە. هەرچەندە پێکهاتن لە نێوان سوریا و ئێراق و تورکیا هەیە، کە چؤن ئاوی ڕووبارەکان بەکار بێنن. بەڵام لەبەر هەبوونی شەڕی ناوەخۆ لە ئێراق و لە سوریا، دیارە پێکهاتننەکە وەکخۆی جێبەجێ ناکرێ. کێشەی ئاو لە ئێراق و ناوچە لە حەفتاکانەوە دەستی پێکردووە.
لەوکاتەی باس لە قەیرانی ئاو لە ئێراق دەکەین، بێگومان بەشێکی کوردستانیش دەگرێتەوە، هەرچەندە بەفر و باران زیاتر لە کوردستان دەباری، بەڵام لەبەر هەبوونی کێشە و ململانێی زۆر، لە 25 ساڵی ڕابردوو حکومەتی کوردی نەیتوانیوە بەنداوی زۆر دروست بکا، پڕۆژەی ستراتیژ و دوورخایەنی بۆ ئاو هەبی، بۆیە لەهەر کاتێک تورکیا و ئێران بیانەوێ، بە ئاسانی دەتوانن ئاو وەک چەکێکی زۆر کوشندە دژ بە کورد بەکار بێنن، هەروەک چۆن لە هەفتەی رابردوو زێێ بچوک لەلایەن ئێران بەسترا و رووباری سەدان هەزار ساڵەی کوردی وشک کرا. تورکیا دەتوانی هەمان سیاسەت دژ بە کورد پەیڕەو بکات. لەراستیا، ئێران و تورکیا هەرکاتێک بیانەوێ دەتوانن کوردستان بێ شەڕ لەبێئاوی بخنکێنن، ئەگەرچێ کورد وەک نەتەوە و خاک، خاوەنی دوو روباری زۆر گەورەی جیهانە (دیجلە و فورات)...
ئاوی ژێر زەوی لەخوار هەولێر لە شەمامک نزیکەی 25 مەتر دابەزییە... نەبوونی ئاو دەکاتە وشکبوونی دار و درەخت، کەمبوونی سامانی ئاوی، پیسبوونی ژینگە، زیانێكی زۆر گەورەش بەر کەرتی کشتوکاڵ دەکەوێت.
هۆ بۆ قەیرانی ئاو لە جیهان زۆرن و هۆی هەرە گەورە، بەگوێرەی راپۆرتی زانستی پەیمانگاکان، گۆڕنی کەشوهەوا و گەرمبوونی خێرای گۆی زەوییە، فاکتەری دووەم بێگومان مرۆڤ خۆیەتی، کە ژمارەی دانیشتوانی بەردەوام لەزیادبووندایە. دەبی ئەوەش بنووسرێ، تاکی وڵاتانی جیهانی سێ فێرنەکراون، چۆن رەزیلی لەبەکارهێنانی ئاو بکەن، ناشزانن، ئەو وڵاتانەی ژیان تێیدا سەقامگیرە و بەهێـمنی دەروا، ئاسانتر حکومەتەکان دەتوانن بەسەر کێشەی ئاویان زاڵببن.
5/7/2017