ئاراس جەواد
هاوكات له‌گه‌ڵ فه‌توای (عه‌لی سيستانی)ی گه‌وره مه‌رجه‌عی شيعه، سه‌باره‌ت به پێكهێنانی ميليشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌شێكی زۆر له هاوكێشه سياسیيه‌كان گۆڕانيان به‌سه‌ردا هات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی پارت و لايه‌نه شيعه‌كان لانی كه‌م پاساوێكی ئايینيیان بۆ فه‌راهه‌م كرا تا ميليشاكانيان ئاشكرا بكه‌ن. ئه‌وه بوو له په‌رله‌مانی عێراقيش حه‌شدی شه‌عبی له ڕووی ياساييه‌وه شه‌رعيیه‌تی پێ درا و كرايه هێزێكی ياسايی و به‌شه بودجه‌يه‌كی زۆريشی له‌لايه‌ن به‌غداوه بۆ ته‌رخان كرا. به‌و شێوه‌يه حه‌شدی شه‌عبی كرايه هێزێك كه به‌ناو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تدا بێت، به‌ڵام له‌ڕاستيدا ببێته كارتێكی فشار و له‌لايه‌ن هێزه شيعه‌كانه‌وه بۆ مه‌رامی سياسی به‌كار بهێنرێت. حه‌شدی شه‌عبی كۆپيیه‌كی سوپای پاسدارانی ئێرانه، كه ئێستا تاكه هێزی ده‌سه‌ڵاتداره له ئێران‌دا و هه‌موو ئيمكانیاتێكی سه‌ربازی و لۆجستی بۆ دابين ه‌كرێت. هه‌روه‌ها بودجه‌يه‌كی زبه‌لاحیشی له‌لايه‌ن حكوومه‌تی تارانه‌وه بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌گه‌ری هه‌ر مه‌ترسيیه‌ك له‌سه‌ر حكوومه‌ت كه‌م بكاته‌وه.
ئه‌مڕۆكه سوپای پاسداران له يه‌مه‌ن، عێراق، سووريا، به‌حرێن، لوبنان، فه‌ڵه‌ستين، ئه‌فغانستان و ته‌نانه‌ت له باكووری ئه‌فريقاش كاريگه‌ریی به‌رچاوی هه‌يه له سه‌پاندنی سياسه‌ته‌كانی ئێران و پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديیه‌كانی له ناوچه‌كه و جيهاندا. لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه مه‌به‌ست له پێكهێنانی ميليشياكانی حه‌شدی شه‌عبی له عێراقدا بێ شك به هه‌مان ئامانجه و گومانی تێدا نييه كه بيرۆكه‌ی دروستكردنی ئه‌و هێزه له تارانه‌وه داڕێژراوه و به‌رنامه‌ی بۆ داده‌نرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رماندانه‌ی كه ئێستا فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن و به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ فه‌رمانيان پێ ده‌كه‌ن، كه‌سانێكن كه خۆيان ئه‌ندامی سوپای پاسدارانی كۆماری ئيسلامیی ئێران بوونه وه‌كو (هادی عامری) و(ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندس) و به هاوكاری و ڕاوێژ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسداران ئه‌و هێزانه جووڵه‌يان پێ ده‌كه‌ن و ئاراسته‌يان ده‌كه‌ن.
پێكهێنانی ئه‌و هێزانه ئه‌وه‌نده‌ی له قازانجی ئێراندایه له قازانجی عێراقدا نييه و ڕه‌نگه له ئاينده‌يه‌كی نزيكدا ببێته هۆی قووڵكردنەوەی ناكۆكی و ململانێيه ناوخۆييه‌كانی پارت و لايه‌نه شيعه‌كانيش، چونكه هه‌ر يه‌ك له‌و هێزه سياسیيه شيعانه له‌ژێر چه‌تری هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبيدا ميليشيايه‌كی چه‌كداریی بۆ خۆی دروست كردووه و ڕه‌نگه هه‌ر يه‌ك له‌و هێزانه له كاتی خۆیدا ميليشياكانی به‌رامبه‌ر ئه‌وی دی به‌كار بهێنێت، به مه‌به‌ستی سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆيان به‌سه‌ر يه‌كتردا. هه‌ر بۆيه‌ش ئێران هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات حه‌شدی شه‌عبی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كه‌س و لايه‌نانه‌دا بن كه زياتر له تارانه‌وه نزيكن و ناتوانن سه‌رپێچیی فه‌رمانه‌كانی بكه‌ن.
ئێستا جۆرێك له كێبڕكێ و ململانێی شاراوه له‌نێوان هێزه سياسیيه شيعه‌كاندا هه‌يه سه‌باره‌ت به ڕۆڵگێڕانی زياتر له چالاكيیه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، هه‌ر بۆيه‌ش هه‌ر يه‌ك له‌و هێزانه ناوێكی جياوازی بۆ گرووپه چه‌كداره‌كانی خۆی هه‌ڵبژاردووه و به‌پێی به‌رژه‌وه‌نديیه سياسيیه‌كانی خۆيان ئه‌و هێزه چه‌كدارانه به‌كار ده‌هێنن. ئه‌وه‌ش به ئيمكاناتی چه‌ك و لۆجستیی حكوومه‌ت، كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی زۆرينه‌ی شيعه‌دايه له حكوومه‌ت و په‌رله‌ماندا.
مه‌ترسييه‌كانی ئه‌و هێزه له‌سه‌ر كورد ته‌نيا له‌سه‌ر باشووری كوردستاندا نييه، به‌ڵكوو حه‌شدی شه‌عبی مه‌ترسيیەكی گه‌وره‌يه له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پارت و لايه‌نه سه‌ربه‌خۆييخوازه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان. هه‌ر بۆيه‌ش سه‌ركردايه‌تیی كورد به هه‌موو شێوه‌يه‌ك هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و هێزانه له ناوچه كوردستانيیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئيداره‌ی هه‌رێم دوور بخاته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زانێت تاكه هێزێك كه بتوانێت ببێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد ڕه‌نگه ئه‌و هێزه بێت، چونكه ئێران له‌پشت ئه‌و هێزەيه و هه‌ر كاتێك نيازی هه‌بێت دژ به كورد به‌كاری دێنێت، به تايبه‌ت كه ئێستا هێڵه سنووریيه‌كان له ناوچه‌كه‌دا كاڵ بوونه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌رفه‌ته به ئێران ده‌دات كه بتوانێت له‌ڕێی حه‌شدی شه‌عبیيه‌وه گوشار بخاته سه‌ر ڕۆژئاوا و باكوور و باشووری كوردستان.
بۆيه ئه‌گه‌ر كورد له‌سه‌ر ئه‌م ناكۆكيیه ناوخۆييانه‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت و ململانێی نێوان پارت و لايه‌نه سياسيیه كوردستانیيه‌كان به‌و ئاراسه‌تەيه‌دا به‌رده‌وام بێت، هه‌رێمی كوردستان له ئاينده‌دا ده‌كه‌وێته به‌ر مه‌ترسیی جدیی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌و هێزانه ده‌توانن فشارێكی زۆر بخه‌نه سه‌ر باشوور كوردستان و به‌شه‌كانی تری كوردستانيش، به‌تايبه‌ت كه ئێستا هه‌رێمی كوردستان تووشی قه‌يرانێكی ئابووریی دژوار بووه‌ته‌وه و له هه‌موو لايه‌كه‌وه فشاری بۆ دێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێت هه‌نگاو به‌ره‌و ڕيفراندۆم و سه‌ربه‌خۆيی بنێت.
سەبارەت بە عه‌ره‌بی سوننه‌ش، ئه‌وانيش هه‌ست به مه‌ترسیيه‌كی گه‌وره ده‌كه‌ن له‌دوای ئازادكردنی مووسڵ، كه ئه‌و مه‌ترسیيه‌ش دوو هۆكاری سه‌ره‌كيی هه‌يه. يه‌كه‌م، به‌هۆی دابه‌شبوونيانه‌وه به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره و ئه‌جێندای جياوازه‌وه، دووه‌ميش، سوننه‌كان له‌وه ده‌ترسن كه دوای داعش هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به هاوكاری و كۆمه‌كی به‌غدا ناوچه‌كانيان داگير بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی خۆيان به سه‌رياندا بسه‌پێنن، كه هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی ئێرانه.
سوننه‌كان ئێستا له هه‌موو كاتێك زياتر په‌رته‌وازه بوونه، ته‌نانه‌ت هه‌ر كام له هۆزه سوننیيه‌كانيش به‌سه‌ر چه‌ند ئه‌جێندایه‌كی جياوازدا دابه‌ش بوون و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رۆك هۆزه‌كان، به‌شێك له هۆزه سوننه‌كان پاڵپشتیی حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن و به‌شێكيان پشتگيریی توركيا و سياسه‌ته‌كانی ئه‌نقه‌ره له عێراقدا ده‌كه‌ن، به‌شێكی تريشيان ئه‌جێندای سعووديه و قه‌ته‌ر جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و به‌شه‌كه‌ی تريشيان هاوكاریی هێزه‌كانی هاوپه‌يمانان ده‌كه‌ن، به‌تايبه‌تیی ئه‌مه‌ريكا و به‌ريتانيا.
بۆيه پێشبينی ده‌كرێت دوای داعش، ململانێی توند و خوێناوی له‌نێوان عه‌ره‌به سوننه‌كاندا ڕوو بدات، به‌هۆی ئه‌و دابه‌ش بوونه و جياوازیی به‌رژه‌وه‌نديیه‌كانی توركيا و سعووديه، كه هه‌ر كاميان كار بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆيان به‌سه‌ر سوننه‌كانی عێراقدا ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بيانخه‌نه ژێر ڕكێفی خۆيان. ئه‌و به‌شه‌ی تريش كه پاڵپشتیی به‌غدا ده‌كه‌ن، ئه‌وانيش به‌رژه‌وه‌ندیيه‌كانيان له‌گه‌ڵ لايه‌نگرانی سعووديه و توركيا يه‌ك ناگرێته‌وه، بۆيه دوای داعش هه‌ر كام له‌و باڵانه‌ی سوننه به پشتيوانیی هێزه ئيقليمیيه‌كان هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای ئه‌و وڵاتانه ده‌ده‌ن، كه ئه‌وه‌ش شه‌ڕێكی قورسی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
به‌شێك له عه‌ره‌به سوننه‌كان دوای داعش وه‌كوو هه‌نگاوی يه‌كه‌م بۆ جيابوونه‌وه له ده‌وڵه‌تی شيعه، داوای دروستكردنی هه‌رێمێكی تايبه‌ت به‌خۆيان ده‌كه‌ن و به‌شێكی تريشيان داوا ده‌كه‌ن ژماره‌يه‌ك پارێزگای نوێ دروست بكرێن و هه‌ر پارێزگايه‌ك ببێته هه‌رێميك. به‌شێكيشيان داوای به‌هێزكردنی حكوومه‌ته خۆجێيیه‌كان ده‌كه‌ن، به‌غداش زياتر پشتگيریی ئه‌و ئاراسته‌يه ده‌كات، چونكه نايه‌وێت ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان له‌نێو سوننه‌كاندا دووباره ببێته‌وه و ببنه خاوه‌نی ئابووری و هێزی چه‌كداریی خۆيان و جۆرێك له نيمچه سه‌ربه‌خۆيی وه‌ربگرن. بۆيه به‌غدا زياتر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دايه كه ده‌سه‌ڵاتی زياتر بداته ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و بۆ هه‌ر پارێزگايه‌ك بودجه‌يه‌كی تايبه‌ت ته‌رخان بكات و خۆيان كاروباری خۆيان به‌ڕێوه ببه‌ن و سيسته‌می لامه‌ركه‌زيه‌ت په‌يڕه‌و بكرێت.
وه‌كوو ئاشكرايه، سه‌رجه‌م ياریكه‌ره سه‌ره‌كيیه‌كانی نێو هاوكێشه‌كه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن دوای شه‌ڕی داعش، دۆخی عێراق به‌لای ئه‌واندا بشكێته‌وه. بۆيه كورديش سه‌ره‌ڕای به‌رگريكردن له ده‌ستكه‌وته‌كان و ئه‌و ناوچه كوردستانيیانه‌ی كه له شه‌ڕی دژ به داعشدا ڕزگاری كردوون، ده‌بێت هه‌وڵ بۆ ئه‌وه بدات به‌رژه‌وه‌ندييه ئابووری و ئه‌منی و سياسیيه‌كان به‌يه‌كه‌وه گرێ بدات و باڵانسی هێز به‌لای خۆي‌دا بشكێنێته‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی دوا نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوين به‌يه‌كجاری ده‌كێشرێت و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌دايك ده‌بێت.
9/5/2017