شاڵاو عەبدولخالق محەمەد
له ڕۆژی ههینیی19/5/2017 دوازدهمین خولی ههڵبژاردنهكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بهڕێوه دهچێت. پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا ئایندە و کاریگەریی دەرچوونی کاندیدەکانی ناو ئەم هەڵبژاردنە گرنگترە بۆ فراوانبوونی هیلالی شیعی، یان بەرژەوەندیی نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
له مێژووی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا له ساڵی 1979وه تا ئێستا 11 خولی سهرۆكایهتی بەڕێوە چووە. بەپێی دەستوور و سیستەمی سیاسیی ئێران، سهركۆمار مافی هەیە بۆ ماوهی 4 ساڵ و بۆ دوو خولی یهك لهدوای یهك خۆی ههڵبژێرێتهوه. لهم خولەی ههڵبژاردنهكانی ئێراندا، له كۆی 16366 كهس، شوورای پاراستنی دهستوور، تهنیا مافی بە شهش كهسایەتیی سیاسی و سەربازی داوە کە خۆیان بۆ سەرکۆماری بپاڵێون، ئەوانیش بریتیین لە حهسهن ڕۆحانی (لە بەرەی چاکسازەکان)، ئیبراهیم ڕهئیسی (لە بەرەی محافزکارە توندڕەوەکان)، محهمهد باقر قالیباف (لە بەرەی محافزکارەکان)، ئیسحاق جههانگیری، سەید مستهفا هاشمی تهبا و سەید مستهفا میرسهلیم (ئەو سێ کەسەش بە هەمان شێوە لەنێوان چاکسازەکان و محافزکارەکان و میانڕەوەکاندا دابەش بوون).
سەبارەت بە هیلالی شیعی، هەرچەندە پلان و ستراتیجیەتی ئێرانییەکان بۆ زیادبوونی باڵادەستیی شیعەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ستراتیجیەتی دابەشبوونی تائیفی (هیلالی شیعی) وەک ڕەنگدانەوەیەک بۆ فراوانبوونی هەژموونیی ئێرانییەکان لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە (١٩٧٩)، بۆ نزیکەی ٣٨ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی دوای هەڵگیرسانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران- عێراق لە ساڵی ١٩٨٠دا. بۆ یەکەم جاریش چەمکی (هیلالی شیعی) لە لایەن شا (عەبدوڵا کوڕی مەلیک حوسێنی پاشای ئوردن) لە ساڵی ٢٠٠٤دا بەکارهێنرا. شا عەبدوڵا لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا، وەک ترسێک لە فراوانبوونی هەژموونی ئێرانییەکان پاش نەمانی دەسەڵاتێکی سوننی لە بەغدا، بۆ یەکەم جار لەمیانەی سەردانێکیدا لە ساڵی ٢٠٠٤دا بۆ واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکا، چەمکی (هیلالی شیعی)ی بەکار هێنا.
جیۆپۆلیتیکی ناوچەی هیلالی شیعی
هیلالی شیعی، چەمکێکی سیاسی و ئابوورییە، کە مەبەست لێی ئەو سێگۆشە جیۆپۆلیتیکییەیە، کە دەسەڵاتی سیاسیی ئێران دەیەوێت بە هاوکاریی شیعەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەژموونی سیاسی و ئابووری و تایفیی خۆیانی بەسەر جوگرافیایەکی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنن.
لە ڕووی جێۆپۆلیتیکەوە هیلالی شیعی ئەم ناوچانە لەخۆ دەگرێت:
١- عێراق، پارێزگاکانی (كەربەلا، بابل، واست، قادسيە و موسەنا، زى قار، ميسان و بەسڕە).
٢- سووریا، پارێزگاکانی (ئەدلیب، حەلەب، حمس، حەما، دیمەشق، حوران).
٣-سعوودیە، ناوچە جوگرافییەکانی ڕۆژهەڵاتی سعوودیە و پارێزگاکانی (قەتیف و حەساء).
٤-لوبنان، ئەو ناوچە جوگرافیانەی کە حزبوڵای لوبنانی کۆنتڕۆڵی کردوون.
٥-باشووری یەمەن، ئەو ناوچە جوگرافیانەی کە گرووپی حوسیی شیعە کۆنڕۆڵی کردوون.
٦- بەحرەین، هەبوونی چەندین عەشیرەت و خێزانی شیعی.
٧- چەند ناوچەیەکی بچووکی خاکی ئوردن (بەتایبەتی ئەو ناوچانەی لە ڕووی جوگرافیاوە دەکەونە نزیک سنوورەکانی سووریا و عێراق و دەریای ناوەڕاست). هەروەها ئێران لە فەڵەستینیش هاوکاریی دارایی و سەربازیی پارتی حەماس و گرووپە چەکدارەکەی بەناوی عزەدین قەسام (كتائب عزالدين القسام) دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا هانی شیعەکانی سعوودیە و بەحرەین و کوەیت دەدات دژی حکوومەتەکانیان کار و چالاکیی سیاسی و ئایینی ئەنجام بدەن.
جەنگی وزەی ئێران
سەرەڕای ئەوەی ئێرانییەکان لەسەر ئاستی جیهاندا خاوەنی نەوت و غازێکی زۆرن، بەڵام ململانێ و پێویستیی وڵاتانی زلهێز و پێشکەوتوو بۆ نەوت و غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای لە ئێرانییەکانیش کردووە لەلایەک هەوڵ بدەن زۆرترین ڕێژەی نەوت و غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنتڕۆڵ بکەن، لە لایەکی تریشەوە ڕێڕەوە ئاوی و بۆڕییە غازییەکانیش هەر لەژێر هەژموونی خۆیاندا بێت. ئامانجی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لەم کارەدا ئەوەیە تا بەئاسانی بەشێکی زۆری نەوت و غازی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکەوێتە ژێر هەژموونی ئەورووپی و ئەمەریکییەکانەوە.
ئێران بەشێکی زۆری نەوتەکەی بۆ وڵاتانی ئاسیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەنێرێت، لەوانە (هندستان، چین، کۆریای باشوور، یابان). لە ڕووی گازی سروشتییشەوە، ئێران توانیویەتی بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی وڵاتانی (تورکیا، پاکستان، ئەرمینیا، هندستان، کازاغستان، ئەزربایجان) پڕ بکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی بە هۆکارێکی سیاسی لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئێران لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەیەکەوە توانیی غازە سروشتییەکانی خۆی بفرۆشێت بە عێراق تا کێشەی کارەبای پێ چارەسەر بکات.
بێ گومان گەیاندنی غاز و وزەی ئێران بۆ ئەو وڵاتانە لە ڕێگەی چەندین بۆڕییەوە دەبێت، کە گرنگترینیان بریتین لە: بۆریی غازی ئێران- تورکیا، بۆریی غازی ئێران- پاکستان، بۆریی غازی ئێران-ئەرمینیا- تورکیا، بۆریی غازی ئێران- عێراق، هەروەها چەندین بۆریی تریش کە بەشێکیان تا ئێستا وەک پرۆژە ماونەتەوە.
لە سەرجەم ئەو بۆرییانەش گرنگتر بۆریی گازی ئێران- عێراق- سووریا- دەریای ناوەڕاست بوو، کە پڕۆژەیەک بوو ئێران دەیویست لە ڕێگەیەوە کە خاکی دوو وڵاتی دراوسێی دەبڕی، غاز بگەیەنێتە ئەوروپا، ئەم بۆرییە یەکێکە لە هۆکارەکانی کارکردنی ئێرانییەکان بۆ دروستکردنی هیلالی شیعی. بێ گومان شەڕی ئێرانییەکان تەنیا لەسەر بۆری و لوولە غازییەکان نییە، بەڵکوو لەسەر ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و گەرووە ئاوییەکان و ئەو بیرە نەوت و غازییەکانیشە کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
ڕۆڵی وزە و پاڵێوراوەکان
ڕۆڵی بەرژەوەندیی وزە زۆر زیاترە لەسەر ئایندەی هیلالی شیعی، وەک لە کاریگەریی پلان و ستراتیجیەتی ئەو کاندیدانەی کە خۆیان پاڵاوتووە بۆ سەرکۆماریی ئێران، بۆ سەر هیلالی شیعی. ڕاستە سەرکۆماری ئێران بەرپرسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و لەپاش ڕێبەر (المرشد الأعلى) بەرزتـرین پێگەی دەستووریی ھەیە، بەڵام بەپێی دەستووری ئێران، سەرکۆمار لەبەرامبەر گەل و ڕێبەری باڵا و ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی بەرپرسیارە. ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران دەتوانێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان سەرکۆمار لەسەر کارەکەی لا ببات. ھەروەھا ڕێبەری باڵای ئێرانیش له ڕێگهی (دیوانی باڵای وڵات)ەوە دەتوانێت متمانە لە سەرکۆمار وەربگرێتەوە، چونكه سهرۆكی دهسهڵاتی دادوهری له لایهن رێبەرەوە دانراوه. واتا ئەگەر هەر یەکێک لەو کاندیدانەی لە هەڵبژاردنی ١٩/٥ خۆیان هەڵبژاردووە سەرکەوتنیش بەدەست بهێنن، بەتایبەتی حهسهن ڕۆحانی (لە بەرەی چاکسازەکان)، ئیبراهیم ڕهئیسی (لە بەرەی محافزکارە توندڕەوەکان)، محهمهد باقر قالیباف (لە بەرەی محافزکارەکان)، جگە لە گۆڕانکارییەکی کەم لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە هیچی تریان پێ ناکرێت، چونکە هەموو کارە ستراتیجییەکان بەتایبەتی بابەتی هیلالی شیعی لەژێر فەرمانی ڕێبەری باڵا بەڕێوە دەچێت، کە ئەویش ئایەتوڵا عەلی خامنائییە.
لەکۆتاییدا ئەوەی ماوەتەوە بگوترێت ئەوەیە، کە ڕۆڵی نەوت و غاز لە فراوانبوون، یان سنوورداربوونی هیلالی شیعەدا، یان سێگۆشەی هەژموونی سیاسی و ئابووریی شیعەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆر بەهێزترە لە ئایندەی هەڵبژاردنەکانی ئێران. خامەنائییش ئەوەندەی گرنگی بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران دەدات لە ڕووی وزە و سنووری هیلالی شیعییەوە، ئەوەندە گرنگی نادات بە بەرنامەی پاڵێوراوەکان، جا لە هەر بەرەیەکدا بن.
18/5/2017