هەفتەی پێشوو پەنجا ساڵ بەسەر داخستنی گەرووی تیران لەلایەن میسر و دابڕاندنی ئیسرائیل لە دەریای سوور تێپەڕی، ئەو هەنگاوەی حكومەتی میسر یەكێك لە هۆكارەكانی شەڕی شەش رۆژەی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بوو. هەر لە هەفتەی رابردوودا سعودیە، ئیمارات و بەحرەین بڕیاریاندا رێگای ئاسمانی، وشكانی و دەریایی خۆیان لەسەر قەتەر دابخەن.
لە 20 ساڵی رابردوودا ئەوە سێیەمجارە كێشەی گەورە لە نێوان قەتەر و ئیمارات و سعودیە سەرهەڵبدات. ساڵی 1995 باوكی ئەمیری ئێستای قەتەر، باوكی خۆی لەسەر دەسەڵات لادا. ئەوكات سعودیە و ئیمارات بەنیاز بوون بە هاوكاریی سەدان سەركردە و ئەندامی هۆزەكانی قەتەر باوكی ئەمیرەكەی ئێستا و دوو مامی بكوژن، بۆ ئەوەی ئەمیرە لەسەر كارلادراوەكە بگەڕێننەوە سەر دەسەڵات، بەڵام پلانەكەی سعودیە و ئیمارات سەری نەگرت، لەبەر ئەوەی سەركردەی یەكێك لە هۆزەكان لە دوایین ساتەكاندا پەشیمان بووەوە و پلانەكەی ئاشكرا كرد.
ساڵی 2014ش ئیمارات و سعودیە بۆ ماوەی هەشت مانگ پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی خۆیان لەگەڵ قەتەر راگرت، هۆكارەكەش پشتگیریی قەتەر بوو لە ئیخوان موسلیمینی میسر.
بۆچی قەتەر ناتوانێ بێ منەت بێ؟
قەتەر لەڕووی داهاتی ساڵانەی تاكەوە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهانە (69 هەزار دۆلار)، پاش رووسیا و ئێران خاوەنی سێیەم گەورەترین یەدەگی غازی سروشتییە (24 ترلیۆن و 799 ملیار مەتر سێجا)، بەو داهاتە زۆرەش پێداویستییەكانی دوو ملیۆن و 675 هەزار دانیشتوو دابین دەكات كە تەنیا 220 هەزاریان هاووڵاتی قەتەرین، ئەوانی دیكە بیانین.
زۆربەی پێداویستییە خۆراكی و تەندروستییەكانی قەتەر لە سعودیەوە هاوردە دەكرێ، بۆیە داخستنی سنووری نێوان سعودیە و قەتەر كێشەی خۆراك لە قەتەر دروست دەكات. كێشەی گەورەش بۆ كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی خۆراك دروست دەكات. جیا لەمە كۆمپانیای قەتەر ئەیروەیز كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی بواری گەشتی ئاسمانی، هەتا كاتی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان ناتوانێ ئاسمانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرەین بەكاربهێنێ، ئەوەش بەمانای درێژبوونەوەی رێگا ئاسمانییەكان و بەرزبوونەوەی خەرجیی سووتەمەنی لەسەر كۆمپانیاكەیە.
وڵاتانی كەنداو داوای چی دەكەن؟
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی ئەمریكی، سعودیە و ئیمارات ژمارەیەك داواكارییان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی دەست بە پەیوەندیی دیپلۆماتی و ئابووری لەگەڵ قەتەر بكەنەوە، یەكێك لەوانە كۆنترۆڵكردنی كەناڵی ئەلجەزیرەیە، هەروەها راگرتنی پشتگیرییەكانی قەتەر بۆ ئیخوان موسلیمینی میسر و گرووپە توندڕەوەكانی سەر بە قاعیدە لە سووریا و لیبیا.
میشعەل بن حەمەد ئالسانی، باڵیۆزی قەتەر لە ئەمریكا، ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە كە ئاراستەی وڵاتەكەی كراون و رایگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە هەنگاوی جددی بنێ بۆ رەواندنەوەی ئەو گومانانە.
دیپلۆماتێكی باڵای وڵاتێكی عەرەبی كە بەشداری گفتوگۆكانە بە (وۆڵ ستریت)ی راگەیاندووە كە كێشەی كەناڵی ئەلجەزیرە لەنێو داواكارییەكانی وڵاتانی كەنداودا دەبێ. بەگوتەی ئەو بەرپرسە ماوەی چەندین ساڵە سعودیە، ئیمارات و میسر ئەو كەناڵە بە هۆكاری ناسەقامگیریی ناوچەكە دەزانن.
بەڵام لەسەرووی هەموو داواكارییەكانەوە وڵاتانی كەنداو داوا دەكەن قەتەر لە ئێران دووربكەوێتەوە و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لەگەڵ سیاسەتی گشتیی وڵاتانی كەنداو لە بەرامبەر ئێراندا رێكبخاتەوە.
ترەمپ و هەڵوێستە جیاوازەكانی
رۆژی سێشەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە تویتێكدا نووسی "لە گەشتەكەم بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتم ناكرێ چیدی پشتگیری لە ئایدیۆلۆژیای رادیكاڵ بكرێ. سەركردەكان ئاماژەیان بۆ قەتەر كرد ـ سەیر بكەن".
بەڵام هەڵوێستی ئەمریكا لە چەند رۆژی رابردوودا گۆڕاوە. ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ پاشای سعودیە، ئەمیری قەتەر و وەلیعەهدی ئەبوزەبی كردووە. بە گوتەی بەرپرسانی كۆشكی سپی، ترەمپ داوای یەكڕیزیی وڵاتانی كەنداوی كردووە، بەڵام گوتوویەتی ئەم یەكڕیزییە نابێ بە مانای سازش لەسەر هاریكاریكردنی رێكخراوە توندئاژۆكان و شەڕی دژی تیرۆر بێ.
بەرپرسانی ئاگادار لە گفتوگۆكانی ترەمپ و سەركردەكانی كەنداو ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە كە ئەمریكا داوای كردووە وڵاتانی كەنداو لیستی داواكارییەكانی خۆیان ئامادە بكەن، بەڵام مەرج نییە ئەمریكا پشتگیری لە هەموو داواكارییەكانیان بكات. بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، ترەمپ پێشنیاری كردووە كە میوانداری وڵاتانی كەنداو بكات بۆ ئەوەی كێشەكانیان لە ئەمریكا چارەسەر بكەن.
ئەمریكا بەو ئاسانییە ناتوانێ دەست لە قەتەر هەڵبگرێ، لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە میواندارێتی بنكەی ئاسمانیی ئەمریكیی ئەلعودەید دەكات كە لە جەنگی ئەفغانستان، عێراق و شەڕی دژی داعشدا ناوەندی سەرەكیی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بووە، جگە لەوەش ناوەندی سەرەكیی چاودێری ئەمریكایە بەسەر كەنداو و هەموو ناوچەكەدا.
سعودیە بەهۆی وەهابییەكانی وڵاتەكەیەوە ناتوانێ بنكەی ئاسمانیی ئەمریكا بهێنێتە نێو وڵاتەكەی. ئەبوزەبی هەر ئێستا بنكەیەكی تانكەری سووتەمەنیی فڕۆكە سیخوڕییەكانی ئەمریكای لێیە، بەڵام دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی و فەرماندەییەكی ناوەندیی نوێ لە ئیمارات كارێكی ئاسان نییە.
ئێران
لەنێو هەموو هۆكارەكانی تێكچوونی پەیوەندییەكانی قەتەر و وڵاتانی دیكەی كەنداو، پەیوەندییەكانی ئێران و قەتەر هۆكاری سەرەكیی قەیرانەكەیە. بەڵام قەیرانەكە ئاكامی پێچەوانەی بۆ وڵاتانی كەنداو و پەیوەندییەكانی ئێران و قەتەر هەبووە.
بەرپرسێكی باڵای حكومەتی قەتەر بە رۆیتەرزی راگەیاندووە بۆ چارەسەری كێشەی خۆراك و ئاو لەگەڵ ئێران و توركیا دانوستاندن دەكەن. رۆژی پێنجشەممەش یەكەم كەشتیی بارەخۆراكی ئێران گەیشتە قەتەر.
لەو گێژاوەی كەنداودا ئێران براوەی یەكەمە، چونكە دوای قەیرانە دیپلۆماسییەكەی كەنداو، قەتەر هەموو رێگاكانی لێگیراوە و تاكە رێگەیەكی بازرگانی و گەشتیاری بۆی مابێتەوە ئێرانە.
نزیكبوونەوەی دەوحە و تاران لە لایەكەوە یارمەتی تاران دەدات رێگە لە دروستبوونی كۆدەنگییەكی عەرەبی كەنداو بەرامبەر ئێران بگرێ و لە لایەكی دیكەشەوە كاریگەریی بەرچاو لەسەر قەیرانی سووریا، كێشەی حەماس و ئیسرائیل و قەیرانی یەمەن دادەنێ.
سیمۆن هێندرسن، شارەزای كاروباری كەنداو لە پەیمانگای واشنتن، پێیوایە "ئێران زۆر باش دەزانێ كە لە چەند ساڵی رابردوودا سیاسەتی دەرەوەی قەتەر بەردەوام گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆیەش پێشبینیكردنی هەنگاوەكانی داهاتووی ئەو وڵاتە كارێكی ئاسان نییە". هێندرسن جەخت لەوەش دەكاتەوە هەڵوێستی ئەمدواییەی قەتەر بەرامبەر بە ئێران (كە هۆكارێكی دروستبوونی كێشەكانە) بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەوحە دەیەوێ خۆی لە دوژمنایەتی ئێران بپارێزێ.
توركیا
ئەنقەرە و دەوحە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك هەڵوێستی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی هاوبەشیان هەبووە: هەر دوو وڵات خوازیاری دامەزراندنی حكومەتی زۆرینەی سوننە بوون لە سووریا، هەردوولا پشتگیرییان لە دەسەڵاتی محەممەد مورسی، سەرۆكی لەسەركار لادراوی میسر و ئیخوان موسلمین دەكرد. بۆیە توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕیوە بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی ئاو و خۆراكی قەتەر دابین بكات.
بەڵام گەورەترین هەنگاوی توركیا لە هەفتەی رابردوودا بوو، كاتێك پەرلەمانی ئەو وڵاتە ناردنی هێزی بۆ بنكەیەكی سەربازیی لە قەتەر پەسەند كرد. قەتەر و توركیا لە 2014ەوە لەسەر دانانی بنكەیەكی سەربازی لە قەتەر رێككەوتوون و بڕیارە 3000 سەربازی توركیای لێ جێگیر بكرێ. ئێستا 150 سەربازی توركیا بۆ مەشقی سەربازیی هاوبەش لە قەتەرن، بەڵام حكومەتی توركیا دەیەوێ هەم بنكەكە گەورە بكات و هەمیش ژمارەی سەربازەكانی زیاد بكات.
18/6/2017