مامەند رۆژە
گشتپرسی، رای گشتیی کوردستانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە. دەنگی بەڵێ و نەخێر هەر لە ئێستاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تا ناو شەقام بەریەک دەکەون. کۆمەڵگە خەریکە بەرەو جەمسەربەندییەکی توند مل دەنێت. لەسایەی سۆسیالمیدیاوە هەردوو بەرەکە رک و کین بۆ یەک هەڵدەڕێژن، یەکتر تاوانباردەکەن. ئەمیان ئەویان و ئەویان ئەمیان بە خیانەت تۆمەتبار دەکەن!
چەند رۆژێکە گوێمان لێیە لەسەر گشتپرسی چی دەگوترێت: ریفراندۆم شەرمە، بە دەنگی بەرز بڵێن نەخێر!، ریفراندۆمی خێڵی کوردایەتی، جەماعەتی ریفراندۆم، هاوئاوازەکانی ریفراندۆم، فسفس پاڵەوانەکانی ریفراندۆم، ریفراندۆمەکەی بارزانی و ریفراندۆم خیانەتە. لەملاش هاوار دەکەن ئەوانەی لەدژی ریفراندۆمن لەدژی سەربەخۆیین و دەیانەوێ بەکۆیلەیی لەژێردەستی بەغدا بمێنینەوە.
گەلۆ ئەم هەڵچوونە لەڕووی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییەوە چی لێدەخوێنرێتەوە؟ گەلۆ ئەمەی دەیبینین هۆکارە یان ئەنجام؟
جەمسەربەندی: هاووڵاتی یان ئەویتر؟
دەتوانین بڵێین کەشی ئاوا کە هەمووان ئازادانە هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن، دیاردەیەکی ئەرێنییە. گرنگ ئەوەیە دۆخێک هاتووەتە کایەوە کەوا هەموو هاووڵاتییەک بەوپەڕی هوشیارییەوە بە باش یان نەباش هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت. ئەمە لەڕووی سۆسیۆلۆژییەوە بە سەرەتای دروستبوونی تاک و سەرەتای دروستبوونی هاووڵاتی دادەنرێت. سۆسیالمیدیا تەکانی بەم وەرسووڕانە کۆمەڵایەتییە داوە.
بەڵام یەک لە رەهەندە نەرێنییەکانیشی ئەوەیە کە هەرکەس پێیوایە هەقیقەتی رەها لای گرووپە سیاسییەکەی ئەوە. پێیوایە ئەوەی وەک ئەو نەهزرێ خائینە. ئەمەش نیشانەی ئاستنزمیی تۆلێرانس و ئەویتر قبوڵکردنە. نیشانەی ئاستنزمیی پێکەوەگونجان و پێکەوەسازانە.
دوو جەمسەری مۆر و زەرد، جەمسەری ناوەڕاستی سەوز- قاوەیی دەپەستێون و دەیانەوێ تێکڕای رای گشتی بەسەر هەردوولادا دابەش بکەن. مخابن هەتا ئێستاش هێزە کوردییەکان ئەویتری خۆیان لەناو خۆیاندا پێناسە دەکەن. ئەمە یەک لە زیانەکانی جەمسەربەندییە.
جەمسەربەندی: ریشەی جیۆکولتووری
هەرێمی کوردستان لە کۆنەوە دوو سەرچاوەی دەرکەوتنی هێزی هەبووە: شارەزوور و بەهدینان. هەندێک هێز لەسەرەوە لە بەهدینان شۆڕدەبنەوە. هەندێک هێزیش لە شارەزوورەوە (ناوی کۆنی ناوچەکانی سلێمانی، کەرکووک، گەرمیان و هەورامان) بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێن. هەردوو رەوتەکە لە هەولێر بەیەک دەگەن. جار ئەمیان و جاروباریش ئەویان لە ناوچەی ناوک واتە هەولێر دەگیرسێنەوە.
ئەمە جەمسەربەندی ناوچەیی ناوخۆی کوردستانە کە ریشەی جیۆکولتووریی هەیە. لەگەڵ ئەمە دوو دەیەیە سلێمانی هەست بە پەراوێزخستن، بێنوێنەری و بەشدارنەبوون لە دەسەڵاتی کوردستاندا دەکات. هەست بە گۆشەگیری دەکات. ئەو شارەی خۆی بە پێشەنگی بزاڤی سیاسی و کولتووری دەزانێ، هەست بە بێبەشی سیاسی دەکات. بۆیە پەنا بۆ وردەناسنامە، وردەکولتوور و جار- جاریش راکردن لە ناوەند دەبات.
دۆسیەی ناوخۆیی و گشتپرسی
گەلێک کەس باس لەوە دەکەن فاکتەری دەرەکی بەتایبەت ناوچەیی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی هەڕەشەیە. گەلێک کەسیش باس لەوە دەکەن جاڕدانی گشتپرسی بۆ بنیاتنانی دەوڵەت زووە، کاتی نییە، ژێرخانی دەوڵەت ئامادە نییە، ئەگەر گشتپرسی بکرێ هەڕەشەمان لێدەکرێ، دەروازەکانمان لێ دادەخرێ و ئەگەری لەدەستدانی دەستکەوت و دامودەزگاکانمان هەیە.
هەندێکیش دەڵێن گشتپرسی پرۆژەیەکی کەسی، بنەماڵەیی و حیزبییە، نابێ رەوایی پێ ببەخشین. لەوە واوەتر دەگوترێ گشتپرسی نابێ بکرێتە ئامرازی هێزبەخشین بە فڵان کەس و فیسار حیزب. هەندێکیش دەڵێن دەوڵەتێکم ناوێ فڵان کەس و فیسار گرووپ بنیاتی بنێن!
لە راستیدا ئەمەی دەگوترێ هەمووی ئەنجامە، هۆکار نییە. هۆکار ئیرادەی سیاسییە. ئەمە هەمووی بەرهەمی خراپ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ناوخۆییە. ئەگەر لەمەڕ ریفراندۆم بپرسرێ گرنگترین سەرچاوەی هەڕەشە چییە؟ دەتوانین بێژین یەکەمین هەڕەشەی کاریگەر فاکتەری ناوخۆییە نەک ناوچەیی و دەرەکی! بۆیە گرنگترین فاکتەر کە دەتوانێ گشتپرسی سەربخا دیسان ناوخۆیە. کەوابوو دەبێ بایەخ بە دۆسیەی ناوخۆیی بدرێ و بەکاری ناوکۆیی ئەم پرۆژەیە سەربخرێت.
گشتپرسی: بایکۆتی گۆڕان و کۆمەڵ
ئێستا گشتپرسی لەنێوان دوو پرۆژەی پێچەوانەدا گیری خواردووە: بەرەیەک پێیوایە سەرۆکی هەرێم مەرجەعە و رەوایی تەواوی هەیە بڕیاری بۆ دەربکا، بەرەیەکیش دەڵێن پارلەمان مەرجەعە و دەتوانێ بڕیار بۆ پرسە چارەنووسسازەکان بدات. واتە کێشەکە لەنێوان دوو بۆچوونە کە یەکیان لە سیستەمی نزیک لە سەرۆکایەتی لە پرسەکە دەنۆڕێت، یەکیشیان لە دەلاقەی سیستەمی پارلەمانییەوە بۆی دەچێت.
جا ئەگەر ئەم تەگەرەیە پێش 25ی ئەیلوول لەکۆڵ نەکرێتەوە، ئەو ئەگەرە بەهێزە کە هەڵوێستی بایکۆتی گۆڕان – کۆمەڵ لە هەڵوێستی بایکۆتەوە لەلایەن بەشێک لە لایەنگرانەوە سەر بۆ هەڵوێستی نەخێر بکوتێت. هەڵوێستی نەخێریش بۆ کوردستان شکست و نسکۆیە، چونکە نە کوردستان سکۆتلەندایە و نەش عێراق ئینگلتەرەیە.
ئەگەر بەشداری لەم گشتپرسییە لە رێژەی 70% کەمتر بێ، ئەوە دەبێتە سەرچاوەی نەهامەتی. تەنانەت هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی چەندقات زیاد دەکات. بۆیە ئەو هەڵمەتەی ئەمڕۆ لەسەر ئاستی سۆسیالمیدیا لەدژی گشتپرسی هەیە، ئەگەر چارسەر نەکرێ (کە چارسەریشی تارادەیەکی زۆر بەندە بە رێککەوتنی پارتی و گۆڕان)، ئەوە بەم شپرزەییە ئەنجامدانی گشتپرسی رەنگە سەربکەوێ، بەڵام نە رەوایی کامڵی دەبێ و نەش ئەنجامی دڵخواز. هەرجۆرە کەرتبوونێک کە لەئەنجامی ئەم گشتپرسییەوە بێتەدی، ئەوە دەرگای هەڕەشە و دەستوەردانی دەرەکی لەناو ماڵی کوردستانی دەخاتە سەرپشت. دەبێ پێش لەو لۆژیکە بگیرێ کە بە رۆژی رۆشن جاڕدەدا و دەڵێت: ریفراندۆم خیانەتە! دەبێ سەرچاوەکانی ئەم لۆژیکە بنەبڕبکرێت.
28/6/2017