شەریف فەلاح
دەسپێک
بڕیارە دوازدەیەمین خولی ھەڵبژادنی سەرکۆماریی ئێران و پێنجەمین خولی ئەنجومەنی شار و گوندەکانی ئێران ڕۆژی ھەینی ١٩ی ئایاری ٢٠١٧ و لە ٣١ پارێزگای ئێران و لە ٦٣ ھەزار ناوەندی دەنگدان بەڕێوە بچێت.
ئەم خولەی ھەڵبژانی سەرکۆماریی ئێران لە بارودۆخێکدا بەڕێوە دەچێت، کە ناوچەکە و بەتایبەت لە ئاستی عێراق، سووریا و ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک گۆڕانکاریی سیاسی لە گۆرێدان، بۆیە ھەم بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێران و زلھێزەکانی جیھان و کاراکتێرە سیاسییەکانی ناوچەش بە گرنگییەوە لەم خولەی ھەڵبژاردن و داھاتووی ئیران لە ناوچە دەڕوانن.
ھەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران دوای ئەوە دێت کە پرۆسەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ھەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەئارادا بوون و ئێران و بەتایبەت حەسەن ڕۆحانی وەک دەسکەوتێک لێی دەڕوانێت. ھەرچەندە ڕێککەوتنەکە لە ڕوانگەی ئەمریکا و بەتایبەت دۆناڵد ترەمپەوە، بە لاواز وەسف کراوە و ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە و ئەمە دیسان خاڵێکی زەقی ناکۆکیی نێوان ئێران و ئەمریکایە، چونکە کۆمەڵێک ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ساز بوون.
دەرەنجامی ئەم ھەڵبژاردنەی ئێران تاقیکردنەوەیەکن بۆ دەرکەوتنی ڕای گشتی، سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و دەرەنجامەکانی، ئاماژەیەکیشە بە ڕێژەی پاڵپشتی سیاسەتەکانی سەرکۆماری ئیستا و دادگایەکیش دەبێت بۆ دەستکەوتەکان و بەتایبەت لە بواری ئابوورییەوە.
ھەڵبژاردن لە ئێران
بەپێی دەستوور لە ئێران پێنج جۆر ھەڵبژاردن بەڕیوە دەچێت، کە بریتین لە ١-ھەڵبژاردنی شارەزایان یان ئەنجومەنی شارەزایانی دەستوو ٢- ھەڵبژاردنی ناوخۆیی دەستەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران ٣- پەرلەمانی ئێران ٤- ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شار و گوندەکان ٥ – ھەڵبژاردنی سەرکۆماری.
لە ماوەی سی و ھەشت ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ھەتا ئێستا دوو جار ڕاپرسی کراوە، یەکەم جار ساڵی ١٩٨٠ ڕاپرسی بۆ دیاریکردنی سیستمی کۆماری ئیسلامی و جاری دووەم پاییزی ساڵی ١٩٨٠ ڕاپرسی بۆ پەسەندکردنی دەستووری ئێران بووە.
ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزای ڕێبەری و دەستووریش ھەتا ئێستا پێنج خولی بەڕێوە چووە، ھەروەھا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شار و گوندەکانیش کە لە سەردەمی سەرکۆماریی محەمەد خاتەمییەوە لە ساڵی ١٩٩٨ەوە دەستی پێ کردووە، ھەتا ئیستا چوار خولی بەڕێوە چووە. ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێرانیش کە وەک سەرکۆماری و ئەنجومەنی شار و گوندەکان ھەر چوار ساڵ جارێک بەڕیوە دەچێت، ھەتا ئێستا دە خولی بەڕێوە چووە کە دوایین خولی زستانی سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ بەڕێوە چووە.
ھەڵبژاردنی سەرکۆماریش ھەر بەپێی دەستووری ئێران کە ھەر چوار ساڵ یەک جار بەڕێوە دەچێت، ھەتا ئێستا ١١ خولی بەڕێوە چووە، بڕیارە ھەینیی داھاتوو ١٢یەمین خولی ھاوکات لەگەڵ پێنجەمین خوڵی ئەنجومەنی شار و گوندەکان لە ٣١ پارێزگای ئێران بەڕێوە بچێت.
ڕێوشوێنی ھەڵبژاردنی سەرکۆمار
داواکاری و خۆپاڵاوتن بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران بە چەند قۆناغێکدا تێ دەپەڕێت، لە قۆناغی یەکەمدا داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت، دواتر ناوەکان ڕەوانەی ئەنجومەنی داڕشتنی دەستوور دەکرێن، کە خاوەنی بڕیارە لە جیاکردنەوەی دۆسییەکان و ڕەتکردنەوە و پەسەندکردنی پاڵێوراوان، زۆر جار شیاویی پاڵێوراوان پەسەند ناکرێت، تەنانەت چەندین حاڵەتیش ڕووی داوە شیاویی بەرپرسانی پێشووش ڕەت بکرێتەوە لەوانە ھاشمی ڕەفسەنجانی و مەحموود ئەحمەدی نەژاد.
بەپێی ئەو یاسا و ڕێوشوێنانەی کە لە دەستووری ئێراندا ھاتوون و بەڕای شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ئێران لەگەڵ یاسا و پێوەرە دیموکراتیکە نێودەوڵەتییەکان نایەتەوە، بەم ھۆیانە:
- کەسێک دەبێ خۆی بەربژێرێک بکات کە ڕەخنەگری کۆماری ئیسلامی نەبێت و باوەڕی تەواوی بە سیستمی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی (وەلایەتی فەقیە) ھەبێت.
- ژنان بۆیان نییە بچنە پێشبڕکێی ھەڵبژاردنی سەرکۆمارییەوە.
- ھیچ پارت و لایەنێکی سیاسی لە دەرەوەی سیستمی کۆماری ئیسلامی بۆی نییە بەشداری ھەڵبژاردن بێت.
پێش ئەوەی پرۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوە بجێت، شیاویی بەربژێران بە چەند فلتەری پاڵاوتندا تێ دەپەڕن، واتە پێشتر ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەنجومەنی داڕشتنی دەستوورە کە لەڕاستیدا نوێنەری ڕێبەری ئێرانن دەپاڵێورێن و ئەو کەسانەی لەگەڵ ڕوانگەی سیستم و حکوومەتدا ھاودەنگن دەستنیشان دەکرێ.
- ھیچ بەربژێرێکی پەیڕەوی ئایین و مەزھەبی جیاواز لە شیعە ناتوانێ ببێتە سەرکۆمار، چونکە بەپێی دەستوور مەزھەبی فەرمیی وڵات شیعەیە.
- ڕێگە نادرێت بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراو و نێوەندە نیودەوڵەتییەکان چاودێری بەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردندا بکەن، چونکە ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی ولاتەکەی لەقەڵەمی دەدات.
لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئێراندا رێگە نادرێت پاڵێوراوان و لایەنە بەشداربووەکان ھەتا یەک ھەفتە پێش کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەست بە بانگەشە بکەن کە ئەویش ناوەندی ھەڵبژاردنەکانی وڵات و ئەنجومەنی داڕشتنی دەستوور بریاری لەبارەوە دەدات.
ڕێژەی دەنگدەران
بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ھەڵبژاردنەکانی ئیران بە بەراوردی ھەڵبژاردنی ساڵی پیسووی پەرلەمان زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەس لە دەنگدەرانی ئێران زیاد بوون، واتە بەپێی پیوەرەێک کە دیاری کراوە، لە دوازدەیەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرکۆماریدا زیاتر لە ٥٥ ملیۆن و ٥١٩ ھاووڵاتی کە تەمەنیان لەسەرووی ١٩ ساڵەوەیە، مافی دەنگدانیان ھەیە. بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران ئیستا ژمارەی دانیشتوانی ئێران نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەسە.
پێشێنەی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری
لە ماوەی ٣٨ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ھەتا ئێستا١١ خول لە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری بەڕێوە چووە، کە ھەوراز و نشێو و ئاڵۆزیی زۆریان تێدا بووە کە ڕیزبەندییەکی بەم چەشنەیە:
- خولی یەکەم: ڕێکەوتی ١٩٨٠/١/٢٥ بەڕێوە چوو کە تێیدا ئەبولحەسەن بەنی سەدر ھەڵبژێردرا و بوو بە یەکەم سەرکۆمار پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و دواتر پاش پشێوی و ئاڵۆزی و لابردنی لە پۆستەکەی ھەڕەشەی لێ کرا و ساڵی ١٩٨١ وڵاتی بەجێ ھێشت.
- خولی دووەم: ھاوینی ساڵی ١٩٨١ بەڕێوە چوو تێیدا محەمەد عەلی ڕەجایی بە سەرکۆمار ھەڵبژێردرا کە پاشان لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە پەرلەمانی ئێران کە لەلایەن موجاھدینی خەڵقەوە ڕووی دا سەرکۆمار، سەرکۆ وەزیر و ٧٠ کەسی دیکە کوژران.
- خولی سێیەم: پاش کوژرانی دووەم سەرکۆماری ئێران، عەلی خامنەیی لەلایەن ئەنجومەنی شۆڕشەوە کرایە سەرکۆمار.
- خولی چوارەم: کە ھاوینی ساڵی ١٩٨٥ بەڕیوە چوو تێیدا دیسان عەلی خامنەیی ھەڵبژێردرایەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە سەرکۆماری ئێران بوو.
- خولەکانی پێنجەم و شەشەم: بۆ ماوەی ھەشت ساڵ عەلی ئەکبەر ھاشمی ڕەفسەنجانی سەرکۆماری ئێران بوو، کە ئێران بە دەورانی بووژانەوە ناودێری کردووە.
- خولەکانی حەوتەم و ھەشتەم: بۆ ماوەی ھەشت ساڵ سەید محەمەد خاتەمی سەرکۆمار بووە کە بە دەورانی سەرھەڵدانی ڕەوتی ڕیفۆرم لە ئێران ناودێر کراوە و لەو کاتەوە سیستم و پێکھاتەی دوو جەمسەریی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخواز لە ئێران سەریان ھەڵداوە.
- خولەکانی نۆیەم و دەیەم: بۆ ماوەی ھەشت ساڵ مەحموود ئەحمەدی نەژاد وەک نوێنەری باڵی بناژۆخواز سەرکۆمار بوو کە بە جەنجاڵیترین سەرکۆماری ئێران دێتە ئەژمار و بیری توندڕەوی ئەحمەدی نەژاد ئێرانی تووشی زۆر قەیرانی سیاسی و ئابووری کرد و ھاوکات بووە ھۆی گرفتێ ناوخۆیی و خۆپیشاندانی خوێناویی ساڵی ٢٠٠٩ی تارانی لێ کەوتەوە.
خولی یازدەیەم: کە چوار ساڵی رابردووە، حەسەن ڕۆحانی وەک سیمای باڵی ڕیفۆرمخواز سەرکۆمار بووە، کە لەم ماوەیەدا توانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک واژۆ بکات و بۆ خولی دوازدەیەمیش دیسان خۆی بەربژیر کردووە و بەپیی راپرسییەکان ئێستاش وەک کەسی یەکەم شانسی سەرکەوتنی دووبارەی زۆرە.
ژیانی سیاسیی سەرکۆمارەکانی ڕابردووی ئێران ئاوێنەیەکە لە ھەوراز و نشێوی دۆخی سیاسیی ئەو وڵاتە، یەکەم سەرکۆمار لە کار لادرا، دووەم کەس تیرۆر کرا، سێیەمی بوو بە ڕێبەری ھەمیشەیی. چوارەمی نازناوی "سەردای بووژانەوە"ی بە باڵا بڕا، بەڵام دوایی بێدەنگ کرا و بە داڕێژەری "فیتنە" تۆمەتبار کرا. ناوھێنانی پینجەم سەرکۆمار قەدەغە کراوە. شەشەمی جەنجاڵی بوو و شەڕی نایەوە کەوتە بەر ڕقی خامنەیی. حەوتەمی بە کلیلی چارەسەریی گرفتەکانەوە ھاتە مەیدان، بەڵام قفڵی گرفتە ئابووری و سیاسیەکانی ئێران ھێشتا ھەر نەکراوەتەوە.
پاڵێواراوانی خولی دوازدەیەم
بۆ خولی دوازدەیەمی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری زیاتر لە ١٨٠٠ کەس خۆی کاندید کرد کە دواتر لەلایەن ئەنجومەنی سارازایانی دەستوورەوە شیاویی زۆربەیان ڕەت کرایەوە کە لەناویاندا چەند کاندیدیکی کوردی کرماشان، ئیلام و سەردەشت ھەبوو. سەرەنجام شیاویی شەش بەربژێر بە ناوەکانی ) حەسەن ڕۆحانی، سەید مستەفا ھاشمی تەبا، ئیسحاق جەھانگیری، سەید ئیبراھیم ڕەئیسی، محەمەباقر قالیباف، سەید مستەفا میرسەلیم( بەپێی جەمسەربەندی و باڵی سیاسی سێ کەسی یەکەم سەر بە باڵی بەناو ڕیفۆرمخواز و لاینەگری کابینەی ئیستای حەسەن ڕۆحانی و سێ کەسی دووەمیش سەر بە باڵی بناژۆخوازی دەسەڵات و لایەنگری لە فکری عەلی خامنەیی و سوپای پاسداران دەکەن و ھەردوو ئەم ڕەوتە فکرییە لە ڕەوتی چەند ھەڵبژاردنی رابردوودا بەتوندی ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و یەکدی بە گەندەڵکار و ھۆکاری سەرەکیی کەموکوڕییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان تۆمەتبار دەکەن.
لە سێ دیبەیت و گفتوگۆی تەلەڤزیۆنیدا کە ھەر شەش پاڵوراو ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە، ئاستی ڕەخنەگرتن و سووکایەتی بە یەکتر و ناوزڕاندن گەیشتە ئاستێک کە ڕێبەری ئیران ناچار بوو ھەڵوێستی گرت و ڕای گەیاند بەربژیرەکان دەبێ ھێڵە سوورەکان نەبەزێنن و باسی پرسە ھەستیارەکان نەکەن کە بەرژەوەندیی ئێران بخاتە مەترسییەوە.
لەناو پاڵێوراوەکاندا بەپێی ڕاپرسییەکان حەسەن ڕۆحانی ھەتا ئێستا لە پەلەی یەکەمدایە و سەید ئیبراھیم ڕەئیسی وەک بەربژێری باڵی بناژۆخواز یەکەم ڕکابەری ڕۆحانییە و محەمەدباقر قالیبافیش لە پلەی سێیەمدایە.
هەرچەند محەمەدباقر قالیباف، وەک یەکێک لە سیما ناسراوەکانی باڵی بناژۆخواز کاندید بوو و شیاوێتیشی پەسەند کرابوو، بەڵام رۆژی دووشەممە 15.5.2017 بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، لە بەرژەوەدنیی ئیبراهیم ڕەئیسی لە پێشبڕکێکە کشایەوە و داوای لە خەڵک کرد دەنگ بەو بەربژێرە بدەن.
کورد و ھەڵبژاردنی سەرکۆمار
بەپێی دەستووری ئێران، ھیچ کوردێک ناتوانێ ببێتە سەرکۆماری ئێران، چونکە یەکێک لە پیوەرەکانی بەبژیرەکان پرسی مەزھەبە، ھەرچەند لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کوردی شیعەش زۆرن، بەڵام لە ماوەی سی و ھەشت ساڵدا ھیچ کوردێک شیاوی بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری پەسەند نەکراوە.
لە ساڵی ١٩٩٨ەوە و بۆ ماوەی نزیک بە دوو دەیەیە تێکرای سەرکۆمارەکان لە ئێران تەنیا یاری بە دۆزی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکەن و وێڕای دانی دەیان بەڵێنیی فەرھەنگی، سیاسی، ئابووری و مەزھەبی، بەڵام ھیچکامیان بۆیان جێبەجێ نەکراون و بەتایبەتی ١٢ ملیۆن کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەک ئامرازی کۆکردنەوەی دەنگ و جەماوەر بەکار دەھێنرێن، دەنا لە بنەڕەتدا وەک دژبەر و (دژە شۆڕش) چاو لە نەتەوەی کورد دەکرێت و ڕوانگەیەکی ئەمنی و سەربازیی زاڵ بۆ دۆزی ڕەوای کورد ھەیە.
دانی بەڵێنی بە فەرمیکردنی زمانی کوردی و بووژانەوەی ئابووری و بەڵێندانی پلە و پۆستی سیاسی بە کوردەکان لە بانگەشە زیاتر، نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
پارت و حزبە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش، ئەمساڵ بە زۆرینە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری و ئەنجومەنی شار و گوندەکانیان بایکوت و داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە بەشداری ھەڵبژاردنەکان نەبن.
شەش پارتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ھۆکاری ئەم بایکۆتەیان بۆ نادیموکراتیکبوونی ھەڵبژاردن لە ئێران و ناڕەوایی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەڕاندووەتەوە.
لە ئاستی ناوچە و جیھان
ھەرێمی کوردستان کە خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ڕاپرسی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی و راگەیاندنی سەربەخۆیی ئامادە دەکات، ئێران بە چاوی گومان دژبەرییەوە لێی دەڕوانێت و جەخت لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکاتەوە و مافی ڕەوای کورد بە (جیابوونەوە) لەقەڵەم دەدات. لە حاڵێکدا بوونی دەوڵەتی سەقامگیری کوردستان لە ناوچەکە نابێتە مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و دەبوا لەم ھەلومەرجە ناسکەدا خوێندنەوەی واقیعی بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکان ھەبایە.
درێژەدان بە سیاسەتی دەستێوەران لە ناوچە و کاروباری وڵاتان و بەتایبەت عێراق، سووریا و یەمەن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمریکا و کابینەی دۆناڵد ترامپ بە چاوی گومانەوە بڕواننە جموجۆڵی ئێران و ھەوڵی پەراوێزخستن و گەمارۆی زیاتری بدەن.
بۆ حکوومەتی ئەمریکا و کەسێکی وەک ترامپ گرنگە کە کام باڵی ناو دەسەڵاتی ئێران دەبێتە سەرکۆمار، ھەڵوێست و ڕوانگە جدییەکانی ترامپ کاریگەریی لەسەر ئاراستە و پێکھاتەی سیاسیی ئیران دەبێت. نزیکبوونەوەی زیاتری سعوودیە، پاکستان، قەتەر، ئیمارات لە ئەمریکا جۆرێک ترسی لەلای بەرپرسانی باڵای ئیران ساز کردووە و بەتایبەت ھەڕەشەکانی ئەم دوایەی خامنەیی دەربڕی ئەو ترسەن. بۆیە بۆ ئەمریکا و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئێران و کایەی داھاتووی سیاسیی ئیران لەناوچەکە گرنگە و بە ھەستیارییەوە لێی دەڕوانن.
16/5/2017