هێمن عەبدوڵڵا
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەقی ئەو رێككەوتنەی بڵاوكردووەتەوە كە لەگەڵ توركیا و ئێران لەسەر دروستكردنی چوار زۆنی هێمن لە سووریا واژۆیان كردووە. هەرچەندە رێككەوتننامەكە باسی ئەو زۆنانە دەكات، بەڵام تەعریفێكی نوێی شەڕیشی لە سووریا كردووەتەوە و باسی هەموو هێزە سوورییەكانی تێدایە، جگە لە كورد. لەو نێوانەدا لە زاری گەورە بەرپرسانی پەیەدەوە باسی كردنەوەی كۆریدۆرێك بۆ سەر دەریا دەكرێت كە هێندەی بیری لێدەكەمەوە لە پلانێكی واقیعبینانە ناچێت.
هەریەكە لە رووسیا و ئێران و توركیا رۆڵگێڕە سەرەكی و كاریگەرەكانی قەیرانی سووریان. دووەكەی یەكەم رۆڵیان هەبووە و هەیە لە ناچاركردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئۆپۆزیسیۆنی سووریش بۆئەوەی تێبگەن ئەسەد بە زەبری هێز دەرناپەڕێندرێت. توركیا كە ساڵی 2011 نوقڵانەی رووخانی خێرای ئەسەدی لێدەدا، بە نزیكبوونەوە نوێیەكەی لە رووسیا و قایلبوون بە باڵادەستیی مۆسكۆ لە سووریا، بەشداری لە گەمەی رازیكردنی مۆسكۆ و تاران و لەبەرامبەردا پەراوێزخستنی پەكەكە لە سووریا دەكات. بۆ هەریەكە لەو لایەنانەش دەستكەوتەكانی دروستكردنی زۆنە هێمنەكان گەورەن. تاران پێویستی بەوەیە بۆ جێبەجێكردنی پلانە هەرێمییەكەی جارێ ئەسەد لە حوكمدا بمێنێتەوە. مۆسكۆ رۆژ بە رۆژ خەرجی و زیانەكانی بەشداریی لە شەڕی سووریادا لەسەرشان قورستر دەبێ، توركیاش چیدیكە بەرگەی دڵەڕاوكێی بەدیفاكتۆبوونی كیانی "فیدراڵیی دیموكراتیی باكووری سووریا" بە رێبەرایەتیی پەكەكە ناگرێت. بۆیە رێككەوتنە سێقۆڵییەكەیان دەوای دەردی هەرسێ دەوڵەت دەكات و ئەمریكا و سعودیە و ئیسرائیلیش موبارەكەیان كردووە.
لەو نێوانەدا ئێمەی كورد دەبێ لە چارەنووسی خۆمان بپرسینەوە. ئامانجێكی رێككەوتنەكە ئەوەیە كە سوپای سووریا لەو چوار زۆنە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن ئاگربەستی هەبێ و هێزی هاوبەشی توركی و رووسی و ئێرانی لەنێوانیاندا بن. لەجیاتی ئەوە سوپای سووریا قورسایی شەڕ دەباتە ئەو ناوچانەی "تیرۆریستان"ی لێن. واتە داعش و نوسرە فۆكوسیان دەخرێتە سەر.
ئەوەی جێی مەترسییە، ئەوەیە كە ئەوەی لە یەكەم رۆژەوە لێی دەترساین وەدی بێت، ئەویش ئەوەیە كە سوپای سووریا لە رۆژئاوای كوردستانیش بسووڕێتەوە و رێككەوتنە تاكتیكییەكەی لەگەڵ پەیەدە هەڵوەشێنێتەوە. ئەوەی ئێستا كورد لە سووریا هەیەتی نە گەرەنتییەكی نێودەوڵەتیی هەیە و نە كەسیش لە هیچ شوێنێك دانی پێداناوە. هەیە و نییە ژمارەیەك راوێژكار و هاوكاریی ئەمریكییە كە زۆرتر لە گرێبەستی دەوڵەتی ئەمریكا و كۆمپانیا شەڕكەرەكان دەچێت بۆ ئەركێكی دیاریكراو و كاتێكی سنووردار، ئەوەش لە كەیسی رۆژئاوادا بریتییە لە شەڕكردن لەدژی داعش و دەركردنیان لە رەققە.
لە باشووری كوردستان بەر لە دروستكردنی حكومەت و پێكهێنانی پەرلەمان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆنێكی ئارامی دروستكرد، بۆیە گەرەنتییەك هەبوو، بەڵام وەك لە رێككەوتنە سێقۆڵییەكەدا دەردەكەوێ، كوردی رۆژئاوا خراونەتە دەرەوەی حیساباتی سوورییەوە، بۆیە سەیرە ئەگەر بەرپرسانی ئەوێ لەجیاتی لۆبیكردنی نێوخۆیی و دەرەكی بۆ دروستكردنی گەرەنتی، خەونی گەیشتنە سەر دەریا ببینن.
10/5/2017