فه‌رید زامدار
من هه‌میشه به چاوێكى عادیلانه ته‌ماشاى ژیان و حوكمه‌كانى ژیانم كردووه، ژیان عه‌داله‌تى تیادا نییه، ئه‌گه‌ر له‌ناو پێشكه‌وتووترین و ئازادترین و دیموكراتیترین سیسته‌مى كۆمه‌ڵایه‌تىدا بژیت تا ده‌گاته ترۆپكى ئاواته‌كانى مرۆڤایه‌تى كه سیسته‌مى یه‌كسانیى كۆمه‌ڵگایه، له‌وێدا تا (نه‌زعه‌ى) كه‌سانى لێنه‌هاتووى تاك و نه‌زعه‌ى سه‌ركردایه‌تیى له ناخ و ده‌روون بیرى لێنه‌هاتووانه‌ى كه‌س و تاكى كۆمه‌ڵگه بمێنێت، به‌خته‌وه‌رى و خۆشگوزه‌رانیى مرۆڤ له خه‌ته‌ردا ده‌بێت، چونكه من و منه‌كانى تر‌ى ناو كۆمه‌ڵگا له‌وه گه‌یشتوون كه ئه‌و جۆره (نه‌زعه)یه لاى ئه‌و تاك و كه‌سه لێ نه‌هاتووانه نه‌زعه‌یه‌كى وێرانكه‌ره.
دوور نه‌ڕۆین، وێنا و نموونه‌ى ئه‌و جۆره كه‌سانه له خودى سه‌رۆكه فاشیله‌كه‌ى په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستانه و زۆرێكیش له هاوشێوه‌كانى خۆى له ده‌وربه‌ره‌كه‌ى، واز له‌و (نه‌زعه) سه‌ركردایه‌تییه فاشیله‌ى خۆیان ناهێنێن، خۆ ئه‌وه خه‌ریكه ماوه‌ى یاسایی خولى په‌رله‌مان به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوا، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر هه‌ڵپه‌هه‌ڵپیه‌تى ئه‌گه‌ر بۆ ڕۆژێكیش بێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر كورسییه‌كه‌ى.. لێره‌وه ناعه‌داله‌تى سه‌ر هه‌ڵده‌دا و مه‌گه‌ر له (كون فه‌یه‌كونێك)ى (یۆتابیاییه) خه‌یاڵییه‌كه‌ى (تۆماس مۆر) بكه‌ینه‌وه و ببێ به ئه‌مرى واقیع و دروست ببێ، ئه‌وه‌شیان دیاره ده‌كه‌وێته خانه‌ى مه‌حاڵ و هه‌ر له سه‌ره‌تاكانى خه‌لیقه‌ته‌وه تا ئێستا مرۆڤ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى (یۆتۆبیایی) نه‌بینیوه و ناشی بینێ.
هه‌ڵه‌كانى ژیانى تاك و ژیانى كۆمه‌ڵ فێرى ئه‌وه‌مان ده‌كه‌ن سوود له هه‌ڵه‌كانمان واته ئه‌زموونه‌كانمان وه‌ربگرین، من له هه‌ڵه‌كانى خودى خۆمه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌م.. دواى ئه‌وه‌ى ڕۆژگار بۆى ساغ كردمه‌وه نه‌ك له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانم به‌رده‌وام بوومه، به‌ڵكوو خیانه‌تى زۆریشم له خۆم كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى چه‌مكه‌كانى براده‌رایه‌تى بپارێزم.. من خۆم وا ده‌بینم، دروشمم هه‌میشه خۆشه‌ویستى و دڵسۆزى و لێبورده‌یی بووه و ده‌بێ.. ده‌كرێ مرۆڤ له زۆر حاڵه‌تدا کینە له‌دڵ بێ، ئه‌گه‌ر كه‌سیش نه‌بێ خیانه‌تى لێ بكات، خیانه‌ت له خودى خۆى ده‌كات. چه‌مكى براده‌رایه‌تى به‌تایبه‌تى براده‌رایه‌تیى سیاسى به چه‌ندین قۆناغى كۆمه‌ڵایه‌تى و تێكه‌ڵبوونى خێزانى و مافه‌كانى به براده‌ربوون تێده‌په‌ڕێت و له براده‌رایه‌تشیدا مێژووى ئه‌زموون پێمان ده‌ڵێت خیانه‌ت و بێوه‌فایی زۆر هه‌ن و له‌به‌رامبه‌ردا دڵسۆزى و به‌خششى زۆریش هه‌ن.
براده‌ر ئه‌و كائینه‌یه له هه‌ر شوێنێكى گشتیدا بێت ئاماده‌باشیى له زه‌ینى براده‌ره‌كه‌یدا هه‌بێت و سه‌روسیما و ڕووخسارى له‌ناو چاو و خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌یدا ئاماده بێت، واته به هیچ شێوه‌یه‌ك له بیرى نه‌كات، ئه‌گه‌ر له بیرى كرد ته‌نیا ئه‌و ساتانه به بیرى بێته‌وه كه له‌ناكاو و به‌ڕێكه‌وت به‌رچاوى بكه‌وێت، وه‌كو ده‌ڵێن: (ئه‌وه‌ى له‌به‌ر چاوانه له‌به‌ر دڵانه).. ئه‌وه براده‌ر نییه، به‌ڵكوو ناسیاوه، جیاوازییش له‌نێوان براده‌ر و ناسیاو ئاسمان و ڕێسمانه، تاكه شتێكیش له چه‌مكه‌كانى براده‌رایه‌تیى ڕاسته‌قینه ڕه‌سه‌نایه‌تیى خودى مرۆڤه‌كان خۆیانه و ژیانیش عه‌داله‌تى تیادا نه‌بووه و ناشبێت.
دوا قسه‌م له براده‌رایه‌تیى سیاسیش‌دا ئه‌وه‌یه كه براده‌رایه‌تییه‌كى ڕه‌سه‌ن نییه، به‌ڵكوو ناسیاوه‌تى و به‌رژه‌وه‌ندیى تایبه‌تییه و هه‌ر كاتێكیش له ململانێى سیاسی‌دا ده‌ره‌قه‌تت نه‌هات، ئەوا جۆره‌ها پیلانت بۆ داده‌ڕێژێ.
21/5/2017